گرنگترین دەستکەوتەکانی سەرۆکی خانەنشیکراوی ئەمریکا

  2020-11-07  | 
جۆرج واشنتۆن یەکەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی سەرۆکایەتی ئەمریکا بووە هۆی ئەوەی میدیا دیارەکانی ئەمریکا ڕاپۆرتی ورد بکەن لەسەر ئەو دەستکەوتوو ئیمتیازاتانەی کە سەرۆک دوای دەستبەرداربوونی لە کۆشکی سپی بۆ دابیندەکرێت.

بەدواچوون و بنکۆڵکاری ئەمجارەی میدیاکانی وەک ۆول ستریت جۆڕناڵ و یو ئێس ئەی تودەی تایبەت بووە بە دەستکەوت و سامانی سەرۆکەکانی ئەمریکا دوای ئەوەی کۆشکی سپییان جیهێشتووە، بە تایبەت ئەو ئیمتیازاتانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە بە یاسا بۆیان دابینکراوە.

بەشێوەیەکی گشتی سەرۆکەکانی ئەمریکا کاتێک خانەنشین دەبن، موچە و پاسەوانیان بۆ دابیندەکرێت تا لە ژیاندا بن، پێشتر و لە ساڵی ١٩٩٧ بە  ١٠ ساڵ دیاریکرابوو، بەڵام لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا پاسەوان و دابینکردنی ئاسایش بۆ سەرۆکەکانی ئەمریکا گۆڕدرا بۆ تا ئەو کاتەی لە ژیاندا بن.

سەبارەت بە موچەی خانەنشینی سەرۆکی ئەمریکا کاتێک خانەنشین دەبێت، ساڵانە بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلار وەردەگرێت.

هەروەها دەوڵەت دڵنیایی تەندروستیان بۆ دابیندەکات، لە پەیکەری سەربازیی زۆر پێشکەوتوو پۆشتەدا، کە هەموو چارەسەرێکی پزیشکی و کاروبارەکانی نوسینگەکانی و کارمەندەکانی بە خۆڕایی بۆی دابیندەکرێت.

هەموو سەرۆکێکی خانەشین دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە کێ کاندید بکات  بۆ ئەوەی  کاروباری نوسینگەکەی بۆ ڕایی بکات، بێ ئەوەی خۆی هیچ بڕە پارەیەکی بۆ دابین بکات، بەڵکو دەوڵەت ئەو بودجەی بۆ لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام نابێت ساڵانە موچەی ئەو کەسە لە ١٥٠ هەزار دۆلار زیاتر بێت دواتر کاتێک خانەشین کرا کەمدەکرێتەوە بۆ ٩٦ هەزار دۆلار.

سەرۆکی خانەنشنین کراوی ئەمریکا بە تەنها موچە بۆ خۆی دابین ناکرێت، بەڵکو بۆ هاوسەرەکەشی مانگانە بڕی ٢٠ هەزار دۆلاری بۆ تەرخاندەکرێت.

ئەوەی جێی سەرنجە زۆربەی سەرۆکەکانی ئەمریکا لە ئێستادا کێشەی داراییان نییە، چونکە گەیشتنیان بە کۆشکی سپی هەر لە بنەڕەتەوە پێویستی بە سامانێکی زۆر هەیە، جگە لەوەش پۆستی سەرۆک بۆیان دەبێت بە دەستکەوت دوای خانەنشنی بوونیان، چونکە دواتر بۆ هەر وانە و سیمینارێک کە پێشکەشی دەکەن یان بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوە ڕاوێژکارییەکاندا دەکەن، یاخود کتبێک دەنووسێت و یاداشتی خۆیان بڵاو دەکەنەوە، بە هەمان شێوە دەبنە سەرچاوەی دەستکەوتی مادی زیاتر بۆیان.

بۆ نموونە بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووتری دیموکراتەکان، لە ساڵی ٢٠٠٥دا  بە ملیۆنان دۆلاری لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی بەناوی "ژیانم" دەستکەوتووە، ئەوە جگە لە سامانەکەی هیلاری کلینتۆنی هاوسەری، کە لەسەردەمی باراک ئۆباما وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە.

ڕۆژنامەی یو ئێس ئەی تودەی ئاشکرایکردووە، هیلاری کلینتۆن لە پای بڵاوکردنەوەی یاداشتەکانی بە ناوی  "بژاردە قورسەکان- Hard Choices ) لە ساڵی ٢٠١٤دا بڕی ١٤ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە، ئەوەش دەستکەوتێکە کە تا ئێستا هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا لە پای بڵاوکردنەوەی یاداشتەکانی دەستی نەکەوتووە، ئەوە جگە لەو سیمینارانەی کە خۆی هاوسەرەکەی لە بۆنە جیاجیاکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتیدا پێشکەشی دەکەن.

میدیا ئەمریکییەکان لە بەدواداچوونەکانیاندا بۆ موچە و دەستکەوتە مادییەکانی سەرۆکەکانی ئەمریکا کاتێک کۆشکی سپییان جێهێشتووە، ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرۆکی وەک جۆرج واشنتۆن یەکەم سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٨دا کاتێک خانەنشین کراوە، ساڵانە بڕی ٢٥ هەزار دۆلاری بۆ خەرجکراوە، بەڵام بە بەهای ئێستای دراوی ئەمریکا زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دۆلار، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی ڕێژەی هەڵاوسان لە بەهای بنەڕەتی پارەکە.



ڕیکلام