کەریمۆک غەفور بۆ ژیان: پێویستە سینەماکاری کورد بوێری هەبێت کار لەسەر بابەتە هەستیارەکان بکات

  2020-10-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانی: داستان


گەلی کورد هەمیشە شەڕی زۆر بواری ژیان دەکات، هەمیشەش لە ناو ئەو بوارانەدا بەدوای شوناسی خۆییدا دەگەڕێت و دەیەوێت لە پاڵ زمان و جوگرافیادا بوونی خۆی لە ناو کایەکانی دیکەی ژیانیشدا وەک یەکەیەکی ئاکتیڤ بناسێنێت، سینەما وەک هونەرێکی کاریگەر و بەربڵاو یەکێکە لەو بوارانەی هەموو گەلێکی خاوەن و کولتوور و شارستانی بوونی خۆیانیان تێدا بەرجەستەکردووە، بەڵام ئەوەی بۆ کورد دەبێتە کێشەیەک ئەوەیە کە ئایا ئەوەی هەمانە لە فیلم تەنیا فیلمن بە زمانی کوردی؟ یاخود نەخێر ئێمە خاوەنی سینەمایەکی تایبەت بە خۆمانین بە هەموو ماناکانییەوە، لەم دیمانەیەدا دەربارەی ئەم بابەتە و هەندێک لایەنی دیکەی هونەریی هونەرمەند (کەریمۆک غەفور) دەدەوێنین.

ژیان: زۆر دەرهێنەری دیاری جیهانی سینەما هەبوون کە لەسەرەتادا شانۆکاربوون، دواتر دەستیان کردووە بە کاری سینەما، نمونەیەکی هەرە دیاری ئەمجۆرەش لە دەهێنەری سینەما (بێرگمان)ی سوێدییە، ئایا ئەم یاریکردنە لە نێوان جیهانی شانۆ و سینەمادا چۆن دەبینی؟ ئەی دەرهێنەری ئێمە توانیویەتی لەو پەیوەندییە پتەوەی نێوان شانۆ و سینەما تێبگات؟

کەریمۆک: سینەما و شانۆ دوو هونەری خاوەن تایبەتمەندی و خەسڵەتی جیاوازن، خاڵی لەیەکچوون لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام شێوازی کارکردن و گوزارشتکردن تێیاندا جیاوازە، تەنانەت بینەریش لەبەرامبەر هەر شانۆیەک و فیلمێکدا بەرکەوتە و چێژی جیاوازی هەیە، بەم خەسڵەت و تایبەتمەندیەی ئەم دوو هونەرە هەیانە ئاساییە هونەرمەندێک لە هەردوو بوارەکەدا کار بکات، ئەوەی ئاسایی نییە ڕەنگدانەوە و زاڵبوونی بوارێکە بەسەر بوارەکەی تردا، وەک چۆن لە نواندندا دەبینین ئەکتەرە شانۆییەکان بەهەمان دەنگ و جوڵە و هەست، نواندن لە فیلمدا دەکەن کە ئەمە بەشێکی بۆ دەرهێنەران دەگەڕێتەوە کەبەوە ڕازی دەبن. بۆ ئێمە سەختە هەم لە شانۆدا کار بکەین و هەم لە سینەمادا، بەو مانایە سەختە کە لەهەردوو بواردا داهێنەر بیت..١ دەشێ لە بوارێکدا لە چەند ئیشێکدا پسپۆڕیت هەبێت و پڕاکتیزەی بکەیت. ئەگەر سەیری بایۆگرافی سینەماکارانی دونیا بکەیت، هونەرمەدێکی وەک "رۆبێرتۆ بنینی-ئیتاڵی"، چۆن لە یەک کاتدا ئەکتەر و سینارست و دەرهێنەر بووە و لە هەموو بوارەکانیشدا داهێنەرە، بەڵام دونیا چەند رۆبێرتۆی تێدایە، یان هونەرمەندێکی وەک "چارلی چاپلن"ی مەزن سەرەڕای ئەکتەر و سینارست و دەر‌هێنەر و  بەرهەمهێنەر و ئیدیتۆری کۆمپۆزەریش بووە و خۆی موزیکی فیلمەکانی داناوە.
 بارودۆخی کارکردنی هونەرمەندی کورد تەواو جیاوازە و زۆرجار بەهۆی سەرنەکەوتن لەبوارێکدا پەنا بۆ بوارێکی تر دەبرێت، زۆرجاریش هونەرمەند تێدەگات لەو بوارەدا ناتوانی شوێنپەنجەی دیاربێت، دەچێت بوارەکەی خۆی دەگۆڕێت، لەڕاستیدا هەموو کەس ئازادە لەوەی چی دەکات بەو مەرجەی هونەرێکی جاویدانی پێشکەش بکات.


ژیان: زۆرجار دەهێنەرانی کورد لە سینەمادا شکستی کارەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی تەکنیکی باشی سینەمایی و لاوازی بواری تەکنۆلۆژیا لە کوردستان، ئەگەریش کارێک باشیش بێت دیسانەوە هۆکاری سەرکەوتنەکەی دەگەڕێننەوە بۆ لایەنی تەکنیک، واتە بەلەلای بەشێکی زۆریان سینەما بۆتە تەکنیک، تۆش بەجۆرەی دەبینی؟ سینەما تەنیا تەکنیکە؟ 

کەریمۆک: بێگومان لە دایکبوونی سینەما زادەی لە دایکبوونی تەکنیکە، بەو مانەیەی هەتا ئامێری وێنەگرتن کە کامێرایە نەهاتە کایەوە سینەما لە دایک نەبوو، ئەمڕۆ تەکنیک و تەکنەلۆژیا ئاوێتەی سەرجەم بوارەکانی ژیان بووە، بواری هونەری و بەتایبەتی سینەما هاوشانی داهێنانەکانی تەکنیک و تەکنەلۆژیا گەشە دەکات و هاوکات خۆی نوێ دەکاتەوە و بەرەوپێشەوە دەچێت. ئێستا دونیا لەڕووی بازرگانی و کۆمنیکێیشنەوە تەواو بەیەکداچووە و مرۆڤ لە هەرکوێی گۆی زەوی بێت دەتوانی دەستی بەو تەکنیکانە ڕابگات کەپێویستیەتی بۆ کارەکەی. لە سینەمادا تەکنیک زمان و هۆکارێکی باشی گوزارشتکردنە لەو چیرۆکەی کەدەتەوێت ڤیژواڵی بکەی. بەڕاشکاوییەوە دەیڵێم لە کوردستان کێشەی دەستەبەرکردنی تەکنیک نییە و بەدەستهێنانی بە توانای داراییەوە بەستراوە، پارە لەبەردەستدا بێت هەمان کامێرا و لایت و ریکۆردەری دەنگ و سێتی مۆنتاژ دەکڕێت کە دەرهێنەرێکی ئەوروپی یا ئەمریکی کاری پێدەکات. ئێمە کێشەی کارپێکەری ئەو تەکنیکانەمان هەیە، کێشەی کادری پسپۆڕمان لە بوارە جیاجیاکانی فیلمسازیدا هەیە.
سینەما یان فیلم لەپێش هەموو شتێک دیدوڕوانینە، تەکنیک دەبێت لەخزمەتی ئەو دیدە دابێت کە دەرهێنەر فیلمەکەی لە پێناو دروست دەکات، بەداخەوە زۆرجار ئەوەندەی دەرهێنەرێک قسە لەسەر تەکنیک دەکات ئەوەندە کار لەسەر سیناریۆکە و کارەکتەرەکان ناکات. دوا قسە لەو بارەوە، تەکنیکی سینەمایی هەرچەندە بەهێز بێت ئەگەر چیرۆک و دونیابینیەکی باشت نەبێت ناگەی بەسەرکەوتن. 


ژیان: لە یەکێک لە کورتە فیلمەکانتدا بە ناوی (مایکرۆفۆن) بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێش و مرۆڤدۆستانەت کردووەتە کەرەستەی کارکردنت، (مایکی مزگەوتێک دەکەوێتە دەست منداڵێک، منداڵێک بە هەموو جوانی و سادەییەکانییەوە) هاوکات ئەم بیرۆکەیە دەستبردنە بۆ بابەتی ئایین، کە خۆت دەزانیت زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی ئاینپەروەرن، تۆ دەتەوێت لەمجۆرە لە ئیشکردن کە بەجۆرێک لە جۆرەکان پەیامی تێدایە بۆ ئەوانەی بڕوایان بە ئایین هەیە(بەتایبەت ئاینی ئیسلام) بەردەوام بیت؟ پێت وایە ئەم ئایینە لەلای زۆرینەی شوێنکەوتووانی وەکخۆی بەرجەستە ناکرێت و پێویستی بە ڕوانگەیەکی دیکە هەیە بۆ خوێندنەوە و مامەڵەکردن و پراکتیزەکردن؟

کەریمۆک: کاتی ئەوە هاتووە فیلمسازی کورد بوێری ئەوەی هەبێت دەست بەرێت بۆ ئەو بابەت و مژارانەی بەشێک لە ڕووبەری کۆمەڵایەتی داگیرکردووە، دروستکردنی پەیوەندیەکی بەهێزیش لەگەڵ بینەراندا بە ئیشکردن لەسەر ئەو گرفتانە دەبێت کە لەنێو کۆمەڵگەدا ئامادەیی هەیە. نابێت دەرهێنەری کورد لە ئاست پرسە گرنگەکان بترسێت و خۆی لە پرسیارە جەوهەرییەکان بدزێتەوە. ئایین بەگشتی و ئاینی ئیسلام بەتایبەتی لە نێو کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتدا خۆی خزاندۆتە نێو پەیوەندییە ئاساییەکانی خەڵک و دەسەڵاتداران وەک ئامرازێک بەکاری دێنن بۆ دەستەمۆ و دەست بەسەرداگرتنی کۆمەڵ، خودی ئایینەکەش چ لەئاستی تێکست چ لە ئاستی پڕاکتیکدا هێزی ئەوەی تێدایە، بەچاوخشاندن بە مێژوو و کارکردەکانی هەزار و چەند ساڵەی ڕابردوو دەگەینە ئەوەی ئەم ئاینە گەورەترین ڕۆڵی لەبەریەک هەڵەوەشانەوەی کۆمەڵگەکان و فراوانکردنی درزی نێوان ئینسانەکان و پەرتەوازەییدا هەبووە. بەداخەوە لە کوردستان بەپاساوی "پیرۆزییەوە" دیالۆگی جدی و ئاقلانی لەسەر ئەم مەسەلەیە بوونی نییە، هەموو شتێکی پیرۆزکراویش بەخشینی قفلە بە دەروازەکانی بیرکردنەوە و وتویژ.
 پێموایە دەستەواژەی (زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی ئاینپەروەرن) لە جێی خۆیدا نییە، چونکە رەخساندنی باردۆخێکی ئازاد لە ئاراد نییە کە خەڵک بە خواست و ئارەزووی خۆی "ئاینی خۆی یان بێ ئاینی خۆی" ڕابگەیەنێت، هەروەها هیچ داتا و ئامارێک لە ئاراد نییە ئەو راستییە بسلمێنێت.
 کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخێکی تەواو شپرزە و ناجێگیر و نائارام دایە، هەڵبەتە سینەماکەشی هەمان دۆخی هەیە، بەهەر حاڵ با لەباسەکە دوور نەکەوینەوە. من لە فیلمی "مایکرۆفۆن"دا ئەوەندەی ویستوومە پرسیار بوروژێنم ئەوەندە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لام گرنگ نەبووە، چونکە دروستکردنی پرسیار لای بینەر خاڵی هەر پۆزەتیڤی هونەرە، من ویستوومە بینەرەکان لەبەردەم هەڵوێست و هەڵوەستکردندا ڕاگرم. بەهیچ شێوەیەکیش لەگەڵ ڕووشاندنی هەستی هیچ کەس دانیم، چونکە ئیشی هونەر ئەوەندەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە ئەوەند هەڵچنینی دیوار و بەربەست نییە، وەک خۆشت لەپرسیارەکەدا ئاماژەت پێداوە کە بیرۆکەیەکی مرۆدۆستانەیە. ئەگەر مایکرۆفۆنی مزگەوتێک بکەوێتە دەستی منداڵێکی پڕ لە سادەیی و جوانی چی ڕوودەدات؟! بێگومان هیچ..وەک کە ڕووی نەدا. 
بەدڵنیاییەوە لەسەر هەمان ڕێچکە و دید بە شێوازی دەربڕینی سینەمایانەی جیاواز سیناریۆی ترم هەیە و لە ئایندەدا بەپێی بۆ لوان کاریان لەسەر دەکەم.


ژیان: ساڵانێکە فیلم دەبینین بە زمانی کوردی، هەندێکجاریش هەوڵ دەدرێت بۆ سینەمای کوردی، بە بۆچوونی تۆ ئێمە خاوەنی سینەماین؟ یان تەنیا خاوەنی سینەماین بە کوردی؟

کەریمۆک: ئەم باسە ماوەیەکە مشتومڕی لەسەرە و خەریکە تەواو ئاڵۆز و بێ تام دەبێت، هەیە پێیوایە ئێمە خاوەنی فیلمی کوردین بەڵام سینەمامان نییە. ئیدی هەریەکەو بە ئارەزووی خۆی و  هەندێجاریش تەنگبین و بێ زانیاری قسەی لەسەر دەکات. لەپێشدا کە ناوی کورد بەسینەماوە دەلکێنین مەبەست لێی کوردی هەموو شوێن و هەموو پارچەکانە، لەم ڕووەوە خاوەنی سەدان فیلمی سینەمایین لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. خۆ ئەگەر بوونی سینەما بە هەبوونی فۆڕم و ستایلێکی دیاریکراوەوە ببەستینەوە هەڵەیەکی کوشندە دەکەین، چونکە ستایل و مۆرک و فۆڕمی سینەما کارێکی ئاسان نییە و ڕەنگە فیلمسازانی کورد هەزاران فیلمی تر دروست بکەن بەڵام بە مۆرک و فۆرمێکی ناسراو نەگەن، لەم حاڵەتەدا دەبێ هەر ئەو قەوانە لێبدەینەوە و بڵێین کورد فیلمی هەیە بەڵام سینەمای نییە؟!. من پێموایە کورد سینەمای هەیە، بەڵام سینەماکەی شپرزە و بێ ئاسۆیە وەک خۆی، ئەم سینەمایە لە پێگەیەکی زۆر لاوازدایە و ئاییندەی تەمومژ و نادیارە، دیسان دەیڵێمەوە ڕێک وەک خاوەنەکەی (کورد) نازانین ئەم سینەمایە بەکوێ دەگات و لەکوێ دەگیرسێتەوە.
 پێمباشە لەجیاتی ئەم باسە بێ دەرەنجامە، زۆرترین قسەمان لەسەر ئەوە بێت چۆن پرۆسەی بەرهەمهێنانی فیلم پێش بخەین و بگەین بەکلتورێکی سینەمایی بەهێز کە تاکی کورد نەتوانێ بێ بینینی فیلم ڕۆژەکانی بگوزەرێنێ، پێویست کار بکەین دیدێکی ستراتیژی بارگاوی بە ناسین و تێگەیشتنێکی ڕۆشن و قوڵ بۆ سینەما چ لە ئاستی کۆمەڵگە چ لە ئاستی دەسەڵات بێتە کایەوە، لە کۆتاییدا بە تێپەڕینی کات و گەشەکرنی ئەم ڕەوتەی بەناوی سینەمای کوردی دەستی پێکردووە وەڵامدەرەوەی هەموو ئەو پرسیارانە دەبێت کە ئێستا ئێمە بۆچوونی جیاوازمان لەسەری هەیە.

ژیان: خۆت دەزانیت زۆرینەی دەرهێنەرانی سینەمای جیهانی ژیانیان بە فیلمەکانیان پێوانەکردووە و مەبەستیان بووە بزانن بە درێژایی ژیانیان فریای دروستکردنی چەند فیلم دەکەون، ئاگاداری ئەوەش هەم زۆر دەرهێنەر و ئاکتەری گەورە و دیار لە بوارەکانی دیکەی سینەمادا کاریان کردووە، تۆ لەگەڵ ئەوەی پسپۆڕییەکەت لە سینەمادا (دەرهێنان)ە هاوکات لە لایەنەکانی دیکەی ئەم هونەرەشدا کار دەکەیت، وەک بەرنامەڕێژ و بەڕێوەبەری بەرهەم و...هتد کە ڕاستە هەریەک لەمانەش هەر دەکەونە ناو هونەری سینەماوە و زۆر گرنگن، بەڵام نابنە هۆی دواکەوتنی خۆت وەک دەرهێنەر لە دروستکردنی فیلمدا؟* تۆ وەک کەسێکی پسپۆڕ لە سینەمادا پلانت چییە؟ مەبەستتە چی بکەیت و چی بڵێیت لە ڕێگەی ئەم هونەرەوە؟

کەریمۆک: لە ڕاستیدا نەوەی ئێمە، نەوەی دۆخە تاریک و چرکەساتە هەر خراپەکانی مێژوو بووە، ئەم نەوەیە هیچ قۆناغێکی ژیانی بە شێویەکی تەندروست نەبڕیوە، نەوەیەک ئەوەندەی باسی لە خەون و پڕۆژە کردووە، ئەوەندە دەرفەتی بۆ فەراهم نەبووە خەون و پڕۆژەکانی خۆی پڕاکتیزە بکات، هەمیشە خەون و ئامانجەکانی بۆ سبەینێ هەڵگرتووە، کە سبێینێش هاتووە خراپتر و وێرانتری چنیوەتەوە. بۆیە کە لەسەر لوتکەی عومرەوە ئاوڕ بۆ دواوە دەدەیتەوە هەست بە نامۆیی و دڕدۆنگیەکی گەورە دەکەیت، بیر دەکەیتەوە هێشتا لە دەروازەی خەونەکان وەستاوی.
 من لە گەشتێکی بێ ئۆقرە دابووم، لەتەمەنی چواردە ساڵییەوە بەشانۆ دەستم پێکرد، هاوکات خووم دایە چیرۆک نووسین، دوای ڕاپەڕین کاری ڕۆژنامەوانی پەڵکێشی کردم و بیروباوەڕی سیاسی و خەونی دونیا گۆڕین داگیری کردم. زیاتر لە ١٠ ساڵ بەگەرمی خەریکی ئەو بوارە بووم، ناوەناوە و تا هەنووکەش شتێک دەنووسم بەناوی شیعر، لە کۆتاییدا و دواین ماڵ و وێستگەم بووە سینەما، ئێستا لەوە تێدەگەم ئەگەر سینەما لەوڵاتی من هەبوایە و من لەسەرتاوە کارم تێدا کردبا ئێستا خاوەنی سیڤیەکی دەوڵەمەند دەبووم، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم بەو گۆتەیە هەیە: "لەکوێ دەست پێبکەی ئەوێ سەرەتایە"، بۆیە بەتاسووقە و خەیاڵێکی زۆرەوە، بەپێی پلان و بۆ ڕەخسان کار بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانم دەکەم، لە ئێستادا کەخەریکی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئێوەی بەڕێزم، ئامادەکاری بۆ وێنەگرتنی کورتە فیلمێک دەکەم، هاوکات سەرقاڵی خوێندنی ماستەرم هەر لەبواری سینەمادا و  چەندین پڕۆژەی تر کە لە کاتی خۆیدا ڕای دەگەیەنین. 


ژیان: دەمەوێت داوات لێبکەم بابەتێک کە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام تۆ زۆر بە کورتی تەنانەت ئەگەر بکرێت بە یەک وشە وەڵامم بدەیتەوە، ئەویش ئەوەیە دەکرێت دەستنیشانی بکەیت کێشەی فیلم بە کوردی یان ئەگەر بتوانین بڵێین کێشەی سینەمای کوردی چییە؟

کەریمۆک: کێشەی سینەما لە کوردستاندا، نەبوونی دید و تێڕوانینێکی دیاریکراوە بۆ ئەم هونەرە مەزنە، کەتەواوی دونیا لە ئاستێکی باڵا و لە گۆشەنیگایەکی بەرز لێی دەڕوانن، هاوشانی سیاسەتی ئابووری و  پەیوەندی نێودەوڵەتی و دیبڵۆماسیەتی دەوڵەت. ئەم تێگەیشتنە بۆ سینەما شۆڕبۆتەوە بۆ نێو کلتور و ژیاری کۆمەڵگە، هەر بۆیەش وەک گرنگترین بزنس و سەرمایەگوزاری دەرکەوتووە، واتە سینەما لەگەڵ ئەو گوزارشتە گەورەیەی هەیەتی کەرتێکی ئابوری گرنگیشە.
ئێمە هەتا لەو هونەرە تێنەگەین ناتوانین کێشەکانی چارەسەر بکەین، ئەم تێەگەیشتنە لەپێشەوە دەبێ بۆ ئەوانە بێت کە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن، واتە سەرجەم گرفتەکان کە زۆرن و دەتوانم لێرە ئاماژەی پێبدەم بەستراوە بە ناسین و باش تێگەیشتن لەو هونەرە. بێجگە لەوە دروستکردنی فیلم پرۆسەیەکی زانستییە و پێویستی بە پسپۆڕی هەیە کە لە ئێستادا ئەم پسپۆڕیانە تەواو نەخەملیون و زانست و توانای فیلم دروستکردن پێگەیەکی پتەوی نییە لە کوردستان. هەروەها گەشکردنی ئەم هونەرە پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام و  لەبار هەیە، چەندە کۆمەڵگە لە دۆخی تەندروست دابێت ئەوەندە نزیک دەبێتەوە لەو هونەرە. لەبیرمان نەچێت سینەما سەڕەرای پەیام و گوزارشت و لایەنە ئابووریەکەی، گەورەترین چێژ و ستاتیک بەبینەرەکانی دەبەخشێ، خاوەن گەورەترین رەنگدانەوەی خەونەکانی مرۆڤە لە جیهاندا، هەر بۆیەش بە تەمەنێکی کورتەوە گرەوی خۆی بردەوە.


ڕیکلام