ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات

  2020-11-28  | 
تاران
عەلی خامنەئی رێبەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوابەدوای تیرۆرکردنی موحسن فەخریزادە زانای ئەتۆمیی ئێران، تاران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەکات و یەکێتی ئەوروپاش داوای دانبەخۆداگرتن دەکات.

عەلی خامنەئی رێبەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامێکی کورتدا سەبارەت بە تیرۆر کردنی موحسن فەخریزادە رایگەیاند، "شارەزا و زانای لێهاتووی بواری ئەتۆمیی، موحسن فەخریزادە لەلایەن بەکرێگیراوانی شەڕخواز و تاوانبار شەهید کرا و دەبێت بەزووترین کات، بەدواداچوون بۆ هۆكارەكانی ئەو تیرۆرە بكرێت و بكەران و هاودەستەکانی ئەو تاوانە سزا بدرێن".

خامنەئی داواشی لە بەرپرسانی ئێران کرد، درێژە بە رێگەی موحسن فەخریزادە بدەن.

هاوکات حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کوشتنی فەخریزادەی بە تەڵەی ئیسرائیل بۆ نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە لەقەڵمدا و راشیگەیاند، وڵاتەکەی لە کاتی خۆیدا وەڵامی گونجاوی دەبێت بۆ ئەو هێرشە.

لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، حەسەن رۆحانی ناڕاستەخۆ رووداوەکەی گڕێدایەوە بە دوایین رۆژەکانی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ و رایگەیاند، "دوژمنانی ئێمە چەند هەفتەیەکی پڕ لە دڵەڕاوکێی و ئاڵۆز تێدەپەڕێنن کە هەست دەکەن رۆژانی گوشار و فشارەکانیان کەم دەبێتەوە و بۆیان گرنگە زۆرترین دەستکەوتیان لەم رۆژانەدا هەبێت".

لای خۆشیەوە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "ئەو دوژمنانەی زانا ئەتۆمییەکانمان شەهید دەکەن، ناتوانن شەڕی روبەڕوی ئێران بکەن"، وتیشی، "مەرگی ئیسرائیل نزیکە و ئەم کردەوە قێزەونانەی کە کردویانە، دواین هەناسەی دوژمنکارانەیانە".

لەلایەكی دیكەوە حسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمریكا و ئیسرائیلی بە کوشتنی موحسن فەخریزادە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، مافی تۆڵەکردنەوە و وەڵامدانەوەی ئەو کردەوەیان هەیە، جا لە هەر شوێنێك و لە هەر بوارێكدا بێت.

لە بەرامبەردا یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا، سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەو تیرۆرە، داوای پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیش لە پەیامێکی جیادا، داوای لە تاران و هەموو لایەنەکان کرد، دان بەخۆیاندا بگرن بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپتر نەبێت.

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، ٢٧ی١١ی٢٠٢٠، موحسن فەخریزادە سەرۆکی ڕێکخراوی توێژینەوەو داهێنانی وەزارەتی بەرگری و یەکێک لە بەتواناترین زانایانی ئەتۆمیی ئێران، کە چەندین نازناوی وک باوکی ئەتومی ئێران و قاسم سلێمانی بواری پیشەسازی ئەتومیی ئێران هەبوو، لە ناوچەی دەماوەندی تاران تیرۆرکرا.

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام بەپرسانی ئێران بە پلەی یەکەم ئیسرائیل و دواتر ئەمریکا بە ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبار دەکەن، چونکە پێشتر ئیسرائیل هەڕەشەی کوشتنی موحسن فەخریزادەی کردبوو.