خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ئەمساڵ، بەخشرایە پرۆگرامی خۆراکی جیهانیی (WFP ) سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەمڕۆ هەینی ٩ی١٠ی٢٠٢٠، لەئۆسلۆی پایتەختی نەرویج خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە رێکخراوی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی کە گەورەترین دامەزراوەی مرۆیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بەدوای چارەسەرکردنی پرسەکانی برسێتی و باشترکردنی ئاسایشی خۆراکەوەیە لەجیهاندا .
کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ لەڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەڕێگای پێدانی ئەم خەڵاتەوە دەمانەوێت سەرنجی جیهان بۆسەر ملیۆنان کەسی برسی لەجیهان رابکێشین کە خاوەنی ئاسایشی خۆراک نین و بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن .
ئاماژەی
بەوەشکرد، هۆکاری بەخشینی خەڵاتەکە بە رێکخراوی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، بۆ هاوکاری و هەوڵەکانی ئەو رێکخراوە بۆ روبەڕوبوونەوەی برسێتی و زەمینەخۆشکردن بۆ سەقامگیری و
ئاشتی جیهانیی دەگەڕێتەوە.
ساڵی رابردوو، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هاوکاری خۆراک و دەرمانی گەیاندووەتە نزیکەی 100 ملیۆن کەس لە 88 وڵاتی جیهاندا کە قوربانی کەمی خۆراک و برسێتی بون .
بە پرۆگرامی خۆراکی جیهانییەوە، تائێستا 25 رێکخراو خەڵاتی نۆبڵیان پێدراوە لەو 101 خەڵاتەی کە لەساڵی 1901-ەوە دابەشکراوە.