تویتەر ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر سەبارەت بە هەژماری فەرمی سەرۆکی ئەمریکا

  2020-11-21  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمپانیای تویتەر ڕایگەیاند، کۆنتڕۆڵ و بەکارهێنانی هەژماری فەرمی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی داهاتووەوە دەگوێزێتەوە بۆ دەستی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.

هەژماری "بۆتوس" لە تویتەر کە پێکهاتووە لە پیتە لاتینییەکانی یەکەمی دەستەواژەی سەرۆکی ویلایەتە  یەکگرتووەکان، بریتییە لە هەژماری فەرمی سەرۆکی ئەمریکا و جیاوازە لەو هەژمارەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕاهاتبوو لەسەر بەکارهێنانی.

هەژماری فەرمی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تویتەر ٣٢ ملیون ٨٠٠ کەس چاودێری دەکەن، بەڵام هەژماری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ٨٨ ملیۆن و ٩٠٠ کەس چاودێری دەکەن.

کۆمپانیای تویتەر  بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لە ئامادەکاریدا بۆ گواستنەوەی هەژماری فەرمی کۆشکی سپی لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، هەروەک چۆن لە کاتی ئاڵوگۆڕ ی پرۆسەی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٧ بەڕێوەچوو.

ئەو ڕێوشوێنە نوێیانەی تویتەر لە کاتێکدایە، تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕەتیدەکاتەوە دان بنێت بە دۆران و شکستی خۆۆیدا و لە هەوڵی ئەوەدایە لەڕێگەی داوای یاساییەوە دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە هەوڵەکانی ئاسۆییەکی ڕوونی نییە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێگری بکات لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە لایەن جۆ بایدنەوە.

 



ڕیکلام