زەید عومران: هەموو دەقە ئایینیەکان کە جیهان و مێژوویان گۆڕی لە کۆتاییدا دەقی ئەدەبین

  2020-10-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یەكێك لە دەنگە جدییەكانی ئێستای ڕۆمانی عیراقی بەتایبەت ڕۆمان و ئەدەبیاتی عەرەبی ڕۆمانووس (زید عمرا)ە. ئەو نووسەر و وەرگێڕە و ساڵی ١٩71 لە شاری (بەسرە)ی باشووری لەدایک بووە. دەرچووی زانکۆی بەسرەیە. ئێستا نیشتەجێی وڵاتی دانیماركە. ئەو خاوەنی چەندین ڕۆمانە لەوانە (قریە الصبیر، الاخرس، دكەمكە) لەم دیدارەدا دەربارەی چەند پرسێكی تایبەت بە ئەدەب دواندمان، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

سازدانی: شاخەوان سدیق
وەرگێڕانی : ڕەنجدەر جەبار

ژیان/ نووسین یەکێکە لە هەرە تایبەتمەندیە خودییەکانی ئینسان و هەر یەکەو بە بیان و هۆیەکەوە دەنوسێت، دەکرێت بزانین نووسین لای تۆ چییەو بۆ دەنووسن؟

زەید عومران: من پێم وانییە هیچ بەهانەیەک هەبێت بۆ نووسین. من بۆیە دەنووسم، چونکە جگە لە نووسین هیچ شتێکی تر نازانم. زیاتر لە جارێک هەوڵم داوە دەست لە نووسین هەڵبگرم، زۆریش هەوڵم داوە، بەڵام هەموو جارێک بەهەڵپەیەکی زیاترەوە دەستم پێکردووەتەوە. بەڕاستی خۆیشم نازانم بۆچی دەنووسم.

ژیان/ هەموو مرۆڤێك كە دەنوسێت كۆمەڵێك چیرۆكی تایبەتی لە ژیاندا بۆ گێڕانەوە هەیە، ئەتوانم بزانم چیرۆكەكانی تۆ لە ژیانا بۆ گێڕانەوە چین؟ ئایا نوسین پانتایەكە بۆ ووتنی ئەوشتانەی كە لە واقیعدا بۆت ناكرێت؟ یان ئەدەب و نوسین بەگشتی بۆ تۆ چین؟

زەید عومران: پێم وانییە چیرۆکێکی تایبەتم هەبێت شایستەی گێڕانەوە بێت. لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە مەزنە و ئەم مێژووە دوور و درێژەی مرۆڤایەتی من تەنها کارەکتەرێکم لە پەراوێزێکدا. سەبارەت بە ڕۆڵی ئەدەب، بە تێڕوانینی من بۆ فراوانکردنی ڕوانگەکانە. بۆ نموونە لە ڕێگەی خوێندنەوەی ڕۆمانەوە تۆ ژیانی کۆمەڵێک خەڵک بەتەواوی دەبینیت، کە لە نێو دەستتدا لەگەڵ یەکتر کارلێک دەکەن، ململانێ دەکەن، خۆشەویستی دەکەن، هەڵە دەکەن، سەردەکەون و تەنانەت دەشمرن. لەم ڕوانگەیەوە تۆ لە پاڵنەر و هەستەکانیان دەگەیت. سەرەنجام بێئەوەی هەست بکەیت کەسێک ناچارت دەکات، لە ژیانی خۆتدا بەرجەستەیان دەکەیت و شێوازی ژیانت دەگۆڕن. لە ڕێگەی ڕۆمانەوە بەشێوەیەکی قووڵتر لە پاڵنەرەکانی کەسانی دەوروبەرت دەگەیت. ڕەنگە هەر ئەمەش وا بکات لەو کەسانە خۆش بیت، کە هەڵەیان بەرامبەرت ئەنجام داوە.

ژیان/ دەوترێت ئەوەی مێژوونوسان ناتوانن بیڵێن‌و تۆماری بكەن ڕۆماننووس دەیڵێت‌ و لە ڕێگەی تێكستی ئەدەبیەوە نوسەر تۆماری دەكات. بەبڕوای بەڕێزتان ڕۆمان دەتوانێت چ ڕۆڵێكی گرنگ لە ژیانی مرۆڤدا بگێڕێ‌؟ بەتایبەت بۆ ئیستای ژیان لەم سەردەمەدا كە سەر دەمی بە ئەلكتۆرۆنی بوونی شتەكانە؟

زەید عومران: هەموو دەقە ئایینیەکان، کە جیهان و مێژوویان گۆڕی لە کۆتاییدا دەقی ئەدەبین. وشە هێزێکی هەیە هیچ هێزێک لە بەرامبەری خۆی ناگرێت. بوزا هەر بە وشە جیهانی گۆڕی، هەروەها مەسیحیش، پەیامبەرانی دیکە و بیرەند و فەیلەسووفەکانیش بە هەمانجۆر. مێژووی مرۆڤایەتی جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەو گۆڕانەی بەسەر مرۆڤ هاتووە بەهۆی وشەوە بووە. تەنانەت لە جەنگیشدا سەرکردەکان پێش ئەوەی شوێنکەوتەکانیان چەکدار بکەن، بە وشە کاریگەرییان لەسەر داناون. ئەمڕۆ دەبینین تۆڕەکانی پەیوەندی، کە بەرهەمی شۆڕشی تەکنەلۆجین، بەئاشکرا ئامانجیان گەیاندنی وشەیە.

ژیان/ له ‌ئێستادا چیرۆکی مۆدێرن وشێوازی گێڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی پشت به‌ته‌کنیک ده‌به‌ستێت هێنده‌ گوێ به ‌ڕه‌گه‌زو ئامرازه‌و بنه‌ماکانی ترنادات که‌ له‌پێکهاته‌ی بونیادی چیرۆک دا پێویستن. که ‌به‌بڕوای هه‌ندێک ئه‌مه‌کاری له‌ چێژی گێڕانه‌وه‌ کردووه‌. ئێوه‌ پێتانوایه‌ مۆدێرنێته‌ تا چه‌ند زیانی له‌ بنه‌ماکانی چیرۆک وگێڕانه‌وه‌داوه ‌له ‌ئێستادا؟

زەید عومران: بەگشتی لە ئەدەبدا من لەگەڵ نوێگەریم، بەتایبەتی لە چیرۆک و ڕۆمان و شیعردا. بڕوام بەوە هەیە هەر سەردەمێک ئامراز و یاسا و ئەدەبی تایبەت بە خۆی هەیە. ڕۆمانی کلاسیکی لەسەر بنەمای هەستە وروژێنراوەکان و درێژەپێدانی بێزارکەر و لاسایکردنەوە دەهاتە بەرهەم. بێگومان ئەمە نکۆڵیکردن نییە لەوەی ئەدیبەکان کاری مەزن و ناوازەیان پێشکەش کردبێت، بەڵام چیدی ئەم ستایلە لە ڕۆح و داواکارییەکانی سەردەم دوور دەکەوتەوە. سەبارەت بە چێژ، ئەوە بنەمای هەموو کارێکی هونەرییە، بەجۆرێک خوێندنەوەی ئەدەب چ سوودێکی هەیە ئەگەر چێژی لەگەڵ نەبێت. چێژ بوونی هەیە و هەر دەمێنێتەوە. ئەمەش نووسەر دەخاتە بەردەم ئاڵانگارییەکی گەورە لەگەڵ زەوقی مرۆڤایەتی، کە بەشێوەیەکی خێرا لە بەرەپێشچووندایە. 

ژیان/ تۆ یەكێكیت لەو نووسەرانەی كە بە قوڵی پەیوەستی بە شوێنەوە بەتایبەتی شارەكەت (بەصرە) ئەمەش بە ڕوونی لە هەردووبەرهەمی سەرەتادا دیارە (قریه الصبیر) و (الاخراس) ئەم پەیوەست بوونەت بەشوێنەوە لە چیەوە هاتووە؟ شوێن چ گرنگیەكی لە ڕۆماندا هەییە؟

زەید عومران: شوێن ئەو ئامرازەیە بەهۆیەوە قەناعەت بە خوێنەر بکەیت سەبارەت بە ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە و سەرەنجام خوێندنەوەی ڕۆمانەکە لەلایەن خوێنەرەوە دەستەبەر بکەیت. زۆربەمان بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆمانێک لە بەشی یەکەمییەوە دەیپێوین، هەر بەم هۆیەوە بڕیار دەدەین بەردەوام بین لە خوێندنەوەی، یان فڕێدانی. وەک ڕۆماننووسێک دەبێت ئەو هەستە بە خوێنەر بگەیەنیت، کە ئەو شوێنەی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لێوەی دەست پێدەکات باش دەناسیت.سەرەنجام ئەویش لەگەڵ کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە کارلێک دەکات و هەستی خۆشەویستی بۆیان دەبێت. هەر ئەو خۆشەویستییەیە وردە وردە دەبێتە زانخوازی بۆ زانینی ئەوەی لە داهاتوودا ڕوودەدات و لە کۆتاییدا تۆ لە پەڕەی یەکەمەوە دەستی خوێنەر دەگریت و لە پەڕەی کۆتایی ئیتر ئەو نایەوێت لە ڕۆمانەکەت بێتە دەرەوە. من زۆر باسی بەسرە دەکەم، چونکە تێیدا لەدایک بووم و گەورە بووم، هەر لەوێ یەکەمین خۆشەویستم ناسی، شەقام و کۆڵانەکان و نهێنی و سیماکانی پشتەوەیم ناسی. بۆیە لە کاتی وەسف کردنی شوێنی ڕووداوەکان، بەسەر کارەکەدا زاڵ دەبم. پێچەوانەی ڕۆمانەکانی دیکە بۆ نموونە (عمی اڵالوان) ناچار بووم سەفەر بکەم بۆ شوێنی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە و بۆ چەند مانگێک تیایدا بژیم بۆ ئەوەی بە چەند پەڕەیەک وەسفی شوێنەکە بکەم، یان لە ڕووی دەروونییەوە خوێنەر ئامادە بکەم بۆ قەبووڵکردنی کارەکتەرەکان و جووڵەکانیان.

ژیان/ لە ڕۆمانی (سەکۆی مەکكه)دا، دەست بۆ دوو بابەتی هەستیار دەبەیت، یەكەمین پرسی ئاین و ئەویتریان پرسی كۆیلایەتی مرۆڤە بەناوی ئاینەوە لەلایان پاشاو شانشینەكانی وڵاتی سعودیە، دەستبردن بۆ ئەم پرسانە لە ڕێگەی ئەدەبەوە تا چەند مەترسیدارن بەتایبەت كە تۆ خۆت هەم موسوڵمانی هەم عەرەب و هەردوو پرسەكەش بەلای عەرەبەوە موقەدەسن؟

زەید عومران: پێویستە ئەدیب ڕاستگۆ و بەویژدان بێت، بەپێچەوانەوە لە یادەوەری مرۆڤەکاندا جێگەی نابێتەوە، بەجۆرێک بیر دەچێتەوە وەک ئەوەی هەر نەبووبێت. مرۆڤەکان تەنها ئەو کەسانە لەبیر ناکەن، کە سازشیان نەکردووە.

ژیان/ لە ڕۆمانی (سەکۆی مەکكه)دا باس لە دیمەنی ئیرۆتیكی دەكەیت، بەڵام خۆت لە گێڕانەوەی ساتە سێكیەكان دەبوێریت و بە وردی دیمەنەكان ناگوازیتەوە، هۆكاری ئەمە چیە ڕۆمانەكەو ڕوداوەكانی وا دەخوازێت یان خۆتان شەرمنانە نەتان ویستوە زیاتر لە وێنای دیمەنەكان بكەن.، تا چەند ئەدەب بەگشتی و ڕۆمان بەتایبەتی دەتوانێت دیوە شاراوەكانی تاوان و كارەساتەكان بگوازێتەوە بەتایبەتی تاوانی جەستەی و جنسی؟.

زەید عومران: شەرمکردن لە ئەدەبدا جێی نابێتەوە. لە بنەڕەتدا ئەرکی ئەدیب ئاشکراکردنی پەنهانییەکانە. ئەوەی لە (سەکۆی مەککە) ڕوویدا، چ بەئاشکرا و چ بەپەنهان کارم لەسەر کۆیلایەتی دەکرد. دیمەنە ئیرۆتیکییەکان سەربەخۆ و بەگوێرەی پێویستی بەروپێشچوونی ڕووداوەکان دەهاتنە ناوەوە. پێم وایە ڕۆچوون لە وەسفکردنی ساتە سێکسییەکان ڕۆمانەکەی لە ڕێچکەکەی خۆی دوور دەخستەوە

ژیان/ دوای ئەوەی ڕۆمانی (سەکۆی مەکكه) تان وەرگێردرا بۆ سەر زمانی كوردی و باش خوێنرایەوەو پێشوازی باشی لێكرا، تا چەند ئێوە ئاگاداری ئەوەن. ئەی ئێوە تا چەند لە ئەدەبیاتی كوردی شارەزان هیچ بەرهەمێكت لە ئەدەبی كوردی خوێندۆتەوە؟ هیچ نزیكایەتیەكت لەگەڵ نوسەرانی  كوردا هەیە؟

زەید عومران: بەداخەوە من هیچ زانیارییەکم سەبارەت بە ئەدەبی کوردی نییە، وەک چۆن لە ئەدەبی عەرەبی و نووسەرانی عەرەبیشەوە دوورم، لە کاتێکدا بە عەرەبیش دەنووسم. دەتوانیت ناوی بنێت نەزانی، یان تەمبەڵی، یان بەهۆی درێژی ماوەی غوربەتەوەیە، کە لە سی ساڵ نزیک دەبێتەوە.

ژیان/ لە ئێستادا كورد لە عیراق دا هەرێمی سەر بەخۆی هەیە و خاوەن حكومەت و پەرلەمانی خۆیەتی، بەڵام لە ڕابردودا ئەنفال و كیمیابارنێكان كراوەو لە ئێستاشدا لە ڕۆژئاوا و لە سوریا توشی هەمان كارەسات دەبێت، بۆ چونت وەك ئەدیبێكی عیراقی كە كورد بەشێكە لە وڵاتەكەت لسەر ئەم ڕوداوانە چییە؟ بیرۆكەت نییە ڕۆژێك بەشێك لەوتاوانانەی بەرامبەر كورد كراون ببنە بەشێك لە چیرۆكی ڕۆمانێكت؟

زەید عومران: لە ڕۆمانی (٥٧)دا بەخێرایی ئاماژەم بەوە داوە عێراقییەکان هەموویان لە یەک زینداندا بوون، کە هاوڕێی کارەکتەری سەرەکی پیاوێکی کورد بوو، هەر ئەویش یارمەتی دا بەرگەی کۆژان و کارەساتەکان بگرێت، کە تووشی بوو، سەرەنجام ئەوانەی لە زیندانەکە بوون هەموویان تووشی هاتن. بەڵام لە ڕۆمانی (المندیل اڵابیچ) کوردستان وەکو شوێن گەورەترین بەشی بەردەکەوێت لە ڕۆمانەکەدا و زۆرینەی ڕووداوەکانی تێدا ڕوودەدات. من لایەنگری مرۆڤم بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئایین و ڕەچەڵەک و ڕەنگ و بیرکردنەوە، دژی ستەمیشم هەر ئایین و ڕەچەڵەک و ڕەنگ و هزرێکی هەبێت.


ڕیکلام