واشنتۆن: ڕوسیا و ئێران دەیانەوێت دەستوەردان بکەن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا

  2020-10-22  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕوسیا و ئێران ڕێوشوێنیان گرتووەتە بەر بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری "جۆن ڕاتکلیف" بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریکاوە بلاویکردەوە، ئێران پەیام و نامەی ئەلکترۆنی ناردووە، بە مەبەستی دروستکردنی ترس بۆ دەنگدەران و هاندان بۆ ئاژاوە و زیانگەیاندن  بە سەرۆکی ئێستای ئەمریکا.

ڕاتکلیف باس لەوەشکرد، ڕوسیا هەندێک زانیاری لەسەر دەنگدەرانی ئەمریکا دەستکەوتووە و دەزگای هەواڵگری هەستی بە هەڕەشە و چاوترساندنەکان کردووە و وەڵامیشی داوەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری ئەوەیدا کە هەریەکە لە ڕوسیا و چین و ئێران، لەهەوڵی ئەوەدان دەستوەردان بکەن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، کە ئامانج لێی لەقکردنی ئارامییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دروستکردنی دابەشبوونە لەناوخۆیی کۆمەڵگەی ئەمریکا، هەروەها دروستکردنی کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا روسیا چەند جارێک رەتیکردووەتەوە هەولی دەستوەردانی دابێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، ئەو راپۆرتانەشی باس لەوە دەکەن، بە ناڕاست لە قەڵەمیان دەدات.



ڕیکلام