مەزڵوم کۆبانێ: ئامادەین ڕووبەڕووی سوپای سوریا ببینەوە

  2020-10-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەی هێزی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند چارەسەری کێشەی سوریا تەنیا بە رێگەی سیاسی دەبێت و بەبێ بەشداری رۆژئاوای کوردستان کێشەی سوریا چارەسەرنابێت.

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی هێزی سوریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز ڕایگەیاندوە، گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا بەردەوامە و داواکارین حکومەت رێگری لە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان نەگرێت، چونکە هەست دەکەین ئاستەنگ بۆ گفتوگۆکان دروست دەکات و بەرەو پێش ناچێت.

وتیشی ئەوان هەرگیز نەبونەتە بەشێک لە کێشەکانی سوریا و هەمیشە ناوچەکانی خۆیان لە دەستی داعش پاراستووە و قوربانیان داوە،ئێستاش ئامادەن لەبەرامبەر حکومەتی ئەسەد خۆیان و ناوچەکانیان بپارێزن.

ئاماژەی بەوەشکرد لەسەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریاوە ئەوان کاریان بۆ ئەوەکردوە کێشەی سوریا گەورە نەبێت و شەڕی تایفی تێدا روونەدات.

مەزڵوم کۆبانێ ڕاشیگەیاند لەهەموو هێزەکان زیاتر ئەوان خەمی یەکێتی و یەکپارچەی سوریایان بووە و سنورەکانی سوریایان لەگەڵ عێراق و تورکیا پاراستووە.

فەرماندەی هێزی سوریای دیموکرات ئاشکراشیکرد ئەوان هەرگیز نەبوونەتە بەشێک لە شەڕی نێوان حکومەتی سوریا و ئەو هێزانەی لەدەرەوە پشتگیری دەکرێن بەڵکو هەمیشە بێ لایەن بوون.

مەزڵوم کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکردووە لە ساڵی 2012 هەتا ئێستا کەناڵی پەیوەندی لە نێوان ئەوان و حکومەتی سوریا هەیە و هێزەکانی شەریان نەکردوە.

وتیشی بەداخەوە حکومەتی سوریا ئاستەنگ بۆ گفتوگۆکان دروست دەکات و نایەوێت کێشەکان چارەسەربکرێت.

راشیگەیاند هەتا ئێستا لەو ڕووی سەربازیەوە کەس نەیتوانیوە بەسەر ئەواندا سەربکەوێت و سورن لەسەر پاراستنی ناوچەکانی خۆیان بەرامبەر سوپای سوریا.


ڕیکلام