بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەسەر رێگای نێوان دهۆک و هەولێر، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، کاتژمێر 3:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ی١١ی٢٠٢٠، لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان دهۆک و هەولێر و لە سنووری ناحیەی ڕۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش دوو ئۆتۆمبێل وەرگەڕاون.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوابەدوای وەرگەڕانی ئەو دوو ئۆتۆمبێلە، ئۆتۆمبێلێکی دیکە خۆیکردووە بەناو ئەو خەڵکەی کە لە شوێنی رووداوەکە کۆببوونەوە و بەوهۆیەشەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
ئازاد تەها وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی دهۆک وردەکاری رووداوەکەی بە تۆڕی هەواڵی ژیان خستەڕوو و ڕاگەیاند، لەکاتی وەرگەڕانی دوو ئۆتۆمبێلەکەدا و لەو کاتەدا کە خەڵک لەدەوری دوو ئۆتۆمبێلەکە کۆبوونەتەوە بۆ یارمەتیدانی سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکان، ئۆتۆمبێلێکی تر بە خێرایەکی زۆر خۆی کێشاوە بەناو ئەو خەڵکەدا و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاشکراشیکرد، ئەو کەسانەی کە لەناو ئۆتۆمبێلە وەرگەڕاوەکاندا بوون، تەندروستیان باشە و کەسیان گیانی لەدەست نەداوە.