شانۆ لە قەیراندایە یان .. ؟!

  2020-11-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکمت معروف



دەیەیەک زیاترە، لە راگەیاندنەکانەوە دەبیستین، و دەڵێن: شانۆ(١) لە قەیراندایە! بەشێک لەو کەسانەی ئەم دەستەواژەیە دەڵێنەوە، بەهانەیان بۆ ئەمە، نەبوونی شانۆی جدی و کاریگەرە. ئەمە جگەلە هۆکاری تری وەک نەبوونی دەقی خۆماڵی و هۆڵی شانۆی هاوچەرخ و گونجاو بۆ نمایشەکان و .. هتد.  من وەک بینەرێکی شانۆ، دەمەوێت قسەیەک لەو بارەیەوە بکەم. لەبەر ئەوەی من بینەرم؛ بە جورئەتەوە، بێ ئەوەی خەمم بێت هاوڕێ بینەرەکانم دڵیان بئێشێت، راستییەکی تاڵ دەخۆمەوە و دەڵێم: ئەوەی ئێستا لە قەیراندایە، بینەرە، نەک شانۆ!

بۆچی شانۆ لە قەیراندایە، لە کاتێکدا، لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا، لە سلێمانی (چوار) شانۆیی یەکجار جدی و زۆرباش، نمایش کراون!؟ ئەوانیش: 

١) شانۆیی هیچم نییە بیشارمەوە، کۆڕی شانۆی با.(2) 
٢) باڵندەکانی گەرمیان، کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی کورد.(٣) 
٣) فڕین بەناو خۆڵەمێشدا، گروپی شانۆی گۆدۆ.(٤) 
٤) مایسترۆ، کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد.(٥)

لە کام شاری عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، لەم دۆخە خراپەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، ئەکتەرەکانی شانۆ لە شارێکدا، چوار شانۆیان نمایش کردووە؟؟  

ئەوە بۆ شانۆ لە قەیراندایە، کاتێک ژمارەی ئەوانەی رۆژانە لە کافێ و چایخانەکاندا دادەنیشن، سەد هێندەی ژمارەی ئەوانەیە، کە بۆ نمایشیی شانۆییەک دەچن! ئەوە بۆ گەنجی ئێمە، رۆژانە زیاتر لە (سێ) سەعات لە کافێی و چایخانەکاندا دادەنیشێت و کات دەکوژێت، کەچی لە ساڵێکدا تەنها (یەک) سەعات بۆ بینینی شانۆییەک دانانێت!؟ ئەوە بۆچی گەنجی ئێمە، لە رۆژێکدا (دوو) نێرگەلە دەکێشێت، کە نرخی هەر یەکێکیان (سێ تا پێنج) هەزار دینارە، کەچی ئامادە نییە لە ساڵێکدا، تەنها (سێ) هەزار دینار بە بلیتی شانۆییەک بدات!؟ ئەوە بۆ دایکان و باوکان، هەفتانە یان بەلایەنی کەمەوە مانگانە، دەستی هاوسەر و کوڕ و کچەکانیان دەگرن و دەیانبەن بۆ مۆڵ و شوێنە خێزانەکانی تر، کەچی لە هەموو تەمەنیاندا دەستی هاوسەر و مناڵەکانیان ناگرن و پێکەوە بۆ شانۆییەک بچن!؟ ئەمە دەرخەری ئەوەیە، بینەر لە کێشەدایە نەک شانۆ!

ئەو چوار شانۆییەی لەم ماوەیەدا نمایش کران، لە هەموو رووەکانی وەک: دەق ، دەرهێنان و رۆڵبینینەوە، لە ئاستێکی یەکجار باڵادا بوون، کەچی کەمترین ژمارەی بینەر چوون و نمایشەکانیان بینی! ئەمە لە کاتێکدایە، هەر یەکێک لەو شانۆییانە، ئەکتەرەکان و دەرهێنەرەکانیان و ستافی تری وەک رووناکی و دیکۆر و .. هتد، چەند مانگێک خەریکی راهێنان و پرۆڤە بوون و هەرچی کات و هێز و توانایان هەیە، لە گەیاندنی کارەکەیاندا بۆ ئاستێکی بەرز، خەرج کرد! سەلامەتی و تەندروستی خۆیان لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا خستە مەترسییەوە، تا بینەر لەو دۆخە دەروونییە، چەقبەستووەی کەرەنتینەکردن، بگوێزنەوە بۆ دۆخێکی ئاساییتر. ئاخر چی لەوە گونجاوتر و باشترە، دوای ئەو هەموو لە ماڵەوە بوون و دوورکەوتنەوە کۆمەڵاتییە، بە خۆپارێزییەوە نمایشێکی شانویی هەبێت و بچیت بیبینیت؟!       

 باسی سەردەمی زێڕینی شانۆ دەکرێت، من رێزێکی یەکجار زۆرم بۆ ئەو مێژووە هەیە، بەڵام لە کام سەردەمی زێڕینی شانۆدا، لە مانگێکدا (چوار) شانۆیی لە سلێمانی نمایش کراوە!؟ بڕواموایە لە هەموو کوردستانیشدا، لە مانگێکدا (چوار) شانۆیی نمایش نەکراوە. بەڵگەشم بۆ ئەم قسەیە، بیبلۆگرافیاکەی کاک (بوار نوورەدین)(٦)ە. من دانی پێدادەنێم، کە بارودۆخی ئێستا تا سەر ئێسقان دۆخێکی قەیراناوی و جاڕسە، رەنگە هەندێک ئەو دۆخە بکەن بە بەهانە و بڵێن: کوا مرۆڤ حەوسەڵەی بینینی شانۆی هەیە! بەڵام منیش دەڵێم: ئەی چۆنە حەوسەڵەی ئەوەمان هەیە، رۆژانە چەند سەعاتێک لە کافێ و چایخانە و مۆڵەکاندا، بەسەر بەرین!؟ ئەی چۆن دەتوانین ئەو هەموو کاتە زۆرە لەناو سەیارەکانمان بەسەر بەرین و بەنزین بسووتێنین و بێ هۆکار و هەر بۆ خۆشی، شەقامی مەولەوی و گۆران و سەهۆڵەکە و جادەی پۆزەکە، قەرەباڵغ بکەین!!   

لە کۆتاییدا دەڵێم: تکایە دەستەواژەی (شانۆ لە قەیراندایە) سووا ؟! هێندە مەیڵێنەوە، چونکە ئەوە شانۆ و هونەرمەندانی شانۆ نین لە قەیراندان! ئەوە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات و حیزبایەتی و کۆی کۆمەڵگەیە، لە قەیراندان. ئەوە بینەرە، مۆبایل و تیڤی و نێرگەلە و دانیشتنی کافێ و چایخانە و پیاسەی ناومۆڵەکان، هەموو کاتەکانی دەبات!؟ ئەوە بینەرە لە قەیرانی رێزنەگرتنی کاتدایە، لە قەیرانی رێزنەگرتنی هونەردایە.
***

١) لە سادەترین پێناسەدا شانۆیی شێوەیەکی ئەدەبە، لەلایەن نووسەریی شانۆییەوە دەنووسرێت، پێکهاتووە لە وتووێژ (حوار) یان گۆرانی لە نێوان کارئەکتەرەکاندا، دەقەکە بە تایبەت بۆ ڕۆڵبینین ئامادەکراوە، نەک تەنها بۆ خوێندنەوە. سامۆئیل جۆنسۆن دەڵێت: شانۆ دەنگدانەوەی دەنگی بینەرە. شکسپیر دەڵێت: شانۆ ئاوێنەیە. جیروودو دەڵێت: شانۆ دادگاییکردنە. فارکوا دەڵێت: شانۆ بانگهێشتکردنە. 
٢) شانۆیی هیچم نییە بیشارمەوە. نواندنی: كاردۆ عه‌زیز، سۆزان باباعەلی، زمناکۆ کەریم، ئاکام تاهیر، ئاکۆ ئیسماعیل و نوا غەفار. دەرهێنانی: رێژەن جەمال.
٣) شانۆیی باڵندەکانی گەرمیان. نواندنی: گۆران سەرگەڵویی، شنیار بەکر، عابد هەورامی، نژۆ ئەکرەم. دەرهێنانی: مۆفەق عارف لهۆنی.
٤) شانۆیی فڕین بەناو خۆڵەمێشدا. نواندنی: گۆران نامیق. دەرهێنانی: داستان بەرزان.
٥) شانۆیی مایسترۆ. نواندنی: میدیا رەئوف بێگەرد و خوێندکارانی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان. دەرهێنانی: حەیدەر ئەبو حەیدەر.
٦) بیبلۆگرافیای بڵاوکراوە و بەڵگەنامەی هونەری شانۆی شاری سلێمانی، بەرگی ١، ٢ ، ٣، ئامادەکردنی: بوار نوورەدین، ٢٠٢٠.


ڕیکلام