کامالا هاریس یەکەم ئافرەت کە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەردەگرێت

  2020-11-07  | 
واشنتن
کامالا هاریس یەکەم ئافرەت کە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەردەگرێت
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە سەرکەوتنی جۆ بایدن بەربژێری دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، کامالا هاریس دەبێتە جێگری بایدن کە ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ئەمریکا ئافرەتێكی رەشپێست و بەڕەگەز ئاسیایی ئەو پۆستە وەردەگرێت.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردووەتەوە، کامالا هاریس، سیناتۆری ویلایەتی کالیفۆرنیا بەو سەرکەوتنە مێژووییەی دەبێتە نوێنەری ملیۆنان ژن کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراون.

مانگی رابردوو کامالا هاریس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، "بیرۆکە و ئایدیای کەسێک ناتوانێت سنوردارمان بکاتەوە تەنها لەبەر ئەوەی کە رەشپێستین".

وتیشی، "ئێمە توانامان هەیە ببینە باشترین هونەرمەند، باشترین خوێندکار و سڵ لە هیچ ناکەینەوە تا دەگەینە لوتکە".

کامالا هاریسی تەمەن ٥٦ ساڵ، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١١، داواکاریی ناوچەی سانفرانسیسکۆ بووە، دواتر و ساڵی ٢٠١١ وەکو ٣٢هەمین داواکاری گشتیی ویلایەتی کالیفۆرنیا هەڵبژێردرا و تاوەکو ساڵی ٢٠١٧ لەو پۆستەدا مایەوە.

هاریس ساڵی ٢٠١٧ بووە سیناتۆری ویلایەتی کالیفۆرنیا، ئەندامی دیموکراتەکانە لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، دووەمین ژنە رەشپێست و یەکەم ژنی بەڕەگەز ئاسیایی-ئەمریکی بوو کە توانی بچێتە ئەنجومەنی پیران، لەمیانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لەلایەن باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و جۆ بایدنەوە پشتیوانی لێکرا.

کامالا هاریس لە ٢١ی کانونی دووەمی ٢٠١٩ بە فەرمی بانگەشەکانی وەک کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستپێکرد، بەڵام پاش چەند مانگ و لە ٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩، لە هەڵبژاردنەکە کشایەوە و لەلایەن جۆ بایدنەوە وەک جێگری سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دیاریکرا.



ڕیکلام