یەکێتی و گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە

  2020-11-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆبونەوەی یەکێتی و گۆڕان کۆتایهات و ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردوەو دەڵێن هاوڕابوون هەنگاوی کراداری خێرا بۆ چارەسەری کێشەکان بنرێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٩/١١/٢٠٢٠ کۆبوونەوەی لوتکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەدەباشان بەڕێوەچوو .

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو ، لەسەر دواین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێم و عێراق ، بەتایبەت خراپی بژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و مووچەخۆرانی ھەرێم ، کە بەرئەنجامی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە ، دواتریش بەدیارکراوی دوای دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، پەیوەندیدار بە کورتھێنانی بودجەو وەرگرتنی قەرز قەیرانەکە قوڵتربووەتەوە .

سەڕەڕای جەختکردنەوە لەتوندوتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولا، بەپێویست زانرا ھەنگاوی کرداری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بنرێت، ھەروەک ھاوڕابووین لەسەر ئەم بڕیارانەی خوارەوە :

1-بەپەلە وەفدێکی خاوەن بڕیاری حکومەتی ھەرێم پێکبھێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ریشەیی و کۆتایی کێشەی بودجەو موچەی ھەرێمی کوردستان ، لەھەمانکاتدا ئەم ھەنگاوە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ یاسای بودجەی ٢٠٢١ فیدڕاڵی.

2-پێشوازی لەھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی دەکەین ، ھەروەک لەکارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمدا ھاتووە.

3-زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عێراق دەبێتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بزووتنەوەی گۆڕان


ڕیکلام