مامۆستا کەلەپچەکراوەکەی کەرکوک چوار مانگە چاوەڕوانی وەفاتنامەی هاوسەرەکەیەتی

  2020-12-04  | 
کەرکوک
مامۆستا کەلەپچەکراوەکەی کەرکوک چوار مانگە چاوەڕوانی وەفاتنامەی هاوسەرەکەیەتی
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەو مامۆستایەی کە چوار مانگ پێش ئێستا بە کەلەپچەکراوی و لەنەخۆشخانە، هاوسەرەکەی لەبەر چاویدا بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا، تاوەکو ئێستاش چاوەڕوانی وەرگرتنی وەفاتنامەی هاوسەرەکەیەتی، ئەمڕۆ بەڵێنی لە وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق وەرگرت، کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات.

پۆڵا رۆژبەیانی پارێزەری مامۆستا محەمەد کەریم  بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، ئەمڕۆ لە نزیکەوە وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق-یان لە نەخۆشخانەی شەفا بینوە و بەڵێنیان لێوەرگرتووە کە کەیسەکە چارەسەر دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان سکالایان لەسەر سەرجەم ئەو پۆلیس و کارمەندانەی نەخۆشخانەی شەفای کەرکوک تۆمارکردووە، کە لەکاتی گیان لەدەستدانی هاوسەرەکەی مامۆستا محەمەد لەو نەخۆشخانەیە بوون.

وتیشی، تاوەکو ئێستا مامۆستا محەمەد وەفاتنامەی هاوسەرەکەی وەرنەگرتووەتەوە و سەبارەت بەو پرسەش ئەمڕۆ راستەوخۆ قسەم لەگەڵ حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق کردووە و بەڵێنی پێداوین خۆی بە شەخسی کەیسەکە چارەسەر بکات.

لای خۆشیەوە مامۆستا محەمەد کەریم بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، ئەمڕۆ بەڵگەنامەکانی ئەو کەیسەی رادەستی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق کردووە و ئەویش داویەتی بە بەڕێوەبەری تەندروستی کەرکوک بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، تەندروستی کەرکوک بە ئەنقەست بیانوو بۆ رادەستکردنی وەفاتنامەی هاوسەرەکەی دە‌هێننەوە بۆ ئەوەی کەیسەکە پشتگوێ بخەن و فەرامۆش بکرێت.

مامۆستا محەمەد راشیگەیاند، وەزیری تەندروستی عێراق بەشێوەیەکی باش پێشوازی لێکردووە و پێی وتووە، "خۆم کێشەکەت بۆ چارەسەر دەکەم".

زیاتر لە چوار مانگ پێش ئێستا مونا ئیسماعیل هاوسەری مامۆستا محەمەد کەریم لە نەخۆشخانەی شەفای کەرکوک بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا و لە کاتەشدا مامۆستا محەمەد بە قەرەوێڵەی هاوژینەكەیەوە بەسترابویەوە و ئەوەش کاردانەوی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەمڕۆش حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق بە مەبەستی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی 180 تەختیی سەردانی کەرکوکی کرد و لەمیانی سەردانەکەشیدا بەڵێنی بە مامۆستا محەمەد و پارێزەرەکانی داوە، کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە.



ڕیکلام