لفکەی زبر

  2020-10-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چیرۆك

عومەر سەید

 ساڵ ئەنفالەکە، ئەو رۆژانەی جەیش و جاشی سەدام وەک وەحشێکی گەورە و سامناك، یا ئامێرێکی کوشتوبڕ بەرببوونە خاک و خەڵکی کوردستان، مەخلوق گەلێکی زۆر تیاچوون و مەڕوماڵاتێکی زیاتر تاڵانی کران. هەزاران شارۆچکە و گوند لە نەخشەی جوگرافیادا سڕانەوە و لە بری رەنگی سەوز و ئاوەدانی بە رەنگی رەش، وەک ئاماژەیەک بە خاکی سووتماک بوو دەرئەکەوتن. مەرگەساتترین ساڵ بوو، عالەم بە لێشاو ئەمردن و زۆرتریش بەرە و نادیار دەڕفێنران. ئەو ساڵە، جاش موستەشارێک کە رێ نیشاندەری پێچوپەنا و توولەڕێ و گوندە دوورە دەستەکان بوو. خۆی و جاشەکانی پێش لەشکری دوژمن کەوتبوون و دێ بە دێ رێبەرایەتی مەرگ و ستەمیان دەکرد بۆ سەر هاوزمانانی خۆیان. هەر گوندێکیش کە ئەنفال دەکرا، رۆحی مرۆڤەکانی بە منداڵ و پیرەوە، بە ژن و پیاوەوە بۆ سوپای حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی بوو، هەرچی سامان و مەڕ و ماڵاتیش بوو هەر بۆ ئەوان بوو. بەڵام لێرە و لەوێی گوندی سووتاودا، جاشەکانیش دەسبەتاڵ نەدەگەڕانەوە و شتێک زیاتر لە بەشی خۆیانیان وەچنگ دەکەوت. 

لە یەکێک لەو سەدان گوندانەی ناوچەی قەرەداخ، کاکی موستەشاری سەرۆک سەدام، دەسکەوتی زۆر نەبوو. هەر چەند خرتە قەلێک و یەک دوو باڕە مریشک و کۆشێ جووجەڵە بوو. هەرچی ژن و منداڵەکان بوو، ئەوانی کەوتبوونە نێو تۆڕەکەیەوە، وەک فەرمانی پێکرابوو. تەسلیمی سوپای داگیرکەری کردن و دەسکەوتەکانی خۆشی بردەوە بۆ ماڵەکەی. بەم جۆرە هەر رۆژە و لە هەر چالاکییەکی ئابڕو بەرانەیدا، شتێکی بە چنگ دەکەوت. لەم گوند بوخچەی بە بۆن و بەرامەی مێخەک و ئوسمەی لە مێژینەی نێو سنوقێکی بوراق و لەو گوندیش قاتێکی شاڵ یان بزنێک، یان هەر نەبێت کەڵەشێرێک. رۆژێک کە دوو قازی بە دەست کەوت بوو. لە نێو کوچەیەکدا، هەرزەیەک بە گاڵتەجاڕییەوە پێی وت: ـ ئەو قازانە نافرۆشی؟ لە بری ئەو پیرە پیاوێکی پیادەڕەوی نێو کۆڵانەکە، بە لاقرتێوە، بەڵام زۆر توند و توڕە وەڵامی هەرزەکەی دایەوە: ـ چۆن بیفرۆشێت! شتێک بەهاکەی لە دەستدانی شەرەف و نیشتمان بێت، هەموو پارەی دنیاشی بۆ بکات هێشتا هەرزانە.! ئەو رۆژانەشی لە هەڵمەت بردنە سەر ژن و منداڵ و پیرەکانی گوندەکانی گەرمیاندا بوو. لە نێو دووکەڵ و هەڵقرچانی گوێسەبانە و درەختدا، لە نێو بۆن کروزی گەنمی رەنگ ئاڵتوونی عەمبار کراودا و بۆنی دوکەڵی تیژی کا و جۆی عەمبارەکاندا، بە نێو گریان و زریکە و فیزاحی گوندییەکانەوە، ئەو راکە راکی بوو بە دوای مەڕە لاتێکی پیردا. بۆ سەربازە عەرەبەکان دیمەنێکی گاڵتەئامێز بوو. بە دەم فیکە کێشان و قرەوە و قڕی هاوارەوە لە دیمەنی ململانێی نێوان جاش و پیرە مەڕیان دەڕوانی. بە قەشمەرییەوە هاواریان دەکرد: ـ یەڵا کاکە.... عەفییە کاکە......! 

کاکەی جاشی بە مەسخەرە بوو، بە تاقم و تفەنگەوە، بە شەرواڵی فشەوە، هانکە هانک ها لێرە و ها لە وێ وازی نەهێنا تا پیرە مەڕەی نەگرت. ئەو مەڕەی باعە و هاواری کەوتبووە سەروی هەموو گریانی مەخلوق و هەموو گریانی سروشتەوە. دوانیوەڕۆ سوپای بەعس بە سەدان زیل و تراکتۆری پڕ لە خەڵکەوە، شاد و پڕ نەشئەی سەرکەوتنەوە و جاشەکانیش بە دەستی پڕ تاڵانییەوە، گەڕانەوە. ئەو رۆژەی جاشەکە پیرە مەڕی بۆ جەژنی قوربان سەربڕی. دڵی نەهات تەنانەت خورییەکەشی ببەخشێت، بە یەکێک لە جاشەکانی خۆیدا ناردی تا بۆی بکەن بە لفکەیەکی زبر بۆ جەستە توکنەکەی لە گەڵ دوو جووت گۆرەوی ئەستوری خوری بۆ منداڵەکانی و ملپێچێکی نەقش دار بۆ ژنە بچوکەکەی. لە نێو ئۆردوگا زۆرە ملییەکەدا کە بۆ پاشماوەی ئەو خەڵکە داماوە دروست کرابوو کە لە پرۆسەی ئەنفالەکەدا بە رێکەوت یا بە هۆی پیری و پەککەوتەیان مابوونەوە. پیرە ژنێکی دەم و چاو خاڵاوی پشت کوڕی بێ کەس و بێ داڵدە هەبوو. کە لە رێگەی لفکە چنینەوە بژێوی خۆی دابین دەکرد. مانگانە ئەو داماوە بە دوو چاوی کز و دوو دەستی لەرزۆکەوە چەند لفکەیەکی دەچنی و کوڕ کوڕ رێگەی بازاڕی دەگرتە بەر بۆ فرۆشتنیان. بە رێکەوت خوری پیرە مەر کەوتە بەر دەستی ئەو. پیرێژن هەر زوو لە رێگەی هەستی بۆنەوە، کەوڵی مەڕەکەی خۆی ناسییەوە. بە دەم گریان و دەس پێهێنانیدا بە پرتەوبۆڵە کەوت: ـ لە دارەی دنیا بەس تۆم هەبوی، خۆم تاق و تەنیا و تۆش تاق و تەنیا، کوێرایم دایە بۆ شیرە سپی و خۆشەکەت، کوێرایم دایە بۆ گوێ شۆڕەکانت، ئەم کافر بابانە چۆن ئاوا دەستیان تێچوو کەوڵت بکەن. رۆڵە لەو رۆژەوەی تۆیان لێ دزیوم، تامی شیر و ماست نەچۆتە سەر زارم، رۆڵە ئەو جەیش و جاشانە ئەها هیچیان نەهێشت، هەموویان دزی. تا تاریکەسەڵات پیرێژن، دەردە دڵ و ماڵ وێرانی خۆی بۆ کەوڵی چڵکن و خوێناوی گێڕایەوە. 

خوری شوشت و شیکردەوە، پاشان بە تەشێکەی رێسای. لە گەڵ بادانی تەشێکە لە سەر رانە لاواز و باریکەکەی. یادەوەرییە تاڵەکانی نێو سەریشی دەخولایەوە و لە ژێر لێوەوە هەر دەیوت و دەیوت. یەک مانگی رەبەق هەرچی بە سەر خۆیی و گوندەکەیدا هاتبوو گێڕایەوە. باسی مانگا و مەڕ و بزنەکان، مریشک و باڵندەکان، کچان و کوڕان، منداڵانی بزێو. هەموو مانگەکە، شەو و رۆژ، لە گەڵ رێسان و چنیندا، هەرچی بە سەردا هاتبوو، هەرچی بینی بوو، لە زوڵم و ستەم و کوشتوبڕ. هەمووی گێڕایەوە. یەک مانگی رەبەق فرمێسکی پیرێژن رژا بە خوری و گڵۆڵە بەنەکاندا، فرمێسکێک هێندە پڕ ئازار، بەنەکانی وەک تەلەزیی زیندانەکان تیژ و زبر دەکرد. تا ئەو رۆژەی لفکە و مل پێچ و گۆرەوێکانی رادەست کردەوە، لە بەسەرهاتەکانی ئەنفال کۆڵی نەدا. پاش ئەوەی جاش موستەشارەکە بە خۆشحاڵییەوە لە حەمامەکەدا و بە لفکەی مەڕە پیر خۆی شوشت و هاتە دەرەوە.

 ژنەکەی لە گەڵ هاوارێکدا دەستی خستە سەر دەمی و بە دوو چاوی زەق و ترسەوە روانییە مێردەکەی و دیسانەوە هاواری کرد: ـ بۆ خاتری خودا، ئەوە چیت لە خۆت کردووە؟! ـ چی بووە، شێت بووی؟! ژنە ئەوجا لە قاقای پێکەنینی داو وتی: ـ بچۆرە بەر ئاوێنەکە و تەماشایەکی خۆت بکە. جاشەکە کاتێ لە ئاوێنەکەدا خۆی بینی، راچەڵەکی. سەر و ریش و سمێڵی و تەنانەت برۆکانیشی ساف و لووس، یەک تاڵە مووشی پێوە نەمابوو. رۆبەکەی لابرد و روانییە جەستە کەتەکەی و ورگە شۆڕەکەی. ببو بە پەیکەرێکی بێ تووک، وەک بووکەڵەی دەستی منداڵان ساف و لووس و بێ موو. ژنەکەی لە پشتییەوە لە قاقای پێکەنینیدا و وتی: ـ وەک سەگە گەڕەکانی کوڵانت لێ بەسەرهاتووە، گول بوویت. بە سیمای بێ مووی پڕ ترسەوە لە ژنەکەی پرسی: ـ بڵێی نەخۆشییەکی خراپم تووش بوبێ؟! ژنە لە کاتێکدا بە دەوریدا دەخولایەوە و زەق زەق لە جەستەی دەڕوانی، هەروا بە بزە پێکەنینی گاڵتەجاڕییەوە پێی وت: ـ نەخۆشییەکی ئەبەدییە، تا ماوی مووی پیاوەتیت لێناڕوێتەوە.


ڕیکلام