بۆچی ڕۆمانی (کافکا لە کەنار دەریا) بخوێنمەوە؟

  2020-10-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق



"هەندێک جار قەدەر وەک ئەو گەردەلول وایە، کە بەردەوام ئاڕاستەکەی خۆی دەگۆڕێت. تۆ ئاڕاستەی خۆت دەگۆڕیت، بەڵام ئەو هەر دوات دەکەوێت. جارێکی دیکە دەیگۆڕیت، ئەویش هەر بە شوێنتەوەیە. چەندین جار ئەمە دووبارە دەکەیتەوە، وەک سەمایەکی ترسناکی مەرگی بەرەبەیان. بۆ؟ چونکە ئەم گەردەلولە شتێک نییە لە دوورەوە هەڵیکردبێت ... ئەم تۆفانە خۆتیت. شتێکە لە ناو خۆتدا."

لە یەکەم چاپتەری 'کافکا لە کەنار دەریا'دا، ئەم دێڕە لەبارەی پاڵەوانە لاوە سەرلێشێواوەکەمانەوە هەیە. پەرێشانە بۆ هەڵهاتن لەدەست باوکە دڵرەقەکەی و دووبارە نەکردنەوەی نەفرەتی ناو خێزانەکەی. خۆی ناو دەنێت کافکا، بە ناوی خۆشەویستترین نوسەرییەوە، ئینجا لە ماڵ هەڵدێت. بەڵام یادەوەری دایکە دیارنەماوەکەی، نە لە خەوندا، نە لە ئاگاییدا لێی نابێتەوە و ئەو هەڵهاتنەی زۆر لێ قورستر کردووە.

ئەم ڕۆمانە ساڵی ٢٠٠٢ بە یابانی بڵاوبووەوە و دوای دوو ساڵ وەرگێڕدرا بۆ ئینگلیزی. کافکا لە کەنار دەریا، داستانێکی ئەدەبی پڕ لە مەتەڵ و گەشتی ناو کات و مێژووی شاراوە و جیهانی ئەفسووناوییە. خوێنەر دڵخۆشە بە دۆزینەوەی ئەوەی چۆن وێنە ئاڵۆزەکان و کاراکتەرە سەیرەکان و چارەنووسە غەریبەکان یەک دەگرن.

هەموو دووەم چاپتەرەکان، کافکا دەیانگێڕێتەوە، لەوانی دیکەدا، پیاوێکی بەتەمەن سەنتەرە بە ناوی ساتۆرو ناکاتا. دوای ئەو کۆمایەی لە جەنگی جیهانی دووەمدا پێیدا تێدەپەڕێت، ناکاتا توانای خوێندنەوە و نووسین لەدەست دەدات-- بەڵام بەهرەیەکی زۆر سەرسوڕهێنەر بەدەست دێنێت کە قسەکردنە لەگەڵ پشیلەدا. کاتێک داوای لێدەکرێت شوێن پشیلەیەکی بزربوو بکەوێت، دەچێتە سەر ڕێڕەوێکی مەترسیدار کە تەریبە بە ڕێگەکەی کافکا.

هەر زوو پێشبینییەکان بەڕاست دەگەڕێن، دەروازەی شتی جیاواز دەکرێنەوە و ماسی و زالو لە ئاسمانەوە دەبارێن. بەڵام چی ئەم دوو کاراکتەرە پێکەوە دەبەستێتەوە- ئایا هێزێکە کەسیان ناتوانن کۆنتڕۆلی بکەن؟

پێکدادانی ئەو دوو جیهانە جیاوازە ڕایەڵێکی هاوبەشی کارەکەی مۆراکامییە. ڕۆمان و چیرۆکەکانی هەمیشە پەیوەندییەکی فەنتازی دروست دەکەن لە نێوان ئەزموونی کاراکتەرەکانیدا، ئەگەرە ناسروشتییەکان و مێژووی یابان.

مۆراکامی ١٩٤٩ لە کیۆتۆ لەدایکبووە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، لە سەروەختی داگیرکردنی یابان لەلایەن ئەمریکاوە گەورە بوو. سێبەری جەنگ باڵی بەسەر ژیان و ئەدەبەکەشیدا کێشاوە؛ کافکا لە کەنار دەریا، هێرشێکی بایەلۆجی و سوپای تارمایی و پلانی تاریک نیشاندەدات.

کارەکانی مۆراکامی مێژوو لێڵ دەکەن و چەندین کلتور و نەریتی جیاواز دەکێشن. کۆمەڵگە خۆرئاواییەکان و نەریتی یابانییەکان پێکدادەدەن، لە ئەدەبیات و فاشیۆنەوە بۆ خواردن و چیرۆکی تارمایی ئامێز دۆڕۆن.

مۆسیقا لە کارەکانیدا دەنگ دەداتەوە، بەتایبەتیی لەم ڕۆمانەیدا. وەک هەڵهاتوویەک، کافکا بە شەقامەکانی شارێکی سەیردا دەسوڕێتەوە، لێد زێپلین و پرینس هاوسەفەرین. هەرزوو وەک پەناهەندە دەچێتە کتێبخانەیەکی تایبەتی جوانەوە.

 لە کاتێکدا ڕۆژەکانی بە خوێندنەوەی کتێبەوە بەسەردەبات و سەیری تابلۆیەکی سەیر و خاوەن کتێبخانە سەیرەکە دەکات، هەروەها دەبێت بە هاوڕێی کتێبدارەکەش-- کە بە مۆسیقای کلاسیکی ئاشنا دەکات وەک شوبێرت.

ئەم هەستیاریی مۆسیقییە زیاتر کارەکانی مۆراکامی خەونئاسا دەکەن. لە کارەکانیدا زوو زوو هێڵی نێوان جیهانی وەهم و جیهانی ڕاستەقینە دەچەمێنێنەوە. مۆراکامی بە مامۆستای جادووی شاراوە لە ژێر زەویدا دەناسرێت. ئەمە ڕەگەزێکی گرنگی ڕیالیزمی جادووییە.

جیاواز لە فەنتازیا، جادوو لەم جۆرە نوسینانەدا بە ئەستەم ڕێگەیەکی دەربازبوون دەخاتە ڕوو، لەبری ئەوە، دەبێت بە شتێکی دیکە کە ژیان ئاڵۆزتر دەکات. لە کافکا لە کەناردەریادا، کاراکتەرەکان ڕووبەڕووی شێواوییەکی بێ کۆتایی خەونئاسا دەبنەو، لەتارماییەکی نەخۆشیی خۆشەویستییەوە بۆ فلوتێک کە لە ڕۆحی پشیلە دروستکراوە. ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە هیچ وەڵامێکی ئاسان نادەنەوە بە خوێنەر. لەبری ئەوە، سەرسوڕمانمان بۆ خوێنەر جێدێڵن، سەرسوڕمانێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چاوەڕواننەکراوەکاندا.

لە کاتێکدا کافکا پێدەچێت گیرۆدەی نامۆبوون بووبێت، خۆشەویستی و ڕاستگۆییەک هەیە لە دڵی ئەرکەکەیدا، کە وای لێدەکات بەردەوام بێت. وردە وردە وای لێ دێت بە شێواوییەکەی ناخی قایل بێت. لە کۆتاییدا، ئەزموونی ئەو لای خوێنەر ئەوە جێدێڵێت کە: تا قووڵتر بڕۆیت، زیاتر دەدۆزیتەوە.


تێبینی: ڕۆمانی 'کافکا لە کەنار دەریا' ساڵی (٢٠١٢) لەلایەن (ئارام ڕەشید)ەوە کراوە بە کوردی.
سەرچاوە:
https://www.ted.com/talks/iseult_gillespie_why_should_you_read_kafka_on_the_shore


ڕیکلام