وەزیری دارایی عێراق: سەدا سەدوبیستی داهاتی نەوت بۆ موچەیە

  2020-10-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند ویستێکی زۆر هەیە بۆ چاکسازیکردن چونکە وڵات بە قەیرانێکی زۆردا تێدەپەڕێت، لە ئێستادا سەدا سەدوبیستی داهاتی نەوت بۆ موچەیە کە ئەوەش نەگونجاوە.

عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێس ڕایگەیاندوە لەساڵی 2004 سەدا بیستی داهاتی نەوت بۆ موچەبوو بەڵام ئێستا بووە بە سەدا سەدوبیست، کە ئەوەش نەگونجاوە و وڵات بەرەو داڕوخان دەبات.

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە پشتبەستنێکی لە ڕادەبەری حکومەت بە نەوت وایکردوە حکومەت نەتوانێت چاکسازی بکات و لە رێگەی دیکەوە داهات بەدەستبهێنێت.

وەزیری دارایی ڕاشیگەیاندوە پرۆژەی(پەڕەی سپی) تایبەت بە چاکسازی دارایی ئەگەر پەسەندبکرێت لەماوەی سێ بۆ پێنج ساڵ دەتوانێت چاکسازییەکەی گەورە لە ئابوری عێراقدا بکرێت.

سەبارەت بە نرخی نەوتیش ئاماژەی بەوەکردوە بەمزوانە پێشبینی ناکرێت نرخی نەوت بەرزببێتەوە تەنیا چاکسازی دەتوانێت عێراق لە کارەساتی ئابوری بپارێزێت.

عەلی عەلاوی ڕاشیگەیاندوە ئیتر کاتی ئەوەیە قۆڵی لێ هەڵکەین و دەستپێبکەین چونکە وڵات لە مەترسیدایە.


ڕیکلام