ئازەر نەفیسی: لە گەمژەییدا شتێك هەیە هەم كۆمیدییە هەمیش تراژیك.

  2020-10-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

سازدانی: لیلی فیلپۆت
وەرگێڕانی: گوڵان مەحمود

لیلی فیلپۆت: پڕۆسەی داهێنانت چۆنە؟ چۆن پارێزگاری لە جۆش و خرۆشت دەکەیت و ئیلهامت بۆ دێت؟

 ئازەر نەفیسی: لە ناوەوەمدا بیرۆکەیەک، هەستێک، شتێکی بە ئەزموونی قوڵ دەستپێدەکات و وازناهێنێت. هەمان جۆری ئەو ئەزموونەی کە کاتێک بە ناوەڕاستی شەقامێکدا دەڕۆیت، لەناکاو تێبینی دەکەیت کە ئۆتۆمبێلەکان هۆڕن لێدەدەن، چونکە زۆر سەرقاڵبوویت بە جیهانی خۆتەوە تا تێبینی ڕووناکییە سەوزەکە بکەیت. هەندێکجار پاش ماوەیەک ئەو هەستە نامێنێت، بەڵام زۆربەی جاریش دەمێنێتەوە، دەبێتە خولیایەک، خوازیارە بۆ دەستکەوتنی زیاتر. دەمەوێت بزانم، بۆ ئەوەی تێبگەم، بۆیە لەڕێگای نووسینەوە ئازاددەبم، پێویستم بەوەیە کە شێوەیەکی پێبدەم، بیکەم بە ڕاستی وە وایلێبکەم ڕوونبێت. بەشێوەیەکی سروشتی، ئەمە قۆناغی یەکەمە، وەک یەکەم سەرەتای کەوتنە خۆشەویستی لە سەرخۆشییەکی زۆردا بەشێوەیەک کە تێبینی شتەکانی دیکەی وەک باجەکان و قورساییەکان ناکەیت. زۆربەی ئەو ساتانەی کە دەمەوێت تیایدا کۆڵبدەم تەنها، کاتێک بە تەواوی ژوورەکەدا دەگەڕێم، وە نازانم بەدوای چیدا دەگەڕێم، کاتێک دەمەوێت خۆم لە نووسین بگۆڕم و خۆم بە کارێکی دیکەوە سەرقاڵبکەم بێجگە لە نووسین. کە ئەوە ڕوودەدات، زۆر دەخوێنمەوە و سەیری فیلم و زنجیرە تەلەفیزیۆنییە دڵخوازەکانم دەکەم. بەشێوەیەک، ئەم چالاکییانە واملێدەکەن دوور بڕۆم، بەڵام زۆریش دوور نا، ئەوە ڕێگا بە گەڕانی مێشکم دەدات، بەڵام هەمیشە دەگەڕێمەوە. هەندێک کات، دڵنیام کە ئەو جارە بەڕاستی سەرکەوتوو نابێت، وە پێم باشترە تەسلیم ببم. بەڵام ڕاستەوخۆ دوای ئەو ساتە بێهیواییە، زۆربەی کات لادانێکی لەناکاو هەیە و دەگەڕێمەوە سەر ڕێگا ڕاستەکە.


لیلی فیپۆت: دوایین کتێب چیبوو کە خوێندتەوە؟ دوای ئەوە چی دەخوێنیتەوە؟

ئازەر نەفیسی: کار لەسەر کتێبێکی نوێ دەکەم، بۆیە زۆربەی خوێندنەوەکانم دووبارە خوێندنەوەی پەیوەندیدارە بەو کتێبەوە. بەنزیکەیی تەواوبوومە لە خوێندنەوەی وتارەکانی جەیمس بالدوین لە کتێبی "خاچی وەفا" وە "دەیڤد غروسمان" بۆ کۆتایی جیهان_ئەو دوو نووسەرەی کە بەردەوام بۆیان دەگەڕێمەوە. هەروەها زۆر چێژم بینی لە خوێندنەوەی کتێبە نوێیەکەی سامانپا پاوەر بەناوی "فێرکردنی نموونەیی". لە ئێستادا خەریکی خوێندنەوەی نوێترین ڕۆمانی مارگریت ئاتوودم بەناونیشانی "وەسێتەکان و خانمی دڵم: هەزارساڵ لە شیعری فارسی بۆ ژن"، کە دەیڤد دیڤیس وەرگێڕانی بۆکردووە.

لیلی فیلپۆت: چی بە گەورەترین هەڕەشە دادەنێیت لەسەر ئازادی ڕادەربڕین لە ئەمڕۆدا؟ کاتی وات هەبووە کە مافت پێشێلکرابێ لە دەربڕینی بۆچوونەکانتدا؟

ئازەر نەفیسی: لەو وڵاتەی کە تیایدا لەدایکبوومە، ئێران، یەکەم شت کە کۆماری ئیسلامی کردی کەمکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین بوو، وە ئەوەشیان لەڕیگای یاساکان و چاودێرییەوە کرد، لەڕێگای هەڕەشە و بڵاوکردنەوەی ترسەوە. بەدرێژایی چل ساڵی ڕابردوو. ئازادی ڕادەربڕین و هەڵبژاردن لەسەرووی داواکارییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئێرانەوە بووە. لە ماڵەکەی دیکەمدا، ئەمریکا، شتەکان جیاوازن، وە خەڵکی ڕووبەڕووی بەندکردن و ئەشکەنجەدان وە هەندێک کوشتن نابنەوە وەک ئەوەی لە کۆماری ئیسلامیدا باوە. ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئازادی ڕادەربڕین هەڕەشەی لێنەکراوە، بەتایبەتی ئێستا و لە سەردەمی ترامپدا. ڕای برادبری دەڵێت، "پێویست ناکات کتێبەکان بسووتێنیت بۆ لەناوبردنی ڕۆشنبیری، هەموو ئەوەی کە پێویستە لەسەرت بیکەیت ئەوەیە کە وا لە خەڵکی بکەیت نەیخوێننەوە". لە ئەمریکای ئەمڕۆدا، ئازادی ڕادەربڕین ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە لە ڕێگای پشتگوێخستن و کلتووری قایلبوون و دەربەستەوە کە نایەوێت ڕووبەڕووی بێزارکردن ببێتەوە، وە ناتوانێت بەرگەی ئۆپۆزسیۆن بگرێت و لە ناکۆکی خۆشنابێت. دەبوو لەپێناو ئازادی ڕادەربڕین و هەڵبژاردندا بجەنگم لە ئێران و لەسەر ئاستێکی جیاوازتر لە ئەمریکاش. 

لیلی فیلپۆت: بوێرانەترین شت چییە کە خستووتەتە وشەکانتەوە؟ هەرگیز ڕوویداوە کە شتێکت نووسیبێت و هیواخوازبیت نەتنووسیایە؟

ئازەر نەفیسی: هەموو کتێبەکان ئەنجامی کارێکی دیاریکراون لە بوێری-بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە دەینووسیت، ئەگەر بە ڕاشکاوی بنووسیت، ئەوا شتێکی زۆر تایبەتی خۆتت بۆ دەردەکەوێت، ئەوەش شتێکە کە ڕەنگە تەنانەت لە خۆشتت شاردبێتەوە. شتێک هەیە لە پاککردنەوە و خۆپاککردنەوە بۆ نووسین. لەبەر ئەم هۆکارە سەختە بۆم کە بڵێم بوێرانەترین شت چییە نووسیبێتم. لەوانەیە یاداشتەکانم، ئەو شتانەی کە لێیان بێدەنگ بووم. لە وڵاتەکەمدا، یاداشتە کەسییەکان بەنزیکەیی بوون بە قەدەغەکراوەکان و یاداشتەکان بەدەوری کارە گشتییەکانەوەن نەک کەسییەکان. دەمزانی ڕووبەڕووی کێشە دەبمەوە لەلایەن هەندێک شوێنەوە ئەگەر بۆ خۆم بنووسم. لەگەڵ ئەوەش، سەرکێشییە سەختەکە ئەوە نەبوو کە کاردانەوەی خەڵکی چۆنە، بەڵکو کاردانەوەی خۆم چۆنە، لەڕاستیدا نووسینی ئەم کتێبە یەکێک بوو لە ئازاراویترین ئەزموونەکان کە تا ئێستا پیایدا تێپەڕیوم. بەڵام هەستمکرد کە پێویستە بنووسم تا ماڵئاوایی بکەم لە باوکم و ئەو وڵاتەی لێی لەدایکبووم لە ڕێگای یادکردنەوەیان، وە ئاهەنگگێڕان و شیوەنکردن بۆیان.
بەڵام لەبارەی گەڕانەوەی شتێک کە نووسیومە، کتێبەکان وەک منداڵەکانمن، وە کاتێک لە ژیانی تایبەتی خۆیان دەردەچن، نامەوێت کۆنتڕۆڵیان بکەم. هیوادارم دێڕێکی وام نەنووسیبێ کە بڵێم هیوادارم ئەم منداڵە لەدایک نەبوایە.

لیلی فیلپۆت: ئەو ئامۆژگارییە چییە کە پێشکەشی نووسەرە گەنجەکانی دەکەیت؟

ئازەر نەفیسی: من هاوڕام لەگەڵ وەڵامی جەیمس بالدوین کاتێک پرسیارێکی هاوشێوەی لێکرا و گوتی: "بنووسە. بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێ بۆ مانەوە لە ژیان و بنووسە...ئەگەر تۆ نووسەربیت، هەرشتێک کە دەتوانم بیڵێم ناتوانێت ڕێتلێبگرێت، ئەگەر نووسەریش نەبیت، هەرشتێک کە دەتوانم بیڵێم ناتوانێت یارمەتیت بدات". نووسین وەک هەموو کارێکی داهێنەرانە لە کەوتنە ناو خۆشەویستی دەچێت، تۆ بەتەواوی نازانیت بۆچی بەوشێوەیە هەستدەکەیت کە هەستی پێدەکەیت، بەڵام ئەمە خورانێکە، ویستێکە کە لە شەواندا بە بێداری و لە ڕۆژدا بە سەرقاڵی دەتهێڵێتەوە. دەبێت شێوەی شتێک و پەیوەندییەکەی ڕوونبکەیتەوە_ئەوەشی کە دەمێنێتەوە کاری سەختە، کاری زۆر سەخت.

لیلی فیلپۆت: دوایین کتێبت "جیهانێکی دیکە: نابۆکۆڤ و نهێنی مەنفا" بۆ یەکەمجار ئەم هاوینە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکرایەوە. پێتوایە کە هۆکاری پشت کاریگەری بەردەوامی نابۆکۆڤ چییە لە سەرانسەری جیهاندا؟

ئازەر نەفیسی: نابۆکۆڤ پێیوایە کە "حکومەتەکان دێن و دەڕۆن، تەنها پاشماوەی بلیمەتەکان دەمێنێتەوە". کارەکەی بەڵگەی ڕاستی ئەو بەیانەیە. وەک کتێبە نایابەکانی دیکە، کتێبەکانی نابۆکۆڤ سنووری کات و شوێنیان بڕیوە. دەربارەی شتانێک نووسیویەتی کە سەر بە کات و ئەزموونی دیاریکراون، بەڵام جیهانی بووە، بەربەستەکانی بڕیووە. ئەوە وشەیەکی بەناوبانگت بەبیردێنێ کە نابۆکۆڤ بۆ لۆلیتای نووسیبوو؟ چونکە "بەلای منەوە" پێناسەیەکمان دەداتێ بۆ "نیعمەتی جوانی": دەڵێت "کارێکی خەیاڵی هەیە بەقەد ئەوەی کە بەڕاشکاوی پێیدەڵێم نیعمەتی جوانی، وە ئەوەش ئەو هەستەیە کەمن بەشێوەیەک لە شێوەکان، لەشوێنێک، بەستراوم بە حاڵەتی دیکە لە هونەر وەک (فزوڵییەت، نەرمی و بەزەیی، چێژ)کە پێوەرن."

ئەو هۆکارەی کە وا لە نابۆکۆڤ دەکات هەمیشەیی بێت ئەوەیە کە لە ڕۆمانەکانیدا دەمانبەستێتەوە بەوانی دیکەوە و لە (فزوڵییەت، نەرمی و بەزەیی، چێژ)مان زیاددەکات، هەموو ئەوانەش سیفەتی مرۆڤانەن کە لەگەڵمان دەمێننەوە بە ڕەچاوکردنی شوێن و کات.

ئەوەی کە نابۆکۆڤ دەیڵێت دەربارەی تۆڵستۆی بەهەمانشێوە ڕاستییەکە دەربارەی ئەو : "یاساکانی کۆمەڵگا بڕیاری کاتین؛ ئەوەی کە تۆڵستۆی گرنگی پێدەدات بەها هەمیشەییە باڵاکانە". دەبوو نابۆکۆڤ ئەو وڵاتە جێبهێڵێت کە زۆر خۆشیدەویست ئەگەر بە ڕێگایەکی سیاسی چالاک نەبێت دژی ڕژێمی سۆڤیەتی. لەگەڵ ئەوەش، بەبڕوای خۆی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەو سیستەمە نەبۆتەوە، وە ڕۆمانەکانی نەگۆڕیوە بۆ کەرەستەی سیاسی-ئەگەر وای بکردایە ئەوا ئێستا لەبیرکرابوو، وەک زۆر نووسەری دیکەی سەردەمی خۆی، بۆ نموونە گۆرکی یاخود شرۆخۆف کە تەنانەت خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب بەدەستهێنا. نابۆکۆڤ شتێکی کاریگەرتری کرد، شتێکی زیاتر تێکدەر و شایەنی مانەوە: نەک دەربارەی ڕژێمێکی دیکتاتۆری دیاریکراو نووسی، بەڵکو چۆن عەقڵیەتی دیکتاتۆری بێ پەروا لە کات و شوێن زیاترین هیوای بۆ دەخوازێت. مافە تاکە کەسییەکان لە هەڵبژاردن و ئازادی ڕادەربڕین. لە لۆلیتاوە بۆ 'سیاسیترین' ڕۆمانەکانی، هەموو ڕۆمانەکانی وەک "بانگهێشتکردن ‌بۆ ملپەڕاندن و چەمانەوەی نەگریس" تەرکیز دەخاتە سەر داکۆکی کردنێکی سەرسەختانەی مافەکانی تاک و ئاهەنگگێڕان بە ئازادی تاک و ڕادەربڕین. بۆ نموونە، لۆلیتا، وەک چۆن لە کتێبەکەمدا باسکراوە، وەک هەموو ڕۆمانە مەزنەکان لە ئاستە جیاوازەکاندا، کرۆکی بابەتەکە لەسەر دەستدرێژی کردنە سەر کچێکی هەرزەکارە، لە ئاستێکی تردا، دەربارەی ئەو ڕاستیەیە کە گەورەترین تاوان ئەوانەیە کە لەسەر ئاستی کەسی و سیاسین-ئەوەش خۆویستییە، وە زەوتکردنە لە ژیانی کەسێکی تردا و دووبارە شێوە پێدانەوەیەتی بەپێی پێناسەکانی خۆمان. هەمبەرت منداڵیی و داهاتووی لە لۆلیتا سەندەوە. ئەو ئایەتوڵا خومەینی یاخود دۆناڵد ترامپ نییە، بەڵام هاوهەڵوێستیانە، وە هەمان ئەقڵیەتی چەوسێنەری هەیە لە ڕێگای سەپاندنی وێنە و ویستەکانی بەسەر کەسێکی تردا، وە گۆڕینی بۆ قوربانییەکی بێتوانا. لۆلیتا بیرماندەخاتەوە کە دڕندەکان بە وشەی دڕندانەوە دەرناکەون کە لەسەر ناوچەوانیان نووسراوە، دڕندە لەناوماندا دەژی و بەشێکە لە ئێمە، دڕندە فریودەرە، بەهەموو شێوەکان بۆمان دێت، لەبەرگی پیاوێکی شاعیرانەی پێشکەوتوودا یاخود پیاوێکی خوا، یانیش پیاوێکی بازرگانی سەرکەوتوو. شێوەی هەرچۆنێک بێت، خراپە هەمیشە پووچە، بەوشێوەیە نییە کە دەردەکەوێت و بانگەشەی بۆدەکات. وە لەکۆتاییدا، چەندجارێک مامەڵە لەگەڵ خوێنەرانی لۆلیتا دەکرێت وەک خانمان و پیاوانی لێژنەی هەڵسەنگاندن. خوێنەرانی نابۆکۆڤ بەرپرسیارێتی ئەوتاوانانە هەڵدەگرن کە پیاوانی وەک هامبەرت ئەنجامیدەدەن. لەکوێ بووین کاتێک ئەو تاوانانەت ئەنجامدا؟ پشتگیری ئەنجامدەری تاوانەکە دەبین یاخود قوربانییەکە؟ جیاوازی دەکەین لەنێوان تاوانبار و قوربانی؟ یاخود ئێمە فریومان خواردووە بە بەڵێنەکانی تاوانبارەکە و شەیداییەکەی؟ گرنگ نییە کەی و لەکوێ دەژین، وەک خوێنەرانی نابۆکۆڤ بەرپرسیارێتییەکمان هەڵگرتووە، وە ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە ئەمڕۆ هێشتا دەخوێندرێتەوە و پەیوەندیدارە جا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بێت، یاخود لە کۆماری ئیسلامی ئێران. هەرچۆنێک بێت، دەتەوێت بزانیت نابۆکۆڤ چەند نزیکە لە ئەمریکاکەی ترامپ؟ تکایە بانگهێشتکردن بۆ ملپەڕاندن و چەمانەوەی نەگریس بخوێنەوە.

سەرچاوە: هەفتەنامەی پێن ئەمریکا.


ڕیکلام