چەند سەرنجێک لەسەر ڕۆمانی (لەیلان)ی سەلاحەدین دەمیرتاش

  2020-11-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هۆشەنگ کامەلا


(١)
راستی
سەڵاحەدین دەمیرتاش بە پرسیارکردن لە بارەی (راستی)یەوە دەست بە رۆمانەکەی دەکات. لە چەند لاپەڕەی سەرەتاییدا، تێدەگەین رۆماننووس، باس لە دوو جۆر راستی دەکات، راستییەک کە بە خۆمان دایدەهێنین، کە ئەوەیان پتر دەچێتەوە نێو مەنتیق و ئەو بەرژەوەندییانەی ئێمە دەیخوازێت. ئەوەیتریان راستینەی خۆمانە. بۆیە راستییەکان هەمیشە دروست نین و دروستەکانیش راست نین! راستی دەوەستێتە سەر ئەم گۆشە نیگایەی لێیەوە دەڕوانین، بە گوێرەی کەسێک و بە پێی شتێکەوە راستە!

ئەو سەرەتایە پرسیارێکی رژدە لەبارەی راستی و هەقدا، ئەو پرسیارەی لە روحی کەسێکەوە دەردەچێت، کە لەدەست مەنتیق و ئەو سستمە سیاسی و پەروەردەییە دەناڵێنێت و بە پێی مەنتیقێک، کە لەخزمەتی خۆیدایە،  نەوەک هەر پێناسەی راستی دەکات، بەڵکو کۆنتڕۆڵیشی دەکات! 

سستەمی سیاسی لە رێی هێزەوە، کۆمەڵێک پێوەر و گۆشەنیگا پەیدا دەکات و وەک تەرازوو بۆ جیاکردنەوەی راستی و هەڵە لە یەکدی دایاندەنێت، بەڵام ئەم پێوەرە، پێوەندی بە (هەق) و دەنگی راستینەی مرۆڤەوە نییە، کە لە روحییەوە دێت و داوای جیهانێک دەکات، کە بە هوشیارییەوە، بە ئازادییەوە لەگەڵ برایەکانی، خۆی پێوە گرێبدات و ئەزموونی خۆی تێدا بکات.

(٢)
دوای بابەتی ئەو (راستی)یەی لەسەر بنەمای مەنتیقی ئەرستۆ خۆی بە پێوە دەگرێت، رۆماننووس دەمانباتە نێو بابەتی (عیشقی ئەفلاتوونی)، وەک بەرابەرێک بۆ ئەو جیهانەی لە رێی کۆمەلێ پێوەر و گۆشە نیگاوە پەیدا دەبێت و رووی لەدەرەوەیە و بە جیهانی خودیی مرۆڤەوە پێوەست نییە. 

ئەمجارە دەمانخاتە نێو دۆخێکەوە کە سەداسەد خودییە و پێوەندی بەم پێوەرانەوە نییە کە مرۆڤ و جیهان کۆنترۆڵ دەکەن!

(عیشقی ئەفلاتوونی) بە دووی (نەتیجە)دا نابێت، وەک مەنتیقی ئەرستۆیی، یا سستەمی پەروەردەیی و سیاسی هەمیشە بە دووی (ئاکامی راست)دا دەگەڕێن. ئەم قسەیە بەدوای (نەتیجە) بوون، لە سەر زمانی مامۆستای (هونەر) دەوترێتەوە. ئەم ئاماژەیە (هونەر) وەک سەرچاوەیەک بۆ نەتیجە، ناکۆکە لەگەڵ ئەو راستینەیەی لە نێو روحی هونەر خۆیدا هەیە، بەلام سستەمێکی سیاسی و پەروەردەیی کە دەیانەوێت، جیهان و مرۆڤ کۆنتڕۆڵ بکەن، سەرەتا دەبێت سەرچاوەکانی راستی کۆنتڕۆڵ بکەن، کە (هونەر) یەکێکە لەم سەرچاوانە!

(عیشقی ئەفلاتوونی) خۆی جۆرێکە لە هونەر و پێوەندی بەو راستینەیە هەیە کە لە خودیی مرۆڤدا دێت و داوای پاکی و بێگەردی و جۆرە بێدەنگییەکی هونەری و پاک و موقەدەسی لێدەکات و عاشقەکان لە دۆخێکی سۆفیگەرییانەی قووڵ نزیک دەکاتەوە، بە جۆرێک زمانی ئاماژە و رەمزەکانی عاشقان دەبنە جیهانێکی تایبەت و جیهانی ماددە و واقیعی رەت دەدەن!

(٣)
کوردبوون
مرۆڤ کە بە زمانی خۆی پێوەندی لەگەڵ جیهاندا دەگرێت و هوشیاریی بە زیندوبوون و دنیا و ژیان پەیدا دەکات، وەک بولبولێک دەخوێنێت! بەڵام بە زمانێکی تر ئەم بولبولە دەبێتە بولبولێک کە تووی قووت داوە!

کوردبوون لە روحی ئەو منداڵانەی رۆماننووس باسیان دەکات، لە نێو پۆلەکانی خوێندنی قوتابخانەیەک کە لە زیندان دەچێت، پرۆسەکە هەمووی، خوێندن و پەروەدە و فێرکردن دەبێتە گاڵتەسازییەکی گەورە و ژیانی ئەو منداڵانەش دەخاتە نێو سستەمێک، کە بە هیچ شێوەیەک نەگەڕێتەوە سەر مرۆڤبوون. شکۆشکاندن، لێدان و گوێ سوور هەڵگەڕان، هەموویان دەبنە رێگڕ لەوەی دوو زمانی کوردی و تورکی تێکەڵی یەکدی ببن و ببنە زمانێک بۆ تێگەیشتن و لێکحاڵیبوون. رۆماننووس ئەم بابەتەی زۆر هونەری و جوان و تیزکارانە داڕشتووە و لە رێی کۆمەڵێ واژە و دەستەواژەی کوردییەوە، کە منداڵەکان دەیڵێن و لەم رێیەوە جیهانی زمانی تورکی و کوردی لەبەرابەر یەکدیدا رادەگرێت و منداڵانە ئەم سستمی پەروەردەییە سەرکۆنە دەکات و نیشانی دەدات، نە پێوەندی بە بەهاکانی هەقەوە هەیە و نە بە پێوەرەکانی مرۆڤبوونەوە. ئەوەی دەکرێت، شتێکە دژی کوردبوون، ئەوەی لەم سستەم و ستەمکارییەش درووست دەبێت، (سەراب)ێکە و بە کوردییەکەی واتە (لەیلان) کە لێرەوە باشتر لە ناوی رۆمانەکە دەگەین، رۆمانێک کە باس لە دۆخی سستەم و ستەمێک دەکات، هەر لە منداڵییەوە تا مردن، لە سەراب و لەیلانێک زیاتر نییە!

(٤)
 هاوڕێبوون
(قودرەت و کەمالەدین و سوبحان) ئەو سێ منداڵەن، کە دەبنە برادەر و هاورێی گیانی بە گیانی یەکدی، ئەوان بە راستی هاورێی یەکدین، مرۆڤ دەکرێت زۆر کەس بناسێت، بەڵام هاورێکان جیاوازن، دوو روو و ریاکار نین، جێگەی متمانەن، هەستی تەنیایی مرۆڤ دەڕەوێننەوە.

رۆماننووس ئەرستۆییانە، هاورێیەتی وەک بەرپرسیاری و وشیاربوون بە جیهان و پێوەندیکردن بە ژیان و دنیاوە تەماشا دەکات.  هاوڕێیەتی بەرپرسیارییە بەرابەر منی دیکە! بۆیە لەم رۆمانەدا، بەتایبەتی لە لاپەڕەکانی سەرەتا تا (٨١) کە باشترین لاپەڕەکانی ئەم رۆمانەن! جوانترین شێواز و ناوەڕۆکی چەمکی (هاوڕێ) دەبینین. بە شێوەیەک من بۆ خۆم هەم لە بەر پێکەنین و هەم لەبەر گریان چاوەکانم ئەوەندە پڕ دەبوون و فرمێسکیان تێدا دەزا، بێ پاککردنەوەیان نەمدەتوانی وشەی سەر لاپەڕەکان ببینم!

(٥)  
هێزی عیشق و دەستماڵەکانی سەراب
سەلاحەدین دەمیرتاش، کاری لەسەر هەندێ وردەکاری زۆر جوان و سۆزدارییەکی بێگەرد کردووە، کە بۆ منی خوێنەر جێگەی هەستکردن و ئازار و جوانی و هونەر و برینی قووڵ بوو!

بۆ نیشاندانی ئەو عیشقە ئەفلاتوونییە و ئەو بێگەردییەی لە رۆحی (سەراب و قودرەت)دایە، لە رێی وشە و زمانەوە، کیمیای ئەو عیشقە بەیان دەکات.

یەکەم جار قوودرەت دەسماڵێکی سەراب دەدزێت، کە (دەستمالێکی سپی، لێوارەکەی بەرەنگی سەوز تەقەڵ درابوو)، بێ ئەوەی هەستی دزێکی هەبێت! لێرەدا رۆماننووس دەرگەیەک بۆ بیرکردنەوە لە بابەتی دزیکردن و ئەخلاقەوە دەکاتەوە. ئایا بەدەستهێنانی شتەکان چۆن و کەی دەبێتە کارێکی نائەخلاقی؟

عاشق، ئەو کەسە نییە کوێر بێت و لە جیهانی ماددەدا راستی نەبینێت. عاشق تاکە کەسێکە بە دوای راستی و واتای ژیاندا دەگەڕێت. عاشق درۆ، ریاکاری، تووڕەیی، ماڵ و موڵک و ئەو هەوەسانەی بە زۆر خراونەتە نێو چاوانمان و وا دەکات راستی نەبینین، بێمانا دەردەخات. عەشق هەقیقەتە! کڕۆکی هەر ژیانێک عیشق نەبێت بێ واتایە.

چیرۆکی یەکەم دەستماڵ ئەوەبوو کە (قودرەت) لە قوتابخانە لە (سەراب)ی دەدزێت، بەلام دووەمیان بەم شێویەیە: (ئێمە رانەهاتبووین بە دەم قسە بکەین. چاوەکانمان بەسن. دواتر دەستی بۆ درێژ کردم، وامزانی دەیەوێ دەستم بگرێت، منیش دەستم درێژ کرد. دەستماڵێکی سپیی خستە نێو دەستم، چوار دەوری بە رەنگی زەرد نەخشێنرابوو. "من دانەیەکم لە لایە" وام گوت. "دەزانم، رەنگە کۆن بوو بێت" وای گوت). ئەم دیمەنە یەکێکە لە دیمەنە هەرە جوانەکانی ئەم رۆمانە. 

دەستماڵی سێیەمیش کاتێ (قودرەت) لە نەخۆشخانە لە کۆمادایە، سەراب سەردانی دەکات و دەستمالێکی سپی لێوار سووری لە پاڵ سەریدا بەجێدێلێت. 

قودرەت دەڵێ: (ژیانم هێندەی سێ دەستماڵی سێڕەنگ بەهای هەبوو)!

(٦)
کۆترەکانی قودرەت و رۆمانەکانی محەمەد ئۆزۆن و  شیعرەکانی ئیحسان بیچیجی

رۆماننووس، کۆمەڵی رەمزی شاعیرانە و هونەرییانەی لەم رۆمانەدا بە کارهێناون، کە کەشێکی زۆر ناسک و نیان و بە سرووشتی رۆمانەکەی بەخشیوە. یەکێک لە رەمزەکان، کۆترەکانی (قودرەت)ن، کە لە وێنەیەکی هونەریدا، بەڵام بە ئازار جیهانی سەربانەکەی و کووخ و هێلانەی کۆترەکانی لێ تێکوپێک دەچێت، لەمەش خراپتر ئەوەیە کە دەزانێت ئەو پارووەی لە دەمیدایە، گۆشتی مریشک نییە و کۆترەکەی خۆیەتی!

یەکەم کتێبی کوردی کە دەیخونێتەوە، رۆمانێکی محەمەد ئۆزۆنە و دەبێتە دەرگەکردنەوەیەکی گەورە بەسەر جیهانی هزر و بیرکردنەوە و ئاشنابوون بە زمانی دایک و ئەدەبدا با بیر لەم رستەیە بکەینەوە: (یەکەم جارمە بە کوردی کتێب دەخوێنمەوە)!، ئەم رستەیە دیرۆک و جیهان و ژیانی کوردبوونی ئێمە لە خۆی دەگرێت، کە پێویست ناکات قووڵی و سادەیی و برینەکانی ئەم وشانە بدەینە بەر باس؟!

شیعرەکانی ئیحسان بیچیجی دەبنە بەسێکی تر لەو شیعریبوونەی لەنێو ئەم رۆمانەدا، وەک ئاوی رووبار لە بن پەیڤەکان دەڕوات و سرووشتێکی تر بە سرووشتی زمان و دەربڕین دەدات:
دیاربەکر
تا خوێنت لەبەر رۆیی، دیجلە گریا

(٧)
دوای لاپەڕە (٨١)ی رۆمانەکە، رۆمانێکی تر دەست پێدەکات، کە لێرەدا تەواوی جیهانی رۆمانەکە دەگۆڕێت و دەچێتە سەر ئەو رۆمانەی (نەتیجە) نووسیویەتی و دەیداتە (قودرەت) و دەیخوێنێتەوە. ئیدی لێرەوە بە ناوی (ژیان هەمیشە نیوەیە) دەبێتە هەولێک بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە: (ژیان ئەوەیە کە لە نێو سەرماندایە؟ یان ئەوەی دەرەوە؟ زۆربەی کات نازانین).

ئیدی لێرەوە، هەرچەندە چیرۆکێکی بە هێز و قووڵ و کاریگەر دەست پێدەکات و بە خەمێکی گەورەوە کۆتایی دێت و نابڕێتەوە! کەشی ئەو بەشە بەجیدێڵێت کە تا لەپەڕە هەشتاو یەک هاتبوو. نازانم رەنگە من تێنەگەم، بەڵام وای دەبینم، ئەم دوو بابەتە لە یەکدی جیاکرابانەوە و بە جوودا نووسرابان چاکتر دەبوو، هەروەها چیرۆکی قودرەت و هاوڕێکانی و عیشقە ئەفلاتوونییەکەی بەردەوام ببایە. ئەوەی تر، ببایە رۆمانێکی تر!

(٨)
هەر چۆنێک بێت، (لەیلان) رۆمانێکی خەمناکە و کۆمەڵە چیرۆکێکی پاژەکی و کارئەکتەری خەمبار و لە هەمان کاتیشدا بەهێز و بە ورە لەخۆی دەگرێت. لە هەندێ بەش و پەرەگراڤدا وەک ئاو دەمانباتە نێو زەوی و هەندێجاریش وەک بۆنی عەترێکی خۆش بە هەوامان وەردەکات. بە هەستگەلێکی تێکەڵ خوێندمەوە، لە دڵ و هۆشمدا، خەم و پێکەنین و فرمێسک و بزە ئاویتە بوون. لە رێی لەیلانەوە، تێدەگەین، کوردبوون، مرۆڤبوون، هاورێبوون چەند گەورە و موقەدەسن، ئەوەندەش جەفاکێشان هەڵدەگرن. چەند بێگەردن، ئەوەندەش سەرچاوەی ئازارن!


ڕیکلام