وادەی کۆتایی لە سێدارەدان

  2020-11-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیڤان مالینۆڤسکی

وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

ئیڤان مالینۆڤسکی شاعیرە سیاسیەکەی دانیمارک کە لە شەستەکاندا توانی ببێتە دیاردەیەکی شیعری هاوچەرخی دانیمارک. ئەم نازانەوە لەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئیڤان هەستا بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە شیعرە هەرە بەناوبانگەکەی (وادەی کۆتایی لە سێدارەدان) کە پێکهاتووە لە چامەیەکی گوزارشتانە بە شێوەیەکی بەشکراو، کە لە ئەزموون و ژیانی تایبەتی خۆی سەبارەت بە سەفەرەکانی بەرەو ئەوروپا لە کاتی جەنگدا تۆماری کردوون. هەر بۆیە ئەم کۆمەڵە شیعرە و بەتایبەت شیعری ''گۆرانی مەگەز'' چۆتە نێو کانونی کەلتوری دانیمارکەوە. نمونەیەکی کورت لە چامەکە:

هیچ چارسەر یان پارسەنگییەک نییە
هیچ ماڵێک لە جیهاندا نییە
بەڵام ئەم خوێنە بەربڵاوە نامرێ و
ئەوەی ناتوانرێت شکستی پێبهێنرێت
ئەو کەسەیە کە جەخت لەسەر مانەوەی 
گۆشتی خۆی لەسەر ئێسقان دەکاتەوە.

یان هەر لەو چامەیە وا دەنووسێت:

تۆم لەبیر نییە
ئایا لەبەر ئەوەیە تۆم باش لەبیرە؟
هەرگیز نابێ تۆم لە بیر بێت
وەک چۆن جیهانم لە بیرە.


ژیان و شیعری مالینۆڤسکی لە هەڵقوڵاویی گەڕیدەیی و کاردانەوەی مرۆڤەکانی تر هاتۆتە ئاراوە. ئیڤان مالینۆڤسکی وەک وەرگێڕێکی ئەدەبی کلاسیک بە شێوەیەکی مۆدێرن سەیر دەکرێت، بە تایبەت وەرگێڕانەکانی چیخۆڤ لە زمانی ڕووسیەوە بۆ دانیمارکی. لە کۆی گشتی شیعرەکانیدا دەنگی پرۆتێست تێکەڵ بە بۆچوونە سیاسییەکانی و گوزارشتە فەلسەفییەکانی لەسەر جوانی سروشت پێک هاتوون. ڕەخنەگرێک بوو لە جیهانێکی بێدەنگ و دەستەوەستان لە ئاست جەنگ و مەینەیتیەکانی مرۆڤ. بەردەوام لە دژی ستەم و نادادپەروەریی لە ئاسات مرۆڤەکان وەستاوەتەوە. هەتا دوا ساتەکانی ژیانیشی وەک شۆڕشگێڕێکی پڕ شیعر سەری نایەوە. 
لە شەست و حەفتاکانی دانیمارک و ئەسەکەندەنافیا، یەکەمین شاعیر بووە کە لە شیعرەکانی باس لە بێباکیی جیهان بکات لەمەر مەسەلەکانی ژینگە و ستەمکاری و نادادپەروەری، وەک داکۆکیار لە سروشت و جوانی لە زۆربەی شیعرەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.

سەبارەت بە شیعر

ژیانی من توندڕەوییەکی پێویستە
مۆمەکەم فەرامۆش کرد ،
گەڵای دارەکان تینیان کەم بۆتەوە
کەمانچەکە شکا ــ خواستی من نەبوو
ژیانم ئەویترە ئەبێ بیدۆزمەوە
برایەک لەسەر بەردەکاندا، 
ناوی هاوارێک دەنووسێتەوە.

خواستی من نەبوو
تاریکیی گەورەبێت و ئاو بەرز بێتەوە
گوێم لێیە، هێشتا گۆرانیەکە تەواو نەبووە،
لە کاتێکدا کۆرپەکە بێ وەستان و بێ هیوایانە دەگری
ئامانجی من کەسێکی بێ ڕوخسارە
کەسێک لە دارستانی چیمەنتۆدا،
 بە هەردوو چاوە نەخوێنراوەکانییەوە
وەک خۆی
ئەویتری خۆش دەوێ. 

لە جەنگی دووەمی جیهانی یەکێک بوو لەو کەسانەی بەرەنگاری هێرشی نازییەکان بۆتەوە کاتێک دێنە خاکی دانیمارک و لە ئاکاری ئەوە ناچار بووە دانیمارک بەجێبهێڵیت و لە ساڵی ١٩٤٣ بەرەوە سوید کۆچ بکات. لە تەمەنی بیست ساڵیدا چۆتە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و بێ مۆڵەت کاری کردووە و هاوکاری  جولەکەی پۆلەندای کردووە لە دژی نازییەکان و تا کار گەیشتووە زیندانی بکرێت و ڕەوانەی دانیمارک بکرێتەوە. ئەو ڕوداوانەی دەیبینێت لە پۆلەندا زۆر کار لە هزر و شیعرەکانی دەکات و لە شوێنیکدا دەڵێت: ''شتێک بوو مرۆڤی واقوڕماو دەکرد لە شارە کاولبووەکانی ئەوروپا، شارستانێتییەک ئەم کارانەی بە شتێکی ئاسایی دەبینێت، تا ڕادەیەکی زۆر گێژاوێکی ئاوا مەزن بە سەربانەکانەوەیە، بە شێوەیەک مرۆڤ بوون وەک ئاژەڵیان لێ هاتووە، بەڕای من کارێکی بەسود بوو لەلام کە لەگەڵ بێ نەوایان و سواڵکەران و لەگەڵ لاشەی مردوان لە ناو گۆماوەکاندا ژیانم بەسەر برد، لە کاتێکدا زۆربەی هاورێکانم لە نێو ژوورەکانی خوێندنی خۆیاندا بە دڵەڕاوکێ لە ئاست شارستانیەت دەیانناڵاند'' 

ئیڤان مالینۆڤسکی بەدوای وێنەگەلی پڕ لە کاردانەوە دەگەڕا، بە جۆرێک وا فۆرمەلەی دەکرد کە تێگەیشتنێکی تری دەهێنایە ئاراوە بۆ ئەو هێز و شێوانەی سروشت، بۆ ئەو جیهانە مرۆییە، بۆ هەموو گەردوون، وەک لە دوا کۆمەڵە شیعری خۆی بە ناوی (ڕەشەبایەک لە جیهاندا) کە ساڵێک پێش مردنی لە ١٩٨٨ بڵاوکرایەوە. لە شوێنێکدا وا دەنووسێت: 

(من) ــەکەت لە یاد بکە
تۆ لە هەمووشتێکدایت
هەمووشتێک لەناو تۆ دایە.


ئیڤان مالینۆڤسکی بە هایکوکانیشی بەناوبانگە و خوێنەر و شاعیرانی دانیمارکی ئیڤانیان باش ناسیوە لە رێی کۆمەڵە هایکوکانی بەناوی (پۆیتۆماتیک) کە پێک هاتووە لە ١١٠ هایکو کە لەساڵی ١٩٦٥ بڵاوکرایەوە. ئەو جۆرە فۆرمە کورتە شیعرانەی کە باس لە سروشت و وەرزەکانی ساڵ دەکات بە هاژەیەکی سیاسی و لە فۆرمی کاتۆسکای ڕووسیی ساڵانی ١٨٠٠ دا خۆی دەبینێتەوە کە گوزارشتێکی مرۆڤانەی سیاسییە.

چەند نمونەیەک لە هایکوکانی مالینۆڤسکی:

ژیان لەوێ نییە
یان بۆ شیعر
یان بۆ خۆشەویستی
بە سەر هەموو شتێکەوەیە
لە ڕاستیدا
مردنێکی گەورەی پاکییە
*
مارکەی چەکمەجەکان لە گیرفانی پاڵتۆکاندایە
چاکەتێک لە دۆڵابی جلکدایە
ئەوە حاڵی جیهانە
*
بەڵام قوڕگی سوری هێلکەکە گەرمە
ڕزگاری بوو
پۆمپای فریسکۆ دردسن هیرۆشیما
لادانی دایکێکی بچوک: قبوڵی ناکات
کوێرانە باوەڕ بەوە بهێنێت
کەوا متمانەی ڕۆژگار دێتە ژماردن
*
لەو نێوانەدا
ئامانجێک هەیە بەڵام ڕێگایەک نییە
ڕێگا چی ناو بنێین
دوودڵیی

دووبارە لەو نێوانەدا
هیچ ڕێگایەک بۆ ئاشتی نییە
ئاشتی ڕێگایە
*
هیچ شتێک
لە پشت شاخەکان
و لە پشت گوڵ و گۆرانییەوە نییە

ئیڤان مالینۆڤسکی بە سەختی ڕەخنەی لە کۆمەڵگەی دانیمارکی دەگرت و لە نێو شیعرەکانییەوە ئەو نیازەی نە شاردۆتەوە. لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران و لە ساڵی ١٩٧٤ ئیڤان مالینۆڤسکی کۆمەڵە شیعرێکی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "ڕەخنە لە بێدەنگی" ئەم شیعرانە بە مەرەکەب و بەدەستی خۆی نووسراون. هەڵگری چەندین ڕەخنەن لە بێدەنگی کۆمەڵگە لە ئاست نادادپەرەرەی و ستمەکاری کە جیهانی گیرۆدە کردووە لە شوێنێکدا دەنووسێت: ''تەنانەت بەرازیش ڕای خۆی دەردەبڕێ کەوا بۆ دەبێ ببرێتە قەسابخانە'' زۆربەی شاعیران هەوڵیان داوە پەیوەندی نێوان زمان و دەسەڵات بدۆزنەوە، ئەوەی ئیڤانیش لەم کۆمەڵە شیعرەدا هەوڵی بۆ دەدات کە دەریبخات ئەوەیە، کە کۆمەڵگەی دانیمارکی لەو سەردەمەدا بە کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ و بێ دەسەڵات ناوی دەبات لە ئاست ئەو کاولکاری و تێکشکانە ڕۆحییە کە لە ناخ و دەروونی دانیمارکییەکاندا هەبووە. ڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە تاکەکان دەگرت کەوا ناوێرین بیر و ڕاکانی خۆیان بناسن. پەیامەکەی بۆ هەردوو چینی دەسەڵات و کۆمەڵگە دەخستە ڕوو وەک لەم کورتە شیعرەیدا دەنووسێت:

من بە زمانی سەرانی دەسەڵاتداران قسە دەکەم
لە ڕێی ئەو زمانەدا هەوڵ دەدەم (تاکە زمانە کە ئەمەوێ پێ بدوێم)
با هەموو ڕێگاکانی ستەمکاری نەهێڵین
شیعریش لە سەروو هەموویانەوە
بۆچی شیعر
نە بێتە ژیانێکی ڕۆژانە؟
ببە بە خودی شیعر


ئیڤان مالینۆڤسکی یەکێک بوو لەو شاعیرانەی کە سەفەری ئەو شوێنانەنی دەکرد کە زوڵم و ستەمکاری تیا دەکرێ بە تایبەت لە ئەفریقا. هەر بۆ ئەم مەبەستە  لە ساڵی ١٩٦٣ شیعرێکی تایبەتی نووسیوە بۆ لۆمبابە ی سەرکردەی کۆنگۆ کە بەلجیکییەکان  لە ساڵی ١٩٦١ دا بە ناحەق لە سێدارەیاندا لە پێناو بەدەستهێنانی خاک و سامانی کۆنگۆ کە ئەو کاتە لە ژێر دەسەڵاتی کۆڵۆنیالی بەلجیکا بووە. شیعرەکە بۆ لە سێدارەدانی لۆمبابە نووسراوە:

بکوژانی لومبابە

خەڵکانێکی پاکن
کەڵبەیان نییە
خاوەنی ژن و منداڵن
هەرگیز دەمانچەیان نەبووە
تەنها ڕۆژنامەیان خوێندۆتەوە
هەرگیز پێیان نەخستۆتە کاسای
بەو ڕادیە هەرگیز ئاسمانی کاتناگیا*ین نەبینییوە
من خۆم لە دژی نیگرۆکان نیم
خەڵکانێکی پاکن
ئەوان لە گۆڕانکارییەکان دەترسن
خاوەنی ژن و منداڵن
خاوەنی ماڵ و ئۆتۆمبیلی جوانن
ڕوخساریان هەیە
هەرگیز چەپۆکیان نییە
خەڵکانێکی نازدارن
ئەوان ڕوسیایی نین
بە سەر جادەی کوبمار*
تەلەفۆن بۆ بەلجیکا و ئەمریکا بکەن
دەتوانرێ ناویان بدۆزرێتەوە گەر بیاناسیت
ناونیشانیان هەیە
خەڵکانێکی پاکن
ڕەوشتیان بێگەردە
پۆلیسیش هیچیان لەسەر نییە
ئازیزانیان وەک هاوڕێ خۆش دەوێت
حەزیان بەوەیە ڕێزیان لێ بگیرێت
هەوڵەکانیان پاک و بێگەردن
وەک ئەو کاغەزەی نێو سندوق و بەنکەکانیانە
بۆرسەیان لە هەموو کۆمپانیاکان هەیە
کە یەک بەیەکیان خۆش دەوێت
هەرگیز لە دژی یاسا ناڕەوەستاون
هەرگیز خەو بەوە نابینن لە قژیانەوە ڕابکێشرێن
کراس و جلی ژێرەویان پاکە
دەستیان بە خوێن نییە
خەڵکانی نازدارن
هەرگیز ناتوانن ئازاری پشیلەیەک بدەن

*کاتانگا: ناوچەیەکە لە باشۆری کۆنگۆ.
*جادەی کۆمبار: شەقامێکە لە کۆپنهاگن

ئیڤان مالینۆڤسکی Ivan Malinovski شاعیر و وەرگێڕی دانیمارکی لە دایکبووی ساڵی ١٩٢٦. ئیڤان باوکی خانمە شاعیری دانیمارکی نینا مالینۆڤسکی و دەبێتە باپیری شاعیری دانیمارکی پایک مالینۆڤسکی. زیاتر بە شیعرە سیاسییەکانی ناسراوە، هەروەها چەندین شاکاری ڕووسی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی دانیمارکی کە دیارترینیان کارەکانی چیخۆفن. 

ئیڤان بە شاعیری هاوچەرخی دانیمارکی ناسراوە و کۆمەڵە شیعرێکی بە ناوی (وادەی کۆتایی لە سێدارەدان) چۆتە خانەی کانونی کەلتوری دانیمارک. خاوەنی چەندین کتێبە لە شیعر و هایکو و چیرۆک و وتاری ئەدەبی و وەرگێڕان. لە ساڵی ١٩٨٩ کۆچی دوایی کردووە.

سەرچاوە: *ماڵپەڕی وێبی نووسەران بە زمانی دانیمارکی
            * کۆمەڵە شیعری  (1958)  Galgenfrist ئیڤان مالینۆڤسکی  
            * کۆمەڵە شیعری Poetomatic (1965)   ئیڤان مالینۆڤسکی
            


ڕیکلام