دوانێکی رۆحی لەگەڵ محەمەد عومەر عوسمان

  2020-10-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
منداڵێک بۆ هەمیشە لەناو شیعر

پیاوێک دەبێ بە هەور


فاروق هۆمەر


من بیر لە پیاوێک دەکەمەوە رۆژگارێک بیری لەوە کردۆتەوە ببێ بە هەور و ببارێ و ئیدی بۆ هەتایی نەمێنێ و لە بوونی خۆی بێتەدەرەوە. ئەو لە شیعرە سەرەتاییەکانیدا:

''بروسکەیێک، ئەشکی ئێوارە، ئەترسم دڵ بێتە پارچەیێک سەهۆڵ" لەناو بیرکردنەوەیێکی قووڵی خۆیدا لە پێگە و بوونی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە کە لە شوێنی خۆی لەدایکدەبێ و پیر دەبێ و دەمرێ و دواجار لە هیچ شوێنێکەوە بۆی ناکرێ نیشانێک جێبێڵێ کە ئومێدی گەڕانەوەی پێ ببەخشێ.  

مرۆڤ لەناو پێستێکا دروستدەبێ و بوونەوەرێکی خۆپەرست و دردۆنگە و تەنیا بۆ خۆی دەژی و هیچکات بۆی ناکرێ بۆ چرکەیێکیش لە پێستی خۆی بێتەدەرەوە تا ئەو کاتەی دەمرێ و ئیدی بۆ هەمیشەی ڕەشایی مردن لەگەڵ خۆی دەبات و جارێکی دی ناگەڕێتەوە، هەر وەک ئەوەی نەبووبێ. ئایا تەمەنی مرۆڤ درێژترە یاوەخوود تەمەنی هەور، ئایا ژیانی هەور ماناداتر و قووڵ و تەڕترە یان ژیانی مرۆڤ، لە کاتێکا ژیانی هەور لە چەند چرکەیێک تێناپەڕێ. هەور دێت و دەڕوات و تا سروشت لە گەڕان بگەڕێ ئەویش دێت و دەچێ و زیندووە، چڕ دەبێتەوە و سپی و ڕەشهەڵدەگەڕێ و دەیان وێنە و وێنا و خەیاڵ و ئەندێشە و سێبەر و تارمایی دەخوڵقێنێ و لەپڕ نامێنێ و دەبارێ و دەبێ بە هەڵم. 

 لەو کاتەشا کە هەور نییە، ئەو هێشتا لە شوێنێکە لەناو زەمین، لە ئاسمان، لەبەر بینایی و روانینمان، ئەو هەیە وەک ئاو، وەک تەمومژ، وەک هەڵم. هەور هەرگیز نامرێ و دەیان شێوەی رۆح تاقیدەکاتەوە و دەگۆڕێت. لە هەموو شێوەکانیشی بوونێکی بەخشندەی هەیە. 

لە نێوانی ئەوەی مرۆڤ بی یان هەور، ئەو بیر لەبوونی بە هەور دەکاتەوە کە هەمیشە لەسەفەر و گەڕان و جوڵەدایە و توانای گۆرین و دروستبوونەوەی لەنێوان چەند بوونی جیاوازدا هەیە و توانای چوونی بۆ چەند ئاستی جیاواز هەیە. هەور لە بۆشایی ئاسمان و لەسەر زەمین و لەناو جەرگەی زەمینیش. هەور باوەش بە هەموو گەردووندا دەکات و لە هەموو شوێنێکە. سەرباری بوونی خۆشی، توانایێکی لەبننەهاتووی هەیە لەوەی چەندێک بزاوتی ژیانی تێدایە ئەوەندەش مردن. دەمرێ بۆ ئەوەی ژیان بخوڵقێنێ و دەژی بۆ ئەوەی ژیان بخوڵقێنێ. ئەو بەبوونی هەمیشەیی خۆی خوڵقێنەری ژیانە و پڕی جوانی و پاراویی و زیندووییە. هەور نەمرە و بەردەوام دەژی.  

لە گەردوندا مرۆڤ ناشرینترین و دزێوترین بوونی هەیە، ئەو کاتەی دەژی و ئەو کاتەشی دەمرێ تەنیا خۆیەتی، بەدرێژایی ژیانیشی ئەوەندەی خراپە دەچێنێ ئەوەندە چاکە ناخوڵقێنێ. زەمین و ئاسمان و سروشت بەدەست مرۆڤەوە دەناڵێنێ. مێژووی مرۆڤ پڕی ترس و هاوار و کارەساتە، هیچ بوونێکی دی نییە، هێندەی بوونی مرۆڤ ترسناک. لە مرۆڤ تەنیا مرۆڤ دەکەوێتەوە، بەو کەوتنەوەیش تەنیا بوونی خۆی دووبارە دەکاتەوە.  

حەمە لە ژیانی مرۆیی خۆی هەڵدێت، ئەو دەیەوێ چیدی مرۆڤ نەبێ، هەرچییەک بێ تەنیا مرۆڤ نەبێ. ئەو دەیەوێ ببێ بە هەور، بەڵام ئایا ئەو رێگایانە لە ئارادان تا ئەو بۆی بکرێ لە بوونی مرۆیی خۆیەوە بوونێکی دی هەڵبژێرێ و جارێکی دی بۆی نەگەڕێتەوە. ئەو لەڕێی بروسکەیێکەوە کە ئاراستەی هەمووانی دەکات بریار دەدات چیدی مرۆڤ نەبێت.  

بروسکە، پەیامێکی کوتوپڕە خێرا دێت و دەڕوات و نامێنێ. بەڵام هەر بروسکەیێک چۆن بۆی دەکرێ بێمانا و رەش و ترسناک بێ، ئاواش بۆی دەکرێ مانادار و کاریگەر و ڕۆحی گۆڕانکاری هەبێ. بروسکە ئەگەرچی وەک پەیامێک لەلای نێرەرەوە بەخێرایی دەگاتە ئەو کەسانەی شوێنی مەبەست و بیرکردنەوەی ئەون، بەڵام لەدەمی خۆڵقانیان دەشێ دروست و قووڵ و بیرلێکراوە دارێژرابن. حەمە هەر لەسەرەتاوە وەک بروسکەیێک دێ، ئێمە دواتر دەزانین کە ئەو بروسکەیە جیاوازە و تەواو مانادارە. ئیدی ئەو بوونێکی دی لەناو شیعر دەدۆزێتەوە تایبەت بە خۆی، شیعر ئەو شوێنەیە کە وەک زەمینەیێکی دورە مرۆیی و پێچەوانەی سروشتی مرۆیی لێی دەڕوانێ. لە روانینی ئەودا شیعریش بۆی دەکرێ وەک هەوربێ و بەردەوام لەنێوان ژیان و ژیاندا بێ. ژیانێکی هەمیشەیی تەڕ و سەوز و بەردەوام منداڵ. 
 
لە شیعرە سەرەتاکانی حەمەدا، زۆر بە قووڵی هەست بە مرۆڤێک دەکەین بەردەوام لە ژینی مرۆیی خۆی ڕا دەکات، ئەو جارێک دەبێ بە پەپوولە و جارێک بە گەڵا و لە شوێنێکیش دەترسێ لەوەی ببێ بە سەهۆڵ. هەموو ئەو بوونانەش دەمێکی کورتیان هەیە بەڵام گەڕانەوەیێکی خێرا و کورت و دەمدەمی هەمیشەیی.  

پەپوولە بوونەوەرێکی رەنگین و پاکژی تەمەن کورتە، کاتێک دێت بۆ ناو ئازادییەکی کراوە و رەها دێت و لەگەڵ ژیانیشی بێ لە جوانی بۆ بینەرەکانی لەناو بەختەوەرییێکی قووڵدا دەمێنێتەوە، بەدرێژایی مانەوەشی لە هەموو روویێکەوە بوونەوەرێکی بێ زیان و ترسە، بەردەوام سەرقاڵی فڕین و گۆرانی و خۆشییە و ئەگەر بە ژیانی ئازارێک بۆ کەس جێنەهێڵی ئەوا بە مردنیشی خودی خۆشی ئازار ناچێژێت.  

مرۆڤ تا ئەو شوێنەی مناڵە پەپوولەیە و دواتر کە منداڵی جێدەهێڵێت بوونی هەقیقی دەگۆڕێت و دەبێ بە شتێکی دی کە هیچی لە زەردەواڵە کەمتر نییە. نەک هەر کەم مرۆڤ بەڵکو دەشێ مرۆڤێکیش پەیدا نەبێ لە شوێنێکی ژیانی خۆیدا ئارەزووی بۆ گەڕانەوەی منداڵی خۆی نەخواستبێ. ئیدی ئێمە گومانمان لەوە نییە کە منداڵی تاکە قۆناخێکی سەرنجراکێش و پڕ لە خۆشبەختی مرۆڤە و دواتر وونی دەکات. دەشێ ئەگەر تەمەنی مرۆڤ تەنیا لە قۆناخی منداڵی پێکبهاتایە ئەوا خاڵی نەبووا لە بەختەوەری، لە کاتێکا مرۆڤ هیچکاتێک ئەزموونی بەختەوەری ناکات و وەک بەدبەختێک دەمێنێتەوە. 
حەمە لە شوێنێکی دی دەترسێ ببێ بە سەهۆڵ و بوون بە سەهۆڵیش کە لەناو توانەوەدا کۆتایی دێ، سوڕێکی تری هەورە و قۆناخێکە لە گەیشتنی بەئاو. بوون بە سەهۆڵ دۆخێکی ترسناکی ئاوە کە هەموو هەستوسۆزێک لەوێدا دەبێ بەبەرد.

بوون بە شتێکی دی لە شیعرەکانی حەمەدا زۆرن و پڕن، بەڵام بوون بە هەور لە گەلێک شوێن دووبارە دەبێتەوە و دووبارەبوونەوەکەشی تەنیا کارێکی ووشەسازی و شیعرسازیێکی سادە و تیژتێپەڕ نییە، ئەوەندەی هاوکێشەیێکی سەرەتایی و بچکۆلەی بنچیەیی رەسەن و بیرلێکراوەیە و ئەزموونی ئەوی لەسەر دادەمەزرێ و دواجاریش لەو هاوکێشە قووڵ و کاریگەرەوە غوربەت وەک هاوکێشەیێکی گەورە و کۆتا دێتەدەرەوە و دەگاتە پڕبوون. 

غوربەت لای حەمە تەنیا چەمکێکی بەکارهێنراو و پەنا بۆ براو نییە، بەڵکو ئەزموونێکی قووڵڕۆچووی ڕۆحییە کە دەبێتە داهێنانێکی تازەی شیعری و جیهانبینی خۆی لەسەر دادەمەزرێنێ. ئەو مامەڵەکردنەی حەمە لەگەڵ غوربەت لە کۆی شیعری جیهانیدا وێنەیێکی دی نادۆزینەوە و تایبەتە بەو. ئەو تایبەتمەندییەش لەو زەمینە و دونیایەوە دەخوڵقێ کە جەنگ شوناسێکی پێبەخشیووە و پێوەی دەناسرێتەوە. 

نەبوون بە هەور و توانای نەهاتنەدەرەوە لە بوونی مرۆیی گرفتێکی گەورەی بوونخوازی لای حەمە، دەخوڵقێنێ و کۆتاییەکی رەش و پڕ لە بەدبەختی بۆ شاعیر و دۆزینەوەیێکی شیعری سپی و خۆشبەختی قووڵیش بۆ ئەدەب جێدەهڵێت کە دەشێ وەک یێکەم داهێنانی شیعری کوردی لێی بروانین.  

ئەزموونی شیعری حەمە، ئەزمونێکی تاقانەیە بە ئەدەبی کوردی و لە شوێنێک لەڕووی جیهانبینییەوە ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ناو بیرکردنەوەی سۆفیانەی بابە تاهیری هەمەدانی و لەناو کانیاوی ڕۆشن و تەڕی زمانی ئەودا پەرە دەگرێ و لە شوێنێکی دیشەوە لەرووی دامەزراندن و خوڵقانەوە کاریگەرە بە بیرکردنەوەی لقوپۆپە جیاوازەکانی ئێرە و ئەوێی بوونخوازە جیهانییەکان.  
بەدرێژایی مێژووی شیعری کوردی، حەمە یێکەمین شاعیرێکی کوردە پەیدا دەبێ و شیعری کوردی لەو هەموو وێرانبوونەی بەدەست بیری ئایینی و ناسیونالیستی و کۆی بیرکردنەوە دەرە شیعرییەکانی دییەوە رزگار دەکات و پێگەی هەقیقی خۆی پێدەبەخشێتەوە. ئەو دێت ئەرکی شیعر رووندەکاتەوە و دەیکاتە هونەر و لە کۆڵ هەموو ئەو داواکارییانەی دەکاتەوە کە لە ئەندازەی ئەودا نین. ئەو کارە پێشتر لای نالی و گۆران و زۆرێکی دی دەبینین بەڵام پچر پچر و کاڵ و نەبینراو، دواتر لە مامەڵەی حەمەدا لەگەڵ شیعر و ماناکانی شیعردا وەک ئەزمونێکی چڕوپڕ دەردەکەوێ. 

ئەگەر بە ووردی تەماشای شیعرەکانی حەمە بکەین و بەکاوەخۆ لێیان بکۆڵینەوە، سێ جێگەی گرنگ و درەوشاوە وەک سێ قۆناخی پێکەوە نوساو لەناو ئەزموونی شیعری ئەودا دەناسینەوە، ئەزمونی ژیان لەناو منداڵی و تێپەڕین لە منداڵیی و بەدبەختی هەمیشەیی، یاوەخوود "منێکی ڕۆچوو لەنێو منداڵیی" و "منێکی گەڕاو لەدووی منداڵیی وونبوو" و "منێکی بەدبەختی دوور لە منداڵیی تێپەڕیوو'' 

کۆی ژیانکردنیش لەو نێوەندەدا ئیدی غوربەتێکی درێژە و وەک چوونە نێو دونیایێکی ڕووتکراوەیە لە منداڵیی و لێرەشەوە ئەزموونی شیعری حەمە دروستدەبێ. هەردوو قۆناخی یێکەم و دووهەم لەرووی رەنگەوە سپی و کاڵن و بەهێواشی تەڵخ هەڵدەگەڕێن و قۆناخی دواتریش رەش و تۆخن و جار جارێک وەک هەورە بروسکەیێکی خێرا سپی هەڵدەگەڕێن و رۆشنایێکیان تێدەگەڕێ و قۆناخەکانی منداڵیمان نیشاندەدەنەوە. 

حەمە ئەزموونی شیعری خۆی هەر بە تەنیا لەناو زمان دانامەزرێنێ، بەڵکو رەنگ بەدرێژایی ڕێگا هاوسێ و هاوتای ئەون، ئەوجا مۆسیک و زرنگانەوە لەپاڵ هەردوکیانەوە وەک تابلۆیێکی سیحری، یێکەیێکی بەرجەستە و تێکەڵبوو پێکدی دادەمەزرێنن کە لە شیعری کوردی هاوچەرخدا ئەو کارکردنە تاقانە و تاقیکراوە لە شوێنێکی دی نادۆزینەوە. 

لە زماندا کۆی شاعیرانی کورد، لە بابا تاهیر و بێسارانییەوە تا بە وەلی دێوانە و گۆران دەگات هیمدادی ئەون و دەبینین چۆن وەک زمانخوڵقێنەرێک بۆتە ووشەهەڵکەن و چەکوشکاری گەورەی لەناو زماندا ئەنجامداوە. ئەوا لە شیعری ڤانکوخدا دەبینین کە حەمە رۆحێکی وێنەکێشی و رەنگناسیی خۆشی هەڵدەقوڵێنێ کە هیچ ووشەیێک نییە دیمەن و مانایێکی بینراومان لە مێشکا جێنەهڵێن. ووشە لە شیعری حەمەدا دەبینرێ، دەزرنگێتەوە و گیانی تیایە و لەناو مێشکی خوێنەردا بۆ هەمیشەیی جێکەوتە دەبن و زەنگێکە بۆ هەمیشەیی لە مێژووی جیهاندا دەمێنێتەوە.  

شیعرەکانی سەرەتای حەمە، پڕن لە ئاماژە و هێمای قووڵی منداڵیی وسەرشارن بە بینینی خودێکی منداڵ، پڕیانە لە جوانی و خۆشبەختی، ئەگەر چی ئەو شیعرانە قۆناخێکی تایبەت و پڕیان پێکنەهێناوە و نوساون بە قۆناخی دووهەمەوە و هەندێکجار هەر وەکو قۆناخی دووهەمیش خۆیان نیشاندەدەن و دەستپێدەکەن، بەڵام هەردووکیان پێکەوە دەژین و هێشتا بۆمان دەکرێ وەک دوو هەناسەی جیاواز و لێکدابڕاو لێکیان جۆی بکەینەوە و بیاندۆزینەوە.  

قۆناخی سێهەمیش درێژترین جێگەیان لە ئەزموونی ئەودا داگیرکردووە و تا کۆتا درێژ دەبنەوە و هەردوو قۆناخەکەشی بەتەواوی لەناو خۆیا شاردونەتەوە. هەرچی قۆناخی یێکەمی منداڵییە لەناو قۆناخی دووهەمدا کۆتاییان هاتووە و قۆناخی دووهەمیش وەک تونێلێکی درێژ بۆ ناو چاڵایی غوربەتمان شۆر دەکاتەوە کە دوا قۆناخی شیعری ئەو پێکدێنێ. تەنیا قۆناخی یێکەم بە پێچەوانەی قۆناخی دووهەمەوە، بە پچر پچری لێرە و لەوێ تا کۆتایی بەردەوام بەری دەکەوینەوە و جێگە و کاتێکی دیار و بینراویان نییە. 

قۆناخی سێهەم کە زۆرترینی شیعرەکانی دەگرنە خۆ و لە شیعری خۆکوشتنەوە دەستپێدەکەن و تا دەگەنە ناو شیعرە درێژ و گرنگ و تاقانەکەی لە غوربەتا، رەنگدەرەوە و بەدەرهاتوو و پەیدابووی هەردوو قۆناخە کورت و تیژ تێپەڕەکەن.  

هەرچی شیعرەکانی قۆناخی یێکەم و دووهەمە پڕی سادەیی و گەشانەوەی منداڵین و هیچ لەوە ناکەن شیعری تەواو کراوبن و ئەوەندەی بروسکەی خێرا و تیژ و بە پەلەن و دێن و خێرا تێدەپەڕن. کاتێک دەڵێین لەوە ناکەن شیعری تەواو کراوبن، مەبەستمان لەوەیە کە شاعیر هێشتا شیعر گیرۆدە و بێدەرەتانی نەکردووە و دەروازەیێکی بۆ خۆرزگاربوون لە شیعر هەیە و دەشێ بروا و نەگەڕێتەوە و وەک هەر مرۆڤێکی دی لە دەرەوەی شیعر بژی. 

هیچ دووریش نییە کە شاعیر لە نائاگایی خۆیدا ئەو پۆلێنەی بۆ خۆی کێشا بێ و لەوێدا ئێمەی بۆ هاتنە نێو ئەزموونێکی قووڵ و پتەو دارێژراوی شیعری ئامادە کردبێ. بە چەند شیعرێکی جیاواز کە هەردوو قۆناخەکە وەک بەرایی و دەروازەی چوونە نێو کۆشکێکە، لە گۆرەپانێکی بەربەرەڵا و رووت و کراوەدا رامانبگرێ و بە داهاتووی سەردەرهاتوو ئاشنامان بکات. ئەم داڵانەش لە رووی زمان و رەنگ و مۆسیک و مامەڵە و ووشەسازییشەوە لە قۆناخی سێهەم سادەتر دەکەونە روو. هەرچی قۆناخی دووهەمە ئیدی منێک لەوێدا دەبینین کە شیعر دەرەتانی لێ سەندووە و دەبێ بڕوا بۆ هەڵدێری قۆناخی سێهەم و بە هیچ جۆرێک گەرانەوەی بۆ نییە.  

دواجار لە دووی شیعری هاناوە ئیدی شیعری حەمە رۆحێکی سۆفیانەی قووڵیان تێکەڵ دەبێ و ئەزموونێکی چڕوپڕ دەخوڵقێنن کە وەک ئەزموونی شاعیرێکی مرۆڤدۆست شوناس بەخۆی دەبەخشێ. حەمە شاعیری مرۆڤە و بۆ یێکەمجاریشە لەناو شیعری کوردیدا ئەزمونێکی ئاوا قووڵ و مانادار دەربارەی مرۆڤ پەیدا ببێ. دەکرێ بڵێین ئەو هەڵکۆڵینەی ئێدگار ئالان پۆ لە شیعر و بەتایبەتی لە شیعری قەلەڕەشدا، بە تەوێڵی شیعری جیهانەوە دەیسازێنێ، حەمەش لە غوربەتا هەمان کاری کردووە و تەوێڵی شیعری جیهانی بۆ هەمیشە بریندار کردوە. 

لە شیعری هانا دا، قۆناخی دووهەم بەتەواوی دەبینین و کۆی شیعرەکە لەسەر لەتبوون دامەزراوە. لەتبوونێکی دژ بەیێک کە زۆر بەڕوونی منێکمان نیشان دەدات کە منداڵی بەجێهێشتووە و خولیای گەڕانەوەی منداڵییە، منداڵییەک کە ئیدی بەتەواوی وونبووە. 

شیعری هانا، هاوارێکی قووڵی سەرکردووە، دەنگێک لە هەناوی مرۆڤێکی بریندارەوە دێتە دەرێ، مرۆڤێک کە بەدبەختی کۆی مرۆڤانی جیهانی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. حەمە لێرە بەدووا بە ئێجگاری دەگۆڕێت و ئەو دەبێتە پێخەمبەرێکی شیعری و لەپاڵ پێخەمبەرانی شیعری جیهانەوە باوەشێکی گەورە بۆ کۆی مرۆڤایێتی دەکاتەوە. ئەو پێخمبەرێکی مژدەدەر نییە و بەڵێنی خۆشبەختی و بەهەشت و نیشتیمانێکی ئازادی پێ نیە. ئەو دەردارناس و بێدەرەتانناس و خەمگنیناسە و هەمووان بەرەو منداڵی دەگەڕێنێتەوە. بەڵام ئایا ڕێی گەڕانەوە بۆ منداڵی لە کوێیە؟

حەمە، ئەو مرۆڤەیە بۆ خۆی هەمیشە لەناو منداڵییا دەمێنێتەوە و لە شوێنێکا دەوەستێ و چیدی گەورە نابێت. مرۆڤەکان بە سروشتی گەورە دەبن و پیر دەبن و دەمرن، پیاوێک هەیە بە سروشتی لە شوێنێکی منداڵییا دەوەستێ و تا دێ منداڵ دەبێتەوە و دواجار وەک منداڵی هەمیشەیی بۆ هەتا هەتا لەوێدا دەمێنێتەوە و لەناو شیعرا سەوز دەژی. 

ئەو کاتێک لەناو شیعرا ژیان دەدۆزێتەوە، هەموو بوونی خۆی بە شیعرەوە دەبەستێتەوە و ئیدی هەر لەوێدا دەژی و تەمەنی هەقیقی خۆی بەوەوە گرێ دەدات. ئەو دڵنیایە تەمەنی شیعر، لە تەمەنی مرۆڤ درێژتر دەژی و توانای شیعر لە توانای مرۆڤ پترتر دەمێنێتەوە. ئەوە ئەو نهێنییە قووڵەیە کە هەر زوو لەگەڵ یێکەمین مامەڵەکانی خۆی لەگەڵ ووشەدا پەی پێدەبات. 

هانا

وەکو ئاماژەمان پێکرد، شیعری هانا دەکەوێتە ناو قۆناخی دووهەم و هەناسەیێکی شیعری گرنگە لە ئەزموونی شیعری محەمەد عومەر عوسمان دا. هانا، ئەو جێگەیەیە کە پەی بردنێکی زۆر گەورەی لەگەڵ خۆی بە پێگەی مرۆڤ لەسەر زەمین هەڵگرتووە کە لەناو چ دەرەتانێکا جێماوە. چرکەساتێکە لە دۆزینەوەی ژیان کە دەکەوێتە نێوان کۆتاییەکانی منداڵیی و چوونە نێو قۆناخی هەرزەکارییەوە. هەرچی منداڵییە تێپەریووە و چیدی بوارێک بۆ گەڕانەوەی نەماوە.  
 
کاتێک مرۆڤ بۆی ناکرێ ئەزموونی ئەو چرکەساتە گرنگانەی نێو ژیانی خۆی دووبارە بکاتەوە کە تۆزکاڵێک لەمەوبەر ئی خۆی بوون و لە دەستی داون، زۆر بە قووڵی بەر دیوارێکی بەردین دەکەوێ کە بە هیچ جۆرێک نەرمی نانوێنێ، وەک دەست هاویشتنە نێو دەریایە کە هەر کاتێک چنگێک ئاوی لێدەردەهێنێ لەناو مشتی نامێننەوە و دەخزێنە خوارێ. 

هانا ئەزموونی مرۆڤێکە ئاشق بەو چرکەساتە تێپەڕیوانە دەبێ کە لە دووییەوە بەدبەختی دێن، هەڵدێرانێکە لە هەڵەمووتەوە بۆ ناو شیو و کەندەڵانی تەمەن. دەکرێ لە دوو دیووی جیاوازەوە لە شیعری هانا بروانین:

یێکەمیان، بە سروشتی هەموو مرۆڤەکان منداڵیی خۆیان لە دەستدەدەن و جارێکی دی دەرەتانی گەڕانەوەیان بۆ دواوە نییە و ئیدی بەدبەختی لێرەوە دەستپێدەکات. منێکی فڕێدراو لە بەهەشت و گەڕانێکی هەمیشەیش لە دووی بەهەشتی وونبوو کە بەشێکی جوێ نەکراوەیە لە تاقیکردنەوەی ژیانی هەر کەسێک کە رۆژێ لە رۆژان لە دامێنی ژنێک بەربۆتەوە خوارێ. 

دووهەمیان، بە سروشتی هەموو مرۆڤێک لەناو جەنگ ناژی، دەشێ لە دەستدانی منداڵی لە دونیایێک کە جەنگ تەلبەندی نەکردووە و زەفەری پێنەبردووە کەمێک ئارامتر و دەرەتانێکی جیاوازتری لەگەڵ خۆی هێنابێ. ئەی کاتێک تۆ بەهەشتی منداڵی ووندەکەیت و دوو دۆزەخی گەورە وەک دوو ئەژدیها لەبەردەم خۆتدا دەبینیتەوە چۆن ئەزموونی ئەو چرکەساتانە دەکەیت.  

هانا ئەزموونی مرۆڤێکە لەنێو زنجیرە جەنگەکان منداڵی خۆی وونکردووە. ئەو لەلایێک ئومێدی گەڕانەوەی بۆ نێو جیهانی ئارامی منداڵی لێسەندراوەتەوە و لەلایێکی دیش ئەو سەر زەمینەشی لێکراوەتە دۆزەخ کە تا دوێنێ بەو جۆرە نەدیتراو و هەستپێنەکراو بووە و چ دەرەتانێکی بۆ گەڕانەوەی جیهانی ئارامی خاڵی لە شەڕ لەبەردەم دا نەماوە. دوو دەرگای داخراو و مرۆڤێکی بێدەرەتانی فڕێدراو لەناو کەندەڵانێکی تاریک و بێشوناس دا. 

ئەگەر ئەزموونی نووسەرێکی بوونخوازی گەورەی وەک فرانز کافکا لەبەردەم تەنیا دەرگایێکی داخراودا بێ و ئەو پێی وابێ بەهەشتی وونبوو دەکەوێتە ئەودیوەوە، ئەوا ئەزموونی شاعیرێکی گەورەی وەک حەمە عومەر عوسمان لەبەردەم دوو دەرگای داخراودایە و لەبەردەم دوو چاوەروانی گەورەدایە. ئەو ئەگەر لە دووی بەهەشتی وونبوو تەمەنێکی لەبەردەم دەرگای یێکەمدا لەدەستدەچێ ئەوا بۆ دەرگای دووهەم هیچ ئومێد و دەروازەیێک پەیدا نابێ. 

مرۆڤی رۆژهەڵاتی دوو جار خۆی گرفتار دەبینێ، جارێک گرفتارە و هەموو مرۆڤایێتی هاوپاڵی خۆی دەبینێ و جارێکی دیش گرفتارە و هەموو مرۆڤایێتیش دوور لە خۆی دەبینێ. لێرەوە دەکرێ دەست لەسەر ئەوە دابگرین کە حەمە وەک شاعیرێکی بوونخواز نوێنەر و رەنگدەرەوەی ئەو مرۆڤە رۆژهەڵاتییە کە دووجار گرفتارە.  

شیعری هانا لەناو دیوانی لە غوربەتا، یێکێکە لەو شیعرە گرنگ و مانادارانەی کە لەرێیەوە بۆمان دەکرێ ڕۆحی شاعیری پێبناسینەوە و لە هەموو ئەو شوناسە سادانەش رزگاری بکەین کە لەرێی خوێندنەوە سادەکانەوە بەبەریدا کراوە. 

ئەو منەی لەناو هانادا بەری دەکەوین، نایەوێ لەناو پایزا بێ و شاعیری پایز نییە، هەر چۆن نایەوێ لەناو غوربەتا بێ و شاعیری غوربەتیش نییە. ئەو بە هیچ جۆرێک خولیای چەمی سوتاو و هەوری خنکاو و درەخت و خاکی سوتاو نییە و پڕ بەدڵ ئەو دەیەوێ بەرەو جیهانی سەوزی منداڵی بگەڕێتەوە. 

ئەو وەک منداڵەکەی جاران هەمیشە خۆزگە دەخوازێت لەناو ئەو تابلۆیەدا بمێنێتەوه کە چۆن خۆری لێدەبێتە تۆپێکی سوور و بە دایکی دەڵێ دەچم دەیگرمە باوەش. حەمە ئەو منداڵەیە خۆر دەهێنێتە ژوورەکەیەوە. ئەو مرۆڤێکە چرای ناوێ و حەزیشی لە شەوی تار و ڕەش نییە. 

بەڵام منداڵی چیدی لێرە نەماوە و تێپەڕیوە، لەگەڵ تێپەڕینی منداڵیش جەنگ لێرەیە و ئێمە نەوەی سەردەرهاتووی نێو سوتان و رەشایی و هەڵوەرینە نەبڕاوەکانین. 

بۆیە دەکرێ بڵێین لێرە بەدوا لە شیعری بادا، ئەو کاتەش کە دەچێتە ناو قووڵاییەکانی غوربەتیشەوە هێشتا منداڵانە و دڵپاکانە دەچێ و بڕوای بەوەیە کە ئەوێ ترسناک نییە و لە شوێنێک پێمان دەڵێ ئەو بای خۆشدەوێ. ئەو بڕوای بەوەیە کاتێک لەسەر خۆڵی رێگەکە ئەو نهێنییە بە گوێی با دا دەدرکێنێ کە نازدار بمرێ کۆستی دەکەوێ ئەوا با ووشەکانی هەڵدەگرێ و بۆ نازداری دەبا.  

ئایە با دۆستە، غوربەت هەڵبژاردنە، منداڵیی ئەبەدییە؟

چرکەساتی پەیبردن و دۆزینەوەی گەوهەری ژیان و نێهێنییە قووڵەکانی بوون لە مێشکی حەمەدا لێرەوە دەرسکێن.

بەڵام ئەو کاتێک ناتوانێ ببێ بە هەور، ناتوانێ ببێ بە پەپوولە، ناتوانێ ببێ بە شتێکی دی کە ژینی دەمدەمی و ئازادی رەها و کراوە بەدەست بێنێ ئیدی تێدەگات ئەو کەوتۆتە ناو چ تەڵزگەیێکەوە. بوونێک پڕی ناچاری و نەگۆڕان و مانەوە لەناو دۆخێکی دیاریکراو. چ رۆشنایێک لە ئارادا نییە. 

مرۆڤ تەنیایە، لە شوێنێک جێهڵراوە و ناچارە بە هەڵکردن لەگەڵی. ئەو چرکەساتەش بوونێکی هەقیقی و هەستپێکراوی مرۆییە و کۆی مرۆڤایێتی بەبێ جوداوازی و هەڵاوێردە پێیدا تێدەپەڕن. مرۆڤی ژیر گەر خۆی لە روانینی ئایینی و ناسیونالیستی و هەر روانینێکی دروستکراوی دی رووتبکاتەوە و بتوانێ بگاتە ئەو شوێنەی هەقیقەتی بوونی خۆی بەروونی و دروستی ببینێ ئەوسا تێدەگات ئەو کێیە و بۆچی لێرەیە و بەرەو کوێ مل دەنێ. 

کاتێک حەمە ناتوانێ بێ لە مرۆڤ و رازیبوون بە چارەنووسی مرۆڤ بوونێکی دی تاقیبکاتەوە پڕی بێ لە ژیانی بەردەوام و شکۆی هەمیشەیی، بەو جۆرەی شایانی بوونی هەمووان بێ، ئیدی تێدەگات مرۆڤ ڕووتە، تێدەگات با دۆست نییە، غوربەت هەڵبژاردن نییە،  منداڵی ئەبەدی نییە. تێدەگات مرۆڤ تەواو تەنیا و رووت و بێ دەروو و بێ رێگە و بێ هیمدادە. 

 ئیدی حەمە لێرەوە کە دڵنیا دەبێ کەسێک نییە بەدەم هانای مرۆڤەوە بێ و لەڕێی هوشیاری و پەیبردنەوە دەزانێ تەنیا جێهێڵراوە و کەسێک لێرە نییە بەو رووتییەی خۆیەوە دەمێنێتەوە و تا ئەو رۆژەش مردن تاقیدەکاتەوە نە کەسی تەفرە دا و نە بانگەوازی بۆ کەس کرد و نە درۆیێکی بۆ کەس کرد و نە بۆ کەسێکیش چەمییەوە و بەتەواوی روتبوو.  

حەمە لە رووی بیرکردنەوەی دەروونی و کۆمەڵایێتی و حیکمەتناسییەوە، پیاوێکی هەناوبین و قووڵناسە، سەرشارە بە بیری بەرهەمهاتووی مرۆیی، لەو شیعرانەی کە دەکەونە سەرەتای قۆناخی سێهەمەوە"خۆکوشتن، با، ئێوارەی پایز، شەوی پایز" لەناو ئەو تێگەیەدا کاردەکات چۆن باوەش بۆ کۆی مرۆڤانی دونیای خۆی بکاتەوە و وەک دایکێک هەموویان بگرێتە باوەش و لەژێر دەوارێکی پڕ لە دڵنیایی کۆیان بکاتەوە. ئەو درۆ لەگەڵ کەس ناکات، بە ووتەکانی خودا و ئایینە جیاوازەکان کەس تەفرە نادات، ئایندەی رۆشن و ژینی یێکسانی و شۆرشی رزگاری ناخاتە مێشکی کەسەوە و بەڵێنی داهاتوویێکی شایان بە مرۆڤیش لە هیچ شوێنێکەوە نابینێ تا بیبەخشێتەوە. ئەو لەدەمی دوو ڕێیانێکدا دەوەستێ: 

ڕێیێک خودی و وەک مرۆڤێکی تەنیا و کۆڵەوار هەڵگری چارەنووسێکی خودییە و کەسێکی دی لەگەڵی هاوبەش نییە. ئەو دەزانێ بۆ خۆی لەناو تەڵەزگەدایە و وەک خودێکی  تەنیا و بەرپرسیار لە خودی خۆی لە دایکبووە و وەک خودێکیش لەناو بەدبەختیدا دەمێنێتەوە و دواجاریش وەک خودێک تەنیا بەرەو مردن دەڕوات.  

رێیێک گشتی و هەمووان لەوێن و هەر یێک بەرپرسیارە لەوی دی و لەڕێی پەیوەندی خۆشەویستییەوە پێکەوە گرێدراون. کۆبوونەوە چارەنووسی مرۆییە و ناتوانێ لێی هەڵبێ. لێرە کەمینەیێکی زیرەک و زۆڵ، زورینەیێکی بێ مێشک و بەدبەختیان تەفرە داوە. 

لەو شوێنەی تاکوتەنیایە، تێدەگات کە چارەنووسی مرۆیی روو لە مردنە و هەرچی بکات دەرچوون نییە، بەڵام لەو شوێنەش کە ئەوانی دی لەوێن و پەیوەندی خوێن، پەیوەندی خێزانی و بوونی کۆمەڵگە و نیشتیمان لە ئارادان مرۆڤ بەوانی دییەوە لکاوە و مانەوە و لەگەڵ ژیان بەرپرسیاری مۆراڵی گەورەن. 

ئەو وەک مرۆڤێکی گەورە و داهێنەر هەردوو رێگەکە تاقیدەکاتەوە، بەبێ ئەوەی لە پێناوی خودی خۆی کەسێک تەفرە بدات و مەحاڵیش دەسازێنێ تا ئەو شوێنەی بۆی دەکرێ جوانی بخوڵقێنێ و شیعر بەرهەم بهێنێ.  

ئەو زۆر بە قووڵی لەو دونیایە دەڕوانێ کە ئەوی لە خۆ گرتووە، زەمینەیێک پڕی ئاژاوە، جەنگ مرۆڤی لە رەگەوە هەلا هەلا کردووە. حەمە لە شوێنێک سەر دەردەهێنێ جەنگی لێیە، منداڵی دێت و دەگاتە کۆتایی و هێشتا جەنگ تەواو نەبووە و درێژەی هەیە. ئەو مرۆڤەی لەناو جەنگ لەدایک دەبێ لە هەموو روویێکەوە پەریشان و رووتکراوەیە لە هەستوسۆز و روانینی مرۆیی. ئەی چی لەوەی تۆ لەناو زنجیرەیێک جەنگی یێک لە دوا یێک و نەبڕاوەدا هەناسە بدەی، ئیدی زۆر رەوایە یێک ئەوی دی هەڵبدرێ و هەلاهەلای بکات.  

کەچی ئەو هێشتا بێهومێد نییە و مرۆڤێکە میهرەبان، بیر لە دەرگەیێک دەکاتەوە ڕۆشنایی لێوە بێنێته ژوورێ. لێرەدا دوو شیعری زۆر ناوازە و گرنگی ئەو بە هانامانەوە دێن و زۆر شێلگیرانە بیری مرۆڤدۆستانەی ئەوی تێدا دەبینینەوە.  ئەویش هەردوو شیعری یەسەنین و ڤانکوخن. بۆچی حەمە لەناو هەموو مرۆڤەکانی دونیادا تەنیا یەسەنین و ڤانکوخ دەهێنێ؟

ئەوە ئەو گەڕانە قووڵ و مانادارەیە کە تا ئیستا مێشکی ئێمە وەک خوێنەرانی شیعرەکانی ئەو بە یادماندا نەهاتووە و جارێک لە خۆمان نەپرسیوە یەسەنین و ڤانکوخ بۆ هاتوونەتە ناو بیر و کاری ئەوەوە. 

.

مەرگەساتی شیعر



کاتێک ئەزموونی شیعری حەمە عومەرمان بۆ سێ قۆناخی جودا و لەدوو یێک هاتوو دابەشکرد، قۆناخی سێهەم تەڵەزگەیە و گەڕانەوەی بۆ نییە، شوێنی داخزانێکی رۆحی قووڵە لە هەستکردن بە بەرپرسیاری رەها، بە روحی بوون و دواجار لە هەستکردن بە پێگەی پڕ لە بایەخ و ماناداری شیعر بەو بوونە هەقیقیەی خۆیەوە کە هەڵیگرتووە. 
شیعری حەمە، شوێنی روانین و بەخششی گەورەیە، شوێنی تێگەیشتن و پێگەیشتن بە مانا قووڵەکانی ژیانە، شوێنی دۆزینەوە و چڕی داهێنان و جێکار و بیرکردنەوەی سەر سەختە، ئەوجاش شوێنی راستگۆیی و دروستگۆیی رەهایە لەگەڵ خود.

 حەمە رێزی ووشە دەگرێ و ترسناکی ووشەش تۆقاندوێتی، چونکە لە ناخەوە دەزانێ ووشە وەک ئاگر وایە بۆی دەکرێ مرۆڤ بگۆڕێت. ئەوەش نهێنی مامەڵەکردنی ئەوە لەگەڵ ووشەدا کە هیچکات کەمنووس یاوەخوود درێژنووس نەبووە، بەڵکو چڕنووسبووە. 
 لە هیچ وێستگەیێکی شیعری حەمەدا ئاماژەیێک نادۆزینەوە بۆ رەشبینی، بۆ خۆکوشتن و راکێشانی خوێنەر بۆ ناو بێئومێدی، حەمە و رۆحی شیعری حەمە هەمیشە داڵدەدەری رۆحی بێنەوایان و بێدەرەتانانە. ئەوەتا لە شیعری شەوی پایزدا، غەمی سەگی لانەوازی ژێر چۆراوگەش دەخوات. لێرەدا دەمانەوێ دەستکاری ئەو مانا هەڵبەستراوە سادە و مەبەستگەرایە بکەین کە دەخرێتە شوێن جیهانبینی شیعری حەمە، بەوەی کە شاعیری خۆکۆژییە، یان شاعیرێکی سادەی پایزە. 
حەمە شیعری بۆ خۆکوژی نەنوسیوە بەڵکو تێگەیشتن و قووڵبوونەوەی لە شیعر بۆ خۆکوژی برد. ئەوە حەمە نییە ئێمە دەبات بۆ ناو خۆکوژی، بەڵکو قوربانیدانی حەمەیە بۆ تێگەیشتنی تەواوی لە شیعر، قورباندانی حەمەیە بۆ ئێمە کە ڕاپێچی نێو بوونی هەقیقەتی بوونمان بکات، بۆ تێگەی قووڵی لە چارەنوسی مرۆڤ و لە هەڵگرتنی خەمەکانی مرۆڤ، چارەنووسی روحبەخشین بە شیعر، خودی شاعیری بەرەو خۆکوژی برد. ئەوە شیعر بوو حەمەی کوشت، چونکە منداڵێکی شوێنکەوتووی گوێرایێڵی خۆی بوو. حەمە بەرلەوەی کوڕی ئێمە بووبێ کوڕی شیعر بوو. ئەو گەوهەرە هەقیقییەی کە شیعر لە دونیای ئێمەدا فڕێی دا و دواجار هەر خۆشی بردییەوە. 

حەمە قوربانییە لە دروستمانەوەی لەگەڵ گەوهەری هەقیقی و ئەڵماسئاسای شیعر، لە دروستمانەوەی لەگەڵ خوێنەرەکانی کە هیچکەسێک بەرەو مردن هاننادات. ئەو دواجار لە پێناوی ئێمەدا مەرگەساتاوی، وەک مەسیح دەمرێ و هەموو گوناهەکانی ئێمە بە گیانی خۆی دەشواتەوە. لە کوێدا حەمە بانگی ئێمەی کرد بەرەو مەشخەڵانی شۆرش بڕۆین، لە کوێدا حەمە بانگی ئێمەی کرد شمشێر بەڕووی کافران و لەڕێ دەرچووندا بەرز بکەینەوە و مژدەی بەهەشت بە کەسێک بدات.  

کاتێک رۆحی حەمە لە ژیان بەدەست شیعرەوە ماندوو بوو، لەناو شێتییەکی گەورەدا ژیا، چونکە شیعر دەرەتانی لێسەندبوو. کاتێکیش شیعر بەرەو مەرگەساتی دەبات و لێناگەڕێ مرۆڤێکی ئاسایی بژی، هەموو پشتمان تێکرد و پێمان وابوو لەبەردەم مرۆڤێکی نەکردە و بێنموود و بێبەهادا وەستاوین. ئەو تێگەیشتنە قووڵەمان نەبوو لەوەی شیعر رۆحی ئەوی لەگەڵ خۆی بردووە و چیدی لەژێر وویستی خۆیدا نەماوە. ئیستاش کە حەمە لەبەردەم شیعردا شەهیدێکە و خوێنی لێدەڕوات، جارێکی دی هەموومان دەیکوژین چونکە هێشتا مێشکی ئێمە، خوێندنەوەی ئێمە لە قووڵی پەیامە گەورە و مرۆیییانەکەی ئەو تێناگات. 

داهێنەرەکان بە درێژایی مێژوو تا ئەو شوێنەی لە ژیاندان قوربانی بیرکردنەوەکانی خۆیانن و تا ئەو شوێنەش لە ژیان دەرۆن قوربانی بیرکردنەوە دەبەنگەکانی ئێمەن. 

شیعری حەمە، هاوارێکی پڕ لە ناڵینی گەورەیە لە کونکردنی ئەو دیوارە بەرز و بەردینەی جەنگ و دڵڕەقی لەبەردەم دونیای ئێمەدا بە ئاسماندا بەرزی کردۆتەوە و هەڵیچنیوە. هاوارێکی ترسناکە بە رووی مەرگدا کە لەدووی هەردوو جەنگە گەورەکەی جیهانەوە چۆن رۆژ لە دوای رۆژ برستی لە مرۆڤ سەندوە و بچوکی دەکاتەوە. حەمە لە کاتێکا دەرگا لەسەر بیرکردنەوە واڵا دەکات، کە بیرکردنەوە لەناو جیهاندا لەوپەڕی ترسناکی خۆیدایە. 

ئەو لە ژیانی خۆیدا، بۆ ییکەمینجار لەڕێی شیعرەوە مرۆڤی کوردی بە کۆی مرۆیانی دونیا دەبەستێتەوە و بیرکردنەوەی مرۆڤی کوردیش وەک وەچەیێکی بە ئەمەکی کۆی شاعیرانی کورد لە نالییەوە بۆ گۆران کە کاری ئەوان لە شعیر ئەو پەیامە بوو، بە شیعری جیهانییەوە دەبەستێتەوە. 

کاری حەمە لێرەدا رزگارکردنی شیعر بوو لە مەرگی شیعر لەناو ئێمەدا، لە بێنموودکردن و کەمبین و کەم تەماشاکردنی. بۆ ییکەمینجار شیعری هەقیقی لەسەر دەستی حەمە لە دایک دەبێ و ئەو لە دایکبوونەش مەرگەساتی شیعرە کە بە گیانی خۆی خوڵقانی. لەدووی حەمەوە ئیدی ئێمە بۆ ییکەمینجار شیعر دەناسین و بەر شیعر دەکەوین و دەرگای شیعر بۆ هەموومان دەکاتەوە تا لێوەی بچینە ژوورێ. لە دووی حەمەوە شیعری هاوچەرخی کوردی دەرگایێکی نوێ و تێگەیشتنێکی نوێ لەسەر شیعر دەکاتەوە.  

ئەو لە کاتێکا سیما و ئەدگارەکانی شیعر دەدۆزێتەوە کە لە شوێنێکی دی  پێشتر رامبۆی لە پەلوپۆ خستووە و لەبەر بەرگەنەگرتنی خۆی کوشتووە، ئەو لە کاتێکا شیعر دەناسێ کە پێشتر کۆمەڵێک مرۆی شێتی دی وەکو بۆدلێر و ئێدگار ئالان پۆ و یەسەنین و زۆرێکی دی قوربانی گەورەیان بۆ شیعری هەقیقی داوە.  

ئەم قۆناخە چەندێک ترسناکە، ئەوەندەش پڕی هەڵچوون و داچوونی رۆحییە. شاعیر جێبەخۆی ناگرێ و لەبەردەم گەورەیی شیعر جارێک دەبێتەوە بە منداڵ و جارێک بەپیر و جارێک بە هەرزەیێک و وەک شێتێک جوێن بەدار و بەرد دەدات و ئێمەش بەبێ ئەوەی لێی تێبگەین لە دەستی هەڵدێین. 

 بۆچی شیعری حەمە بە دروستی ناخوێنرێنەوە؟


مەرگەساتی شاعیر


زۆرێک لەوانەی شیعرەکانی محەمەد عومەر عوسمان بە ئەدەبی خۆکوژییەوە دەبەستنەوە، هیچ بەڵگەیێکی ئەوتۆیان لەبەردەست نییە بۆ سەلماندنی برواکەیان، تەنیا ئاماژەیێک کە پەنای بۆ دەبەن شیعری خۆکوشتنە کە راستەوخۆ لەبەردەمماندا وەکو ئەندێشەیێکی رووت و رووتکراوە لە مانای خۆکوشتن ئامادەیە. خۆکوشتن تەنیا بیرکردنەوەیێکی راگوزارییە بەرەو هەناوبینی مرۆیی و بە هیچ جۆرێک کردەی خۆکوشتنی تێدا روو نادات. چرکەساتێکی پڕ لە دەردەداری مرۆڤێکە کە لەبەردەم بوونی خۆی وەک بیرکەرەوەیێک لەوانی دی، تووشی خەمگینی دێ و هێز لە بەرپرسیاری خۆی بەرانبەر ئەوانی دی وەردەگرێ. ئەو ئیدی دەگاتە شوێنێک زۆر شێلگیرانە لە هۆکارەکانی جەنگ دەپرسێتەوە، ئەو هەموو ماڵکاولییە بۆچی؟

ئەو لەوە دەکۆڵێتەوە بۆچی تاوان لە بنەرەتەوە بۆتە بەشێکی جوێنەکراوە لە هەڵسوکەوت و رەفتاری مرۆڤ. ئەو سەرەتا لەگەڵ خودا دەکەوێتە ململانێ و لێپرسینەوە و دواتر لە مرۆڤ. 

ئەو لە تاوانە گەورەکانی سەرەتا دەکۆڵێتەوە، لە جەنگی نێوان قابیل و هابیل، لە ئابڕووبردنی  مرێم، لە هەوڵی کوشتنی یوسف بە دەستی براکانی، لە کردنەوەی دەرگای شەهوەت و دەرگای خوێن. ئەو زۆر بە قووڵی لە شەپۆلێکی دڵنیایی دەگەڕێ مرۆڤ بەرەو دڵنیایی گەورە بەرێ. ئەو زۆر لێبراوانە دەپرسێ: (ئەی خوای گەورە نایەتە دەنگ؟) 

کاتێک قابیل تەرمی هابیلی لە کۆڵا بوو بۆ خوا قەلەڕەشی بۆ نارد تا فێری بکا چۆن بیکا بەژێر خۆڵەوە. باشە چی دەبوو خودا یاریدەی مرۆڤی نەدایە بۆ تاوان و بۆ ئەبەد بە تاوانەکەیەوە وەک سزایێک تەرمی هابیلی بە کۆڵەوە بوایە. مرۆڤ کاتێک خراپ دەدوێ، خراپ دەجوڵێتەوە، بۆچی لە دەموساتی خراپەکەیدا نابێ بەبەرد. 

کاتێک حەمە بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە، هاوکێشەیێکی قووڵی گەورە دەدۆزێتەوە لەوەی کە من ئەگەر بکوژ بم تەنیا مەرگی خۆمم بەدەستە و ئامادەم بکوژی خۆم بم نەک کەسێکی دی تەنانەت پەپوولەیێکیش. بە دەستەکانی من کەسێکی دی ناکوژرێ و من ئەو تاقە مرۆڤەم کە هیچ کەسێکی دی بە دەستی من ناکوژرێ. ئەوە ئاماژەیێکە دیار و روونە بۆ رەتکردنەوەی کردەی کوشتن و دورخستنەوەی کردەی کوشتن لە رەفتاری مرۆڤ. حەمە لە شیعردا و لە ژیانیشی ئەوەی راگەیاند کە هیچکاتێک نە بە شیعری و نە بەبیرکردنەوەی کوشتن و خراپە لەو ناوەشێتەوە و کەسیش بۆ ئەوێ نابات. ئەگەر ڕۆژێکیش ناچار بێ بەر لە کوشتنی هەر کەسێک خودی خۆی دەکوژێت.

حەمە لەناو شیعرەوە پەیامێکی قووڵ دادەمەزرێنێ بەوەی ئەو تاقە مرۆڤێکە لە بوونی مرۆیی خۆی دێتەدەرێ و بەرەو پاکژی باڵا هەڵدەکشێ و خوداش لەناو خۆیدا دەسرێتەوە ئەگەر خەیاڵی کوشتن و تاوانیش بخاتە مێشکییەوە. 

(کوانێ ئۆقرە؟ کوانێ ئارام؟)

گەڕانی قووڵی بەردەوامی حەمە لەناو بیرکردنەوەدایە بۆ نەمانی دڵڕەقی و ریشەکێشکردنی بۆ ئێجگاری. بۆ دۆزینەوەی رێگایێک لەڕێیەوە کۆی مرۆڤایێتی بگەیێنێتە ئارامی.  

مەرگەساتی حەمە عومەر وەک شاعیرێک، لێپرسینەوەیە لە جیهان، لە بوون، لە ژیان، بۆ ئەو لێپرسینەوەیەش کۆی مێژووی مرۆڤایێتی و ئایین و تەنانەت خودی خوداش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. گەشتی حەمە لە شیعردا، هەڵگەرانەوەیە لە بوونێکی مرۆیی سادەوە بۆ بوونەوەرێکی ئەفسانەیی خاوەن دڵ و بەزەیی گەورە. ئەگەر ئەژدیهاکان جیهان هەڵلوشن، ئەوا بوونەوەرێکی ئەفسانەی دی پێچەوانەش هەیە کە جیهان دەپارێزێ و ئەو بوونەوەرە ئەفسانەیش ژەنراڵی پایزە. ژنراڵ ووشەیێکی تازەیە بۆ بوونەوەرێکی تازە و جیاواز لە کۆی مرۆڤایێتی. حەمە دەگاتە شوێنێک ئیدی جیهان لەسەر هەردوو لەپی دەستی خۆی دادەنێ و ئێشکی بەدیارەوە دەگرێ. لێرەوە شیعر و مامەڵەی شیعریش لای شاعیر دەگۆرێت و هاوکێشە شیعرییەکانی تایبەت بە خودی خۆی دەدۆزێتەوە و زمانی خۆی لە زمانی کۆی شاعیران و مرۆڤانی دی جوێدەکاتەوە. بەخشینی پێگەی ژەنراڵیش بە خۆی جوداکردنەوەی خۆی نەبێ وەک ئەفسانەسازێکی شیعری شتێکی دی نییە. گوناهی حەمە ئەوە بوو زمانێکی تایبەت بە خۆی هەبوو، تاقانە و فریشتانە، گوناهی ئێمەش ئەوە بوو لە زمانی خۆمان بترازێ لە زمانێکی دی تێناگەین. 

لە شوێنێک کە ووشە مانای خۆی لە دەستداوە و شیعر هیچ مانایێکی نامێنێ، ئیدی تەنیا رێگەیێک هەیە و دووەمی نییە، بۆ ئەبەد نانووسی و خۆت دەکوژی یاوەخوود جیاواز دەنووسی و بۆ هەتاهەتایی دەژی. هەردوو رێگەکەش دواجار بە کوشتن کۆتایی دی، لە یێکەمیان خۆت چەقۆیێک لە خوێنی خۆتا گەرم دەکەیتەوە و لە دووهەمیاندا ئەوانی دی دەتکوژن. لێرەوە هەست بەوە دەکەین حەمە یێکەمیانی هەڵنەبژارد و بەرەو دووهەمیان چوو. حەمە ئەدەبی خۆکوژی بەرهەمنەهێناوە، بەڵکو بە مەرگی خۆی هەموومانی کرد بە بکوژی خۆی. دواجار حەمە بۆ هەمیشەیی نەمر دەژی و ئێمەش وەک هاوڕۆژگار و هاوژیانی ئەو  بە مردوویی دەمێنینەوە.  

شاعیرە گەورەکانیش لە مێژوودا هەر بەوجۆرە بوون، لە ڕۆژگارێک دەژین کەس لێیان تێناگەن و بەجۆرێکیش ئەو رۆژگارە جێدەهێڵن بۆ هەمیشەیی نەمر دەمێننەوە. 

لە شیعری تەمومژ، زمانی ئاماژە و هێماکانی ئەو بەتەواوی دەناسینەوە. ئەو کاتێک هاواری ملیۆن داری بەر رەشەبای لە پەلکەوتوو و هەڵوەریوو بێ، زایەڵەی ملیۆن مەلی لانە روخاو و تەریوو بێ، ئیدی زمانێک دەدۆزێتەوە کە ووشەکان ئاماژەی دی وەردەگرن. گەڵا هێمایێکی گەورەیە بۆ مرۆڤ و پایزیش بۆ سەردەم، سەردەمێک بە نەهامەتی و جەنگ و دەردەداری خۆی دەناسرێتەوە. حەمە شاعیری گەڵا نییە و شاعیری مرۆڤە، شاعیری پایز نییە و شاعیری سەردەمە تاریکەکانە. 

لەناو کۆی شیعرەکانی دیوانی لە غوربەتا، تەنیا لە دوو شوێن دوو ئاماژەی دیار و گرنگ بۆ کۆتایی مەرگەساتاوی شاعیر دەدۆزینەوە، ئەو دوو ئاماژەیەش دیدی خەمناکی مەحمەد عومەر عوسمانە بۆ داهێنان لە دونیایێکدا کە خاڵییە لە بەهای داهێنان. ئەو دڵنیایە کە کۆتایی ژیانی و توانەوەی لەگەڵ شیعر دەیگەیێنێ بە مەرگەسات و ڕێگەیێکی دی بۆ نێو ژیان لەبەردەم نییە و هەر بۆ خۆشی دەستنیشانی ئەو مەرگەساتەمان بۆ دەکات. 

 کاتێک شیعری حەمە و شاعیربوونی حەمە بە مەرگەساتەوە دەبەستینەوە پڕاوپڕی مانای ووشەکە چارەنووسێکی مەرگەساتاوییە. مەرگەسات ئەو کردەیەیە کە خۆت پێی دەزانی و لەناوی دەژی و هەرچی دەکەی بۆت ناکرێ ڕێگەیێکی دی بگری و خۆتی لێ لا بدەیت نەکەویتە ناوی. تۆ دەزانی شیعر دەتکوژێت و بەرەو ڕووی دەڕۆی و سڵی لێناکەیتەوە. 


ئاماژەی یێکەم: شیعری یەسەنین


یەسنین، کارەکتەرێکی خوازەیە و چیرۆکی خودی محەمەد عومەر عوسمان خۆیەتی کە چۆن لەگەڵ شیعر تێکەڵ دەبێ و شیعر وەک دەروویێکی پڕ لە دڵنیایی دەبینێتەوە تا لەڕێیەوە جوانی رووت بەرهەم بهێنێ. جوانی رووتیش لە دونیایێک کە جەنگ وێرانی کردووە کێ لێی دەگەڕێ و کێ نەوازشی لێ دەنێ؟ لە دونیایێک کە مرۆڤ بۆ نان ریسوا دەبێ و خۆی دەفرۆشێ دەبێ جوانی چ چارەنوسێکی هەبێ؟ 

حەمە لە دونیایێک یەسەنین بانگدەکات و خۆی بەبەری دەگرێ، هەرچی تاوانە گەورەکانە بەناوی شۆرشەوە دەکرێن و کۆی مرۆڤەکان دەکرێنە سوتەمەنی جەنگێک لە پێناوی نیشتیمان و دواجاریش نیشتیمان بۆ ئەوان نییە.  

یەسەنین ئەو شاعیرە جوانیخوڵقێنەیە کە لەڕۆژگاری راپەرینی کرێکاران و شۆرشی گەورەی چینی کرێکاران شیعر بۆ مرۆڤایێتی دەچڕێ و مرۆڤایێتیش هێشتا کۆیلە و بەندی نانە. کێ ئاگای لە شیعر و خەمی جوانییە؟

یەسەنین لە تەمەنی سی ساڵیدا خۆی دەخنکێنێت، ئەو دوو ساڵ بەر لەو مێژووە شیعرە گەورەکەی خۆی بەناوی "خاکی هیچوپوچان"دەنوسێ و هەموو روانینی خۆی دەربارەی دزە گەورەکان و ئەوانەی بەناوی شۆرشەوە جیهان وێران دەکەن دیاری دەکات. ئەگەر چی ئەو شیعرە تا مردنی تەواوی ناکات و بەر لە مردنیشی بڵاوناکرێتەوە، دواجاریش لەژێر حوکمی ستالینیش رۆشنایی نابینێ. ئیدی یەسەنین خۆی دەخکنێنێ و بەر لە مردنیشی دواین دێرە شیعرەکانی بە خوێنی خۆی دەنوسێ.  

حەمە هەر لەو رۆژگارانەی خۆیدا لە ڕێی شیعرەوە بە ئێمە دەڵێ کۆتایی مرۆڤی جوانیخوڵقێن کۆتاییەکی خەمگینە و ئەو بەدوای ئەو هەستەدا دەکەوێتە ناو نامۆبوونێکی قووڵەوە و ئیدی خۆی و سەردەمەکەی بۆ لێکجودا ناکرێتەوە و شیعرە گرنگ و تاقانەکەی خۆی دەنوسێ بەناوی لە غوربەتا. لە غوربەتا دەبێتە شیعرێکی گەورەی دونیای شیعری کوردی ئێمە و بۆ هەمیشەیی نەمر دەمێنێتەوە و هەتا کوردیش هەبێ توانای درەوشانەوەی هەیە. لە غوربەتا، دەبێتە شیعری پرشنگداری سەدە و حەمەش وەک شاعیری سەدەکانی داهاتوو بەشکۆی شاعیرێکی مەزنەوە دەهێڵێتەوە. کاتێک یەسەنین بە خوێنی خۆی دواین دێرە شیعرەکانی خۆی دەڵێ ئیدی دەزانێ بە خۆکوژی تەنیا جەستەی لە دەستدەدا و بۆ هەمیشەی شتێک رەتدەکاتەوە کە ملدانە بە مەرگی داهێنان و نەدیدەکردنی شکۆی شیعر. 


ئاماژەی دووهەم: شیعری ڤانکوخ


فانکوخ جارێکی دی خودی محەمەد عومەر عوسمان خۆیەتی و کاتێک لەگەڵ ڕەنگ و شێوە و نیگار تێکەڵ دەبێ وەک دەروویێک بۆ بەرهەمهێنانی جوانی. داهێنانی حەمە تەنیا شیعری رووت نییە، بەڵکو داڵدەیێکی رۆحی قووڵیشە بۆ بێنەوایان و هەموو مرۆڤە نازکەوتووەکانی کورد. ئەو شیعر لە شوێنێکا دادەمەزرێنێ و پێگەکانی شیعر هەڵدەچنێ کە بێدەرەتانی تەواو تەنگی بە مرۆڤ هەڵچنیوە و جەنگ و برسێتی و کەوتنە شوێن جەنگ بەناوی شۆرش و نیشتیمانەوە برستی لێبریوە. ئەو شێوەی فانکوخ چۆن کراس و جلوبەرگە سادەکانی خۆی بە کرێکارانی کانە خەڵوز دەبەخشێ، ئەویش ووشەکانی خۆی بە هەژاران دەبەخشێ کە پڕی هەقیقەت و جوانییە و پڕ بە شکۆی مرۆڤە. ئەو نە ئایین بە دەروو دەبینێ و نە بازرگانەکانی جەنگ و لە هیچ شوێنێکیش بڕوایان پێناهێنێ و بەباڵایاندا هەڵنادات. 
 

 دواجار حەمەش وەک فانکوخ خۆی بە داهێنەر دەبینێ و داهێنانی خۆی لەناو شیعرا لەڕێی فانکوخەوە نیشاندەدات چۆن لە پێناوی هونەرەکەی کە وەک پشکۆی ئاگرە گیان و ژیانی خۆی دەکاتە قوربانی و لە هەموو خۆشییەکانی ژیان دوور رادەوەستێ و دەگاتە ئەو نهێنییە ترسناکە کە بەدبەختی کۆتایی نایەت. لە نێوان جەنگ و جەنگێکی دی دەروویێک بۆ مرۆڤ بەجێنەماوە. بەدرێژای مانەوەشی حەمە لە دونیا مرۆڤێکی بەرهەمهێن و جوانی خوڵقێن و میهرەبان بووە. 

بۆچی حەمە لەڕێی خوازە و ئاماژەوە خۆی وەک داهێنەرێک نیشاندەدات و رێکوڕەوان پێمان ناڵێ ئەوە منم حەمە عومەر عوسمان و لە شیعرا داهێنەر و دۆزەرەوەیێکی گەورەم. ئەو لە دونیایێک دەژی ئیدی ووشە و شیعر و ئەدەب مانایەکیان نەماوە و بانگکردنێکی وەهاش هەر ئەو بەهایەی پێدەبەخشێ کە هونەر لە ناوەندێکی وەک ئەمڕۆدا بەرهەمی هێناوە. 
حەمە دڵنیایە لە دووی نالی و گۆران و شاعیرە مەزنەکانی کوردەوە ئیدی پێگەی شیعر بە جۆرێک دادەبەزێ کە پێویستی بە قوربانییە تا شیعر نەمرێ. ئەو لە شیعری نامەیێکی پایزیدا، دەڵێ: 

  لۆمەم مەکە گەر دیت چاوم هەردەم وەک هەوری زستان بوو..           

 من کەناری شیعرم بەسە باوەشم بۆ بگرێتەوە

.. ئەگەر هاتوو بیستت خۆم کوشت بزانە کە  

 نەمتوانیوە شیعرێ بڵێم .. ئازارمی تیا جێ بێتەوە 


لە شیعری تەنیایی دا، زۆر بە روونی دیدی تەنیایی خۆی تۆمار دەکا و هەم لە لایێک جیهانبینی خۆی ساخدەکاتەوە و هەم قوربانی خۆشی وەک شازادەیێکی شیعری رادەگەیێنێ و دەڵێ: 

سەدەها سەگ پێم وەڕیوە.. کەڵبەی تیژیان لەو دەستانەمدا نوقم کرد 

کە نانی تیابوو نەوەک بەرد

.. درەخته پایزییەکانیش منیان جێهێشت 

کە دڵی سەوزم دیاری بوو نەک گەڵای زەرد 


هەر لە شیعری تەنیایی دا وێنای خۆی وەک شازادەیێکی شیعری گەورە دەکێشێ کە چۆن لە زەمینەیێکدا دەژی کە پێگەی شیعر هیچ بەهایێکی نەماوە و دەڵێ: 

فەرامۆشم .. 

فەرامۆشم وەک تارژەنێکی مەزنی 

نیشتەجێ بووی شارێکی کەڕ 



ئەو لە چەندین جێگە لەناو شیعرەکانی لەوەمان ئاگادار دەکاتەوە کە شاعیرێکی سادە نییە و داهێنەرێکی گەورەی شیعرە و شیعر بۆ نان و شیعر بۆ ناوبانگ و شیعر بۆ کەس ناڵێ. ئەو شیعر بۆ مرۆڤ دەڵێ و هاتووە مرۆڤ بە شیعر ئاوەدان بکاتەوە. لای حەمە داهێنان دەروویێکی چاکەخوازی رەهایە لە پێناوی ژیا و رەنجا و قوربانی دا و دواجاریش لە پێناوی دا دەمرێ.  

ئێمە لێرەدا ئەوە رادەگەیێنین کە لەم خوێندنەوەیەمان بۆ ئەزموونی شیعری محەمەد عومەر عوسمان، ئامانجمان ئەوە نییە شوناسی شیعر لە کەس وەربگرینەوە و شوناسی شیعریش بە کەسانێک ببەخشین، تەنیا ئەوەندەیە لەڕێی کارکردنمان لەڕێی ئاشنایمان بە دیوانێکەوە ئەزمونێک دەخوێنینەوە کە ئاگایی رۆژگار خەریکە وونی دەکات. 

 ئەم خوێندنەوەیە ئەو نهێنییانە دەردەهێنی کە لە پشتی ووشە و وێنە و دەنگەوە ئامادەن و چاوی ئێمە ناتوانێ ئاسان پەییان پێببات. من بڕوام وایە ئەو قوربانییەی حەمە لە پێناوی شیعرا دای ئەگەر لە ناوەندی شیعری کوردیدا شوێنی هەقیقی خۆی و بەهای شیعری خۆی بۆ نەگەڕێتەوە ئەوا شیعری کوردی و بەرهەمی شاعیرانی دی دووی ئەو مافی خۆیان وەرناگرن و سەرگەردانی کۆی داهێنانی شیعرییمان دەگرێتەوە، لە کاتێکا ئەمڕۆ خوێندنەوە و لێکۆڵین و ناسینەوە شیعری هەقیقی روو لە تەنگەبەرییە و زۆربونی شاعیرانی بێ دید و روانین و لاساییکەرەوەش شاعیرانی هەقیقی تەواو شاردونەتەوە و وونیکردوون.  

شیعری کوردی پڕن لە دوور و گەوهەر و یاقووتی جوان و گرانبەها و نازدار و هێشتا نادیدە و بێنموود وەک خۆڵ کەوتوون و پێویستیان بە ئاوڕدانەوەی لێبراوانە و شێلگیرانەیە بۆ دۆزینەوەیان. ئەو دۆزینەوەیەش سەرەتا لە دداننان بە رۆحی داهێنان و گەورەیییە وونکراوەکانەوە دەستپێدەکات و حەمەش رێچکەشکێنی ئەو رێگەیەیە. 


ڕیکلام