ئاسۆیەک لە ئێستاماندا ناڕوونە

  2020-10-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە میانەی کۆمەڵە شیعری ''ئەوە''ی خانمە شاعیری دانیمارکی (ئینگا کرێستنسن)

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

لە مانگی سێپتێمبەری ئەم ساڵ چەندین کۆڕ و چالاکی بە بۆنەی ٥٠ ساڵ لە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە شیعری ''ئەوە'' ی ئینگا کرێستنس لە دانیمارک بەڕێوە دەچێت. ''ئەوە'' کۆمەڵە شیعرێکی گرنگ و تایبەتە، کە هەتا ئێستاش جێی بایەخی خوێنەران و ڕەخنەگرانی بواری ئەدەبی دانیمارک و تەواوی ئەسکەندەنافیایە. 
ئینگا کرێستنسن بە یەکەم خانمە شاعیر دادەنرێت کە شێوازی تایبەتی خۆی هەیە لە نووسینی شیعر، ئەو داهێنانی لە جۆرە نووسینی شیعری سوستیماتیک هەیە، بە جۆرێک زۆربەی کۆمەڵە شیعرییەکانی بە سیستمێکی جیاواز بڵاو دەکاتەوە، تاوێک شیعرەکانی جۆرێکە لە هاوکێشەی بیرکاری و تاوێکی تریش یاریکردنە بە زمان و وشەکان. هەر وشە و دەستەواژەیەک بە هەڕەمەکی دانانێت و بیر و وێنەی تایبەتی خۆی بە شیعرەکانی دەبەخشێت. 

جیهانێک پێش پۆپیلارییەتی

یەکێک لە پایە گرنگەکانی ئەم کتێبە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە باس لە جیهان دەکات، جیهانێک پێش ئەوەی دەنگی پۆپیلاری تیایدا دەنگ بڵند بێت. کتێبی ''ئەوە'' ی ئینگا کرێستنسن ڕەخنەیەکی شیعری عەقڵانییە، وەک چۆن لەم چەند دێرانەی ناو کتیبەکە دەردەکەون کە کۆکراوەیەکی ڕەخنەی کۆمەڵایەتییە کە لە ئەمڕۆدا بەهۆی بەکاربردنی زۆرەوە لەناو چووە: 

ئامێرێکی بەختەوەر
خەیاڵێکی زۆردار
دیمەنێکی سەرسام
خولخلۆکەیەکی وەستاو
کەس هەستی پێناکات
لە پێناوی ژیان ڕادەکات
وشەیەک دێتە ئاراوە
سەگەکان دەوەڕن

ئەم شیعرانە هەیمەنەتی هێزێکی نوێ بووە لەسەر کەشی گشتی و وا دەردەکەوێت کە رەخنەیەکی نیمچە کۆنە، مرۆڤ لە سەدەی بیستدا لە چەرخێکی مات و ڕاوەستاودا هەر ڕاکەڕاکێن و تووشی هەڵهاتن بووە بە هۆی سەردەمی تەکنەلۆژیاوە، بێ هاوتا کاریگەری هەبووە لەسەر مرۆڤەکان، کاتەکە هێشتا وەک خۆیەتی و کۆڕانکاری تیا نەکراوە.

1. دەچنە بیابان و لەگەڵ وزە بەیەک دەگەن.
2. کات هەتا ئاستێکی زۆر پێوانەی ژیانی پێدەکرێت.
3. بۆ نمونە وشەی ناشارستانی خۆی لە خۆیدا نا دروستە.
4. گەرمی. پەستانی دەڵاندن لە نێوان جەستە و هەوادا ون دەبێت.
5. مرۆڤێک لە لم دروستدەکرێت. مرۆڤێک لمی بیابان دەهێنێتە جوڵە. 
6. هەرچی تەنی جیهانە بە لەشەوەیە. مەستییەک ئەوینمان بۆ چێ دەکات.




ئینگا کرێستنسن سەرسەختانە کار لەسەر زمان دەکات، یاری بە وشە و ڕستە وێنەییەکان دەکات، زمان وەک ئامرازێکی بەهێز لە شیعر بەکاردەهێنێت. زمانێکی پاراو و هزر پۆش لە شیعرەکانیدا بەدیدەکرێت. زۆربەی ڕەخنەگرەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە زمانی ئینگا کرێستنسن، زمانێکی هەر وا ئاسان و سانا نییە بۆ تێگەیشتن، لەهەمان کاتیشدا پڕە لە مانای قوڵ و تێڕامان. 


متمانەت بە زمان هەبێت
کە بەشێکە لە بایلۆژیا
هەروەها متمانەت بە زمان هەبێت کە خۆیەتی
شتی گرنگ بەرهەم دەهێنێت
هەست، بیرکردنەوە
سەبارەت بە گرنگییە نوێکانی
هەست
بیرکردنەوە
بەم جۆرە ترس بەڕێدەکەین
بە پارێزگاریکردنی ترس

کتێبەکە لە سێ بەشی سەرکی پێکهاتووە: (دیمەن، مامەڵەکردن، تێکست) بۆ هەر بەشێکیش چەند ناونیشانێکی لا بەلا هەن بۆ کۆمەککردنی بەشە سەرەکییەکان. لێرەدا بەشێکی کورت لە (دیمەن) دەخەینە ڕوو: 

(دیمەن) 

جیهانە دیارەکەم
دەنووم و لە فەنابوونی خۆم دەمێنمەوە
لێرەوە، لە شوێنەکەم
لە نێوان پێ و شیعر و تاریکیدا
پێیان وتم
کە بۆ خەو کراوە
پێیان وتم با بێ ناسنامەیی کاتی خۆی وەربگرێت..
با من ئەو "شتەبم"

دەڵێن کاتێک بە مردن ئاشنا دەبیت تۆ لەسەر جێگا دەبیت
بیرت بێت..!!
کەمێکی تر خوێنت لێ دەچۆڕێت و 
وەک هەمیشە پێش دەکەویت و
وێنەیەکمان لە لایە هیچ هێڵێکی نییە..
ئەگەرچی من
 شێوەی ئەم هاوکێشەیەم دۆزیوەتەوە.

دەڵێن فێر دەبیت لاڵ ببیت کاتێک لە سەر جێگاکەت دەبیت
فێر دەبیت باوەڕت هەبێت بە هەموو خەونە بێ ماناکان.
فێر دەبیت..
توانایەک بۆ مانەوە ببینیت
بۆ مردنێکی تایبەت
من هەر ئاوا بێ مانام
من هەر ئاوا مرۆڤێکی گریمانەم
وەک هەڵکوتانەسەرێکی بە هەڵە
لە جیهانێکی ڕەوا
وەک هەڵکوتانەسەرێکی ڕەوا
بۆ جیهانێکی هەڵە

وا هەموو ئەو شتانە دەناسمەوە
کە بۆ سبەینێ پێویستیم پێیان نییە..
سبەینێ کاتێک خەبەرم دەبێتەوە..
ئەگەر خەبەرم بویەوە و
خەون بەو گۆرانییە دەبینم کە بەرەو ڕووم دێت:
We want the world and we want it now*

ئەم جیهانە تەنهایە بۆ ئێمەیە
ئەم جیهانە تەنهایەی بۆ ئێمە نەنووسرا
بەڵکو بۆ خۆی نووسراوەتەوە..
وەک ئەوە وایە بیر لەوە بکەیتەوە کە هەوا لەسەر زەوییە
وەک ئەوە وایە هەناسەکان
لە دەمی ملیۆنەها کەس بێتە دەرەوە
وەک ڕۆح
وەک وشە
وەک هاوار
وەک هاوکێشەیەکی یەکسان..
لە نێوان ترسی ژیان و لە دەستدانی. 


*دێرێکە لە گۆرانییەکی تیپی ڕۆکی ئەمریکی بە ناوی Doors کە لە شەستەکان زۆر ناوبانگی هەبوو. ئەو دێرە لە دەقە دانیمارکییەکە هەر بە ئینگلیزی نووسراوە بۆیە وەک خۆی دانراوەتەوە.

 هەندێک لە ناونیشانە لابەلاکانی (دیمەن)

گشتگرەکان  Universaliteter 220

هەست دەکەم  زیاتر تێدەگەم  لەوەی پێویستە
خۆم دەبینم کە من ئەچمە نێو مردن
وەک ئەوەی لێی تێبگەم
وەک ئەوەی ئەمە کارێکی باش بێت

خۆزگە مردن لە من تێدەگەیشت
خۆزگە بێتە ناومەوە 

هەست دەکەم گەرمامە
هەست دەکەم دەترسم 

گشتگرەکان  Universaliteter 218  

وا هەست دەکەم ڕاهێنانی وشەکانم کردووە
بۆ گواستنەوەیان بۆ سەر جەستەم 
گواستنەوەیەکی دڵنیاییانە بەرەو جیهان

ئەوکاتەی جەستە بەخەبەرە
بە وێڵ بوونی ئەزانێ بە ناوما.

هاوشێوەکان   Symmetrier

ڕەنگە بیابان وشک و بێدار بێت
ڕەنگە کەسیش باوەڕ بە بوونی نەکات.
مردووەکان ڕەنگە ببنە مردوو
تا ئەوکاتەی کەس بە مردنیان باوەڕ نەکات

ئەوان لەسەر لمەکان ڕاکشاون 
زۆر لە هێلکە شەیتانۆکە سادەکان دەچن
چاوەڕوانی ئاویکن تا دوبارە سوڕ بخۆنەوە !




"ئینگا کریستینسنInger Christensen " 
لە دایکبووی ساڵی  ١٩٣٥ و لە ساڵی ٢٠٠٩ کۆچی دوایی کردووە.  یەکەمین بەرهەمە شیعری بە ناوی (ڕوناکی) لە ساڵی ١٩٦٢ و هەروەها کۆمەڵە شیعری (ئەوە) لە ساڵی ١٩٦٩ دا بڵاوکردۆتەوە. جگە لەوە دوو کۆمەڵە شیعری تریشی هەیە بە ناونیشانی: (ئەلفابێت) و (دەربەندی پەپولەکان) ئینگا کرێستنس بە شاژنە شاعیری نوێخوازی دانیمارک دادەنرێت و یەکێکە لە باشترین شاعیرە هاوچەرخەکانی دانیمارک و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا. شێوازێکی تایبەتی خۆی هەیە لە نووسینی شیعردا کە ئەم شێوازە هەتا ئێستا بە تازەترین شێوازە شیعری دانیمارکی دادەنرێت. خوێنەران و نێوەندی ئەدەبی خێرا بە شیعرەکانی خۆی سەرسام کرد. شیعرەکانی ناخێکی دەروون قوڵیان هەیە، لەگەڵ هێنانی چەندین وشە و وێنەی فەلسەفی جۆراوجۆر، وا لە خوێنەر دەکات بوەستێت و بیر لە هەر وشەیەکی بکاتەوە. 
کاتێک کۆچی دوایی کرد هەموو میدیا جیهانییەکانی ئەدەب و ئەکادیمیای سویدی بە داوای لێبوردنەوە باسییان لێوە دەکرد کە چۆن خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی پی نەبەخشراوە.



سەرچاوە: 
کۆمەڵە شیعری (ئەوە( Det ١٩٦٩.



ڕیکلام