داوای دوو پڕۆژە كراوە بۆ ئەوەی لە نزیك شوێنی سنەوبەرەكانی تاسڵوجە بكرێنەوە

  2020-10-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند دوو پڕۆژە پێشكەش كراوە بۆ ئەوەی لە نزیك شوێنی سوتانی سنەوبەرەكانی تاسڵوجە بكرێنەوە، دڵنیاییشیدا لەوەی هیچ كەسێك بە ئەنقەست ئاگری بەرنەداوەتە سنەوبەرەكان.


هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا رایگەیاند: سوتانی سنەوبەرەكانی تاسڵوجە و گۆیژە بە دەیت ئەنقەست نەبووە بەڵكو دوو ئاگر لەو ناوچانە كەوتووەتەوە كە سەرچاوەی هەردووكیان دیارە. 

ناوبراو وتیشی: ئەو شوێنانەی دەكەوتە سنوری ماستەر پلانی سلێمانیەوە ئیتر بەناوچەی كشتوكاڵ نامێنێت، لە ئەستۆی پۆلیسی دارستان نامێنێت و سەوز كردن و خزمەتكردنیان دەكەوێتە ئەستۆی شارەوانی. 

ئەو كە بە مەبەستی گفتوگۆ لە بارەی سوتانی سنەوبەرەكانەوە بانگهێشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنكرابوو روونیكردەوە، لە ماوەی رابردوو دوو پڕۆژە پێشكەش كراوە بۆ ئەو سنورە بەڵام ئێمە داوامانكردووە سنەوبەرەكانی تاسلوجە بە پشتێنەیەكی سەوز بمێنێتەوە و خودی پڕۆژەكانیش دەبێت 25%ی پڕۆژەكانیش بكرێتە سەوزایی و ئەو پڕۆژانەش دەبێت هەریەكەیان قوتابخانەیەك دروست بكرێت و سەربانی پڕۆژەكانیش بكرێتە سۆلار بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا. 

پارێزگاری سلێمانی وتیشی: دڵنیابن ئەو ئاگرانەی لە سلێمانی دەكەوێتەوە دەستی ئەنقەست نیە، هیچ حزب و لایەنێكی لە پشتەوە نیە و هەركەسێكیش دیكۆمێتێكی هەیە لەو بارەیەوە رادەستمانی بكات ئێمە سكاڵای یاسایی تۆمار دەكەین لە دژیان. 

هەرچەندە ئەنجومەنی پارێزگا بۆخۆی لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێنابوو، بەڵام ئەمڕۆش هەریەكە لە پارێزگار و سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان شارەكە بانگهێشتكرابوون. 



ڕیکلام