لە فەڕەنسا 3 ژن دەستگیر کراون وێنەی نەشیاویان لەسەر پێغەمبەر محەمەد بڵاوکردووەتەوە

  2020-10-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا ڕایانگەیاند، ٣ ژنیان لە ناوچەی تۆلۆزی باشوری خۆرئاوای فەرەنسا دەستگیر کردووە، لە کاتێکدا سەرقاڵی هەڵواسینی وێنەی ئەوتۆ بوون کە سوکایەتی بووە بە پێغەمبەری ئیسلام محەمەد.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، ئەو ژنانە چالاکی بوار ژنان بوون، هەریەکەیان بڕێک سیکۆتین و سەدان پەرەیان پێووە، کە وێنەی کاریکاتێری لەسەر نەخشێنراوە و بە نیاز بوون سەدان وێنە وەک سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام بڵاوبکەنەوە لە شارەکەدا.

دوای تێپەڕبوونی ٣٠ خولەک بەسەر کارەکەیان پۆلیس گەیشتووەتە ناوچەکە و  هەرسێکیان دەستگیر کراون و تۆمەتی هەڵواسینی وێنەی نایاساییان دراوەتە پاڵ، بە تایبەت لە ناوچە شوێنەوارییەکان.

ئەو ڕوداوە دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێر بوو بەسەر لێدوانی جیرار دارمانان وەزیری ناوخۆیی فەڕەنسا، کە رایگەیاندبوو فەرمانیکردووە بە داخستنی مزگەوتێک لە دەوروبەری پاریسی پایتەخت.

لەدوای ڕوداوی سەربڕینی مامۆستاکەی هەینی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا هەڵمەتێکی لە دژی کەسایەتی و کۆمەڵە ئیسلامییەکان دەستپێکردووە، بەڵێنی ئەوەشیان داوە جەنگ لە دژی دوژمنانی کۆمار دەستپێبکەن.

وەزیری ناوخۆیی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەڵمەتە دەیان کەس دەگرێتەوە، مەرج نییە پەیوەندییان هەبێت بە لێکۆڵینەوەکان لە کوشتنی مامۆستاکە، بەڵکو پەیامێکە و پێیان دەڵێن ڕێگە نادەن دوژمنانی کۆماری فەڕەنسا بۆ یەک خولەکیش ئاسودە بن.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو سمویل باتی تەمەن ٤٧ ساڵ ئەو مامۆستایە بوو کە وانەی جوگرافیا و مێژووی دەوتەوە لە ناوچەیەکی بێدەنگی خۆرئاوای پاریس، پۆلیسی فەڕەنسا ڕایگەیاندبوو بکوژەکە پەنابەرێکی چیچانییە بە ناوی عەبدولا ئانزوروف، کە  تەمەنی ١٨ ساڵە.



ڕیکلام