جەستەم هێندە بە خەون قورسە، بەرەو هەوا بەرز دەبمەوە

  2020-11-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میکایل ستغونە

و: ئالان پەری

چی وا لە شاعیرێکی گەنجی وەک میکایل ستغونە کرد کە لە ترۆپکی خەمۆکییەکەیدا بیەوێت بفڕێت، هەتا کار گەیشتە ئەوەی لە پەنجەرەیەک خۆی فڕێبداتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێ؟ 

خەمۆکی و توڕەیی و وەڕەس بوونی لە بینینی جیهانیکی ئاشوب و گیرۆدە بە مان و نەمان لە دونیایەکی پڕ لە گۆڕانکاری و کاولکارانە، وا لەم شاعیرە تینوە بۆ ژیان و لە هەمان کاتدا ڕازی نەبووە کرد بەم شێوە تراژیدییە کۆتایی بە خۆی و باڵادەستی لە نووسینی شیعری ناوازەی خۆی بهینێت.

دەکرێت شیعرەکانی بۆ چەند بەش و ئاستێک شی بکەینەوە، شیعرە خەمۆکی و پڕ ئازارەکانی، وا لێکیان بکەینەوە کە ئەمە هەڵبژاردنێکی تری ژیانە و دەبێت باسی لێوەبکرێت. 

میکایل ستغونە شاعیرێکی یاخی و توڕە، خۆی لە دەرەوەی بازنە و ژیانی ئاساییدا دەبینییەوە. هەمیشە بە توڕەبوونێکی زۆرەوە ڕەخنەی لە سیستمی نوێ و نادادپەرەوەرانەی هەشتاکان دەگرت، بە تایبەت کاتێک سەردەمی تەکنەلۆژیا تازە لەو ساڵانەدا گەشەی دەکرد و مرۆڤ تا دەهات تەنیاتر دەهاتە پێش چاو. بە ئازارەوە شیعری دەنووسی، بەڵام شیعرەکانیشی بەدر نەبوون لە زمانێکی تایبەت و بەهێز، بە تێکەڵ کردنی چەندین وشەی سوریالی و ئەپستراکت لە هەمان کاتیشدا کاریگەریی ئەوتۆیان هەبوو.

تەنانەت لە ئەوپەڕی خەمۆکی و ڕەشبینی و بێزاری ژیانیدا دێڕە شیعرەکانی نیوەی بێزاری و نیوەی مەزاجی تایبەتی خۆی پێوەدەنووسا وەك لێرەدا دەنووسێت:

- ڕقم لە ژیان نییە، بەڵام ڕقم لە جیهانە.

- نەخێر نامەوێ بمرم، تەنها دەمەوێ لە دایک نەبمەوە. 

میکایل بە درێژایی ئەزمونی شیعریی خۆی هەوڵی دەدا باس لەو دەرکەوتە ترسناکانە بکات کە مرۆڤ بۆ خۆی دەیهێنێت، باس لە زەوییەک دەکات کە خەریکە ڕەنگ و بەرگی پلاستیک دەگرێ و خاڵیە لە ڕۆح و ئەندێشەی فریاد ڕەس بۆ دڵ و دەروونی مرۆڤە داماوەکان. شاعیرێک بوو لە نەهامەتی گەنجان دەدوا کە بەشیوەیەک گیرۆدەی سیستەم و  چەق بەستوویی بوون. 

خۆری پلاستیک

شەقامەکان پڕن لە منداڵی کوێر
بایەکی سارد بە نێو کەلەسەرە بەتاڵەکانی شاردا تێدەپەرێت
چەند شتێک لە ئاسمانەوە دەکەونە خواروە:
ڕایدۆکان، شوشەی دەرمان، ڕۆژنامەکان، سابون و وردە شوشە
بە دەوری شاردا
دارستانێک هەیە
بە ژەهر و دەرمان لیخن کراوە
کوڕێکی گەنج بە نێوان 
دوو تاوەردا بە سەر هێڵێکی درێژدا ڕێ دەکات
لە ناو ئەو خانووە بەنجکراوانەدا
پۆلە نەورەسێکی گەورە بە ئاراستەی
دەریایەکی بێشومار ڕادەکێشرێن
خۆرێکی پلاستیک وەک چاوێکی داگیرساو 
بە زەویدا گڕی گرتووە و خەڵکی کوێر کردووە
لە کۆمایەکی قوڵدایە، چیمەنتۆ خەوی لێکەوتووە
بە بەفرێکی شین تەنراوە:
بە ڕوناکی شاشەی تەلەفزیۆنەکان داپۆشراوە
مۆسیقای ئێوارەیەکی زوو
پێکهاتووە لە ژاوەژاوی مەکینەی مردووەکان
ڕەشەبای نایلۆن بە ساردی هەڵدەکا و
بە توێژێکی تەنکی ئازار 
پێستی زیندووەکان دادەپۆشێ.

میکایل توانایەکی سەیری هەبوو لە بیناکردنی شیعری تایبەتی خۆی و هەمیشە شیعری خۆی بۆ مەسەلەیەکی دونیا بەکار دەهێنا. زمانێکی یاخی و بوێر بوو بۆ نەوەی گەنجی هەشتاکان، لە ڕێی شیعرە تایبەتەکانی ڕەخنەی لە کۆمەڵگە دەگرت، زمانێکی نوێی هێنایە ئاراوە کە کەم شاعیر لەو سەردەمەدا ئیشی پێکردووە، هەمیشە ئەندێشە و زمانی یاخی بوونی خۆی نەدەشاردەوە، توڕە و سەرسەخت دەدوا. 

هەورەکان خەون بە شیر و شەکرەوە دەبینن

کۆمەڵگە یارییەکی نامۆیە.
لە ناوەڕاستی هەمووشتێکدا پشیلەیەک دەسوڕێتەوە و
بە ڕارەوکاندا دەمیاوێنێت.
لە کاتێکی ناوەختدا
ترسی ئەوەی هەیە لە پایزدا میوە 
لە درەختەکاندا بەسەر شەقامەکاندا بکەوێتە خواروە.
منیش کاتێک لەم هەموو شتانە بیزارم
 لە خەونێکدا دەکەومە دەرەوەی کۆمەڵگە.
سرودی بەیانیان بە نیانی دەڵێمەوە
چەند دێرێک دەڵێم کە هیچ مانایەکیان نییە
هەر وەک ئەوە وایە بەرد لە ناو لمی کەنار دەریایەک بدۆزمەوە،
ئاستەمە بە کەسێکی بە ئاگای بفرۆشیتەوە.

من خۆم هیچ کەسێک نیم
من حاڵەتێکم
بە دەوری هەورە سوڕاوەکان
کە هەڵگری ئاو و خەونی خەوشدارن
سەرم گێژ دەخوا
بۆ ئەوەی کەمێک لەسەر زەوی بخەوم
یان لە چایەکدا بکوڵێمەوە.

بەڵێ، هەورەکان خەون بە شیر و شەکرەوە دەبینن
من بە فڕینیان دەیانناسمەوە
گوێم لە چرپەی مەرامەکانیان گرتووە بۆ من
کاتێک شەوانە لە مانگ خۆیان کڕاندووە
بە ڕۆژیشدا یاری بە باری کەش و هەوا دەکەن و
خۆر ژێرزەمین دەکەن و دەیشارنەوە
لە تاو گازندەکانی جەماوەر 
کە هەردەم پەنجەیان لێ ڕادەکێشن.
کێ خۆی لە کاری ڕۆژگارێکی ئاوادا دەبینێتەوە؟

دەبێ بە هەورەکان دڵخۆشبین و
دەبێ ئاگامان لە هەتاو بێت،
من باوەڕت پێدەهێنم،
کە بەهەمان ئاڕاستە خول دەخۆنەوە، هەمان ژیان
لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا گەڕیدەن.
هەر بۆ زانیاریت مانگ یارییەکی ئاوا بەد نییە،
نەخێر، حەزێکی خەمۆکیی بێ دواییە
گەر گەشتەکە هەر هەفتەی جارێک بێت.
وابزانم ئەستێرەکان نەخۆشخانەی نەخۆشی دەرونی منداڵانە. 

میکایل هەمیشە شەوی بەدڵ بوو، شەو تا دەرنگان خەوی لی نەدەکەوت و هەمیشە شیعری دەنووسی، ڕۆژی ڕووناکی خۆش نەدەویست، لە ڕۆژی ڕوناکدا قەڵەباڵغی ناو شار و دڵەڕاوکێی خەڵکان بۆ گەیشتنە شوینی ئیش و کاریان. لە شوینێکدا دەنووسێت: ''تیشکی ڕۆژ بە تیژیی لە پشت و سەرمان لێدەدات''. هەروەها لەم شیعرەدا باس لە مەکینەی شەو دەکات:


مەکینەی شەو
بە ئەسپایی، شەو بە ڕوناکی شار شارژ دەبێتەوە.
دوگمەی ئەستێرەکان دەدرەوشێنەوە
شاشەی مانگ یەکەم وێنەی خۆی دەبینێت.
ئاه، من وەک یەکێکم کە لە ناو هەڵمدا خەوم لیدەکەوێت،
هەر وەک شەمەندەفەرێکی خێرا بە نێو تاریکیدا بڕوات،
بە نێو مەکینەی شەواندا بەرز دەفڕم.
هەورەکان هەڵمی خەونەکانن
بە سپییەتی بە زەویدا دەچرپێنن.
مەکینەی شەو کار دەکات و لە ڕۆحی مرۆڤەکان دەگات.
تاریکی بە مشتێک وزە پڕ دەبێت...

میکایل ژیانێکی سەربەخۆیانەی هەبوو، لەگەڵ ئەوەش هەوڵی دەدا کە خۆی بێت و لە کەسی تر نەچێت، شاعیرێکی ئەنارکی و خۆزگە بە ئافەراندنی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای ئازادی تاک دەخوازت.  زۆر جار لە شیعرەکانیدا بەدیدەکرێت وەک لەم شیعردا دەردەکەوێت:  

ئەنارکی
من هیچ نیم، زیاتر لە خۆم
باوەڕم بە هیچ و بە هیچ کەسیش نییە
باوەرم بە ئایدیۆلژیا و سیستەمیش نییە.

زۆریان هەوڵدا من گرێ بدەن و
من لە ئاوێنەدا بدۆزنەوە و
بڵێن: ''ئەوەتایت، دەزانین تۆ کێیت.''
بەڵام من هەمیشە خێرا و ئاوێنەیەکی شکاو بووم
بۆ ئەوەی پەتەکە بە شوشەی شکاو ببڕم و خۆم بجوڵێنم. 

زۆربەیان منیان دەویست
وەک ئەوان بە هەمان رێگادا بڕۆم.
ناو بە ناویش لەگەڵیان دەڕۆشتم
بەڵام لە ناکاودا دەوەستام 
لە دوای ئەوەی توشی دڵەڕاوکێیەکی کەم دەبووم
سەیرێکی دەور و پشتی خۆمم دەدا
لە کاتێکدا ئەوان بەردەوام دەڕۆیشتن.
زۆربەی جار هاواریان دەکرد کە من زیادبەدەر جیاوازم
یان دەمەوێ سەرنجیان ڕابکێشم...
بەڵام من هەمیشە دەڕشامەوە
کاتێک بە ئاشکرا و بە جیدیانە
مافی ڕاستی و دروستی ئەو ڕوانینەیان بەیەکتری دەدا!

لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بە ناوی ''بازاڕ'' کە بەرنامەیەکی گفتووگۆی فەرهەنگی بوو لەگەڵ نووسەران، ڕەخنەیەکی ڕوو بە ڕوویانەی لە شاعیرێکی نەوەی حەفتاکان گرت و ڕاستەوخۆ پێی وت کە شیعرەکانی پڕن لە جادوو، بۆ ئەو کاتە ڕەخنەیەکی توند و هێرشبەر بوو چونکە زۆربەی ئەدیبەکان ستایشی یەکتریان دەکرد. لەو بەرنامەیە بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانی دا: 
''ئێمە لە وڵاتێک دەژین زۆرترین ڕێژەی خۆکوشتنی تیا تۆمار کراوە و کەمترین ڕێژەی لەدایکبوونیشی هەیە و باشترین شاعیریشی تیایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆربەی دانیمارکییەکان بە ئاڕاستەی تاکە کەلتورێکەوە خۆیان دەبیننەوە، هەتا دێن نە خوێنەوارتر دەبن... ئەمە لە کاتێکدایە کە دانیمارکییەکان باشترین شاعیری خۆیان ناناسن، بەمەش خۆیان و ڕۆحی خۆیان ناناسن''


میکایل ستغونە Michael Strunge  شاعیری دانیمارکی لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٨و لە ساڵی ١٩٨٦ بە هۆی خەمۆکییەکی زۆرەوە لە پەنجەرەیەک خۆی فڕێدەداتە خوارەوە و خۆی دەکوژێت. میکایل سەرەڕای ئەوەی ٢٧ ساڵ ژیا بەڵام توانی لە ماوەی حەوت ساڵدا ١١ دەفتەرە شیعر بڵاوبکاتەوە. یەکەمین دەفتەرە شیعری بەناوی (ژیانی خێرا) ساڵی ١٩٧٨ بڵاو کردەوە. لە دوایی خوێندنی ئامادەیی لە خوێندنەگەی نووسەران خۆی تۆمار دەکات کە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی نوێ بوو. بە شاعیری پۆستمۆدرێن و چینی گەنجان ناسراوە. شاعیریکی یاخی و زۆربەی شیعرەکانی هەست بە جوڵانەوەیەکی بوێر دەکرێت لە دژی سیستەم و داهاتوویەکی نادیار و جیهانێکی پڕ ماتریاڵ. میکایل بە شاعیری خەباتگێڕی نەوەی گەنجانی ھەشتاکان دادەنرێت و ھەر بۆ خەونی ئەو گەنجانە ژیا چونکە پیریی ھەڵنەبژارد.
*سەرچاوە: کتێبی کۆکراوەی شیعرەکانی میکایل ستغونە بە ناوی (جەستەم بە خەون قورسە) ٢٠١٨ هەڵبژاردەی شیعرەکان: کاسپەر ئیریک.


ڕیکلام