کۆشکی سپی: ترەمپ بەشداری هەڵبژاردن دەکات و ورەی بەرزە

  2020-10-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند دۆناڵد ترەمپ بەشداری هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی سەرۆکایەتی دەکات و کێشەی نابێت.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری وتەبێژی کۆشکی سپیەوە ڕایگەیاند ترەمپ ورەی بەرزە و بەرگری جەستەی بە‌هێزە، دەیەوێت بۆ خەڵکی ئەمریکا قسە بکات و گوێیان لێبگرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی شەو دۆناڵد ترەمپ و هاوسەرەکەی پشكنینی کۆرۆنایان بۆکراو دەرکەوت توشی ڤایرۆسەکە بوون.

دوای ئەوەش بەرپرسانی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ چالاکیەکانیان وەستاند و لە ئێستادا گفتوگۆی ئەوە دروستبووە ئەگەر ترەمپ نەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات چی رودەدات.

لەدوای توشبوونی ترەمپ، مایک پێنسی جێگری سەرۆک و هاوسەرەکەی و ئیڤانکا ترەمپ و هاوسەرەکەی و جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا  وهاوسەرەکەی پشکنیان کرد و پشکنینەکانیان نیگەتیڤ بوو.