ئەنجامدەری ڕوداوی بە بارمتە گرتنی ژمارەیەک هاوڵاتی لە جۆرجیا دەستگیر کرا

  2020-11-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەزگا ئەمنییەکانی جۆرجیا ئەو کەسەیان دەستگیر کرد، کە سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆمپانیایەکی داراییدا ژمارەیەک هاوڵاتی لە تبلیسی پایتەخت بە بارمتە گرتبوو.

پۆلیسی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، لە ئۆپراسیۆنێکدا، کەسی تۆمەتبار دەستگیرکراوە و سەرجەم بە بارمتەگیراوەکانیش بێ هیچ زیانێک ئازاد کراون و میدیای ئەو وڵاتە دەریخستووە ئەو کەسانە بە سەلامەتی لە بیناکە هاتوونەتە دەرەوە.

دوای ڕوداوەکەش پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنێکیان دەستپێکرد و توانیا دوای پێنج کاتژمێر سەرجەم بە بارمتە گیراوەکان ئازاد بکرێن.

لە کاتی روداوەکەدا ئەنجامدەری هێرشەکە لە وتەیەکدا کە یەکێک لە بە بارمتەگیراوەکان خوێندییەوە، داوایکردبوو، یاسای قەدەغەکردنی قومار لەسەرانسەری وڵاتدا دەربکرێت و ڕێژەی سودی ساڵانە کەمبکرێتەوە و نرخی داودەرمانیش هەرزان بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی جۆرجیا لە بەیاننامەیەکی کورتدا سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کەسێکی چەکدار چووەتە ناو بارەگای ئەو کۆمپانیا داراییە و لە ئێستاشدا پۆلیس گەمارۆی شوێنەکەی داوە .

بە گوێرەی لێدوانی کۆمپانیا داراییەکە ٩ کەس لەناو کۆمپانیاکەدا بە بارمتە گیراون .

لە لایەنی ترەوە ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، ئەو کۆمپانیایەی کە کراوەتە ئامانج، ناوی (MBC ) و پێدەچێت لەناو بیناکەدا چەند هێرشبەرێک هەبن و ژمارەیان بگاتە پێنج کەس و یەکێکیان بۆمبی نارنجۆکی پێیە.

لە ماوەی یەک مانگدا ئەو دووەم روداوی لەو شێوەیەیە، لە ڕۆژی ٢١ی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا کەسێکی چەکدار ٤٣ کەسی لەناو بانگی جۆرجیادا دەستبەسەر کرد، کە بە گەورەترین بانکی بازرگانی ئەو وڵاتە دادەنرێت، لە پای ئازادکردنی بارمتەگیراوەکان، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ناچار بوون بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بدەن، دواتریش ئەو کەسەی خەڵکەکەی بە بارمەت گرتبوو توانی لە شوێنەکە هەڵبێت.



ڕیکلام