جەنگاوەرانی بێ چەک

  2020-12-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مۆرتن نیلسن / ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

شاعیرێکی بەھێز و لەھەمانکاتیشدا بە ریتمیکی قوڵ شیعری دەنووسی. زۆربەی شیعرەکانی لە شێواز و فۆرمدا لە یەک پێکھاتەی سەرەکی پێکھاتووە. ھەندێک لایان وایە کە زەحمەتە شێوە شیعری لیریک بێتە خوێندن لەبەر ئەوەی زمانی لیریک زمانێکی وردبینە و ھەر ئەوەش لە تەواوی شیعرەکانی مۆرتن نیلسن دا بەدی دەکرێت. 
شاعێرێکی لەبیرکراوی دانیمارک کە تا ئێستاش کەم لە دانیمارکییەکان بە شیعر و ژیانی ئاشنان. بەڵام شیعری مۆرتن نیلسن ھەتا ئێستاش کاریگەری خۆی ھەیە، بە تایبەت لەم سەردەمەی ئێستامان کە پڕە لە جەنگ و ڕق و کاری نا مرۆڤانە. چونکە وێنە شیعرەکانی بە ھێمنی و ناسکانە باس لە جەنگ و وێرانکاری و ڕەگەزپەرستی دەکات لە ھەمانکاتیشدا باس لە ھاوسۆزی مرۆڤبوون و ئەوینیش دەکەن. 

ئاسۆی بەھار...
جیھان تەڕ و ڕوناکە
ئاسمان بە بەھای خۆی قورسە...
دڵ بە بەختەوەری قورسە،
بەختەوەرەییەکە نزیکی گریانە.

لە یەکێک لە شیعرە بەجێماوەکانیدا زۆر بایەخ بە ژیانی ئایندەی خۆی دەدات و چاوەڕوانی زیاتر بووە لە بەری ژیان بچێنێتەوە، بەڵام نەگیشت بەوەی تۆی بەرھەمی زیاتر بڕوێنێت بە گولەیەکی وێڵ دەکوژرێت، وەک لەم دوو دێڕەدا دەردەکەوێت:

دەبێ گەورەبیت و گوڵ بگری و تۆوەکەت دابنێیت
تۆ ھێشتا بۆ مردن نەشیاویت

لە شیعرێکی دیاریدا کە ریتمێکی جاز ئاسایانەی پێوە دیارە و لە کۆتاییەکەی وەک دەنگیکی مەرگاوی خۆی دەبینێتەوە کە بە ریتمێکی سروشتیانە جێی خۆی دەکاتەوە. شیعرێکە پڕ لە بەرەنگاری و خاڵی نییە لە یاخی بوون. باس لە ڕیتمی چەوتی ژیان و جەنگ و کاولکاری دەکات بەڵام بە وشە و دیمەنی ناسک و شاعیرانە:

 لە شەودا ئاوازای سەما دەنێرین

منم گڕی جگەرە
و ریتمی مۆسیقای جاز
خێرا، ئاسودە ،بەڵام پڕ دەنگە لە مەرگ.

منم ژوری چێشتخانە و ھۆڵی سەماکە
سەدای ئەو سەمایە بە ھێواشی دەڕوا
بەڵام پڕ دەنگ لە ڕیتمی درووستکراو
سەخت و ناو و کپ.

منم ناڵەی ئاگر
لە نێو دەمارەکانتاندا،
مانای ئەو ڕێگایە نەسیمی ڕۆژگارمە
کاتێک ئێوە وەحشیانە ڕێ دەکەن.

منمڕیتمی خۆمم
کەیفم پێ دێ  ــ ناشادمان
سەخت و ناو و کپ.

چیتر ڕیتم نییە
لە ناو چەپکە گوڵێکی سپی پڕ لەرز.

چیتر یاری ریتم نییە لە زەوی
یان گۆرانی بە کۆمەڵ.
ڕیتم نییە 
لە کاتی بەھار، کاتێک ھەموو شتێک ئاشکرا دەبێت.

نە لە جیھنادا
نە لە گەشەسەندنیشدا ڕیتمێکی 
نزیک و نیان بۆ ھەتاھەتایە نییە
ــ من برسی، کات و مردنی سەمای ئاوازی ڕیتم و بەرەنگاریم. 

ژیانیکی ئازایانە و ترسناک ژیا و لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا لە جەنگی جیھانی دووەم لە یەکێک لە شەقامەکانی کۆپنھاگن بە گولەیەکی ھەڵە لە کاتی بارکردنی چەک وتەقەمەنیدا کوژرا، ھەندێک پێیان وایە کە مۆرتن خۆی کوشتووە، چونکە لە چەندین شیعردا ئاماژە بە ھەوڵی خۆکۆشتن دەدات لە ئاست توڕە بوونی خۆی لە بەرامبەر ھاوڕێکانی لە خوێندنگەی ئامادەیی کە بەرەی جاشایەتی بۆ نازییەکانیان ھەڵبژارد لەبری بەرگیرکردن لە دژی ھێرشی نازییەکان لە ساڵی ١٩٤٣. 
کێ ھێندەی شاعیر پێشبینی مەرگی کردووە؟ بە تایبەت پێشبینی مردنی خۆی بکات؟ مۆرتن نیلسن لەو تەمەنە و لەو ساڵە پڕ جەنگ و ئاشوبەدا پێشبینی مردنی خۆی کردووە وەک لە شیعری ''مردن'' دا دەردەکەوێت: 


مردن

مردن ئەو کەسەبوو کە لە لاوێتیدا پێی گەیشتم
بەڵام  بێدەنگییەک بوو بۆ کەسێک کە خۆشم دەویست
ھەرگیز وەک کەسێک نەبووە کە لە دەوروپشتم بێت
وەک ساردییەک، وەک سێبەر بووە.
ھیچ کەس نزیکی ناوی نابێتەوە، یان دەرچوونی نییە
ھەرگیز سەرمایەک نییە لە بەردەم نامۆییەکدا بێت
قوڵ بەقەد قوڵایی بە نێو ماسولکەیەکی کشاودا
وەک کەوتنێک لە  سەرمابردووییدا بکەوم
وەک ئەوە وابێت دەستم دەستێکی ساردی گرتبێت

ئێستا ئەیناسمەوە، لێرە و لەھەموو جێگایەک
لەبەردەم ڕووناکییەکی بێدەنگی پانتایی دارستاندا بۆم وەستاوە
وەک چەتەیەکی نامۆ بە ھەوری ھاوین دێت و دەڕوا
وەک گازندەکارێک لەبەردەم دەمی خەواڵوودا ڕاکشاوە

بۆ ھەتاھەتایە بە تەنیشت شتەکانەوە چاوڕوانە
سێبەرێکی نەبینراوە بە درێژایی دەمار و بەرد و دەرخەتکاندایە
لەم چرکە نوێیانەدا زیاتر دەوڵەمەند دەبێ
زیاتریش پڕ دەبێت لە خراپە، و بۆ ھەتا ھەتایە لە نزیکمە.

بەڵام ھیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ یەکدی ناکەین
نە بە ڕۆژی رووناک یان لەگەڵ پۆلێ لە ئەستێرەکان
ھەردووکمان ئەوە دەزانین، کە ئەویتر ھەیە.
لەوە زیاتر گرنگ نییە. ھەر یەکتری دەبینین.
 
کاتێک دوو ھاوڕێ دەست لە ناو دەست بە ڕێگادا دەڕۆن ''بە ناو ئەستێرەیەکدا''. کاتێک ھاوین دیوارەکان تێدەپەڕێنێت و ئارامیی وەک ژنێک لە پاڵیا دەحەسێتەوە. ئا لەو کاتانەدا مۆرتن لەپڕ وا دەنووسێت: ''ئێستا ئەتوانی بەناومدا برۆیت، بە ئاسانی وەک ڕوناکی.'' مۆرتن لێرەدا تەنھا باسی دڵخۆشی ناکات، بەڵکو دڵخۆشییەکە بە ناوەڕۆک و فۆرم تێھەڵکێشکراوە و بەناو یەکدا دەتوێتەوە. ھەمیشە ھەوڵی داوە وانەکانی شیعر بە باشترین ئاست جێبەجێ بکات، بە ھەموو گڕ و تینی خۆی ئەو ئەرکە دەستەبەر دەکات، ئەویش ئەرکی نووسینی شیعری باشە. 

لە یەکێک لە پارچە شیعرە وردەکانیدا، باس لە خوێندنی باڵندەی بولبل دەکات و وەک ڕەخنەگرتنێکی خود ئاماژە بە باڵدارێک دەکات کە ھیچ شتێک ڕێگری نییە تا نەخوێنێت، چما بۆ شاعیرێکی لاوی شۆڕگێڕێکی وەک ئەو نەتوانێ لە ئاست ستەم و زۆرداری نەیەتە وتن: 

ھیچ شتێک ناتوانێ 
ڕێگری بە قوڕگە بچوکەکان لە لەرینەوە بگرێت
لە شەوێکی بەھاردا. 
لە دوای نووسینی تاقە کۆمەڵە شیعرەکەشی(جەنگاوەرەانی بێ چەک) ناچار بوو جەنگاوەرێکی بێ چەک بمێنێتەوە، ئیتر وا دەزانێ کاتی ئەوە ھاتووە دانووستان بکات و چەکەکەی دابنێ، بەڵام ڕەنگە دانووستان لەم شەڕەدا کاریکی بێھودە بێت و بۆیە لەو بێھودەییەدا ناچار بوو بە چەک رازی بێت و ھەر لەو کاتەدا ھەستی بەوە کرد کە دۆراوە، کاتێک باوەڕ بە چەک ھەڵگرتن دەھێنێت. ئەوەش دەبێتە لایەکی تری پارادۆکسی نووسینەکانی بە شێوەیەک شیعرەکانی بوونە باشترین شیعری بەرەنگاری، لە شوێنێکدا وا دەنووسێت: 
دانووستان ڕق نییە، 
تەنانەت لە چرکە ساتە وەحشییەکانیشدا
کاتێک دڵێک لەت و پەت دەکرێت.

مۆرتن نیلسن شاعیری ئازادی و دۆستی ئاشتی، بەڵام بە ناچاری بۆ مەسەلەی بوونی خۆی و مانەوەی ئەوانەی لەگەڵی دەنجەنگان، بەرەنگاری ھەڵبژارد. بۆیە کارەکتەری شاعیری بە ئەزموون و چڕ بەرھەم ئەو ناگرێتەوە، چونکە بە لاوێتی مرد و ھەر بە لاوێتیش شیعری نووسی. ئەوەی دەینووسی سەبارەت بە داگیرکاریی نازییەکان وەک بەھایەکی مێژووی مەزن بۆ دانیمارکییەکان مایەوە. بەڵام ھەر ئەوە بەسە کە ئەوکاتەی کە لاو بووە ئەوە بنووسێتەوە، ئەوە خۆی لە خۆیدا وەک گەوھەرێکی شیعری دەمێنێتەوە. 
جەنگاوەرانی بێ چەک 
ھەر کەسێک لە پێناوی شتێک دەجەنگێ، 
ئەوەی جەنگاوەرە ھەرگیز ھیچی نە دۆڕاندووە

مۆرتن نیلسن  Morten Nilsen شاعیری دانیمارکی کە لە جەنگی دووەمی جیھانی بە شاعیرێکی شۆڕشگێر دادەنرێت کە تەنھا ٢٢ ساڵ ژیا. لە دایکبووی ساڵی ١٩٢٢ و لەساڵی ١٩٤٤ بە گولەیەکی ھەڵە گوژراوە و ھەندێک پێیان وایە خۆی کوشتبێت.  وەک شۆڕشگێڕێک دەنجەنگا لە دژی ھێرشی نازییەکان لە دانیمارک و ھاوکاری جولەکەکانی دەدا تا بەرەوە سوید کۆچ بکەن. لە تەمەنی ١٥ ساڵایدا شیعری دەنووسی و تا لە ژیاندا مابوو تەنھا یەک کۆمەڵە شیعری بڵاوکردەوە لە ژێر ناوی ''جەنگاوەرانی بێ چەک'' و لە دوای کوشتنەکەی چەندین شیعر و چیرۆک و یاداشتنامەی بڵاوکرایەوە. سەڕەڕای کەمی بەرھەمە شیعرییەکانی بەڵام وک شاعیر و لیریکنووسێکی گرنگی دانیمارکی ناسراوە. 


*سەرچاوە: 
کۆمەڵەشیعری جەنگاوەرانی بێ چەک  (١٩٤٣) ــ Kriger uden våben, Morten Nielsen 
کۆ بەرھەمی شیعری مۆرتن نیلسن ٢٠٠٢