شارێک بە گاڵتەوە دەژین

  2020-11-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
داستان بارزان

پاڵەوانى ئەم چیرۆکەى ئێمە، دکتۆرێکى غەمگین و تووڕەیە. لە شارێکدا خەڵکەکەى  سەرقاڵی نوکتە و گاڵتەجاڕین، بە ناوى شاری ''پەتاتەخۆرەکان''. ئەو شارەى قسەى خۆش و گاڵەتەبازى و نوکتە تێیدا بووەتە جۆرێک لە نەریت و ڕووت لە هەر سووچێکی دەکەیت، چەند کەسێک دەبینى سەریان بە سەری یەکدا کردووە و خەریکى قسەى خۆش و نوکتەن. جار جارەیش دانەیەک لەو چەند کەسە لە پێڕەکە دەردەپەڕێتە دەرەوە و بە تۆنێکى بەرزتر لەوانی تر پێدەکەنێت و قسە دەکات، ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەى سەرەداوى قسەخۆشەکە لاى ئەوەیانە. ئەمە جگە لەوەى ئەو کەسەیان لە ڕووى دەروونییشەوە زیاتر هەست دەکات داشی سوارە، لەبەر ئەوەى ڕاستە لەم شارەدا قسەخۆشی شتێکى بەربڵاوە، تا ئەو ڕادەیەى لە منداڵێکەوە بۆ هەموو تەمەنەکانى دیکە، وەک پیشەى ڕۆژانەیان پێوەى سەرقاڵن. بەڵام گرنگتر لە هەمووى، ئەوەیە کێ دەتوانێت نوکتەى تازە بهێنێتە مەیدانەکەوە و داهێنان لە بیرۆکە و شێوازى گێڕانەوەیدا بکات. بەو هۆیەیشەوە سەرنجى دەوروبەر بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و بیانهێنێتە پێکەنینێکى درێژى ناوسک پسێن. جا بەو جۆرە کەسەى لە پێڕى نوکتە دەردەپەڕێت، دەڵێن ''سەرچۆپیکێشی نوکتە''.

 دانیشتوانى ئەم شارە گەیشتوونەتە ئاستێک، شت نەماوە نوکتەى لەسەر نەکەن. تەنانەت کەسە هەرە نزیک و کارەساتە هەرە دڵتەزێنەکانى وەکو کۆمەڵکوژی و کاولکاری و کوشتنى بە ناحەقی نەتەوەکەیشیان، کراوەتە کەرەستەى نوکتە. بۆیە زویربوونیش لە نێوانیاندا نەماوە، چونکە هەر ئەوەندەى دەربکەوێت دوو کەس یان چەند کەسێک لە یەکتر زویر بوون، خێرا چەندین نوکتەى جۆراوجۆر لەسەر هۆکاری زویربوونەکەیان دەکەوێتە سەر زمانى خەڵکى و ئەوانیش هەر کەس لای خۆیەوە بە نوکتە وەڵامى نوکتەکان دەدەنەوە، بەو هۆیەیشەوە کەسەکان پێکەنینى هاوبەش دەکەوتە نێوانیان و زویرییەکەیان وەک هەوری بەهاران، زوو دەڕەوێتەوە.

هەر بە هۆی ئامادەیی ئەو ڕووبەرە زۆرەی نوکتە کە بووەتە بەشێکى زیندوو لە شارەکە، زۆرینەى هەموو شوێنە جیاوازەکانى شارەکە، ناوەکانیان زیاتر لە ناوى نوکتە و لە قسەى خۆش دەچن. جا ئەمە لاى دانیشتوانى شارەکە خۆیان شتێکى ئاساییە، بەڵام بۆ کەسانێک کە لە شاران و وڵاتانى دیکەوە دێن، جێگەى هەم پێکەنین، هەمیش ڕامانە. چونکە بۆ ئەوان شتێکى نامۆیە شەقامێک هەبێت بە ناوى شەقامى ''برایانى نوکتەلێبڕاو''، کە گوایە ئێوایەک چەند برایەک خەریکى نوکتەکردن دەبن، لەسەر شۆستەى ئەم شەقامە، لەناکاو مردنى دایکیان دەکەنە کەرەستەى نوکتەیەک، کە نابێتە هۆی پێکەنین، بە پێچەوانەیشەوە، هەموویان لە یەک ساتدا دەدەنە پڕمەى گریانێکى بەخوڕ. پاشان کە خەڵکى ئەوە دەبیستن، ئەو شەقامە بە ناوى ئەو ڕووداوەى بەسەر ئەو برایانەدا هاتووە، ناو دەنێن. یاخود بۆ خەڵکى هیچ شارێکى دنیا ئاسایی نییە نەخۆشخانەیەک هەبێت بە ناوى نەخۆشخانەى ''چارەسەر بە پێکەنینى سروشتى''. ئەمەیش تایبەت بەو کەسانەیە کە بە هۆی پێکەنینیان بە نوکتەیەک کە شایەنى پێکەنین نەبووە و ناچاریش بوون پێبکەنن، تووشی نەخۆشیی خەمۆکی دێن. ئیتر لەو نەخۆشخانەیە لە ڕێگەى پێدانى چەند کۆرسێک نوکتە لە لایەن کەسانى شارەزاى بوارەکەوە، دەهێنرێنەوە دۆخى ئاسایی جارانیان.

هەر لە هەمان شاردا، قوتابخانەیەک هەیە بە ناوى قوتابخانەى ''منداڵانى لێوبەخەندە''، کە ئەمەیان ناوێکى هەر زۆر ئاساییە، چونکە منداڵانى ئەو شارە هەموو هەر لە منداڵییەوە خەندە لەسەر لێوانیانە، هۆکاری ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ بیستنى ئەو هەموو نوکتەیەى کە هەر لە سکى دایکیانەوە بەر گوێیان دەکەوێت. تەنانەت دەگێڕنەوە ژن و پیاوەکانى ئەم شارە لە کاتى سێکسکردنیشدا هەر خەریکى نوکتەن و بگرە کاریگەرترین نوکتەکانیان بۆ ئەو کاتە هەڵدەگرن، ئەمەیش لەپێناو ئەوەى هەم خۆیان دڵخۆش بن، هەمیش ئەو منداڵەى دروستى دەکەن، ئاشناى پێکەنین و قسەى خۆش بێت.

لە ناوجەرگەى ئەم شارەیشدا، باخچەیەکى جوان و ڕەنگین بە گوڵی جۆراوجۆر، بە ناوى باخچەى ''خانەنشینانى نوکتە'' هەیە، کە تایبەتە بەو کەسانەى بە هۆی تەمەنەوە  تواناى داهێنانى نوکتەى نوێیان نەماوە، بۆیە ڕۆژانە دەچنە ئەو باخچەیە و بە نوکتە سواوەکانى سەردەمى گەنجێتیى خۆیان پێدەکەنن، هەر لەم باخچەیەیشدا چەند بەردێک کە لە شێوەى پەتاتەى گەورەدان، دانراون، ئەمەیش وەک شتێکى گرنگ و تەنانەت لاى هەندێک پیرۆزیش تەماشا دەکرێن، چونکە لە کۆنەوە خەڵکى هیچ شارێکى دیکەى وڵات هێندەى دانیشتوانى ئەم شارە، پەتاتەیان نەخواردووە، جگە لەوەى کاتێک لە ئەنجامى پێکەنینى زۆر زیان بە گەدە و ڕیخۆڵەکانیان دەگات، پەنا دەبەنە بەر خواردنەوەى شەربەتى پەتاتە بۆ سافکردن و چاککردنەوەى برینى گەدە و ڕیخۆڵەکانیان.

لە دەروازەى شارەکەیشەوە، گۆڕەپانى ''نوکتەبازانى پەناهەندە'' هەیە، کە تایبەتە بەو کەسانەى بە هەر هۆیەک بێت، دەیانەوێت ژیانیان بۆ هەمیشە یان بۆ ماوەیەکى کاتى لە شارەکەدا بەسەر بەرن، ئەگەرچی مافی پەنابەری لەم شارەدا بە کەس نادرێت و ژیانیش بۆ خەڵکانى جگە دانیشتوانەکەى خۆی ئاستەمە، بەڵام لەم گۆڕەپانەدا دەرفەتیان بە خەڵکى شار و وڵاتانى دیکە داوە، تاکو ڕاهێنان لەسەر چۆنێتیى دروستکردنى نوکتە و لەوەیش گرنگتر چۆنێتیى گێڕانەوەى نوکتە بکەن، بۆ ئەم مەبەستەیش دەسەڵاتدارانى شارەکە لەگەڵ ئەوەى کێشەى زۆریان لەگەڵ نەریتى نوکتەبازى و گاڵتەجاڕیى ئەم شارەدا هەیە، چونکە بۆخۆیان یەکێک لە کەرەستە سەرەکییەکانى نوکتەن بۆ خەڵکى شارەکە، بەڵام لەپێناو ئەوەى خەڵکى شارەکە لێیان هەڵنەستن و تەختوتاراجیان تێک نەدەن، چونکە خەڵکى ئەم شارە دەستێکى باڵایان لەوەیشدا هەیە، هەر لەگەڵ ئەوەى منداڵێک بەردێک بهاوێژێت ڕووەو فەرمانگەیەکى حکومەت، خۆیان وتەنى، دەقڵیشێتەوە. جا ئیدى دەکەونە وێرانکردن و سووتاندن و تاڵانکردنى هەرچی دامودەزگا گەورە و بچووکەکانى حکومەت هەیە. جگە لەوەیش خەڵکى ئەم شارە سروشتێکیان هەیە، لەگەڵ ئەوەى زۆر نوکتەچی و قسەخۆشن، هاوکات بیدەنە گێڕی کەللەڕەقی، بە هیچ دانامرکێنەوە، هەتاکو ئەوەى مەبەستیانە نەیکەن؛ ئەگەر داگرتنى مانگیش بێت بە تاقی ئاسمانەوە. بۆیە دەسەڵات بە ناچاری مامۆستاى تایبەتى بۆ ئەو گۆڕەپانە دابین کردووە، بۆ وتنەوەى وانە جیاوازەکانى تیۆری و پراکتیک لە بواری نوکتەسازیدا، کە زۆرینەى مامۆستا و کارمەندانى ئەو گۆڕەپانەیش، ئەسڵی شارەکەن، چونکە خۆیان وتەنى، ئەو کارە هەر لە خۆیان دێت و ئەوان دەزانن مرۆڤ لە بوونەوەرێکى غەمگین و گۆشەگیرەوە بکەنە بوونەوەری نوکتەچی و گاڵتەباز، بۆیە هەندێک لە دانیشتوانى شارەکە بابەتى نوکتەبازى وەک پیشە دەبینن و کردوویانەتە سەرچاوەیەکى بژێوى، ئەمەیش وای کردووە کارامەکانى بواری نوکتە، بە مەبەستى پەرەدان بە بەهرەى نوکتەسازى، فێرگەى تایبەت بە خۆیان دابنێن، لەگەڵ ئەوەیشدا کە نوکتە بەهرەیەکى بۆماوەیی خەڵکى شارەکەیە و لە باوانەوە بۆ وەچەکان دەگوێزرێتەوە، کەچی فێرگەکانى نوکتەسازى جمەیان دێت لە فێرخوازانى نوکتەچێتى و لە تەنیشت هەمان ئەو فێرگانەیشەوە، فێرگەکانى هونەری موزیک و شانۆ و وێنەکێشان و بوارەکانى دیکە وەک کلینکى نەخۆشییە دەرونییەکان، لە چۆڵیدا دەنگ دەدەنەوە، چونکە کەس ئیشی تێیانناکەوێت و چارەسەرى هەر گرفتێکى دەروونى، تەنها لە نەخۆشخانەى چارەسەر بە پێکەنینى سروشتى دەکرێت.

ئەم بایەخدانە زۆرەى شارەکەیش بە نوکتە، بووەتە هۆی هەڵکەوتنى کەسانى کارامە لەو بوارەدا و کار گەیشتووەتە ئەوەى هەندێک نوکتەبازەکانى دەبرێنە شاران و وڵاتانى دیکە و بۆ مەبەستى جیاواز سوودیان لێ وەردەگیرێت. بە تایبەت ئەو شارانەى بە سروشت خاوەن ژینگەیەکى غەمگینن، یان وڵاتانى پاش جەنگە گەورەکان کە دانیشتوانەکانیان تووشی نەخۆشیی خەمۆکى دەبن، یاخود وڵاتانێک کە بایەخ بە هونەری کۆمیدیا لە شانۆ و سینەمادا دەدەن.

 دەگێڕنەوە لە سەردەمە کۆنەکاندا، مۆلێرى کۆمیدیانووسی فەڕەنسی، بۆ نووسینى کۆمیدیاکانى سوودى لە هەندێک بەسەرهات و نوکتەى ئەم شارە وەرگرتووە، چونکە لەو دەمەیشدا نوکتە و پیشەى نوکتەسازی لەم شارەدا لە پێشەوەى هەموو بوارەکانى دیکەى ژیانیاندا بووە. لە پاش ئەویش کۆمیدیاکاری وەکو چارلی چاپلن، خۆی بە قەرزارى نوکتە و بەسەرهاتەکانى ئەم شارە زانیوە و لە چەندین چاوپێکەتنیدا ناوى شاری پەتاتەخۆرەکانى هێناوە. سینەماکارەکانى ئەم دواییانەیش (مستەر بین و ڕۆبن ویلیامس و جیم کاری و...) سێرچی وردیان بۆ بەسەرهاتەکانى ئەم شارە کردووە و بە قووڵاییە گاڵتەجارییەکەى سەرسامن. لەگەڵ ئەوانیشدا، فەیلەسووفێکى گرنگى وەکو سلاڤۆی ژیژاک بۆ بەیانکردنى هەندێک بابەتى فەلسەفەکەى، سوودى لە دیدگا گاڵتەجاڕییەکەى ئەم  شارە وەرگرتووە، کە ئێستا بووەتە یەکێک لەو خەسڵەتە دیارانەى کە فەلسەفەى ئەم پیاوەى پێ دەناسرێتەوە. هەندێک لە گەنجانى سەر شەقامى برایانى نوکتەلێبڕاویش، کە خۆیان سەرقاڵی فەلسەفە کردووە و ئێواران لە کەناری شۆستەى شەقامەکەدا ڕیز دەبەستن، دەڵێن ئەم فەیلەسووفە وتارێکى بە ناوى ''شاری پەتاتەخۆرەکان''یش هەیە، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرسووڕمانى زۆرینەى ئەوانەیە کە لە مێژووى کۆن و نوێی ئەم شارەیان کۆڵیوەتەوە، ئەوەیە کە ئەم شارە هەرگیز نووسەرێکى بواری کۆمیدیاى تێدا هەڵنەکەوتووە، بەڵکو قسەوباسەکانیان تەنها وەکو زارەکى ماونەتەوە و تەنانەت لە بوارەکانى دیکەیشدا ئەوەندەى قسە دەکەن، هەرگیز نە دەنووسن، نە دەخوێننەوە و نە بیریش دەکەنەوە، بەڵکو هەموو شتێکیان لا بووەتە نوکتە و لە بێئاگایی خۆیاندا بوونەتە کەرەستەى کارکردن بۆ کەسانى شار و وڵاتەنانى دیکە. تەنانەت ئەکتەرێکى کۆمیدییشی تێدا هەڵنەکەوتووە. ئەوانەیشی هەوڵی ئەوە دەدەن وەک خۆیان دەڵێن کەسانى هەزەلین، جا دانیشتوانى ئەم شارە وشەى ''هەزەلی'' و ''مامۆستا'' بۆ ئەو کەسانە بە کار دەهێنن کە بیانەوێت بە جۆرێک لە جۆرەکان پێیان ڕابوێرن، نەک گاڵتەیان لەگەڵ بکەن، تێزێکى بەناوبانگیشیان دەربارەى نوکتەبازى هەیە، کە دەڵێت: ''نوکتە ئەو کاتە نوکتەیە کە هەموان پێکەوە پێبکەنین، نەک کەسێک غەمبار بێت بە هۆی ئەوەى کراوە بە گاڵتەچی و ئەوانی تر لەسەر دۆخى خراپی ئەو پێبکەنن.'' وەکوتریش، هەموو کەسێکى ئەم شارە ڕۆژانە بە ویستى خۆیانیان یان بێ ویستى خۆیان، ڕێیان لە نواندن دەکەوێت، ئەمەیش ئەو کاتانەى بۆ باشتر گەیاندنى بیرۆکەى نوکتە و بەسەرهاتە گاڵتەجاڕییەکانیان، هەر کەسەو بەپێى تواناى خۆی، پەنا دەباتە بەر هونەری جەستە و دەنگ، ئەوەیشە وای کردووە ئەکتەری لەم شارەدا نەبێتە پیشەیەکى سەربەخۆ.

لە پاڵ هەموو ئەمانەیشدا ئەوەى زۆر جار بووەتە کێشەى سەرەکیی ئەم شارە، ئەو پەیوەندییە خراپەیە کە لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیانبوو، کە زۆر جار دەرەنجامى ناخۆشی لێ دەکەوتەوە و چەند جارێکیش خەڵکەکەى هەڵمەتى کەم و دیاریکراویان کردووەتە سەر هەندێک شوێنى دەسەڵات، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستى گێڕی کەللەڕەقی، ئەگین بە شەو و ڕۆژێک تەختوتاراجیان تێک دەدا.

بە بڕواى ئەوانەیشی لەم شارەیان کۆڵیوەتەوە، هۆکاری ئەم ناکۆکییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتى حوکمڕانى ئەم شارە، زۆرینەیان خەڵکى ئەم شارە نین و وەکو پێویست لەو قووڵاییە گاڵتەجاڕییە تێناگەن کە لە هەناوى ئەم شارەدا هەیە و بووەتە تایبەتمەندییەکى هەرە دیاری شارەکە. ئەوانەیشی خەڵکى شارەکەن و هاوکات سەر بە دەسەڵاتن، شتێکى ئەوتۆیان بە دەست نییە، یاخود وەک لە یاساى بەڕێوەبردنى شارەکەدا هاتووە، قەدەغەیە پێبکەنن یان هۆکار بن بۆ دروستکردنى پێکەنین. قبووڵکردنى ئەمەیش وای کردووە لە لایەن خەڵکى شارەکەوە فەرامۆش بکرێن و تەنانەت وەڵامى سڵاویشیان نەدرێتەوە، بەڵکو لەمیانى ئەو ناووناتۆرە زۆرەى خەڵکى ئەم شارە لە هەموو شتێکى دەنێن، بەم جۆرە کەسانە دەڵێن ''بەرتاشی دەسەڵات''. دەسەڵاتەکەیشیان ناو ناوە ''قەوزەبەقونگ''. کەچی دەسەڵاتى شارەکە ئەوەندە چاوقایمە، ناوى ''بەرتاشی دەسەڵات''ى گۆڕیوە بە ''بەرداشی دەسەڵات'' و هەرچی ''قەوزەبەقونگ''ەکەى خۆیشی هەیە، کە لە ڕاستیدا ڕوون نییە لە چییەوە هاتووە، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیى خۆی بێت، لێک داوەتەوە؛ گوایە ماناى ئەوەیە لەگەڵ هاتنى ئەم دەسەڵاتەدا، سەوزایی و ئاوەدانى ڕووی کردووەتە شارەکە. جا کێشەى زۆر دیاری ئەو شارەیش ئەوەیە لە وڵاتێکدایە کە هەر شارێکى و دەسەڵاتێک بەڕێوەی دەبات، لە نێوان ئەو دەسەڵاتانەیشدا تەنها یەک خاڵی هاوبەش نییە کە هەموویان لەسەری کۆک بن، بە پێچەوانەوە، سەدان خاڵی ناکۆکیان هەیە و لە ڕابردوویشدا بووەتە هۆی شەڕی زۆر خراپ و خوێناوى لە نێوانیاندا، کە لە دوورەوە سەیرت بکردنایە، دەتگوت دوژمنى ڕاسەقینەى یەکترن نەک برا و کەسوکاری یەکتری و خاوەن یەک زمان و نەتەوە و کولتوور و نیشتمان و ئایینن!

دکتۆری ناو ئەم چیرۆکە، ڕاستە خاوەنى بڕوانامەى دکتۆرایە لە ئەدەبیاتدا، بەڵام غەمگینى و تووڕەییەکەیشى بوونەتە دوو هاوەڵی ناوەکەى، کە لە هەموو جێگەیەکى شارەکە و وڵاتەکەیدا پێی دەناسرێتەوە. هەروەها لەگەڵ وتنەوەى وانەکانى زانکۆیدا، خەریکى نووسینى ڕۆمانیشە، بەڵام وەک بڵێی بە خوێنى خۆی بنووسێت، زۆر لەسەرخۆ کار لە نووسینى یەکەمین ڕۆمانیدا دەکات. لە بەرامبەردا ئەوەى جێگەى سەرسووڕمانە، ناوى ڕۆمانەکەیەتى کە بە جۆرێک چووەتە ناو خەڵکییەوە، بە تایبەت خەڵکى دەرەوەى شار و وڵاتەکەى، ئەگەر ڕۆمانەکەى چاپ و بڵاویش بکاتەوە، لەوانە نییە هەرگیز بەو جۆرە ناوەکەى بچێتە ناو دنیاى ئەدەبیاتەوە. ڕۆمانى ''عەسرێک ئەم شارە با دەیبات''، ئەو ناونیشانە بوو کە دکتۆرى غەمگین و تووڕە لە ڕۆمانەکەى خۆی ناوە. ئەوەندەى بیریشم بێت، چەند ساڵێک بەر لە گێڕانەوەى ئەم چیرۆکە، وەک ئەوەى ناونیشانى ئەم ڕۆمانە با بردبێتى و وەک دەنکە هەڵاڵە بە وڵاتاندا پەرشی کردبێت، لە شارێکى یەکجار دوور لەم شار و وڵاتە، خەڵاتى جوانترین ناونیشانی لە فێستیڤاڵێکى ناسراودا پێ بەخشرا، بەڵام بە هۆی ئەوەى دکتۆر کەسێکى ناکۆک لەگەڵ خەڵکى و تووڕە لە دەسەڵاتى شارەکەى و ڕەخنەگرێکى بەردەوام بەسەر ئەو گەندەڵییانەى کە هەموو لایەنەکانى ژیانى وڵاتەکەى گرتووەتەوە، ڕێگەیان پێ نەدا ڤیزەى ئەو وڵاتە دوورە وەربگرێت و لە مەراسیمى وەرگرتنى خەڵاتەکەیدا ئامادە بێت. بۆیە ڕێکخەرانى فێستیڤاڵەکە بە لەبەرچاوگرتنى ئەو دۆخەى دکتۆرى تێدایە، خەڵاتەکەیان بە پۆستێکدا، کە درەختێکى سیرامیک بوو، لەسەر پانتاییەکى بەتاڵ و چەند گەڵایەک بە ڕەنگى ئاڵتوونى، بە بەشی سەرەوەى درەختەکەوە دەدرەوشانەوە و لەگەڵیشیدا بڕێک پارەى وڵاتەکەیان لە زەرفێکى مۆرکراودا ناردە شارەکەى دکتۆر. جا ئەویش لە ترسی بوختانى ئەوەى دکتۆر لە بەرامبەر کارە سیخوڕییەکانى بۆ وڵاتانى بێگانە پارەى بۆ هاتووە، پارەکەى نەبردە هیچ جێیەک و بە زەرفەکەوە لە سووچێکى ماڵەکەیدا فڕێی دا. ئەمە لە کاتێکدا وڵاتەکەى دکتۆر بە جۆرێک ناکۆکى باڵی بەسەردا کێشاوە، کە پارەى شارێکى لە شارێکى دیکەى جیاوازە. بۆیە ئاستەمە بتوانى بە پارەى شارێک لە شارێکى دیکە، هیچ مامەڵەیەک بکەیت، ئەمەیش غەمگینى و تووڕەییەکەى دکتۆر زیاتر دەکات.

دکتۆری غەمگین و تووڕە بەردەوام ئازاری بە دەست ئەو نەریتەى شارەکەیەوە دەخوات و هەمیشە لاى هاوڕێیەکانى کە زۆرینەیان خەڵکى شارانى دیکەى وڵاتەکەین و تەنانەت وڵاتانى دیکەیش دەڵێت ''ئەم شارە بە گاڵتەوە دەژیی!'' کاتێکیش لێی دەپرسن ئەى تۆیش خەڵکى ئەم شارە نییت؟ مەگەر دایک و باوکى تۆیش لە هەمان شاردا تۆیان نەبووە؟ ئەو خێرا لە پشت لاپتۆپەکەیەوە کە زۆرینەى کات سەری بەسەردا شۆڕ کردووەتەوە و خەریکى نووسینى ڕۆمانەکەیەتى، چاوە بچووکەکانى کە دەڵێی دەنکى گۆیژن، هەڵدەبڕێت و دەڵێت: ''ئەوەى ئێوە ڕاستە، بەڵام من لە ڕابردوویشدا لەگەڵ ئەم ڕووبەرە زۆرەى گاڵتەجاڕیدا نەبووم لەم شارەدا، هەمیشە پێم وابووە ئەم شارە کارەساتێکى گەورە چاوەڕێى دەکات، کارەساتێکى وەها بە لەناوچوونى خۆی و خەڵکەکەى تەواو دەبێت، ئیتر لەوەبەدوا ناوى ئەم شارە لە هیچ نووسراوێکدا نامێنێت، کەس ناوى ناهێنێت، کەسیش ناوى بیر نامێنێت، لە بیرەوەریی هەموو دنیادا وەک ئەوەى شارێک نەبووبێت، بەم ناوەوە بۆ هەمیشە دەسڕدرێتەوە. ئەمە قسەى ئێستام نییە، لە منداڵیمەوە پێشبینیی ئەم کارەساتەم کردووە، بۆیە هەرگیز لە ناو منداڵەکانى هاوڕێمدا جێگەى بایەخ نەبووم، بگرە بەر نەفرەتیشیان دەکەوتم و وەک پشیلەیەکى نەگبەت کە کەوتبێتە داویانەوە، بەردیان تێدەگرتم و ''بەرتاش... بەرتاش... بەرتاش...'' ڕاویان دەنام.

غەمگینى و تووڕەییەکەی دکتۆر، هیچ سوودیان نییە. بە پێچەوانەوە، تاکو دێت بۆچوونى خەڵکى لەسەرى خراپتر دەبن. دەسەڵاتیش هەوڵی کەنارخستنی زیاتری دەدات، هەر لەبەر بۆچوونەکانیشی، زۆر جار لە لایەن خەڵکى شارەکەیەوە بە ''بەرتاشی دەسەڵات'' تۆمەتبار دەکرێت و لە لایەن دەسەڵاتیشەوە بە پیاوى شارەکانى دیکەى وڵات و دەستى ڕەشی دوژمنان لەقەڵەم دەدرێت. کار گەیشتووەتە ئەوەى چەند جارێک لە لایەن خەڵکییەوە و لە کاتى چوونى بۆ بازاڕە بازنەییەکى ناوشار، بەردباران بکرێت و  سەروچاوى خوێناوی بکرێت. جارێکیش لە لایەن چەند گەنجێکى سەر بە یەکێک لە پیاوەکانى دەسەڵاتەوە، سەروگوێلاکى بە کلکەدەمانچە و لە بەردەم کامێراى مۆبایلەکانى ئەو خەڵکەى لەوێدا بوون، کوترایەوە. بەیانییەکیش لەگەڵ خۆرهەڵهاتن و بەرلەوەى بگاتە ناو حەوشەى زانکۆ، لە لایەن گروپێکەوە وەخت بوو وەک ئەو گەنجەى لە ڕێگەى نووسینەوە ویستى یارییەک لەگەڵ دەسەڵاتى وڵاتەکەیدا بکات، کەچی ڕفێندرا و پاش چەند ڕۆژێک بە کوژراوى تەرمەکەیان فڕێ دایە سەرەڕێیەک، ئەمیش بەرن و بەو چارەنووسەى ببەن. بەڵام باش بوو، لە سەرەى ئەمدا و لەو کاتەى گرووپەکە وەک فەردە پەتاتەیەک خەریکى پێچانەوەی بوون، پیاوێکى خڕیلانەى کورتەباڵا لە دووریی چەند مەترێکەوە، هاواری کرد و گوتى: ''خەڵکینە فریا بکەون، ڕابکەن، ئەو چەند کەسە خەریکە ئەو دکتۆرە داماوە کەوڵ دەکەن و وەکو مەڕی برژاوى سەر قوبڵی دەیخۆن!'' ئەم هاوارەی کابراى کورتەباڵا بووە هۆی پێکەنین. سەرەتا لە کەسێکى گرووپەکە و پاشان دوان و دواتر هەموویان و لە ئەنجامدا گرووپەکە لەتاو پێکەنین، دەستەکانیان شل بووەوە و  دکتۆریش ئەمەى بە دەرفەتێک زانى تاکو وەک ڕیشۆڵەیەکى بەستەزمان بەرەو ناو حەوشەى زانکۆ باڵ بگرێت. لە بەرامبەریشدا وەکو بیستمان، دەسەڵاتى وڵات لەبەر ئەوە نا کە گرووپەکە کارەکەیان بە سەرکەوتوویى ئەنجام نەداوە، بەڵکو لەبەر ئەوەى پێکەنیون، تەواوى ئەندامانى گرووپەکەى بە زیندانى هەمیشەیی سزا داوە. کەچی دکتۆری غەمگین و تووڕە لەگەڵ ئەوەى کابرای خڕیلانەى کورتەباڵا بووە فریادڕەسی و لە ڕێگەى نوکتەیەکەوە نەیهێشت بکەوێتە داوى دەسەڵاتەوە، هێشتان بۆچوونى لەسەر خراپیی ئەو نوکتە و پێکەنینە زۆرەى شارەکەى، نەگۆڕدرابوو.

ڕۆژەکان و شەوەکان بە دواى یەکدا دێن و کەس نازانێت سەرەتاى ئەم شارە لە کام ڕۆژەوە هاتووە و بۆ کامە شەو دەچێت، یاخود لە کامە شەوەوە بۆ کامە ڕۆژ دەڕوات. تا دێت گرژییەکانى نێوان دەسەڵات و دانیشتوانى شاری پەتاتەخۆرەکان زیاتر دەبێت. دکتۆریش بەدەم نووسینى ڕۆمانەکەیەوە، وەک ئەوەى وێردێکى ئایینى لە بەر خۆیەوە بڵێتەوە، دەڵێت: ''ئەم شارە بە گاڵتەوە دەژیی!'' خەڵکیش نوقمى قاقای پێکەنینن و بە پشتدا دەکەون، بێئاگا لەوەى دەسەڵاتدارانى شار، بە هاوکاریی وڵاتانى دراوسێ کە هەگیز خۆشییان لەم شارە نەهاتووە، خەریکى سازکردنى یارییەکى ترسناکن بۆ لەناوبردنى شارەکە و دانیشتوانەکەى. ئەمە لە کاتێکدا درەنگانى دوێنێشەو منیش و دکتۆری غەمگین و تووڕەیش، بە چاوى خۆمان بینیمان تەواوى دەسەڵاتداران و دارودەستەکانیان، خۆیان گەیاندە شارێکى دیکە و ئەوانەیشی کە سەر بە خۆیان بوون و بەڵام خەڵکى شارەکە بوون، بە ناو شارەکەدا بڵاویان کردنەوە بۆ بێزارکردن و ئەگەریش پێویست بکات، شەللاق وەشاندن لە هەر کەسێک کە بیەوێت پێبکەنێت یان ڕۆڵی هەبێت لە دروستکردنى پێکەنیندا؛ وەکو بڵێی پێکەنین تاوانێکى هێند گەورە بێت، خواوەندەکان لەسەر عەرشەکانیان تووڕە بکات!

بەیانییەکەی لەگەڵ هەڵهاتنى خۆردا، دکتۆر لەتاو غەمگینى و ئاگرێکى تووڕە کە ناخى دەهەژێنێت، بۆ نووسینى دوایین بەشی ڕۆمانەکەى ناتوانێت بچێتەوە بۆ زانکۆ، بەڵام بۆ ئەوەى هەستى نووسین تەواوى گیانى داگیر بکات و پاشان دەست بە نووسین بکات، تاکو نزیکى عەسر لە جێخەوەکەیدا دەمێنێتەوە و خۆی دەخواتەوە. لە سەرەتاى لاربوونەوەى سێبەری درەختەکەى بەر پەنجەرەى ژوورەکەیدا، کە ئاماژەیە بۆ هاتنى عەسر، هەڵدەستێتە سەر مێز و کورسیی نووسینەکەى و لاپتۆپەکە دادەگیرسێنێت و دوایین بەشی ڕۆمانەکەی، کە هەمان ناونیشانى سەرەکیی ڕۆمانەکەى هەیە، بەم جۆرە دادەڕێژێت... چەند ئینتەرێک دێتە ناوەڕاستى خوارەوەى لاپەڕەکە و بە فۆنتێکى لار و تۆخ دەنووسێت:

من ئیتر هیچ ناڵێم

بەڵام موژدەتان دەدەمێ

ئێوە لە شارێکدا دەژین

عەسرێک بەدەم هاوارى خواوەندەکانیەوە، با دەیبات.

لەم کاتەدایە دەنگێکى نامۆ و توند کە پەردەى گوێی زۆرینەى منداڵانى شارەکە دەدڕێت و لە یەک ساتدا هەموویان پێکەوە دەخاتە گریانێکى بەتین. شارەکە وەک پەڕێکى بچووکى باڵندە دەبات بە ئاسماندا. دکتۆریش لە پەنجەرەى تەنیشت مێزى نووسینەکەیەوە وەک ئەوەى بیەوێت بەسەر دیوارێکى نزمدا باز بداتە ناو باخچەیەک، دەکەوێتە خوارەوە بۆ ناو بۆشاییەکى لەبننەهاتوو، لەوێوە تەماشاى شارەکەى دەکات کە چەشنى فەرشەکەى سولەیمان، لە ئاسماندا دەڕفێت و تاکو دێت بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە. پاشان وەک فەردەیەک پەتاتەى فڕێدراو گرمۆڵە دەبێت و دەکەوێتە قووڵایی ئاسمانەوە.

تێبینى: ئەو بەشەى پێشبینییەکانى دکتۆر بۆ داهاتووى شارەکەى، بەو جۆرە دەرنەچوو کە ئەم شارە ناوى لە بیرەوەریی هەمواندا دەسڕدرێتەوە. بە پێچەوانەوە، لە تەواوى دنیادا ناوى شاری پەتاتەخۆرەکان بووەتە یەکێک لە ناوە ئاشناکان و تەنانەت بۆچوونێک هەیە دەڵێت ڤانکووخى گەورە نیگارکێشی هۆڵەندییش، تابلۆ بەناوبانگەکەى بە ناوى ئەم شارەوە ناو ناوە (پەتاتەخۆرەکان). هەروەها یەکێک لە نووسەرەکانى شارێکى دیکە لە هەمان وڵاتى دکتۆر، کۆمەڵەچیرۆکێکى بەو ناوە هەیە، کە لە گەرمەى شەڕی براکوژیدا نوسخەیەکى بە نهێنى بۆ دکتۆر ناردووە و دکتۆریش پاش خوێندنەوەى، سەرسامییەکى زۆری بۆی هەبووە، بەڵام نەیوێراوە بە باش و خراپ لەبارەیە قسە بکات، چونکە ئەودەم هاوشانى سیاسییەکان، نووسەر و ڕۆشنبیرانیش دابەشی دوو بەرە کرابوون و ئەوەى سیاسەت بە فیشەک دەیکرد، ئەوان بە قەڵەم خراپتریان دەکرد و هاوکات بە شیعر و وتارە ئاگراوییەکانیان، شەڕەکەیان خەستتر دەکردەوە.

2019



ڕیکلام