حکومەتی هەرێم : سازش لە مافە دەستوریی و داراییەکانی خەڵکی هەرێم ناکەین

  2020-11-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کۆبۆوە و ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکی حکومەت ستایشی ھەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و داکۆکیکردن لە شایستە دارایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان .

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکە جەخت کرایەوە لەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات .

هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەردەوام داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە .

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە کۆبونەوەکەدا، پرۆسەی گفتوگۆی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی تاووتوێ کرا هەروەها شاندی هەرێمی کوردستان لە هەر کاتێک بە پێویستی بزانێت، ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات .



ڕیکلام