ناساندنێک بۆ ‎ڕۆمانی (غەریب)

  2020-11-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەبدولغەنى کاکۆ

ئەم ڕۆمانە لە نووسینى (شتێفان هێرتمانس) و باس لە هەڵوێستە گەورەکانی مرۆڤ دەکات.ئەو هەڵوێستانەی کە مرۆڤ دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوە سەختەکانی ژیان و بڕیاری چارەنوسساز بۆ ئامادەبوون یان نەبوون بۆ سەرکێشی و قوربانیدان.

نووسەری بەلجیکی (هێرتمانس) کە بە زمانی هۆڵەندی دەنووسێ لەم ڕۆمانەیدا (کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئەڵمانی) دەمانباتەوە بۆ سەدەی یازدەی زایینی، دەمانباتە گوندێکی وڵاتی فەڕەنسا. باسی خۆشەویستیی کچی خانەوادەیەکی دەوڵەمەندی کریستیانیمان بۆ دەکات کە ناوی (ڤیگدیس)ە.

ڤیگدیس لەگەڵ کوڕی هاخامێکی جوولەکە کە هەردووانیان لەو دێیەدا دەژین دەکەونە ناو پەیوەندییەکی قووڵی ئەویندارییەوە. بەڵام لە بەختی خراپی ئەواندا ڕەوشی ژیان بەرەو نەهامەتییەکی سەخت دەڕوات. چونکە هەڵمەتی شەڕی خاچگەرایی لە ئەوڕووپا دەست پێ دەکات و شەڕەکە باڵ بەسەر هەموو شوێنێکدا دەکێشێ، سەرئەنجام شەڕەکە ڕوو لەو گوندەش دەکا، لەناو ئەو هەڵمەتی کوشتارو ڕاوەدوونانە خوێناوییانەدا ماڵە جوولەکەکانی ئەو گوندەش دەکەونە بەر شاڵاوی خاچگەراکان. لەکاتێکدا بەرژەوەندیخوازانی ئەو شەڕە سەرو ماڵی جوولەکەکان بۆ کریستیانەکان حەڵاڵ دەکەن و دەبێ هەرکەسێکی کریستیانی قێز لە مرۆڤە جوولەکەکان بکاتەوە، ئا لەو کاتەدا ڤیگدیس گیرۆدەی عەشقێکی قووڵ بووە لەگەڵ ئەو کوڕە، دەکەوێتە بەر دەم بژاردەیەکی قوڕس کە ڕەنگە بە نرخی ژیانی تەواو ببێ. ئەو بەپێی پێکهاتەی خانەوادەکەی لە بەرە بەهێزەکەدایە، کوڕە لاوەکەش لە بەرە لاوازەکەی تر دایە، کە کەوتوونەتە بەر هێرش و هەڵمەتێکی بێ ئامان.ئیتر کە ماڵە جوولەکەکان ناچار دەبن ڕابکەن و گوندەکە جێبهێڵن و پەرش و بڵاو ببنەوە، ئەو کچە کریستیانییە کوڕەکە بەو چەشنە لەناو ئەو بەدبەختی و لێقەوماوییەدا بەجێ ناهێڵێ، بەڵکو لەپێناو عەشقەکەی خۆیدا ئەو گیانبازییە دەکات: ماڵ و خێزانەکەی خۆی بەجێدەهێڵێ و چارەنووسی خۆی پابەند دەکات بە چارەنووسی کوڕەکەو ە، لەکاتێکدا دەشزانێ ئەگەر لەهەر ساتێکدا ئاشکرا ببێ بە مەرگ سزا دەدرێ، دەشزانێ ڕەنگە ژیانی لەناو کۆمەڵگەیەکی ڕاوەدوونراودا دەیخاتە بەردەم مەترسی تۆڵە لێ سەندنەوەی لەناو ئەو کۆمەڵگایەشدا. ڕۆمانەکە وێنای ئەو کچە دەکات کە لەناو سەختی چەندین غوربەتدا دەژی، غوربەتیی بەجێهێشتنی خانەوادەکەی، غوربەتیی ئاوارەو دەربەدەربوونی لە گوندەکەی خۆیان، غوربەتیی ژیانی لەناو خێزانێکی پابەند بە ئایینێکی جیاواز و دابونەریتێکی تایبەت، غوربەتیی ژیانی لەناو ڕەوشێکی مەترسیدار. بەڵام لەلایەکیدی بەختەوەرە کە دونیایەکی تر باوەشی بۆ کردۆتەوە: دونیای خۆشەویستی. ئەو دونیایەی کە سەرەڕای سەختییەکەی بەڵام بە ئازادی خۆی هەڵیبژاردووە. ڤێگدیس بەختەوەرە بەوەی کە نەیهێشت شەڕو ململانێی مەزهەبی لە خۆشەویستەکەی دایببڕێنێ. دیارە ئەو هەڵوێستە دەگمەنانە لە مێژوودا هەڵوێستی ناوازەو گەورەن. بۆیە کارەکتەرەکانی وەک کەسانی نموونەیی لەناو مێژوودا دەمێننەوە.

یٔەم ڕۆمانە بابەتێکی زۆر گرنگی ناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەڵبژاردووە، ئەویش ئەوەیە کە خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان لەسەرووی هەموو ڕێگرییە یٔایدیۆلۆژی و مەزهەبی و یٔاینییەکانەوەیە. بەڵام کێن یٔەوانەی لە پێناوی خۆشەویستی و هەستی پاکی یٔەویندارییدا دەتوانن خۆیان لەژێر هەژموونی ئەو تەگەرەو پاڵەپەستۆیانە ڕزگار بکەن؟ بێگومان دەبێ ئەوانە بەتەواوەتی خاوەنی خودو کەسایەتی خۆیان بن، دەبێ یٔامادەی قوربانیدان بن. دیارە یٔەو هەڵوێستانە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هێندە کەمن کە هەمیشە وەک هەڵوێستی نەمر ماونەتەوە.

جێگەی سەرنجە نووسەر ئەم ڕۆمانەی لەسەر بناغەی ڕووداوێکی ڕاستەقینەی مێژووییەوە بونیات ناوە بۆیٔەوەی جەخت لەسەر ڕاستییەک بکاتەوە کە پێشتریش تۆماس مان نووسەری ئەڵمانی لە ڕۆمانی (یوسف و براکانی) دا جەختی لەسەر کردۆتەوە ئەویش ئەوەیە کە لە هەموو شوێن و هەموو ساتێکدا مرۆڤ دەتوانێ ببێتە خاوەن هەڵوێستێک کە بە نەمری بمێنێتەوە. لێرەدا شتێک بۆ ئێمە گرنگە لێی ڕابمێنین: لەو سەردەمە ئاخۆ چەند سەرکردەی سوپایی گەورە بەشداری ئەو هەڵمەت و پەلامارە گەورانەیان کردبێ، بەڵام ئەوە جێگەی پرسیارە بۆچی ئەو سوپاسالارانە هیچیان ناویان لە بیرەوەری خەڵک دا نەماونەتەوەو هەموویان ناویان ون بووە یان ئەگەر ناویان. مابێ بە ساردو سڕی و قێزەوە ناویان دەهێنرێت، کەچی ناوی کچێکی وا نەوە لەدوای نەوە لەناو سەرگوزشتەکاندا ماوەتەوە؟ ئاخۆ ئەوەش جەخت لەسەر ئەوە ناکاتەوە کە هەڵوێستە بوێرو مرۆڤایەتییەکان هەمیشە دەبنە سەر مەشق و نموونەی جوانیی لە مێژوودا؟ لەبەرامبەردا هەموو ڕەفتارو بزاڤە قێزەونەکانی شەڕو کوشتار و ماڵوێرانی لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی و زاڵکردنی دەسەڵات تەنیا وەک شتی قێزەون لەمێژوودا دەمێننەوە کە هەمیشە دەکەونە بەر نەفرەتی ویژدان و هەستی مرۆڤایەتی.



ڕیکلام