وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەش توشبووی دیکەی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.
د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی توشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٤٣ نەخۆشی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کراون .
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا ١٩٦ توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە ٣٩ کەسیان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.
ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەمڕۆ سێ توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی ئاسا و دوو توشبوو لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ و توشبوویەکیش لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن لە شاری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕاشیگەیاند، تاوەکو ئێستا هەزار و ٨٠ چاکبووی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی، پلازمای خوێنیان بەخشیوە.
بەپێی دواین
ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٥٥ هەزار و ٧٤٥ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە
بوون، لەو ژمارەیەش هەزار و ٩٩٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٤ هەزار و ٨٨٠ توشبووش
بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.