کوردی  |  English            

ئێران هەڵویستی خۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند

  2020-11-05  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران هەڵبژاردنەکانی ئەمریکای بە "نمایشکردن" ناوبردو رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ بایەخێکی پی نادات، بەدەر لەوەی ئەنجامەکەی چی دەبێت.

خامنەئی لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "ئای چ نمایشێکە، یەکێکیان دەڵێت هەڵبژاردنەکان زۆترین ساختەکاری تیاکراوە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کێش ئەو قسەیە دەکات؟ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا".

ڕابەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە "لە بەرامبەریشدا ڕکابەرەکەی دەڵێت، ترەمپ دەیەوێت ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، ئەوەیە هەڵبژاردنی دیموکراسییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا".

عەلی خامنەئی لە بەشێکی تری قسەکانیدا پێی وایە، بۆ ئێران هیچ جیاوازییەکی نییە کێ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا سەردەکەوێت، ئێران بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی خۆی، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.

رابەری باڵای ئێران ڕوونیشیکردەوە، سیاسەتیان بەرامبەر ئەمریکا ڕوون و ئاشکرایە، بە گۆڕینی سەرۆکەکانی ئەمریکا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت.

وتیشی "گۆڕینی ناوەکان هیچ پەیوەندی بە ئێمە نییە، ئەوەی بەلامانەوە گرنگە سیاسەتی ئەمریکایە".

لە کۆتایی وتەکانیدا خامنەئی ئاماژەی بەوەکردووە، بە دانپێدانی کاندیدەکان، هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا یەکێکە لەو هەڵبژاردنانەی کە زۆرترین ساختەکاری تیا کراوە لە جیهاندا، جگە لەوەش لاربوونەوەی ئەمریکا لەڕووی سیاسییەوە ڕوون و ئاشکرایە، بەگوێرەی دانپێدانەکانی ئەمریکا سیستمی ئەو وڵاتە ڕووی لە لاربروونەوەی مۆراڵییە.