چەند پارچە شیعرێک لە کتێبەکەوە

  2020-10-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
زیاد ڕەحبانی (بلیمەت) - لەدایکبووی ١٩٥٦ لە لوبنان. بیریاری چەپ، ئاوازدانەر، ژەنیار، شانۆکار، ڕۆژنامەنووس... کوڕی ھونەرمەندان: (فەیرووز) و (عاسی ڕەحبانی). خاوەنی پێنج شانۆگەرییە، بەناوبانگترینیان: (فیلمێکی ئەمێرکیی درێژ)، (سەبارەت بە سبەینێ چی؟) کە خۆی دەرھێنانی بۆ کردوون و وەک ئەکتەر ڕۆڵی تێدا گێڕاون. تەنھا یەک دەفتەرەشیعری بچووکیشی ھەیە: (ھاوڕێم خودا). تەواوی شیعرەکان لە تەمەنی یازدە و دوازدە ساڵیی نووسراون، لە پازدە ساڵیی بە چاپی گەیاندوون. لە کتێبەکە بەر دەیان پرسیاری ناوازەی ناو مێشکی منداڵێک دەکەوی. فەزای زاڵی شیعرەکان، بەرھەمی تێڕامانی منداڵێکە لەمەڕ: خودا و دین، کە کۆمەڵگەکەی و خێزانەکەی چییان لەبارەی ئەوانەوە گوتووە و ئەم خۆی چۆن تێیان گەیشتووە.




چەند پارچە شیعرێک لە کتێبەکەوە


١

ڕۆژێک گوتیان کە خودا ھاوڕێمە. 
چووم تا بە ھاوڕێکەم ئاشنا ببم:
لە دۆشدامانەکان، لەنێوان گوڵان
لەناو دارە گەڵادارەکان، لە پشت بەردان،
باڵندەکانیش ترسان و لێم ھەڵاتن
ئاخۆ ھاوڕێکەم بینی کە باڵندەکان لێم ترسان و ھەڵاتن؟
لێم پرسین: ھاوڕێكەم دەترسێ؟
گوتیان: لەوە دەترسێ خۆشنەویسترێ.
گوتم: ئەو لە کوێیە؟
گوتیان: لە ھەموو شوێنێک.


٢

خۆشمدەوێی، پتر لەوەی لە نوێژەوە ناسیتم.
ھەزاران جار ئەوەم بە مێشکدا دێ
بە دەنگێکی ئاساییەوە بانگت دەکەم:
تۆ لەکوێی خودای من؟
وا ناتناسم خاچ ھەڵبگری و بمری لەپێناوم.
وا دەتناسم منداڵێکی، توانای ھەڵگرتنی خاچت نییە.
وا دەتناسم منداڵێکی، لە سپێدە تەبای پەپوولە دەفڕی بەسەر گوڵان،
کە باڵندەش لەسەری دەنیشن.
وا ناتناسم ئەشکەنجە بکێشی.
وا دەتناسم منداڵێکی، کە بەجێیان ھێشت بۆخۆی گەمە بکات و
بیریان چوو پێی بڵێن:
"ڕۆژان تێپەڕین و تۆ ھەر گەمە دەکەی"
منداڵێک، بە درێژایی تەمەن وازی دەکا و تێر نابێ.


٣

قسەوباسی شەوە دانیشتنەکە دەسووڕایەوە،
پێم گوتن: قسە دەکەین، جیا لە باسی مەرگ.
گوتیان: لەبارەی جەنگەوە دەدوێین.
گوتم: جیا لە جەنگ.
گوتیان: لەبارەی فرمێسکی بێلانەکانەوە دەدوێین.
گوتم: جیا لە فرمێسکی ئەوان.
گوتیان: لەبارەی چاوەڕوانەکانەوە.
گوتم: جیا لە چاوەڕوانەکان.
گوتیان: جیا لەوانە ھیچ نازانین؛ لەبارەی چییەوە بدوێین؟
گوتم: بێدار بمێنن وەک بێداریی دیوار
لەبارەی ھیچ مەڵێن
تەماشای یەکتری بکەن 
دەشێ ڕوخسارتان خۆی بدوێ.


٤


منداڵ وەختێ درکی بەوە کرد لە پۆلی منداڵانی بەریئە،
چیدی لەوان نەما.
منداڵ وەختێ زانی 
ئەندازیار چۆن نەخشەی ماڵی داڕشتووە،
لە وێنەی خۆی دەرچوو
لە ھێڵەکانی خۆشەویستی و
جوانیی بچووکایەتی.
سادە وەختێ درکی بەوە کرد سادەیە
چیدی وا نەما.
مرۆ وەختێ حەقیقەتی بۆ دەرکەوت
لە نوێنی خەونەکان بەربۆوە.


وەرگێڕان: ژیار ئەسوەد


ڕیکلام