بەرگری دژی كۆرۆنا زۆر لەوە زیاتر ئەمێنێتەوە كە بیری لێ دەكەینەوە

  2020-11-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
د.داهات حەوێزی*


لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا زانایان وایان دەزانی ئەو كەسانەی تووشی كۆرۆنا بوون زوو تووشی كۆرۆنا دەبنەوە چونكە دژەتەنەكانیان لە خوێندا نامێنێ (دژەتەنی IgG)، بەڵام ئێستا هاتوونەتە سەر ئەو قەناعەتەی كە بەرگری دژی كۆرۆنا تەنها وابەستە نیە بەو دژەتەنانە بەڵكو سیستەمی بەرگری هەندێ خانەی تایبەتی هەیە پێیان دەوترێ (خانە بیرەوەریەكان Memory cells) كە فرمانیان ناسینەوەی ئەو ڤایرۆس و بەكتریایانەیە كە پێشتر هێرشیان كردۆتە سەر جەستە، بەمەش لەش زووتر ئەو هەڕەشانە لەناو دەبات.

زۆر توێژینەوە لە زانكۆكانی ئوسترالیا و ئەمەریكا ئەوەیان دەرخستوە كە خانە B-Cell ەكانی تایبەت بەرگری بەلایەنی كەمیەوە تا 8 مانگ ئەمێنێتەوە.

لێكۆڵینەوە تازەكان لە زانكۆكانی ئۆكسفۆرد لە بەریتانیا و ووهان لە چین ئەوەیان دەرخستوە خانە T CELL ەكانی تایبەت بە لەناوبردنی خانە تووشبوەكانی جەستە تا 9 مانگیش دوای تووشبونی یەكەم لە جەستەی تووشبوەكان ماوە، بەمەش بەلایەنی كەمیەوە تا ئەوكاتە پارێزراو دەبن.

تا ئێستا زیاتر لە 60 ملیۆن كەس لە جیهاندا تووشی كۆرۆنا بوون بەڵام تەنها 26 حاڵەتی دووبارە تووشبوونەوە تۆماركراوە، بۆیە دەڵێین دوبارە تووشبونەوە زۆر دەگمەنە بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی كە دوای تووشبونیان بە ڤایرۆسەكە بەرگری دروست دەكەن.

كەواتە بەرگری دژی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لەوانەیە تا ساڵێك بمێنێتەوە دوای یەكەم تووشبوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەسانەی كەدوای چاكبونەوە لە كۆڕۆنا دیسان نیشانەكانیان لێ دەرئەكەوێتەوە پێویستە دیسان لە ژێر سەرپەرشتی پزیشكی پسپۆر چارەسەر وەرگرن بۆ ئەوەی حاڵەتەكانیان لێ خراپتر نەبێت.

*بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی تایبەت بە كۆرۆنا


ڕیکلام