گفتوگۆیەک لەگەڵ هیوا قادر سەبارەت بە ئەدەب و پێگەی رۆمان

  2020-10-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گفتوگۆیەک لەگەڵ هیوا قادر سەبارەت بە ئەدەب و پێگەی رۆمان لێدوانی رۆحی فاروق هۆمەر

کارا و ناکارایی

هەر لە بەرایی و دامەزراندنی ئەم ڕۆحی گفتوگۆیەوە هەموو ڕوانین و دیدەکانی خۆم سەبارەت بە ڕۆمانەکە کۆک و ئامادەبوون، هەنگاو هەنگاو هەموو شتەکانم لە شوێنی خۆیان دانابوون بەدوای یێکدا بێن و ساز و سازگار بەرەو کۆتایی بڕۆن و بگەینە دەرەنجامێکی گرنگ و ڕۆشن، ناڵێم تا ئیستا هیچ شتێک ڕووی نەداوە، بەڵام لەنگییەک لە شوێنێک هەیە کە ناهێڵێ لێرە بەدوا ئاسان تێپەڕم و بگەینە یێکدی.

ڕەنگە زۆرێک هەبن پێیان وابێ ئەوەی تا ئیستا هاتووە هیچ لەنگییەکی تیا نەبێ و تەواوێک ڕێگەیێکمان واڵا کردبێ بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕۆمانەکە، کەچی هەستدەکەم شتێکی بەجێماو لە شوێنێک بەردەوام ماندوم دەکات، دەڵێم لە شوێنێک وەک ئەوەی دڵنیانەبم لەکوێ، بەڵام با بە هەقیقەت بڵێم کە هێشتا زۆرێکیش دڵنیانیم لێی یاوەخوود ترسێک بێ لە خودی خۆم وەک خوێنەرێکی تاقانە و کارا.

بەڵێ شتێک تەواو پەرتی کردووم، کە ئاوڕ دەدەمەوە لەو ڕۆژەوەی کتێبی منداڵانی گەڕەک، بڵاوبۆتەوە بۆ دەمی ئیستای، هیچ شتێکی ئەوتۆی بەدوای خۆیدا نەهێناوە و هیچ شتێکیش نەگۆڕاوە. ئایا لە دونیای ئێمە کتێب توانای گۆڕانگاری هەیە، ئەگەر هەیەتی چی گۆڕیوە؟ ئەگەر نیەتی بۆچی دەنووسین؟ ئەگەر گۆڕانکاری بۆ خۆی لە خوێندنەوەوە دروستدەبێ، ئایا خوێندنەوەی ئێمە لەناو ڕێگەیێکی دروست و ساخدایە؟

هیوا، لێرەدا هەر بەتەواوی شتێک هەیە، شتێکی تەواو گەورە و زەبەلاح کە سەروکاری هەم بە تۆی نووسەرەوە هەبووە لە دەمی نووسیندا و هەم بە منی خوێنەریشەوە لە کاتی خوێندنەوەدا. با هەردووکمان لێرەدا کەمێک سەبر بگرین و کەمێک بە کاوەخۆ لەو شتە ووردبینەوە و بیدۆزینەوە. خەریکە دڵنیا دەبین لەوەی کە ئەو شتە هەردوکمان لە دوو کاتی جیاواردا بەری کەوتووین و لەسەری ڕانەوەستاوین و کەسێکی دیش تا ئەم هەنوکەیە ئاوا بەوردی کاتی خۆی پێنەبەخشیوە. بەڕاستی دواجار کارێکی گەورەیە و ڕەنجی هەموومانی دەوێ. من خەریکم دەیدۆزمەوە گەر تۆ هاوکارم بی. دروست وایە نووسەرانی ئێمە ڕۆژگارێکی دوور و درێژە ماندون، لە ناسینی خود و زەمینە و کار و کارایی، ئەو ماندوبوونەش لە دەرەنجامی ماندوبوونێکی درێژخایەنی دونیای ئێمەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەنائاگایی ئێمەدا ئامادەیە. ئێمە بەردەوام دەنوسین و پێمان وایە نانوسین. لە جێگەیێکی دیش ئێمە بەردەوام قسەدەکەین و پێمانوایە قسەمان نەکردووە. هەمان ئەو کارەیە کە ئێمە گۆڕانکاری دادەمەزرێنین و پێمان وایە هیچمان نەکردووە. بیرکردنەوەیێکی سەیرە و تەواوێک پڕێتی لە پێکەنین.

من بەردەوام دەڵێم شتێک ماندووم دەکات، ئەو شتەش بوونی کەسێکی دییە، بێت و لە شوێنی من کار بکات، بڕیار بدات، پێم بڵێ چی بکەم و چی نەکەم، دواجار بێ و لە شوێنی منیش بژی. کتومت بیرکردنەوەیە لە گۆستاف وەک مرۆڤێک. تۆ بۆ نووسینی ڕۆمانێک پێویستت بە گۆستافێک هەبووە، هەستدەکەم منیش بۆ خوێندنەوەی دەبێ لە گۆستافێک بگەڕێم. ئێستا شتێکمان دۆزییەوە، کەسێک لە شوێنی ئێمە بێ. کەسێک بەبێ ئامادەیی خۆی ئێمە دەیخوازین، ئەو بەزۆر نەهاتووە شوێنی ئێمە بگرێ، ئەوە ئێمەین داوا دەکەین کەسێک بێ و لە شوێنی ئێمە بێ.  

گۆستاف بەخۆڕایی نەهاتۆتە ناو مێشکی تۆوە، تۆش بەخۆڕایی لە گۆستاف نەگەڕاویت، لێرەدا شتێک هەیە، شتێکی گەورە و زەبەلاح وەک گرفتێکی گەورە و زەبەلاح خۆی دەنوێنێ و خەریکە خۆیمان نیشان دەدات.  

با هەمان بیرکردنەوە بەجۆرێکی دی دابڕێژینەوە، پرسیارێکی دی بکەین دەربارەی بوونی کەسێک لە شوێنی ئێمە کار بکات. کتومت مەبەستی من دەربارەی بوونی کارێکە لە شوێنێکدا کە ئێمە بۆ خۆمان دەیکەین و پێمان وایە نایکەین و کەسێکی دی دەیکات. جێمانی پانتاییەکی پڕ لە کارە و بەتەواویش  کارەکە کراوە، بۆچی پێمان وایە پانتاییەکی پڕ لە بێکارییە و بەتەواوی و پڕ نەکراوەتەوە. بە واتایەکی دی ئامادەییەکی کارا لە دونیایێکی کارادا بۆ خۆی لێمان بووە بە ئامادەییەکی ناکارا لە دونیایێکی ناکارادا.

منی کارا بۆ خودی خۆم لە کارایی دەکشێمەوە و مرۆڤێکی دی کە تەواوێک ڕوون نییە هێندەی من کارا بێ یاوەخوود نا لە شوێنی خۆمی دادەنێم.  

با سەرەتا ئەوە بڵێم منی خوێنەر لە پێش خۆمەوە کەسێکی دی نابینم، سەبارەت بەو کتێبە شتێکی گووتبێ و من وەک سەرچاوەیێک بۆی بگەڕێمەوە. ئیدی بیرکردنەوەکە لێرەدایە خوێنەران چاوەڕوانن کەسێک بێ و لە شوێنی ئەوان کارێک بکات. لێرەوە شتێک دەربارەی کار و ناکارایی ڕامدەگرێ و دواجاریش دەپرسم بۆ کتێب نابێتە هۆی کارابوون؟

من بۆ خۆم لەسەرەتا تەنیا جارێک ڕۆمانەکەم خوێندەوە، بڕواشم وایە خوێندنەوەی یێکەمی هەر کتێبێک زۆر بە سادەیی بۆ خۆی کتوکوێرە، بە هیچ جۆرێک یاریدەدەر نییە بۆ تێگەیشتن و ناسین و تێکەڵ بوون بە ڕۆحی کتێب و دۆزینەوەی پێکهاتە و قووڵایی مانا و بیروبۆچوون و هەموو ئەو سیحر و نهێنیانەش لەگەڵ خۆی هەڵیگرتوون. بڕیاردان دەربارەی کتێب و نرخاندی کارێکی سادە نییە، سەرباری ئەوەی کات و ڕۆژگار و دەمی چەندین نەوە دەخوازێ لە خوێنەر کە کتێبێک لەناو داهێنان جێبکەنەوە، ئەوجار تێکەڵبوونێتی بە پرۆسەی رەخنە و کرانەوەی دەروازەکانی ڕەخنەسازی بەڕوویدا. کاتێکیش لە دونیای ئێمە ڕەخنە نییە و تا ڕادەیێکیش بوێری دروستبوونی لە هیچ شوێنێکەوە دیار  نییە، ئیدی تەنیا واتایێک دەبەخشێ کە هەموومان بە مردنی کتێب ڕازین و هیچ لارییەکمان سەبارەت بەو مەرگە نییە.

با بپرسین ئەگەر کتێب بۆ خۆی مردبێ، بۆ کتێبێک دەنوسین کە دواجار دەمرێ. باشە با بڵێین هەموو کتێبێک لە دونیای ئێمە دەمرێ، ئایا هەموومان ئەوە باش دەزانین و خۆمانی لێ گێل دەکەین. ئایا نووسەرانی کتێبی مردوو بۆ خۆشیان مردوونین، ئەو مردووییە چاکەی بۆ ئێمە لە کوێدایە؟ لەوە دەکات چاکەکەشی هێندەی ئەوە پڕ بەهاتر بێ کە وا هەموومانی بێدەنگ کردووە. لێرەدا ئەو گومانە تەواو رووندەبێتەوە کە ئێمە تا ئیستا هەموومان خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی مردووین و بەسەر مردنی کتێبەکانیشمان دا بۆ خۆشمان مردوین. تۆ وەک نووسەرێکی مردوو لە گۆستافێکی زیندوو گەڕاویت بۆ ئەوەی لەبەرانبەر ئەو هەموو خوێنەره مردووەدا تۆش زیندوو لەگەڵ خۆی ڕابگرێ و لەم دونیا نوێیەدا زامنی مانەوەت بۆ بکات. با بپرسین زامنی مانەوە و زیندوو ڕاگرتن لێرەدا هەنگاوێکە بۆ گۆڕانکارییەکی نوێ یاوەخوود خۆکوشتنێکی دییە و خۆ وونکردنێکی دی. ئێمە لە هەنوکەدا لەبەردەم ڕۆمانێکی هاوچەرخداین لەناو ڕۆژگارێکی هاوچەرخ. هەر ئەو ڕۆژگارەشە کە مرۆڤی کورد بەو هەموو کار و کاراییەی خۆیەوە چووە ناو ڕاپەرینێکەوە کە ئەوێکی دی لە پێشییەوە ئامادەبوو. ئایا بێ ئەویدی بۆ خۆی ئامادەیی نەدەبوو.

منیش خەریکم لە خوێنەرێکی زیندووی وەک گۆستاف، یاوەخوود ئەوێکی دی بگەڕێم بۆ ئەوەی بتوانم لەڕێی ئەوەوە بمگەیێنێ بە تێگەیشتنێکی زیندوو. ئیدی ئەوەتا ئێمە هەموومان پێکەوە لەناو گۆرستانێک دەژین و بەتەنیا دەرووی یەکتربینین و ڕوبەڕووبوونەوەی یەکدیمان نییە.

من لە نێوان گوڵ محەمەدێکی کارا وەک گێڕەڕەوەیێکی کارا و گۆستافێکی ناکارا وەک گێڕەڕەوەیێکی لاوازدا وەستاوم بۆ تێگەیشتن کامیان هەڵبژێرم؟ ئایا من کام خوێنەربم، ئەوەی خۆمم و بڕوام بە دیدی خۆم هەیه یاوەخوود ئەوەی کە لە دووی کەسێکی دی دەگەڕێ و لە پشتییەوە خۆی پەنهانکردووە؟

چیرۆک و ڕۆمان دوو ماڵی جیاواز

یێکێک لەو خاڵە بەهێزانەی کە ڕۆمانی گەڕەکی منداڵانی لەسەر دامەزراوە، بوونی دەریایێکە لە چیرۆک کە هەموویان بەوپەڕی سازی و کۆکی و تەبایی تێکەڵ بەیێک دەبن و تێکدەئاڵێن و لە شوێنێک جوێدەبنەوە و چیرۆکێک نامێنێ و یێکێکی دی لە هەناوییەوە دێتەدەرێ و بەردەوام کارەکتەری جاڵجاڵۆکەیێک لەوێیە تۆڕێک لە چیرۆکمان بۆ هەڵدەچنێ.

دواجار چیرۆک بۆ خۆشی سروشتی هەقیقی مرۆڤە، مرۆڤ بەردەوام لەناو چیرۆکدا دەژی. بۆ ئەوەی مرۆڤ وەک خۆی بناسین دەبێ توانای ناسینی چیرۆکمان هەبێ و ڕۆحی چیرۆکناسی لە خۆماندا فراوان بکەین. چیرۆک دێرینترین ژانرێکی ئەدەبییە کە لە هەناوی مرۆڤەوە هاتۆتەدەرێ و لە دەموساتی لە دایکبوونەوە لەگەڵی دەمێنێتەوە و دواجار بە مردنیشی چیرۆکەکان کۆتا نایێن و لەڕێی ئەوانی دییەوە کەموزۆر دێنەوە ناو ژیان، کاتێکیش دێن ئیدی وەک هەقیقەت و کرۆکی سەرەتای خۆیان نین و هەم تێکەڵ بە دیدی ئەوانی دی و روانینی ئەوانی دی و گێرانەوەی ئەوانی دی دەبن و بەهۆی ئامادە نەبونی خۆشییەوە زۆر سادە و ساکار دەشێوێن و لەناو کارکردی ئەوانی دیدا دەژین و هەم تێکەڵ دەبن بە ژانر و شێوازی دی وەکو شانۆ و ڕۆمان و ئەفسانە و زۆرێکی دی.

ئێمە لێرەدا کورت و ڕۆشن ئەوە دەدۆزینەوە کە ڕۆمان هێندەی چیرۆک ڕەسەن نییە و هێندەی چیرۆکیش هەقیقەتی دەربارەی مرۆڤ پێ نییە. ڕۆمان دەستدەخاتە ناو چیرۆکەوە و چیرۆکیش دەباتە ناو هونەرێکەوە کە دوور و نزیک شوناس و جوانی و گەوهەرە بەراییەکانی بوونی دەشێوێنێ و بە نیازی دامەزراندنی ساختومانەکانی ناو ڕۆحی خۆی شتێک ناهێڵێتەوە ناوی چیرۆک بێ.

ئەگەر خودا لەگەڵ دەروازە سەرەتاییەکانی بوونی خۆیدا لەڕێی چیرۆکەوە مرۆڤی خوڵقاندبێ و لەگەڵ مرۆڤ دوابێت، ئەوا مرۆڤیشی وەک چیرۆک داڕشتووە. دواتر لەگەڵ گەورەبوونی مرۆڤ و کوشتنی خودا چیرۆکیش ئەو پێگەیەی خۆی نامێنێ و هونەرەکانی دی شوێنی دەگرنەوە.

 چیرۆک ئەو بزوێنەرە گرنگەیە کە هێزی ژیان و زیندوێتی بە هەر ژانرێک دەبەخشێت ئەگەر هوشیارانە تێکەڵ بەخۆی بکات، کۆتایش بەو دەرەنجامە درەوشاویە دەگات کە زۆر بەسادەیی بەرەو سەرکەوتنی ببات. هەر هونەرێکیش لە دەرەوەی هونەری گێرانەوەش بە پاکژی چیرۆکی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبێ وەک مۆسیک و شێوەکاری و سینەما، ئەوا سیحری مانەوەشی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە.

ئەو ڕۆڵە گەورەیەش چیرۆک لەم ڕۆمانەدا دەیگێڕێ، بۆتە هۆی دروستبوونی هێڵێکی درێژ و نەبڕاوە بۆ هەڵقوڵینی ڕووداو و کارەکتەر پێکەوە. کۆی ئەو ڕووداوانەش هەمووی لە ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراوی سادەوە سەرچاوە دەگرن کە چەندین ساڵ پێش دەستپێکی ڕۆمان لەناو چیرۆکەکانی ڕابردوودا هەبوون و ئیدی وەک کانی لە هەڵقوڵیندان و هێڵەکانی ڕۆمان یێک لەدوای یێک تێکەڵاویان دەبێ و یێک لە دوای یێکیش دەیاندۆزێتەوە و هێڵەکانی خۆی لەسەر دادەمەزرێنێت.

چیرۆک بەردەوام لەگەڵ کارەکتەر و ڕووداو دەژی، کارەکتەر و ڕووداو دوانەیێکی گرنگترن لە هەموو پێکهاتەکانی دی چیرۆک وەک گرێ و چنین و گێرانەوەش. چیرۆکنووسی لێکدەرەوە و هۆشمەند بە هۆی کارەکتەر و ڕووداوەوە بۆی دەکرێ ڕۆڵی هەموو پێکهاتەکانی دی چیرۆک پڕبکاتەوە و نەهێڵێ نەبوونیان یاوەخوود لاوازییان گرفتێک دروستبکات.

ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک، ماڵی کارەکتەر و ڕووداوە پێکەوە. هەمیشە کارەکتەرێک هەیە لەناو ڕووداوێک و زیاتر لە ڕووداوێکا، بە جۆرێکی دیش هەر ڕووداوێک بۆی دەکرێ کارەکتەرێک و زیاتر لەناو خۆیدا بخوڵقێنێت. با لەو نەخشەیە بڕوانین چۆن کارەکتەر و رووداوو پێکەوە لەم رۆمانەدا دەیخوڵقێنن:

هەردوو کارەکتەری سیسلیا و گوڵ محەمەد، ڕووداوی یەکتر ناسینیان و کردنەوەی دەروازەیێک بەرەو داهاتووی چیرۆک. هەردوو کارەکتەری گوڵ محەمەد و گۆستاف، رووداوی یەکتر ناسینیان و دەروازەیێک بەرەو داهاتووی چیرۆک. هەردوو کارەکتەری گۆستاف و یولیا، روداووی دەروازەی یەکترناسینیان و ژیانی پێکەوەییان و دواتر جوێبوونەوە و مردنی یولیا.

 ئەو رووداو و کارەکتەرانەش هەر هەموویان لەناو چیرۆکدان و بەشێکی گەورەیان لەناو یادەوەری خۆیان پەنهانکردووە و بەشێکی کەمیشیان لە ئیستا و داهاتوودا. ئەم ڕۆمانە دواجار لەسەر پێگەی یادەوەری خوڵقاوە، یادەوەریش یێکێکی دییە لە پێگە گرنگەکانی دی چیرۆک و بەبوونی ئەویش هەم کات و هەم شوێن دێنە دەرەوە.

ناسینی هەردوو کارەکتەری سیسیلیا و گوڵ محەمەد لە دووایین چرکەساتێکی چوونە ناو ساڵێکی نوێوە و لە ناو شارێکی سوئید و وەک بەشێک لە یادەوەری خۆیان دەکەن بەناو ژیانی ئیستای گۆستاف و دواجار خوێنەریشدا.

ناسینی هەردوو کارەکتەری گوڵ محەمەد و گۆستاف لە نوێرینگەیێکی پزیشکیدا لەناو شارێکی سوئید و لە کاتێکی ناسکی خانەنیشینبوونیدا، دواتر هەموو ئەو یادەوەرییانەی چیرۆکی رابردووی خۆی و یولیا، چیرۆکی ڕابردووی گوڵ محەمەد و خوێنەریش خۆیان دەکەن بەناو داهاتووی چیرۆک و لێرەوەش ڕۆمانێک لەناو چەندین پارچەی کورت و کوێری چیرۆکدا دروست دەبێ. ئەگەر چیرۆک لەم ڕۆمانە بەو هەموو پارچە پارچەییەوە لاببەین شتێک نامێنێتەوە هونەری ڕۆمان بێ.  

ڕووداو و کارەکتەر ئەگەر چی بۆ خۆیان هەمیشە بەجیا دەژین و وەک دوو لقی گەورەی چیرۆک جودان، بەڵام بەردەوام لەناو یادەوەرییەوە دێن و پێیەکیان لەناو ڕابردوودایە.  

ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک لە ڕووی کاتەوە، بۆ دوو هێڵی دژ بەیێک دابەشبوون، هێڵی یێکەمیان لە ئیستادا و لە شوێن و زەمینەی دەرەوەی کوردستان ڕوو دەدەن و بە ئاراستەی داهاتوودا دەڕواتە پێشێ و خۆی لە تەواوبوونی ئەو ڕۆمانەدا دەبینێتەوە کە وەکو مەرجێک لە نێوانی باوک و کچێکا دەبەسترێ. کەمێکی ڕووداوەکان لێرەن و لەسەر ئاستی ڕۆمانەکە ئەوەندە شوێنی بایەخ نین و بوون و نەبوونیشیان هیچ لە کۆی گشتی هونەری گێرانەوە ناگۆڕێت.

هێڵی دووهەمیان، لە ڕابردوویێکی دوور دا و لە شوێن و زەمینەی کوردستان بەرەو رابردوویێکی نزیک کار دەکات. ئەو ڕۆمانەی کە دەبێت تەواو بکرێت هەر لە بنەرەتەوە بۆ خۆی لێرە تەواو کراوە و بوونی هەقیقی خۆشی هەر لێرەیە. ئەوەی ئەو دوو هێڵە پێکەوە دەبەستێتەوە تەنیا بوونی کارەکتەری گوڵ محەمەدە و بە هەڵگرتنی ئەو بەشەش کە لە دەرەوەی کوردستان ڕوو دەدات هیچ شتێک لە کۆی ڕۆمانەکە ناگۆڕێ و ئێمە بێ ئەو بەشەش دەکرێ ڕۆمانێکمان لەبەر دەستا بێ کە بۆ خۆی هەم ژیان و مانا و قووڵایی و چیرۆکیشی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبێ. ئێمەش لە خوێندنەوەی خۆمان دا تەنیا لەو بەشە دەوێین کە چیرۆکی ژیان و ڕەنجانی گوڵ محەمەدە، سەفەری ئەو منداڵەی لە فریشتەیێکەوە دەبێ بە پیاوکوژ.  

 

ماڵی فریشتەکان

هەرچی بکەین گێڕانەوە و رووبەری گێرانەوە بۆ خۆی بە تەنیا کارێکی سادە و ساکار دەمێنێتەوە و دواجار نە چیرۆک و نەڕۆمانی لێناهیێتە دەرەوە، ئەگەر هونەرێکی دی پاڵبەپاڵی ئەوەوە ئامادەیی نەبێ کە ئەویش توانای بینین و تیا ژیانە و بە هونەری نیشاندان دەدرێتە قەڵەم. دەکرێ بڵێین ئەگەر نیشاندان نەبێ دواجار گێرانەوە زۆر کاڵ و کرچ دەمێنێتەوە.  

هیوا لە پاڵ هونەری گێڕانەوەوە توانایێکی لە بننەهاتووی بۆ نیشاندان هەیە. زۆرێک لای ئێمە هەن، ئەو هونەرە بە تەکنیکی سینەماوە گرێدەدەنەوە، لە کاتێکا ئەوان لەبیریان چووە کە نیشاندان پێگەیێکی دێرین و سەرەتای هونەری چیرۆکە و لەگەڵ یێکەم گێرانەوەکانی چیرۆکدا بوونی هەبووە و سینەماش کەڵکی لێوەرگرتووە بە جۆرێک بەکاریهێناوە خەریکە سەرچاوەی وەرگرتنەکەی لەبیر خەڵکان بباتەوە.

هیوا لەگەڵ یێکەم چرکە ساتەکانی گێرانەوەی خۆیدا، گوڵ محەمەدی منداڵمان نیشاندەدات چۆن لە ماڵەوە دێتە دەرەوە و دەکەوێتە شوێنی کارەکتەری شێخەپەڕۆ. شێخەپەرۆ کارەکتەرێکی هەقیقی دونیای ئێمەیە و لە مێژووی کۆمەڵایێتی شاری سلێمانیدا وەک کەسێکی زیندوو بوونی هەبووە. ئەوەی هیوا لەسەری دەوەستێ و شوێنی بایەخی منیشە، ئەو پیاوە بە خۆی و عەرەبانەکەیەوە هەرچی پیسی و خۆڵ و خاشاکی شار هەیە کۆیدەکاتەوە و لەگەڵ خۆی دەباتەوە ماڵێ. تا ئەو ڕۆژەی ئەو ماڵە دەسوتێ و هەرچی ڕابردووی پیسوپۆخۆلیش هەیە لەگەڵی دەسووتێ.   

ئەو ماڵەی شێخە پەڕۆش ئەگەر لەناو ڕۆمانەکە، تەنیا بە سووتان کۆتایی هاتبێ و چیدی نەیێتەوە بەر باس و دووان، ئەوا هێشتا هەر جێگەیێکی بۆ شیکار و لێکۆڵین و بەدواداچوون جێهێشتووە بۆ ڕوانین لە مێژووی شار و پەیوەندی بە پیسییەوە و دەکرێ چاومان لەو سووتانەش بێ کە لە کۆتاییدا هەموو ڕابردووی پیسی و ناشرینی ئەو شارە لەگەڵ خۆی دەبات. ئەو شارەی چەندێک مێژووی منداڵانی گەڕەکە ئەوەندەش مێژووی ماڵی فریشتەکانە.

 فریشتەکان کێن؟

لە دووی گوڵ محەمەد کاتێک لە ماڵ دێتەدەرێ، ئێمە پەلی دەگرین و بۆ ناسینی ماڵی فریشتەکان لەگەڵ خۆمانی دەهێنینەوە ژوورێ بۆ لای پورە گوڵچین، پوورە رەعنا، پوورە عەمبەر و هەموو پوورە خەمگینەکانی دی کە سەرچاوەی هەزاران چیرۆکی جوانن.

 لەم ڕۆمانەدا ئێمە بەر دوو مێژووی شار دەکەوین، یێکێکیان مێژووی شارێک پڕ لە منداڵانی چەتوون کە کۆمەڵێک شەیتانن و لە هیچ ناپریگێنەوە. دووهەمیشیان، مێژووی ئەو کچە قەیرە و پیرێژنە شوونەکردوانەن کە شارەکانی ئێمەیان لە شوێنێک پڕکردوە لەو چیرۆکانەی کە پڕیان قەهر و خەمگینییە و لە شوێنێکی دیشەوە کۆمەڵێک فریشتەن و ماڵ و گەڕەک و شارەکانی ئێمەیان پڕ کردووە لە مرۆڤدۆستی و ئاژەڵدۆستی. هیوا زۆر جوان مامەڵەی ئەو ماڵەی کردووە و وێنای بەهەشتێکی پێبەخشیووە و زۆر جوان گوڵ محەمەدی وەک دەروێشێکی جوانیپەرست لەبەردەم ئەو فریشتانەدا کێشاوە کە سەرقاڵی تەماشای باڵندە و گوڵ و ئاژەڵانی گەورە و بچکۆلەشن وەک کرمیش کە ئەوانیش بەشێکی گرنگ و پڕ بایەخی ئەو ماڵ و شارانەن کە لێوەیان بۆ دونیا هاتووین و لە پاڵمانەوە دەژین.

کارەکتەری گوڵ ڕەحیم و کارەکتەری پوورە گوڵچین، ئەو چیرۆکە خۆشەویستییەی ئەو دوانەش، هەم یێکێن لە جوانترین ئەو چیرۆکانەی تا ئیستا ئەدەبی کوردی بەرهەمی هێناون و هەم یێکێن لەو دوو کارەکتەرە زیندوو و قووڵ و پڕ لە مانایانەش کە تا ئیستا لە زەمینەی ئێمە ئاوا زیرەکانە دارێژرابن.  

دەکرێ لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین، کە ئەم بەشی ڕۆمانە کە ڕووداوەکانی لە سلێمانیدا ڕوو دەدەن یادی ئەو زمان و مامەڵەکردنە ئەدەبییەی هێڵی ڕۆمانی روسیمان بە یاد دەهێننەوە کە تا ئەمڕۆش بە دایک و ڕۆحی ڕۆمانی جیهانی دەناسرێن.  

ماڵی فریشتەکان و ماڵی ئەو سێ پوورە میهرەبانانە ئەوەمان پێدەڵێ کە شارەکانی ئێمە تا ئەو ڕۆژەی ئەوان دەسەڵاتی ناو ماڵەکانی ئێمەیان ڕێکدەخست و منداڵەکان لەژێر دەست و فەرمایشتی ئەوان پەروەردە دەکران، جیهانێکی پڕ لە ئارامی و بۆنی ڕۆژگارێکی پڕ لە دڵنیاییان هەبوو. هەر ئەوەندەی منداڵان لە ماڵ دەترازێن و دەچنە ناو کۆڵان و گەڕەک ئیدی جیهانێکی دی و دەروازەیێکی دی واڵا دەبێ و ئەوەی خەونی پوورەکانە لە ئایندەی شارەکان هەڵدەوەشێتەوە و لەوێ پێچەوانەی ماڵەکانمان پڕی شەیتان و ئەو بوونەوەرە دۆزەخیانە دەبن کە بۆیان دەکرێ زۆر سادە هەرچی دەیانەوێ نەخشەی بکێشن و هەرچی پێیان خۆشە لە خشتەی بەرن.  

هەموو ئەو جوانیانەی ساڵانێک پوورە فریشتەکان هەڵیانچنییوە ئەوان لە چەند چرکەیێکدا وێران و داخانی دەکەن. ئەم ڕۆمانە لەو شوێنەوە چەندێک سەر بە منداڵانی گەڕەکە و ژیانێکی دۆزەخیانەی هەیە، ئەوەندەش سەر بە ماڵی فریشتەکانیشە و ژیانێکی بەهەشتیانەی هەیە. گوڵ محەمەد چەندێک قووڵ سەبارەت بە منداڵانی گەڕەک دەدوێ و ئەو منداڵە بەدبەختانەمان نیشان دەدات کە وەک شەیتان کلکی سەگ و گوانی مانگا دەبڕن و تەیروتووش دەکوژن ئەوەندەش سەبارەت بەو پوورە میهرەبانانەش دەدوێ کە مێژووی شار و ژیانی ئێمەیان پڕ کردووە لە بەها و شکۆی گەورە. دواجار تا ئەو شوێنەش شارەکانی ئێمە لەژێر چاودێری گەورە و پەرۆشی پڕ لە دڵسۆزی ئەواندا بوون هەموو شتێک پڕی لە خێر و خۆشەویستی بوو. گێرانەوەی ئەزموون و گەورەبوون و قاڵبوونی گوڵ محەمەد چەندێک سنوور و ڕووبەرەکانی دڵرەقی لەنێو شارەکانی ئێمەدا فراوان و بەربڵاودەکاتەوە، ئەوەندەش لەسەر ئەو تەنکبوونەوە و نەمانی ئەو قووڵاییە پڕ لە میهرەبانی و مرۆدۆستییەش ڕادەوەستێ کە بە نەمانی پوورە بەرەحم و فریشتەئاساکان شارەکانمان تەواو تەواو خاڵی دەبنەوە لە جوانی و ئازادی و ژیانی پڕ لە شکۆ.

یێکێک لە جوانترین ئەو دیمەنانەی نێو ئەو ڕۆمانەش ئەو فەزا فراوانەیە کە دەرهەق بەو پوورانە دەدوێ و ئەو مەرگ و ژیانە پڕ لە کولەمەرگییەی گوڵ ڕەحیم. دیمەنی خەونی پوورە گوڵچین بە مەرگی گوڵ ڕەحیمەوە و چوونیان پێکەوە وەک دوو تارمایی خەوناوی بۆ ژووری مردووان و چوونەوەی گوڵ ڕەحیم بۆ ناو شوێنی لاشە مردووەکەی و ڕاکشانی لەوێدا و گەڕانەوەی پوورە گوڵچین بەناو شاردا بۆ ماڵەوە، دەکرێ بە یێکێک لەو دیمەنە قووڵ و زیندوانەی بدەینە قەڵەم کە توانای ڕاگرتنی ئەدەبی کوردی و مرۆی کوردیان هەیە بە زیندوێتی لەپاڵ گەلێک دیمەن و وێنەی زیندوو و لەیادنەچووی خەرمانەی ئەدەبی جیهانی و مرۆی جیهانیدا.

 

چیرۆک و کارەکتەری ڕێک

من هەمیشە ئەو قارەمانی چیرۆکانەم خۆشدەوێن و لام شوێنی سەرسوڕمانن کە لە ژیاندا ڕوونن و هیچ گرێ و گۆڵێکیان هەڵنەگرتووە و بە قووڵی بەستراونەتەوە بەو کات و شوێنەی کە تێیدا هەناسەدەدەن و بەتەواوی سەر بەوێن و بە ئاستەمیش لێیجودا نابنەوە. لە هونەری چیرۆکدا ئەو کارەکتەرانە کەسێتییەکی ڕێکیان هەیە و نەگۆڕن و پێچاوپێچ و بازنەیی نین، لە سەرەتاوە چۆنن لە کۆتاییشدا هەر وا دەمێننەوە و گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و مەرام و بۆچوون و هەستوسۆز و تەنانەت ئەو ئامانجەی شوێنیشی دەکەون ڕوو نادات یاوەخوود زۆر بە ئاستەم ڕوو دەدات. من لەناو هونەری گێڕانەوەی هاوچەرخی کوردیدا زۆر کەم ڕێکەوتی کارەکتەری لەو جۆرەم کردووە.  

لە شوێنێکی دیشەوە پێموایە ئەوە ڕێکی کارەکتەری گوڵ محەممەدە، تۆی تووشی دڵەڕاوکێی گەورە کردبێ و لە دەمی نوسیندا ترساویت یاوەخوود بڕوات بەوە نەبووە لەناو ئەو ڕێکییەدا بیهێڵیتەوە. لەڕێی دامەزراندنی هێڵەکانی بەرایی ڕۆمانەوە ئەو هەموو پێچوپەنایەی گێرانەوەت هێناوەتەوە تەنیا بۆ ئەوەی ئەو ڕێکییەی کارەکتەری پێ بشاریتەوە یاوەخوود هەوڵدانێک بێ بۆ ئەوەی کارەکتەرێک کە بۆ خۆی بە شێوەیێکی سروشتی ڕێکی هەڵبژاردووە لەناو بازنەییبووندا بیخوڵقێنی کە ئەوەش هەڵگەرانەوە و پێچەوانە وەستانەوەیە بەڕووی دارشتنی سروشتی کارەکتەر و ڕەوتی سروشتی گێڕانەوەی چیرۆکدا.  

من لێرەدا زۆر بە دڵنیایی دەتوانم پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە زۆرینەی نووسەرانی گێرانەوەی کوردی لەم قۆناخی هاوچەرخییەیدا کارەکتەرناسێکی کارامە و چاکنین و لەڕێی خوێندنەوەی کارەکانیانەوە زۆر بەڕوونی ئەوە دەبینین کە هێڵی گێڕانەوە بەجۆرێک پڕ لە پێچوپەنا و تەمومژ، پڕ لە ڕووداو و گرێ و کارەکتەری خۆسەپێنی لە لابەلاوە هاتوو دەکەن کە ئیدی زۆر بە ئاستەم هێڵی سەرەکی و گرنگی ڕەوتی گێڕانەوەی سەرەکی دەناسینەوە.

 یێکێک لە داخوازییەکانی گێرانەوەیێکی توندوتۆڵ و چیڕۆکێکی تۆکمە و باش دارێژراو، بێگومان ئەوەیە کە هیچ ڕووداو و کارەکتەر و گرێیەکی نامۆ و دەرەکی و خۆسەپێن نەهاوژرێته ناو ڕەوتی چیرۆکەوە کە بۆی ناکرێ پەیوەندی لەگەڵ کۆی هێڵی گێرانەوەدا دابمەزرێنێ و لەناو کۆی مانادا هاوبەشی قووڵ بخوڵقێنێت، هەڵبەت هیچ شتێک لەناو گێڕانەوەدا بۆ خۆشی خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی و بەجوێ لە کۆی ساختومانی چیرۆک، بەجودا و لەپاڵ چیرۆکەوە ناژین.

نووسەرانی هونەری گێڕانەوە لەسەر ئاستی جیهانیش زۆر بە گرانی بۆیان دەکرێ مامەڵە لەگەڵ کارەکتەری ڕێکا بکەن، بەدڵنیایی ئەوە بۆ نووسەرانی کوردیش بەتایبەتی جۆرێک دەبێ لە مەحاڵ و پێیانوایە کارەکتەری ڕێک هونەری گێڕانەوە پڕ لە چێژ و بایەخ و تێگەیشتنی قووڵ ناکات.  

 گوڵ محەمەد هەر لە بنەڕەتەوە وەک کارەکتەرێکی ڕێک دادەمەزرێ کە تادێ بە ئاراستەیێکی ئاسۆیی هەڵدەکشێ و هیچ نهێنییەکی هەڵنەگرتووە و ڕوون و کراوە و هێند هێزی هەیە کە بایەخی هەموو پێکهاتەکانی دی چیرۆکیش لەناو خودی خۆیدا بشارێتەوە. ئەو چیرۆکانەی هەڵگری ئەو کارەکتەرە ڕێکەن، وا لە خوێنەر دەکەن کەمتر بایەخ بە کارەکانی بدەن لە چاو بایەخدان بە خودی کەسێتی خۆیدا، ئیدی بەردەوام ئێمە بەرەو راڤە و شیکاری کەسێتی خۆی کێشدەکات.  

گوڵ محەمەد، منداڵێکە و لە تەمەنی منداڵییەوە خۆیمان نیشان دەدات، ئەو سەر بە ماڵێکە و نەخشەی ماڵیش بەدرێژایی ڕۆمانەکە لەناو ئەندێشەی ئێمەدا ووننابێ و داهاتووی خۆشی هەر لەوێدا دەبینێتەوە و چەندینجار ناچار بەجێهێشتن و دوورکەوتنەوەی دەبێ و دواجار بەجۆری جیاواز بۆی دەگەڕێتەوە.

ماڵ و چوارچێوەی ماڵ چەق و دڵی ڕۆمانەکەیە و هەموو ڕوداووەکان لەوێوە دروستدەبن و زۆرترین پانتایی شوێن و کات، گرنگترین کارەکتەرەکان، خودی گێڕەڕەوەش هەر لەوێدان.

گرێی ئەم ڕۆمانە مەرگی دڵتەزێنی سەیوان دەیخوڵقێنێ، ئەو بەڵێنەی گوڵ محەمەد لەگەڵ خۆی دەیبەستێ کە نەهێڵێ هەر وا بەسادەیی ئەو گوناهە گەورەیە تێبپەڕێت.  

ئەگەر چی ئەو گرێیە بە هۆی هێز و پێگەی پڕ بایەخی گوڵ محەمەدەوە کە بۆ خۆشی گێڕەڕەوەی هەموو شتزانە، هێڵێکی کاڵ و شاراوەی هەیە، لەگەڵ ئەوەشا زۆر بە روونی دەبینین پێگەی کارەکتەر و پێگەی گرێی چیرۆکی لەناو خۆیدا شاردۆتەوە، کەچی هێشتا بۆمان دەکرێ ئەو گرێیە بە روونی بدۆزینەوە کە چۆن هەموو ڕووداوەکان و کۆی گێرانەوەش لە خاڵێکەوە بەرەو خاڵێک و دواتر دۆزینەوەی چەندین پنت و زەمینەی دیش لەناو خۆیدا جێدەکاتەوە و وەک کانی توانای هەڵقوڵینێکی هەمیشەیی هەیە و بۆی دەکرێ کۆی مێژووی کۆمەڵایێتی و مێژووی نەتەوەییش بۆ ناو خۆی کێشبکات.  

مەرگی سەیوان ڕوداووی یێکەم و سەرەکی ناو ڕۆمانەکەیە و خاڵێکی وەرچەخانی گرنگە و توانای ئەوەی هەیە ببێتە بزوێنەر و ڕێکخەری هەموو رووداوەکانی دواتر، چۆن سەرەتا دەنگ لە گوڵ محەمەد دەسەنێتەوە، لە نێو ماڵی دەهێنێتەدەرێ و بەرەو گوندی دەبات، دەیهێنێتە ناو گەڕەک و لەڕێی منداڵانی گەڕەکیشەوە داهاتووی دەگۆڕێ، بە بەڵێنێکەوە گرێی دەدات و بەڵێنیش داخوازی بەجێهێنانی لێدەوێ و دواتر نەک دەنگی بۆ دەگەڕێتەوە بەڵکو دەیکاتە کارەکتەرێکی بزۆک و پڕ جووڵەی واش کە پەی بە هەموو نهێنییەکانی ئەو ڕووبەرە دەروونی و کۆمەڵایێتییانەش بەرێ کە ڕووبەری نەتەوەیان خوڵقاندووە.  

مەرگی سەیوانی منداڵ، خاڵێکی ترسناکە و زۆر نهێنی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە و لە پشتییەوە بۆمان دەکرێ هەموو ئەو پێکهاتانەش بدۆزینەوە کە لەناو یادەوەری مرۆڤانی کوردا هەمیشە ئامادەن و بە یادەوەری شاریشەوە لکاون کە شارێکی منداڵکوژە.

گرێ و شارێکی مناڵکوژ

گرێی ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک، لە ئەتککردن و کوشتنی منداڵێک پێکهاتووە بەدەستی پۆلیسێکی کورد. گرێیەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە دوو منداڵ لە جیهانی منداڵیی خۆیاندا و دوور لە دەستتێوەردان و بوونی ئەوانی دی لە گۆڕەپانێکی داخراودا سەرقاڵی کاتەکانی خۆیانن و بێئاگا لەوان پۆلیسێک وەک دڕندە سەیوان ئەتکدەکات و دواجار دەشیکوژێ و فڕێیدەداتە ناو خۆڵ و خاشاکەوە. شێخەپەڕۆ ئەو کارەکتەرەیە کە پاشەڕۆی شار لەگەڵ خۆی دەباتەوە ماڵێ و لە دەمی شوێنکەوتنی عەرەبانەکەی، گوڵ محەمەد وەک نەریتێکی باوی منداڵانە لاشەی سەیوانی هاوڕێی لەناو خۆڵ و خاشاک دەدۆزێتەوە و ئیدی لێرەوە گرێی ڕۆمان و ڕۆحی چیرۆکیش پێکەوە دادەمەزرێن و کارەکتەرێک وەک پاڵەوان دیاری دەکەن.   

ئەم ڕۆمانە لێرەوە بە چیرۆکی کوشتنی سەیوان دەکرێتەوە و پنتی کارکردنی خۆی دادەڕێژێت و دەبێتە هۆ و کۆمەڵێک هۆکار بەدووی خۆیدا کێشدەکات. کار و کاردانەوە، بنچینەی داڕشتنی ئەم ڕۆمانەیە و هەر ڕۆمانێکیش توانای خوڵقاندنی هۆی هەبێ ئەوا زۆر بەسروشتی هۆکاریش بەدووی خۆیدا دەهێنێت و هۆکاریش توانای ئەوەی هەیە دەیان لقوپۆپ و کاردانەوەی جیاواز و فرە لەناو خۆیدا بوروژێنێت.

 ئەو ڕۆمانانەی هەڵگری گرێن، زۆر سادە بۆیان دەکرێ هەنگاوێکی لێبڕاوانە و دروست و پڕ لە دڵنیایی بۆ سەرکەوتنی خۆیان بکێشن. با شوێن گرێ بکەوین و بزانین ئەو ئەرکانە چین کە دەکەونە سەر بوونی گرێ وەک پێکهاتەیێکی چیرۆک و چۆن خزمەت بە ڕەوتی کرانەوە و چوونەپێشەوە دەکات و چۆن هەر لەسەرەتاوە خوێنەر کەمەندکێشدەکات کە شوێنی بکەوێت و لەگەڵی کار بکات.

ئەگەر سەیوان نەکوژرایە چیدەبوو، ئەوە ئەو پرسیارەیە کە ئێمە هەرگیز لێرەدا لە خۆمانی ناکەین، چونکە دژە گرێیە و بوونی نییە، گرێیەکە ڕوویداوە و بەجۆرێک ئەو کوشتنە تووڕە و برینداری کردووین کە هۆشمان هیچ ئامادەییەکی بۆ ئەگەرێکی لەو جۆرە نییە و گرێیەکەش بە جۆرێک دادەمەزرێ کە ڕێگە لەبەردەم پرسیارێکی وادا ناهێڵێتەوە. سەیوانی خوێناوی لەناو خۆڵ و خاشاک خوێنی لەبەر دەڕوات و گوڵ محەمەدیش چیدی زمانی وونکردووە و ناتوانی شتێک بڵێ و جارێکی دیش بۆی ناکرێ هەرگیز بگەڕێتەوە شوێنی کۆنی خۆی و وەک مرۆڤێکی ئاسایی بژی. ئێمە هەر بە هەقیقی لەبەردەم گرێیەکی گەورەداین.

ئەو شوێنەی سەیوانی تێدا کوژراوە، گەڕەکی چوارباخە و ناو جەرگەی شاری سلێمانییە. ئەوەی سەیوانی کوشتووە پۆلیسێکە و کارەکتەرێکی کارای دەوڵەتە و هێمای پاراستنی ئاسایشی شارە، مرۆڤێکی دڕندەی کوردە و هەڵگری ڕۆحێکی شەیتانییە. لێرەدا گرێی چیرۆک لەگەڵ ڕووداوێکی کاریگەر هاوشان و هاوکات پاڵەوانێکی بچکۆلەشمان پێدەناسێنێ کە بڕیاری تۆڵەکردنەوەی هاوڕێ بە غەدر کوژراوەکەی دەدات.

ئەوەی چاوەڕوانی خوێنەر پڕ لە چاودێری و گەڕان و بەدواداچوون دەکات، ئەوەیە چۆن منداڵێکی بچکۆلە بۆی دەکرێ بچێتە پای بڕیارێکی گەورەی لەو جۆرە، هەر ئەو چاوەڕوانیشە بەرەو ئەوەمان دەبات کە لە منداڵێکەوە پاڵەوانی چیرۆک بناسینەوە و شوێن بەڵێن و بڕیارەکەی بکەوین. ئەو بریارەش پێگەی کارەکتەری پاڵەوان بەجۆرێک بەهێز دەکات کە هەموو پێگەکانی تری چیرۆک بکاتە پاشکۆی خۆی و ئیدی ڕەوتی ڕووداو و گرێ بەخودی خۆیەوە ببەستێتەوە.  

خوێنەر لێرە بەدوا لەڕێی ئەو کارەکتەرە بچکۆلە و پاڵەوانەوە گیرۆدەی ڕووداو دەبێ و ئاراستەی ڕوانینی بەرەو داهاتووە و هێڵی ڕۆینی رووداوەکانی چیرۆکیش بەپێی ئەو گرێیەی لە ئارادایە کات بەو جۆرە دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە کە لە هەنوکە بۆ داهاتوو بێ و پێچەوانەی هێڵی گێرانەوەی ڕۆمان کار بکات کە لە هەنوکەوە بەرەو ڕابردووی نزیک و دوور دەگەڕێتەوە.   

ئێمە لەناو هەناوی شارێکداین، کە بە کوشتنی منداڵ ڕاماندەچڵەکێنێت. شار و منداڵ وەک دووانەیێکی دێرین و تێکئاڵاو لە مێژووماندا بە یادەوەریمانەوە لکاون. من بۆ خودی خۆم و دروست لە پڕۆژەی چیرۆکنوسینی خۆما ئەو پرسە بۆتە شوێنی سەرنجم و لە زۆر جێگە لەسەری ڕاوەستاوم و لێمڕوانیوە.  

لە چیرۆکی "ڕەقبوونەوەی چاویلکەیێک" کە چیرۆکێکی ناو کۆمەڵە چیرۆکی"نیگایێک پڕ لە گرفتاری"یە هەمان ڕووداوم گێڕاوەتەوە. منداڵێک لەنیوەی شەودا پۆلیسێک ئەتکی دەکات. من لێرەدا مەبەستم تەنیا ئەوەیە شار و منداڵکوشتن بەشێکە لە بوون و ڕۆحی شارەکانی ئێمە نەک پرسێکی دی.

لە دووی ڕاپەڕینەوە، کتومت سەرنجم زۆر بە قووڵی بۆ ئەو لەشکرە لە منداڵان چوو کە بێکەس و دەرەتان لە کۆڵان و شەقامی شارەکانی ئێمە سەرگەردان دەخولانەوە. تۆ دروست لەدووی ئاشبەتاڵ دەدوێی و کەمێک پێشتر و دواتر، کە هەمان ئەو قۆناخە دووبارەیەیە کە ڕاپەرین جارێکی دی هەژموونی کوردی بۆ ناو شارەکان گەڕاندەوە. هەمان ئەو مرۆڤانەی لە منداڵە چەتوون و سەگکوژەکانەوە گۆڕاون بۆ قارەمانە مرۆڤکوژەکان و لەناویشیان منداڵکوژەکان.  

تۆ لە دووی ڕاپەڕین، پێش من نیشتیمان جێدێڵی و لێشاوی ئەو منداڵە سەرگەردانانە، ئەو منداڵە بێ دایک و باوکانە نابینی و من بەدوو چاوی خۆم ڕۆژانە لە نزیکیانەوە بووم.

 من و تۆ بۆچی هەردوکمان ئەو ڕوانینەمان لا خوڵقاوە و بۆتە شوێنی لەسەر ڕاوەستانی قووڵ. من بۆ خودی خۆم شاهێد حاڵی گەلێک ڕووداوی لەو جۆرەم. بەرەبەیانییەک هەر لە نزیکی چوارباخەوە، سیرەی ئاگر کە یێکێکە لە کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەت، بە شپرزەیی بردمییە سەر لاشەی منداڵێکی کوژراو کە لەلایێن دایکی و دۆستەکەیەوە کوژرابوو.

ئێمە لەناو شارێکی منداڵکوژ دەژین، بەڵام با ئەو خاڵەش دیاریبکەین کە بە هەڵە هەم مرۆڤی کورد و هەم خێزانی کوردیش وەک یێکەیێکی کۆمەڵایێتی و پێکەوە لکاو بە یێکەی گەورەی وەک شارەوە، بە منداڵکوژ نەدەینە قەڵەم لە کاتێکا هەمیشە مرۆڤ و خێزانی کوردی قوربانی دڵڕەقی شاربوون.

لە ڕۆمانی ژانی گەلدا، پاڵەوانی چیرۆک چارەنووسی بە لە دایکبوونی منداڵێکەوە دەنوسێ و بۆ هەمیشەیش وونی دەکات، مەبەستی من لەم خواستنە نیشانکردنی پێگەی مرۆڤ و خێزانی کوردییە کە لە کوشتنی منداڵدا پێشینەی نییە.  

دکتۆر عەلی کەریم لە رۆمانی"کێ سالە شێتی کوشت؟" ئەگەر چی وەک مەحاڵێک درەنگ ئەو بەرهەمە گەورەیە بڵاوبۆوە و ئەو داهێنەرەش بۆ خۆی دوای مردنی ئەو هەقیقەتەی لای من ساخکردەوە کە هەر بەڕاستی ئێمە لەناو شارێکی منداڵکوژ دەژین و لەناو زەمینەیێک چاومان کردۆتەوە هەتا بڵێی دڵرەق و دڵبەردە.

دکتۆر عەلی کەریم، تەواو دەستی خستۆتە سەر گرێکە و ئیدی بکوژی ئەو منداڵەش چۆن لای تۆ زانراوە و پۆلیسێکی کوردە، لای ئەو بەشێوەیێک فراوان دەبێ و دەتەنێتەوە کە هەموومان، هەموو ئەوەی ڕۆژێک لەو شارەدا ژیاوە، شەوێک تێیدا ماوەتەوە، پێیدا گوزەری کردووە و لە نزیکییەوە تێپەڕیوە منداڵکوژە و هاوبەشییەکی لە کوشتنی ڕۆحی منداڵدا هەیە.

منداڵانی گەڕەک و جیهانبینی

من بۆ خۆم منداڵانی گەڕەکم یادە دەتوانم بڵێم بەشێکیشە لە یادەوەریم، کوریشکەیێکبووم ڕۆژانە لە دەمی دەرگە و کۆڵان ئەو مێردمنداڵانەم دەدی چۆن بە چەقۆ و بۆکس خەنجەر بەردەبوونە گیانی یەکدی. ئەو ڕۆژانە تەنیا خوێنم بەیاد دەهێننەوە، خوێنێکی زۆر بەردەوام لە ناوچەوان و دەم و ددانەوە دەڕژان، لەپڕ گەنجێکی ڕەشپۆش لە گۆشەی کۆڵانێک دەکەوت و تەنیا لەوێ لەناو مەرگی خۆی جێدەما و کەس نەیدەوێرا لێی نزیک بکەوێتەوە.

 ئەو کەلاوە ترسناکانەی پڕ لە گروپی ئەو منداڵە دۆزەخیانەبوون کە لە تەنەکەیێکی ڕۆنی بچکۆلەی خاڵی، پارچە گوریسییەکیان لە ناوڕاستییەوە گرێدابوو، هەڵیاندەشەکاند و بایاندەدا و دەیخولاندەوە و لە دەوری گەنجێکی ڕوخسار تووڕەی چەند برین لەسەر ڕوومەت و ناوچەوان بەجێماو کۆبووبوونەوە، گەنجەکە لەسەر تەنەکەیێکی ڕۆنی گەورەتری خاڵی لەناو کەلاوەیێکی پڕ خۆڵوخاشاک لە شێوەی میرێکی ڕووتەڵە، لەناو سوپایێکی گەورەدا دانیشتبوو و لووتی بڵند لە ئاسمانبوو. هەر بە هەقیقی ئەوانە هێزێکی گەورەی گەڕەک بوون کە ئامادەبون هەموومان لە هێرشی گەڕەکەکانی دی بپارێزن و ئەوانیش تەنیا پاسەوانی ژن و کچەکانبوون تا گەنجانێکی دی لە گەڕەکەکانی دییەوە نەیێن ئەتکیان بکەن.

من کتومت بەر ئەو ئەو ڕۆژگارە کەوتووم، دواتر لە گەورەبوونم تێگەیشتم کە ڕۆژگاری دووی ئاشبەتاڵ و لووتشکانی کوردەکانە لە شۆرشێکی گەورە کە بۆ ئازادی بەرپایان کردبوو.    

ڕۆژێک لەگەڵ برا بچکۆلەکەم لەسەر شتێکی بچکۆلە گرفتێکی بچکۆلە کەوتبووە نێوانمانەوە، ئەو تەواو ڕەنگی پەشۆکابوو و خۆی لێ گیف دەکردمەوە و لەپڕ لێم هاتە پێشێ و پێیگووتم"زۆر قسە بکەی هەر ئیستا قلەت بۆ بانگ دەکەم بە بۆکسێک بتکات بە رەسمی دیوار" من تا ئەم چرکەیێیش ئەو ووشانەی ئەوم لە مێشکا ماونەتەوە و وێنەی قلەشم لە یادەوەرییدا هەڵکۆڵراوە، گەنجێکی بستەباڵای ڕەشپۆشبوو. بۆچی بەردەوام کە بیر لە منداڵانی گەڕەکەکەی تۆ دەکەمەوە ئەو ووشانە و وێنەیێکی تەڵخی قلەشم بەیاد دێنەوە.

ڕۆژگارێک بەر لەوەی کۆمەڵە چیرۆکی سلێمانییەکان بنووسم، بیرم لای ئەوە بوو ئەو چیرۆکانەی منداڵانی گەڕەک بنووسمەوە و ئیدی پشتگوێم خستن، بەشێکبوون لە یاوەوەرییەکی ڕەش، ڕەنگە هەر ئەو ڕەشاییەش بووبێ وای لێکردبم ئەو برینانە هەر لەوێدا بەجێبهڵم.

بەڵام پێشتر لە چیرۆکێکی دیدا بە ناوی "یاری" و لەناو کۆمەڵە چیرۆکی "نیگایێک پڕ لە گرفتاری" باسم لەو منداڵانە کردووە و هەردوو کردەی شۆرش و یاریم پێکەوە گرێدابوو کە چۆن لەسەر ئەتککردنی کیژۆڵەیێکی بەدبەخت کۆتاییان دێ.  

من و تۆ لەناو ئەو یادەوەرییە ڕەشانەدا شاری سلێمانیمان دیوە و خوێندۆتەوە. هەموو ئەوەم بۆ ئەوە ووروژاند تا ئەو تێگەیە بجوڵێنم کە هەم گەڕەک و زەمینەی شۆرش لە شوێنێک، هەم منداڵانی ناو ئەو گەڕەکە خوێناویانە و پێشمەرگە و جاشیش لە شوێنێکیدی، پێکەوە لە یێک سەرچاوەوە هەڵدەقووڵان کە ئەویش مێژووی شکستێکی بەردەوامە مرۆڤی کوردی بۆ هەمیشە کۆڵەوار کردووە.   

کارەکتەری گوڵ محەمەد نوێنەری هەموو ئەو کۆڵەواریانەیە کە تا ئەوڕۆمان درێژ دەبنەوە، هەموو ئەو منداڵانەی دیش چ جای وەک شۆرشگێر هاتبن و چ جای وەک سەرشۆرێکی بەزیوو، دواجار لەناو یێک کۆتاییدا دەمێننەوە کە شکستێکی بەردەوامە. شۆرشگێر و ناپاک بە یێک دەرەنجام دەگەن، لەناو خەمگینی خۆیاندا لەڕێی یادەوەرییەوە بۆ منداڵی و سەرەتاکانی فامکردنەوەیان دەگەڕێنەوە و هیچیان داهاتوویان نییە. کورد هەر بۆ خۆی داهاتووی نییە.

من پێموایە ئەوان دوان نەبن، یێکیان مرۆڤ و شۆرشگێر و ئەویدیان بەزیوو و ئاژەڵ، هەردوو یێکن و ئیدی هەردوکیان لە دواجاردا گوڵ محەمەدن بە دوو وێنای جیاواز و یێک مرۆڤ دەخوڵقێنن کە هەم شۆرشگێر و هەم بەزیوو، هەم مرۆڤ و هەم ئاژەڵ. لەهەر شوێنێک گۆڕانکاری ڕوونەدات و بەردەوام مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە، هەڵەیێکی گەورە هەیە و لە گەورەیی خۆیدا ئیدی بۆمان ناکرێ لێیبڕوانین.   

من ئیدی لێرە بەدوا و بەر لە کۆتایی ڕوانینی خۆم دەربارەی ڕۆمانەکەت، ئەو هێمایانە دەخوێنمەوە کە لام شوێنی سەرنجبوون و هەر لەوێشەوە دەرەنجامەکان دەهێنمە دەرەوە.

من لەو چرکەساتە دەڕوانم کە گوڵ محەمەد وەک کەروێشکێکی ترساو لەناو شارێکی گەورەی پڕ لە گورگدا، شەو لە ماڵێکی چۆڵدا دەمێنێتەوە و بەرەبەیانی بە ماسییەکەوە دێتە دەرێ کە لەناو لەگەنێکی ئاو هەلیگرتووە و نازانێ چی لێبکات. ئەو دەمەی گوڵ عومەری برای دەبینێ، هەر لە خۆوە دەیدات بەو. گوڵ عومەری بچکۆلە، تەنیا بە ووردە گومانێکەوە براکەی خۆی دەناسێتەوە و نادڵنیایە لە بوون و نەبوونی. ئەوەش هێمایێکە بۆ ئەوەی چیدی ئەو نەوە خەمگینە لەناو ئیستای ئێمەدا نین و ئامادەییان نەماوە و لێرە بەدوا وەک مێژوویێکی تەڵخ و پڕ لە ڕەشایی دەمێننەوە. گوڵ عومەرێک بە ماسییەکی ناو لەگەنێک ئاوەوە لەوێدا جێدەمێنێ و ئیدی هەر ئەوەیە و بۆ خۆشی ئەو ماسییەیە و لەناو ڕەشایی دونیادا تەواو تەنیایە. نەوەیێک لەناو تەنیایی خۆیدا. دوو ماسی یێکیان لەناو ڕەشایی دەرەوە و ئەودییان لەناو ڕەشایی ناو لەگەنێک ئاو.

گوڵ محەمەد لێرەدا دەمرێ، ئەو چیدی توانای چوونی بەرەو ئاییندەی نییە. کورد ئاییندەی نییە، چ جای گوڵ محەمەد زیندوو بێ یان مردوو، شۆرشگێر بێ یان ناپاک، بەردەوام بێ یان وەستاو. هەموو گوڵ محەمەدەکان، ئەوانەی لە گەڕەگە دڵڕەقەکانەوە هاتن و چوونە ناو گۆڕەپانە دڵڕەقەکانی ئاگر و خوێنەوە لێرەدا کۆتاییان دێ و نامێنن.

تۆ گوڵ محەمەد بۆ کوێ دەبەیت؟  

هێماکان و جیهانبینی

ئەوەی شوێنی سەرنجە لە ڕۆمانی منداڵانی گەڕەکدا هەندێ هێما و ئاماژەی ووردن کە خوێندنەوەیان ڕێگە خۆشکەرن بۆ ئەوەی بتوانین هەموو ئەو کۆد و نهێنیانەش بدۆزینەوە کە لە پێکهاتەی ڕۆمانەکەدا ئامادەن.

زۆرێک هەن پێیانوایە ڕۆمان هەڵگری کۆمەڵێک کۆد و نهێنین کە ناتوانرێ بدۆزرێنەوە و هەمیشە شتگەلێک هەن کە خوێندنەوە پەییان پێ نابەت و بەدەستلێنەدراوی دەمێننەوە، ئەوەش لە شوێنێکەوە بۆتە بیانوویێک بۆ نووسەران زۆرێک لەو سنوور و چوارچێوە هونەری و زانستیانەی زمان و نووسین پشتگوێبخەن و ئەو گوتەیە بهێننەوە کە ڕۆژگارێکە لە پانتایی ڕۆشنبیری ئێمەدا ئامادەیە و وەکو جۆرێکیش لە کوشتنی ڕەخنە و دەمداخستن و خۆدزینەوە و لاوازی بەژێرلێو کردنەوە پەنای بۆ دەبرێ و دەگوترێ مانا لە دڵی شاعیردایە. ئەمڕۆ تواناکانی ڕەخنە و شیکار بە شوێنێک گەیشتوون کە هیچ نهێنییەک نییە لە دەروون و ڕووبەری دەقەکاندا بە نەخوێندراوەیی بمێننەوە و نەبینرێن و هەڵنەوەشێنرێن. هەر ئەوەشە ئەمڕۆ لە دونیای ئێمەدا ڕەخنە ترسێکی گەورەی وای خوڵقاندووە هێندێکی زۆر کەم لە نووسەران دەتوانن بەرەوڕووی ببنەوە و لە کانی و تەڕاییەکانی بخۆنەوە.

بە ڕوانینی درێژخایەنی خۆم بۆ ئەزموون و نووسینی هیوا، ئەو یەکێکە لەو نووسەرە هوشیارانەی ئێمە کە ڕۆحێکی گەورەی بۆ ڕوانینی دروست و جیاواز و دیدی پێچەوانە هەیە، هەر ئەو خاڵەش وای لێکردم لەناو هەموو ئەوانەی کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لێبڕوانە دەنووسن لەسەر خودی ئەو ڕابووەستم و پڕۆژەی دەرگاواڵاکردنێک لەسەر هونەری گێڕانەوەی کوردی لە ڕۆمانی منداڵانی گەڕەکەوە بێ.

منداڵانی گەڕەک ڕۆمانێکی  ڕوون و سادەیە لە مانادا و  خوێنەر دەتوانێ بە ئاسانی پەی بە هەموو قوڵاییەکانی ببات و ماندوو نەبێ و ئەوەش گەشترین خاڵێکە کە هونەری ڕۆمان و خوێنەر پێکەوە گرێدەدات. جوانی و پاراوی و قووڵی زمانیش ڕێگەخۆشکەرن بۆ گەیشتن بە دۆزینەوە و تێگەیشتنی تەواوی کارەکە. هیوا یێکەمین ڕۆماننوسێکی ئەو نەوەیەی پاشی ڕاپەڕینە، لە دووی ئیبراهیم ئەحمەدەوە کە زمانی ڕۆمان لەو زمانە شیعری و پەخشان ئامێزییەی کە ڕۆژگارێکە پێوەی دەناڵێنین، رزگار دەکات و ڕۆحی ڕووداو و کارەکتەر و گرێ و سووژە و هەموو پێکەهاتەکانی دی چیرۆک و ڕۆمان وەک هونەرە راستەقینەییەکانی خۆی لە شوێنی دروستی خۆیدا بەکاردەهێنێ. ئەوەش هەنگاوێکی هونەری و زانستیانەی بوێرانەیە کە دەیەوێ گێڕانەوەی کوردی لە زۆربڵێی قوتاربکات و بەرەو کورتخوازی و بەپێی پێویست دوان بەرێ و ڕۆمانیش وەک هونەرێک لە کەشکۆڵ جوێبکاتەوە کە ئێمە وەک تاقە میلەتێک لە هونەری گێڕانەوەی جیهاندا لەجێی ڕۆمان کەشکۆڵ دەنوسین.   

تەنیا کەلەبەرێک لەم ڕۆمانەدا هەبێ و کەمێک گرفتی بۆ خوێنەر دروستکردبێ ئەو تێنەگەیشتنەیە لە بوونی کارەکتەری گۆستاف وەک نووسەری ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک. لەڕێی تەماشا کردنی هێماکانی ناو ئەم ڕۆمانەوە دەتوانین هەم جیهانبینی هیوا و هەم پێگەی ڕۆمانەکەش بدۆزینەوە و شیکار بکەین، ئەوجا لەلایێک دەروونی نووسەر و لە لایێکی دیش دەروونی دەقەکەش بناسینەوە.  

ئەم دەقی ڕۆمانە بۆچی بەدوو بەش نووسراوە و بەشی سەرەتای نووسەری خۆی و چیرۆکی خۆی هەیە و وەکو پاشکۆیێک بە چیرۆکە رەسەنەکەوە نوساوە، هەم پاشکۆکە ناتوانێ بەتەنیا خۆی بژی و ڕابوەستێ و هەمیش نەبوونی شتێک لە خودی چیرۆکە رەسەنەکە ناگۆڕێت کە بە تەنیا خۆی چیرۆکێکی تەواوکراوی ناو ڕۆمانەکەیە و دەتوانێ ئازادانە مانای خۆی بەرهەم بهێنێت. چیرۆکە رەسەنەکە لەو شوێنە کۆتایی دێ کە ئەحە جووجە لە ئاسمانەوە و لە بەرزاییەوە بە ساخی دەکەوێتە خوارێ و لەو کەوتنە خوارەوەیەش کۆتایی بە چیرۆکەکە دێ و دواجار ئێمە نازانین چۆن و بۆچی و کەی کارەکتەری گوڵ محەمەد نیشتیمان جێدەهێڵێت. ئەگەر ئەو کۆتاییەش کە لە پاشکۆکەدا دەکەوێتە ڕوو گۆستاف بە سواری ماتۆر پاسکیلێکەوە بە ڕێکەوتێکی چاوەڕواننەکراو بۆ هەموو ئاراستە و کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە و تەنانەت وەک پێچکردنەوەیێکیش لە هەڵوێستی گۆستاف و هێڵی چیرۆکی ڕۆمانەکەش ناتوانین ئاماژەیێک بۆ ئەو کۆتاییە بدۆزینەوە و بەدەستبهێنین. ئەو ڕووداوە بۆ هەردوو نووسەریش هەم هیوا و هەم گۆستافیش خێرا و کتوپڕە.  

بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕووداوە خێرا و لەپڕە، تەنیا تێگەیێک بەفریامان دەکەوێت کە کەرتبوونە لە ڕۆحی ڕۆمانەکە و لە کۆی پێکهاتە و دارشتنی ڕۆمانەکەدا.  

کەرتبوون پرۆسەیێکی نهێنی ناو پێکهاتەی ئەو ڕۆمانەیە و بەجۆرێک شۆربۆتەوە بۆ ناو قووڵاییەکانی کە کاریگەری گەورەی لەسەر ڕووداو و کارەکتەر و خودی پرۆسەی گێڕانەوەش جێهێشتووە و بەتەواوی هەموو شتێکی بۆ دوو بەش کەرتکردووە، تەنانەت جوگرافیا و مێژوو و کاتیش. ئیدی کەرتبوون ئەو هێزە گرنگەیە کە وەک تێگەیێک ئەو ڕێگەیەمان بۆ دەکاتەوە کە دوایین ڕوانینی خۆمان لەسەر ڕۆمانەکە ڕابگەیێنین و بەوەش بگەینە کۆتایی ئەم دوواندنە ڕۆحییەی من وەک چیرۆکناس و ڕەخنەسازێک، هیواش وەک ڕۆماننووسێک کە زۆرێک نییە لەبواری ڕۆماندا هەنگاوی گەورەی ناوە.  

هێماکان

لەو دەمەی لەنێو قووڵایی ئەو جەنگەدا کە پێشمەرگە خەریکی ڕووبەڕوبوونەوەیە لەگەڵ سوپای عێراق، ئەحە جووجە لە پشتەوە ئاوات دەکوژێت. کارەکتەری ئاوات هەم پشمەرگەیە و هەم پیاوی ڕژێم، زۆرینەی کارەکتەری مرۆڤی کوردیش بەردەوام پێیەکیان لە شاخبووە و ئەوی دییان لەناو ڕژێم. کوشتنی ئاوات لە کاتێکایە کە پێشتر ئازادی برای کە پیاوێکی ترسناکی رژێم بووە لە شار کوژراوە و دایکیشی ئەتککراوە. ئەو چیرۆکەش لە دونیای ئێمەدا هێند دووبارە و چاوڕوانکراوە کە تاڕادەیێک بەشێک لە ئەدگار و سیمای مرۆڤی کوردی هەڵگرتووە و مێژوویێکی هەقیقی ناو کۆمەڵگای ئێمەیە.  

لە جێیەکی دی و لە ڕووداوێکی دیدا دەکەوین بەسەر چیرۆکی کەرتبوونی هێزی پێشمەرگەدا، پێشتریش بەو کەرتبوونە ئاشنابووین کە لە منداڵەکانی گەرەکەوە نیشاندرا و پێی ئاشنابووین کە مرۆڤی ناو شۆرشەکانی ئێمە بەرهەمی هۆش و بیرکردنەوەی ئەو دڵڕەقییەی ناو گەڕەکەکانن و دابڕاو لە ئەزموونی خێزاان لەوێوە هاتونەتە دەرەوە.  

 ئەو رووداوی چیرۆکەی کە بەرزانە خڕە و شێرکۆ لەو گۆڕەپانەدا یەکتری دەکوژن و دواتر هەموو پێشمەرگەکانیش هیچیان بە ساخی نایەنە دەرەوە بێ لە براکەی شێرکۆ، بە هەمان شێوە بەشێکی هەقیقی ناو مێژووی کۆمەڵایێتی و مێژووی شۆرشەکانی ئێمەیە کە تا هەنوکە درێژەی هەیە.

ئەم چیرۆکانەی سەرەوە و کۆی چیرۆکەکانی دیش بەشێکن لەو هێما قووڵانەی کە تەنیا بەو شوێنەمان دەگەیێنن کە هیچ کۆتایی و گۆڕانکاری و ئومێدێک بوونی نەبێ و ئیدی دوورکەوتنەوە و هەڵاتنی گوڵ محەمەد وەک کارەکتەرێکی بەزیوو و لەپڕ سەرهەڵدانەوەی لە رووبەرێکی دی و دونیایێکی دی هیچ کۆتاییەکی بروا پێکەر نییە و جارێکی دی دروستکردنەوەی ئەو کەرتبوونەمان لا زیندوو دەکاتەوە کە لە ڕۆحی مرۆڤی کوردەوە ئاڵاوە.

دوو کەرتبوونێکی گەورە

ئەم بەشەی ڕۆمانەکە، کە چیرۆکەکانی لە کوردستان ڕوو دەدەن پێمان دەڵێ کۆتایی هەموو ئەو پاڵەوانانەی لێرەن و بەشێکی گەورەن لە مێژووی کۆمەڵایێتی و مێژووی نەتەوەییمان لەناو شکستێکی گەورەدان. تا ئەو شوێنەی گوڵ محەمەد شوێن تۆڵە کردنەوەی سەیوانی هاوڕێی دەکەوێ و ئەو بڕیارەش جێبەجێدەکات وەک کارەکتەرێکی ڕێک شوێنی سەرنجە و کارەکەی بە ئەنجام دەگەیێنێ و بۆی دەکرێ مەیل و ئارەزووی خوێنەر بۆ خۆی کێشبکات. هێشتا ئەو مرۆڤێکی خاوێنە، وەک منداڵێکی زوڵملێکراو پێیەکی لەناو جوانی ماڵ و فەرمایشتی پوورە فریشتەییەکاندایە. لەوەو دوا ئیدی کارەکتەرێکی ناڕێک و پێچاوپێچە و شەیتانی و دەروونشێواوە و دەستی بە خوێن و هۆکاری کوشتنی چەندین مرۆڤە.  

گوڵ محەمەدیش بۆ خۆی نوێنەری هەموو مرۆڤێکی کوردە کە لە رابردوو و ئیستا و داهاتوودا لێرەولەوێی شارەکانی کوردستان دەژین.  

ئەو دووکەرتبوونەی کە کۆی دارشتنی ڕۆمانەکەی لەسەر بنیادنراوە، ڕۆحی گوڵ محەمەدیش دەگرێتەوە و رۆمانەکە لە چیرۆکێکی لێکدەرەوە و مانادارەوە بەرەو چیرۆکێکی هەڵاتن و سەرگەرمیکردنی خوێنەر دەگوازێتەوە.

دەشێ بپرسین پەیوەندی دوانەیی گوڵ محەمەد و سیسلیا و هەموو ئەو تێکەڵاوییە ئیرۆتیکییە لە پێناوی چی و چ داهاتوویێک بۆ کەسێتی ئەو و بۆ سەر خەرمانەی تێگەیشتنی خوێنەر دەهێنن، ئایا گوڵ محەمەد لەو ڕێیەوە دەتوانێ چی بەدەستبهێنێ؟

 دەکرا وەک نەخۆشێکی دەروونی کە هەڵگری ڕابردوویێکی خوێنینە هەر بە هەقیقی لەبەردەم پزیشکێکی دروونیدا چارەسەری وەربگرتایە و لێرەوەش وەک درێژکراوەی ئەو هێڵە لێمان دەڕوانی کە منداڵێک لە دەرەنجامی تۆڵەکردنەوەی هاوڕێیەکی ئەتکراوی خۆی دەگاتە پرۆسەکانی پاککبوونەوەی ڕۆحی.

کەچی ئەو بە پێچەوانەوە نووسەرێک و پزیشکێکی گەورە دەهێنێتە ژێر داواکارییەکانی خۆیەوە کە مل بە نووسینەوەی ژیانی ئەو بدات.  

ئەگەر گۆستاف وەک پزیشکێکی دەروونی کە پێشتر لە تەنزانیا بووە و لە پەیوەندیێکی هیپییانەی ئیرۆتیکییەوە دەگلێ و شێتانە تەنزانیا و یولیای ژنی بە سکێکەوە جێدەهڵێت و بۆ خۆشی کارەکتەرێکی دەردارە چ ئەزمونێکی نوێ و پرشنگدار دەخەنە سەر ئەزموونی شکستی خوێنەری کورد و مرۆڤی کورد.

 ئایا هاتنی گۆستاف بە ماتۆر پاسکیلێکەوە بۆ کوردستان و هاتنەژوورەوەی لە سنورەکانەوە مانای بە جیهانیبوون و کرانەوەی کێشەی کورد دەگەیێنێ بە جیهان؟ لێرە بەدوا ئیدی کورد دەرگایێکی دی بەسەر داهاتوویێکی نوێدا دەکاتەوە و جارێکی دی زوڵم و کوشتن و ئەو رابردووە خوێنینە ڕوو ناداتەوە؟

ئایا گۆستاف وەک پزیشکێکی دەروونی دێت و هەموو ئەوانەی وەک گوڵ محەمەدن لەناو لابۆرێکی دەروونیدا چارەسەر دەکات، یاوەخوود ئەو دێ لە ئەزموون و ناسینی میللەتی کوردەوە جەندین ڕومانمان لەسەر دەنووسێ؟

دواجار هەر لە رێی پەیوەندی گوڵ محەمەد و گۆستافە، دەپرسین ئایا نزیکییەک لەنێوانی هەردوو گرفتی تەنزانیا و کوردستان دا هەیە؟   

هەموو ئەو پرسیارانە و هەموو ئەو رووداو و کارەکتەرانەش کە لەدەرەوەی کوردستان ڕوو دەدەن هیچ دەرەنجامێکی مژدەبەخشیان بۆ خوێنەر و کورد پێ نییە و تەنانەت بۆ خودی هیواش تەنیا رابردوویێکی ئیرۆتیکین. چۆن گوڵ محەمەد لە کوردستان هاتەدەرەوە و ئێمە هیچ شتێکی دەربارە نازانین دەشێ هاتنی گوستافیش هەر بەوجۆرە بێ و کۆتایی پێهێنانێکی زۆرەملێیانە بێ و جۆرێکیش بێ لە خۆدزینەوەی نووسەر لە کۆتاییهێنان بە ئەو بەشەی کە پاشکۆیێکی سەرگەرمییە و بە چیرۆکە رەسەنەکەوە نووساوە و هێشتاش گوڵ محەمەدەکان هەر بەو جۆرە دەژین و بەو جۆرەش لەناو مێژوودا دەمێننەوە.


ڕیکلام