دانا فایەق: دانی پێدا دەنێم کە بە گشتی من کەسێکی تەمبەڵم

  2020-10-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانی: داستان

زۆرجار لێكۆڵەرە ئەدەبییەكان لە پۆڵێنبەنكردنی قۆناغەكانی ئەدەبی كوردییدا پاش ڕاپەڕین دادەبڕن لە پێش ڕاپەڕین و وەكو قۆناغێكی دیكەی ئەدەبی سەیری دەكەن، ئەمەش تاكو ئێستا دیارنییە لە بنەڕەتدا خودی پۆڵێبەندییەكە گرنگییەكەی لە چیدایە؟ ئایا ئەدەبی پاش ڕاپەڕین بەوجۆرە جیاواز و دابڕاوە لە ئەدەبی پێش ڕاپەڕین و ... كە لێرەدا ئێمە كارمان بەوە نییە، ئەدەندە نەبێت ئاماژە بەوە بدەین كە (دانا فایەق) چیرۆكنووسێكی پاش ڕاپەڕینە و تاكو ئێستا خاوەنی دوو كۆمەڵەچیرۆكە بە ناوەكانی (حیكایەتی ڕەشپۆشەكان) و (لە ناكاو زەنگی تەلەفۆنەكە لێیدا) بەو پێیەی هەر دوو بەرهەمەكەی جێگەی سەرنجی خوێنەرانن و زۆرجار بە جۆری جیاواز قسەیان لە بارەوە دەكرێت، پێمان باش بوو لەم دەرفەتەی (تۆڕی هەواڵی ژیان)دا بە چەند پرسیارێك بیدوێنین.

ژیان: لە دونیادا نووسەران لە ڕووی ڕێژەی نووسینەوە دابەش دەبن بەسەر دوو بەرەی سەرەکیدا (نووسەرانی کەمنووس و نووسەرانی زۆرنووس) لە هەردوو بەرەکەشدا نووسەری داهێنەر هەن، ئێوە بەوپێیەی کەم دەنووسن و هەتاکو ئێستا تەنیا خاوەنی دوو کتێبی چیرۆکی چاپکراون، پلانتان چییە؟ مەبەستانە سەر بە دەستەی نووسەرانی کەمنووس بن؟ خۆتان دەزانن زۆرینەی نووسەران بۆ زەمەنی پاش خۆیان دەنووسن، ئێوە لە خەمی ئەوەدا نین ئەوەی دەینووسن لە ئەنجامی کەمییەوە بزربێت و ڕۆژێک هەر بەرچاویش نەمێنێت؟

دانا فایەق: ڕاستی هەرگیز بیرم لەوە نەکردووەتەوە لە کام بەرە دام و مەبەستیشم نەبووە لە هیچ بەرەیەکدا پۆلێن بکرێم. کەم و زۆر نووسین گەلێک جار ڕەنگە پەیوەندیی بە دۆخی کەسەکە و ئامادەسازییەوە هەبێت لە هەموو ڕوویەکەوە. دواتریش خودی ئەو ترسەی بۆت دروست دەبێت بەر لە دەستپێکردن. 

لێتی ناشارمەوە ئەوەی وای کردووە کەم بنووسم ترسی زۆرمە لەو بەرپرسیاریەتییەی ناوی نووسەربوون و نووسینە. لەوەتەی بیرمە هەمیشە بە ترسەوە دەستم بردووە بۆ کارێکی تازە، گەلێک جار بە ساڵ و زۆر زیارتیش بۆ نموونە بیرم لە نووسینی چیرۆکێکی نوێ کردووەتەوە و لە مێشکی خۆمدا هێناومە و بردوومە، بڕیارم داوە بینووسم و نەمنووسیوە. خۆم بە شتی ترەوە سەرقاڵ کردووە... کتێبی ناو کتێبخانەکەمم دەرهێناوە و لەخۆوە شوێنەکانیانم گۆڕیوە. ئاڵوگۆڕم بە شوێنی شتەکانی ناو ژوورەکەم کردووە. سەیری ئەلبوومم کردووە. میوەم خواردووە و... هەموو ئەوانە بیانوو بوون بۆ ئەوەی دوور بکەومەوە لە نووسینی چیرۆکەکە و هەوڵدان بووە بۆ لەبیرچوونەوە، کە وەک وتم سەرچاوەی ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ترسەکە. بە هۆی ئەوەوە بیرۆکەی گەلێک نووسینم لە یاد نەماون و بیر چوونەتەوە، کە نازانم ئەگەر بمنووسینانایە چۆن دەبوون و ئایا پەشیمان نەدەبوومەوە لەوەی کە نووسیومن؟! لەپاڵ ئەو ترسەدا ددانی پیا دەنێم کە بە گشتی من کەسێکی تەمبەڵم و تا دەست پێ دەکەم، تەمبەڵیی زۆر زۆر دەکەم. هەندێ جار هەر دەست پێ ناکەم! بەڵام کە دەستم پێ کرد، لە خودی پڕۆسەکەدا خێرام و هەر چیرۆکێک کە دەستم پێ کردووە، هەوڵم داوە یەک جێ و یەک دەست تەواوی بکەم و تا تەواوم نەکردووە دەستم لێ هەڵنەگرتووە، ئەگەر وا نەبوایە ڕەنگە ئێستا و دوای 20 ساڵ لە نووسین، لەبری دوو کۆمەڵەچیرۆک، خاوەنی دوو چیرۆک بوومایە!

هەندێک جار کە بیرم کردووەتەوە حەزم کردووە زۆرترم بنووسیایە و پێم وایە دەبوو بەشێک لەو بیرۆکانەی لەیادم کردوون بەر لەوە بمنووسینانایە، نەک لەبەر ئەوەی حەز بکەم لە ڕیزی نووسەرە پڕ بەرهەمەکاندا پۆلێن بکرێم، بێگومان بیرم لەوە نەکردووەتەوە، بەڵام هەندێک جار ئەو کەم نووسینە وا دەکات نووسینت بیر بچێتەوە، یان بە زەحمەت دەست پێ بکەیتەوە. هەر بۆیە بەشێک لە نووسەران پێیان وایە نووسین کردەیەکی ڕۆژانەیە و نووسەر دەبێت ڕۆژانە بنووسێت. هەندێک دەڵێن بۆ ئەوەی بیرت نەچێتەوە بنووسە و بدڕێنە... بنووسە و بدڕێنە. بۆ من بیانووەکانی نەنووسین بەهێزتر بوون لە نووسین خۆی. 
جیا لەوەی هەمیشە وا بیرم کردووەتەوە کە حەزم لە زۆری و بۆری نییە، ئەمە بەو مانایە نییە کە بڵێم ئەوەی من نووسیومن بۆر نین، بەڵام ئەوەندی نووسیومە بە تێڕوانینی خۆم، یان هەوڵم داوە کە بۆر نەبن. دیارە کەم نین ئەوانەی زۆریان نووسیوە و هاوکات بۆرنووس نین، لەولاشەوە زۆرن نین ئەو کەمنووسانەی لە دنیای ئەدەبیدا بوونەتە ناوی گەورە و داهێنانیان کردووە. بە هەرحاڵ وەک لە سەرەتادا وتم بۆ من زۆرنووسین و کەمنووسین شتێک نەبووە بەرنامەم بۆی دانابێت و بیرم لێی کردبێتەوە. 

ژیان:نووسەرانی چیرۆک لە باشووری کوردستان لە پاش ڕاپەڕینەوە زۆربەیان هەوڵی بەهێزکردنی لایەنی تەکنیکی چیرۆکیان داوە، بە ئاستێک دەبینین هەندێکیان ئەوەندەی تەکنیک بەهەند وەردەگرن پەرۆشییان بۆ لایەنەکانی دیکەی چیرۆک نییە! ئایا پێت وایە چیرۆکی کوردی تەنیا کێشەی تەکنیکی هەیە؟

دانا فایەق: ڕەنگە ئەو گرنگیدانە تایبەت نەبێت تەنیا بە چیرۆکنووسانی باشووری کوردستان و کورد، ئەگەر سەیری دەنگە تازەکانی چیرۆکی فارسی و عەرەبی بکەیت هەمان دۆخ دەبینیت. بە دڵنیاییەوە هەر یەکێک لە پێکهێنەرەکانی چیرۆک گرنگیی خۆیی هەیە و ناکرێ هیچیان بە کەمتر ببینرێن. هەرگیز پێم وا نییە ڕووداو، یان کارەکتەر، یاخود زمان و ئەوانی تر لاوەکی بن و کەمتر بن لە تەکنیک، بەڵام ئەوەی وا دەکات هەموو ئەو پێکهاتانە جۆرێکی جیاواز لەخۆ بگرن تەکنیک و ئەو فۆڕمەیە کە پێی دەگێڕیتەوە. زۆریی ئەو بیرۆکە و ڕووداو تێما و چەمکانەی دەمانەوێت کاریان لەسەر بکەین، ڕەنگە پێشتر سەدان جار بەکار هاتبن و کاریان لەسەر کرابێت، وەک دەڵێن (هیچ شتێکی نوێ لەژێر ئەم خۆرەدا بوونی نییە)، ئەوەی وا دەکات کارەکەی تۆ جیاواز بێت و بەرگێکی نوێ بپۆشێت، بە دڵنیاییەوە شێوازی گێڕانەوەیە و ئەو فۆڕمەیە کە دەتەوێت لە ڕێیەوە پەیامەکەت بگەیەنیت. نابێت بیرمان بچێت چیرۆک پۆلێنی ناو ئەدەبی گێڕانەوەیە و تایبەتمەندیی گێڕانەوەش شێوازەدایە کە بەکار دێت و لەو نوێکردنەوەیەدایە کە زیاتر لەڕێی تەکنیکەوە بەرجەستە دەبێت. بەڵام نەک لەسەر ئەساسی پشتگوێخستنی لایەنەکانی تر. 

ئەگەر ئەو فۆڕمەی پێی دەگێڕیتەوە وا بکات چیرۆک، یان زمان و ئەوانی دی فەرامۆش بکەیت، بە دڵنیاییەوە خەلەل و کەموکوڕی لە کارەکەدا دروست دەکات، هاوشێوەی ئەو نووسەرانەی کە هێندە گرنگی بە زمان و شیعریەت دەدەن لە گێڕانەوەدا کە زۆر جار هەموو پێکهاتەکانی تر لە بیر دەکەن، یان هێندە خەیاڵیان لای بیرۆکەی فەنتازی و دروستکردنی کەشێکی خەیاڵئامێزە، هێندە گرنگی بە جۆری گێڕانەوە و زمان و... نادەن.

قسەکە لەوە نییە چیرۆکی کوردی تەنیا کێشەی تەکنیکی هەیە یان نییە، هێندەی قسە لەوەیە کە چیرۆک لە کۆمەڵێک ڕەگەز پێک دێت و بەقوربانیکردنی هەر یەکێک لەو ڕەگەزانە کەموکوڕییەک دروست دەکات. چیرۆکی باش ئەو چیرۆکەیە کە هەر یەکێک لەو ڕەگەزانە بەقەد خۆیان، نە زیاد و نە کەم، گرنگییان پێ بدرێت.

ژیان:كورد وەکو گەلێکی ستەملێکراو لەم ناوچەیەدا خاوەنی زۆر کارەساتی جەرگبڕ و تراژیکە، لە بەرامبەردا کەمترین بەرهەمی چیرۆکمان هەن هەوڵی بەئەدەبکردنی ئەو کارەساتانەیان دابێت! هۆکاری ئەمە بۆچی دەگێڕیتەوە؟

دانا فایەق: بە دڵنیاییەوە ئەو قسەیە بۆ شیعر و ڕۆمان و سینەما و شانۆ و... ڕاستە. بۆ من هێندەی ئاستی کارەکە گرنگە، ژمارە هێندە گرنگ نییە. بەو مانایەی ئەو کارەی بۆ نموونە لەسەر ئەنفال، یا هەڵەبجە، یاخود هەر کارەساتێکی تر دەکرێت چەندە لە ئاستی ئەو کارەسات و قوربانییە دایە؟ چەندە هەقی داوە بە کارەساتەکە و چەندە بێڕێزی و بێحورمەتیی پێ کردووە؟ بەداخەوە هەندێک جار لە هەردوو کایەکانی ئەدەب و هونەردا کاری وا دەبینیت کە لەسەر ئەو تراژیدیایانەدا دروست دەکرێن، لە ئاستێکی هێند نزم و خوارەوەدان، بەقەدەر کارەساتەکە ئازارت دەدەن. هەڵبەت هەموو تێکست و کارە ئیبداعییەکانی دنیا بارتەقای خوێنی بەناهەقڕژاوی یەک مرۆڤ نابێت، کە لەو کارەساتانەدا بوونەتە قوربانی، بەڵام لانی کەمی با ئازارەکە نەبێت بە دوان و حورمەتێک بۆ کارەسات و قوربانییەکە دابندرێت.

گرنگ نییە ژمارەی ئەو قەسیدانەی بۆ کارەساتی ئەنفال نووسراون چەندن، با لە پێنج ساڵ و دە ساڵدا یەک قەسیدە بنووسرێت، بەڵام لە ئاستی بۆ نموونە (گۆڕستانی چراکان)ی شێرکۆ بێکەسدا بێت، کە دواتر سوکناییەک بە دڵتدا دێت لانی کەم بێحورمەتیی بە کارەساتەکە نەکردووە، یان با لە پێنج ساڵ و دە ساڵدا یەک فیلم لەو بارەیەوە دروست بکرێت، بەڵام لە ئاستی (1001 سێو)ی تەها کەریمیدا بێت، کە لانی ڕێزی لە قورباییەکان گرتووە... سەبارەت بە بوارەکانی تریش هەمان شتە. بۆیە پێم وایە باشترە زیاتر تەرکیزمان لەسەر ئەوە بێت ئاستی کارەکان کە لەسەر ئەو کارەساتانە دروست دەکرێن چۆنە، نەک ژمارەیان چەندە! خۆ ئەگەر بە ژمارە زیاتر بن و لە ڕووی ئاست و کوالێتییەوە لەسەرەوە بن، ئەوە باشتر، بەڵام ئەگەر وا نەبێت هەر نەکردنیان باشترە.

من ناتوانم باس لەوە بکەم هۆکار چییە، ڕەنگە زۆر بن، بەڵام لە هەمووی زەقتر ئاستی ئیبداعی و داهێنان و خەیاڵی ئەو کەسانەیە کە لەو بوارانەدا کار دەکەن. پێم وایە زۆربەمان هێزی ئەوەمان نییە کارێک بخوڵقێنین کە لانی کەمی ڕێزگرتنی تێدا بێت بەرامبەر ئەو کارەسات و قوربانییانە. لەو لایەنەوە دەستنەبردن بۆیان بۆخۆی جۆرێکە لە ڕێزلێگرتنیان!  

ژیان:دەستەیەک لە چیرۆکنووسانی ئەم دواییانە بە ناوی نوێخوازی و کارکردنی بە شێوازی مۆدێرن و تەنانەت پۆستمۆدێرن دەستیان دایە نووسینی جۆرێک لە چیرۆک کە زیاتر لە چەشنێک لە خۆدوواندنی بێزارکەرەوە نزیکبوون و هەرچی ڕەگەزەکانی چیرۆکە تیاندا بزربوون! تۆ پێت وایە بەوجۆرە لە نووسین بگوترێت نووسینی نوێخوازانە؟ ئایا ئەو تەرزە لە نووسین چ شتێک هەیە بیکاتە ئەدەبی مۆدێرن و پۆستمۆدێن؟

دانا فایەق ڕاستییەکەی نازانم مەبەست لە خۆدواندنی بێزارکەر چییە، بەڵام ڕەنگە لای هەر یەکێکمان، چ نووسەر و چ خوێنەر کۆمەڵێک پێوەر هەبێت بۆ چیرۆک، بەشێک لەو پێوەرانە پەیوەندییان بە چێژ و سەلیقەی خۆمانەوە هەیە و زۆر جار ئەوەیە حوکم ئەکات، ڕەنگە چێژ و سەلیقەیەی من جیاواز بێت لە هیی تۆ، هەمان شت بۆ ئەو کەسە ڕاستە کە چیرۆکەکەی نووسیوە. ئێمە ناتوانین بە هیچ کەسێک بڵێین کە دەبێت بەو جۆرە بنووسێت و نابێت وا بنووسێ، ئەوە خۆیەتی بڕیار ئەدات. دواتر تۆ بەدڵت دەبێت یان نا، چێژت پێ دەبەخشێت یاخود نا، ئەوە بابەتێکی ترە.

ئەوەی بۆ من وەک خوێنەرێکی چیرۆک بێزارکەرە، بڕیاری پێشوەختە لەسەر چۆنیەتیی نووسین، واتە هێشتا هیچ بیرۆکەیەکت نییە، بەڵام بڕیار دەدەیت کە ئەمجارە بەو جۆرە چیرۆکەکەت بنووسیت، نەک خودی بیرۆکەکە ئەوە بخوازێت. جیا لەوە ئەوەی ماندووم دەکات، بەزۆر ئاڵۆزکردنی کارەکەیە. هەندێک نووسەر پێیان خۆشە بەزۆر کارەکەیان ئاڵۆز بکەن، کە خوێنەر ڕووداوەکانی لێ ون بێت و ماندوو ببێت، کە زۆر جار ئەوەی لەو بەزۆر ئاڵۆزکردنەدا دەبێتە قوربانی خودی چیرۆکەکەیە. گەلێک جار ئەو بەزۆر ئاڵۆزکردنە وا دەکات چیرۆکەکە چیرۆکی تیا نەمێنێ! دواجار چیرۆکێکی بێ چیرۆکی لێ بەرهەم دێت. هەڵبەت من خۆم وەک خوێنەر زیاتر حەزم لەو چیرۆکانەیە کە زوو خۆیان نادەن بە دەستەوە و جۆرێک لە ئاڵۆزییان تێدایە، بەڵام ئاڵۆزییەکی کە کارەکە دەیخوازێت، نەک ئاڵۆزییەکی دەسکرد و سەپێنراو. زیاتر چێژ لە خوێندنەوەی ئەو کارانە دەبینم کە ئەرک و وەزیفەی من تەنها خوێندنەوە نییە، بەڵکو حەز دەکەم بەشدار بم لە کردنەوەی گرێکان و دۆزینەوەی پارچە ونبووەکان. حەز ناکەم چیرۆکنووس هەموو چیرۆکەکەی بە پاککراوی خستبێتە بەر دەستم و بۆی تەواو کردبم، پێم خۆشە منیش بەشدار بم لە تەواوکردنی چیرۆکەکان. هەر ئەوەشە وا دەکات زوو زوو بگەڕێمەوە بۆ لای چیرۆکنووسی ناوداری ئێرانی (هۆشەنگ گوڵشیری)، ئەگەرچی کارەکانی ئاڵۆز و ماندووکەرن، بەڵام ئاڵۆزێکی خۆڕسک و ماندووکەرێکی چێژبەخشن. گوڵشیری فێرت دەکات و ناهێڵێت خوێنەرێکی تەمبەڵ و دەستوپێ سپی بیت. ئەو پەلکێشت دەکات بۆ ناو ڕووداوەکان و ناچارت دەکات گرێکانی لەگەڵدا بکەیتەوە، ناچارت دەکات تەمبەڵانە پاڵ نەدەیتەوە و وات لێ دەکات چیرۆکەکەی لەگەڵدا تەواو بکەیت.

نوێخوازی لە ئەدەبدا بەو ناوە زەبەلاحانە نییە کە بەزۆر دەسەپێنرێت بەسەر کارەکەدا، بەڵکو لەپاڵ فۆڕم و تازەگەری و...دا، ئەو ئایدیا و پەیامە گرنگە کە دەتەوێت لەڕێی کارەکەوە بیگەیەنیت، کە تا چەندە لەگەڵ چەمکەکانی مۆدێرنە و پۆستمۆدێنەدا دێتەوە! ئایا چەندە پێویستە کە لەگەڵ ئەو چەمکانەدا بێتەوە؟ دیارە ئەوەیان بابەتێکی ترە. 

ژیان: لە دوا کتێبی چیرۆکتدا هەندێک حیکایەتی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسیت وەک کەرەستەی ئەدەبی بەکارهێناوە. پێت وایە ژیانی ئێمە و مێژووەکەمان بەشی ئەوەندە ماددەی خامی تێدایە بۆ چیرۆک دەست بدەن؟

- گابرێل گارسیا مارکیز قسەیەکی هەیە کە دەڵێت (هەموو ئەو ڕووداوانەی باسم کردوون، لە واقعی کۆڵۆمبیاوە وەرمگرتوون و هیچی دروستکراوی خۆم نین!). ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت گەر بڵێم واقعی ژیانی ئێمە و هەموو ئەو حیکایەتە خەیاڵییانەی بۆ ڕووداو و کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان دروست کراون و بەرگی واقعیان بە بەردا کراوە، یان لە چیرۆکی ئەفسانەیی و فۆلکلۆری ئێمەدا هەن و دەستیان بۆ نەبراوە، ئەگەر زیاتر نەبن، کەمتر نین لەوانەی موڵکی کۆڵۆمبیان و مارکیزیان کردووە بەو داهێنەرە گەورەیە... بەڵام جیاوازییەکە لە شێوازی دەست بۆ بردنیان و چۆنیەتیی بەکارهێنانیانە. بە چ جۆرێک لە کارێکی ئەدەبیدا ئیشیان لەسەر دەکرێت و فۆڕمێکی جیاوازیان بە بەردا دەکرێت؟ ئیشی نووسەر تەنیا گێڕانەوەی ئەو ڕووداوانە نییە، ئەگەر تەنیا ئەوە بێت، هەموو کەس دەتوانێت بیکات، گرنگ ئەوەیە لە کوێ و بە چ مەبەستێک و چۆن دەستی بۆ دەبرێت و بەکار دێت.

بەڵێ، لەم کۆمەڵە چیرۆکە تازەیەمدا ڕێک ویستوومە ئەوە بکەم، چەند توانیومە و سەرکەوتوو بووم یان نا، ئەوە قسەیەکی ترە، بەڵام هەر بەڕاستی لە واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی ئێمەدا ئەوەندە کەرەستە و ماددەی دەست بۆ نەبراو زۆرە، کە دەکرێت سەدان تێکستی گەورە و داهێنەرانەی لێ دروست بکرێت. بناغە و بیرۆکەی ئەم کارەی من لەسەر ئەساسی چیرۆکێکی زۆر بچکۆلەی واقعی دروست بوو، کە بەسەر هاوڕێیەکمان هاتبوو و هەر بۆ خۆشی لە مەجلیسێکدا گێڕایەوە. ئەو گێڕانەوەیە لای من مایەوە و دواتر لەپاڵ هەندێ ڕووداوی خەیاڵی، کۆمەڵێک چیرۆکی تری واقعیی لەخۆ گرت، سەرەنجام ئەو کارەی لێ دروست بوو. بۆیە پێم وایە بە دڵنیاییەوە هێشتا گەلێک بابەت هەیە کە دەستمان بۆ نەبردوون و ئەشێ بکرێن بە تێکستی ئەدەبیی زۆر جوان و گەورە. بەو هیوایەی لە داهاتوودا ئەوە ببینین!


ڕیکلام