ڕاوێژکارەکانی ترەمپ ئامۆژگاریان کردووە خۆی بۆ دۆڕاندن ئامادە بکات

  2020-11-07  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ڕاوێژکارەکانی ترەمپ لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئامۆژگاری ترەمپیان کردووە، پێدەچێت هەڵبژاردنەکەی دۆڕاندبێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەنجامێکی لەو شێوەیەدا بکات.

ڕۆژنامە لە ڕاپۆرتێکدا کە لە زاری دوو سەرچاوەی نزیک لە گفتوی ڕاوێژکارەکانی لەگەڵ ترەمپ بڵاویکردووەتەوە، لەکاتێکدا ترەمپ بەڵێنی بەردەوامی دژایەتیکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە بکات، بەڵام بە نهێنی هاوپەیمان و ڕاوێژکارەکانی هاندەدات بە ئاشکرا بەرگری لێ بکەن.

ڕۆژنامەکە لە زاری یاریدەرە نزیکەکانی ترەمپەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر بردنەوەی بایدن ئاشکرا کرا،  ئەوا ترەمپ لە کۆتاییدا چەند تێبینییەکی گشتی پێشکەش دەکات و پابەند دەبێت بە گواستنەوەی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاشتیانە.

ڕۆژنامەکە لە زاری هاوپەیمانەکانی ترەمپەوە ئاشکرایکردووە، ئەگەر سەرۆکی ئێستا بیدۆڕێنێت، پێناچێت بەشێوەیەکی ئاسایی دەستبەرداری دەسەڵات ببێت، ڕەنگە بەردەوام بێت لە پڕوپاگەندە بێ بنەماکانی، بەوەی کە دەڵێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دزراوە، هەروەک چۆن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باسی لەوە کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ڕۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ترەمپ لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا دانی بەوەدا ناوە، کە روبەڕوی  جەنگێکی قورس دەبێتەوە، بەڵام شایستەی ئەوەیە کە ئەنجامی بدات.

هاوکات لەگەل نزیکبوونەوەی جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان لە کۆشکی سپی، ترەمپ بەڵین دەدات بەردەوام بێت لە شەڕی یاسایی خۆی لەپێناو بردنەوەدا.

لەو میانەیەشدا کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە تێکۆشانەکانیان لەڕێگەی یاساییەوە، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لە متمانەی گەلی ئەمریکا بە حکومەتەکەیان و هەرگیز دەستبەرداری تێکۆشان نابن لە پێناو گەلی ئەمریکادا.

لە لایەکی ترەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دۆناڵد ترەمپ دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی، بە مەبەستی خڕکردنەوەی بڕی ٦٠ ملیۆن دۆلار بەلای کەمەوە، بۆ کۆمەککردنی ئەو تانە یاساییانەی کە بڕیارە ترەمپ بەرزیان بکاتەوە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.



ڕیکلام