مەزڵوم عەبدی: پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان 4 هەزار شەهیدیداوە

  2020-12-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان چوار هەزار شەهیدی داوە، هەر کاتێکیش پێویستیان بێت داوای هاوکاریان لێدەکەن.


مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لەدیدارێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی رۆناهی رایگەیاند: دیالۆگی نێوان هێزە کوردیەکان هێشتا بەردەوامیی هەیە، بەڵام ماوەیەکە ئارایەکمانداوە. شاندی ئەنەکەسە ماوەیەک بوو رۆیشتبوو بۆ دەرەوە، نوێنەرانی گارانتیی ئەمریکی، کە بەشداری ئەو چاوپێکەوتن و دانوستانانە دەبوون لێرە  نەبوون، لەبەر ئەوەش ئارایەک و پشوویەکمان بە چاوپێکەوتنەکان دا. 

ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر شێوازی مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سوریا رێکەوتوون و لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی رۆژئاواش، گەیشتونەتە رێککەوتن. بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو کێشانەی کە ماون، کێشەی گەورە و بنەڕەتی نین.
ئەو لەبارەی دروست بوونی شەڕی ناوخۆ لە نێوان پارتی و پەکەکە وتی: هەر کەش شتیکی وا بکات گەل لێی نابوورێت، ئێستا ئێمەش بۆ ئەوەی رێگری لەو شەڕە بکەین لە تێکۆشانداین. وەک هێزەکانی رۆژئاوا لەو رووەوە هەوڵ و هەڵوێستمان هەیە. 

مەزڵوم عەبدوی وتیشی: ئەگەر لایەنێک بیەوێت شەڕ بکات، ئێمە وەکو هێزەکان رۆژئاوا لە بەرامبەریدات دەوەستینەوە. بە هیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ ناکەین. لەو رووەوە هەڵوێستمان زۆر روونە. ئێمە هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەین، کە لایەنێک دۆخی دیفاکتۆ بسەپێنێت. چونکە ئەو دۆخە زیانی گەورە لە شۆڕشی رۆژئاوا دەدات. کاریگەری لەسەر ئەو دەستکەوتانە دروست دەکات، کە ١٠ ساڵە بە خوێنی شەهیدان بە دەستهێنراون. 

ئەو بە بیری هێنایەوە "لە شەڕی کۆبانێدا هێزەکانی کورد هاتن بۆ هاوکاریمان، لە هەمووانیش زیاتر هێزەکانی پەکەکە هاتن. هەزاران گەریلا لەوێدا شەهید بوون. ساڵەهای ساڵ شانبەشانی ئێمە شەڕیان کرد. چوار هەزار شەهیدیان داوە و تا دوا هەناسەیان لە پاڵ ئێمەدا شەڕیان کرد. پێش داعش لە بەرامبەر بەرەی نوسرە و قاعیدە شەڕێکی گەورە هەبوو و ئەوان هاتن و خەڵکێ رۆژئاوایان پاراست. ئێمە وەک خەڵکی رۆژئاوا و وەک هێزەکانی بەرگری و پاراستن، تەنها دەتوانین سپاسی خۆمان پێشکەشی پەکەکە و هێزەکانی تر بکەین".

فەرماندەی گشتی هەسەدە راشیگەیاند "ئەگەر سبەی لێرە شەڕێک رووبدات، ئەو هێزەی بیەوێت هێرش بکاتە سەرمان، ئێمە جارێکیتر داوای هاوکاری لە هێزە کوردییەکان دەکەین. ئەوەش کارێکی زۆر ئاساییە و زۆر سروشتییە. ئەوە بابەتێکی ترە، بەڵام بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستانیش بابەتێکی ترە.  هەندێک کەس ئەو دوو بابەتەیان لێدەشوێت و تێکەڵ و پێکەڵی دەکەن. ئێمە وەک هێزەکانی رۆژئاوا دەمانەوێت لەگەڵ هێزەکانی تری کورددا پەیوەندیی خۆمان بەرەو پێش ببەین. چونکە ئێمە کوردین و هەمومان پێویستمان بە یەکترە، بەڵام خۆبەڕێوەبردنی رۆژئاوا بۆ خۆی بابەتێکی ترە. ئەوە کاری خەڵکی رۆژئاوا و بەڕێوەبەریی رۆژئاوایە. سنوورەکەی ئێمە سنوورێکی گەورەیە، سنوورێکی ٥ ئەوەندەی لوبنانە. ملیۆنەها مرۆڤ تیایدا دەژین. ٧ هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر هەیە".

عەبدی بەبیری دەهێنێتەوە کە لە ساڵی 2014دا لە شنگال نزیکەی300 شەهیدیانداوە. بەهۆیەوە توانیویانە رێڕەوێکی مرۆیی بکەنەوە و خەڵکی ئێزدیبگەیەننە ناوچەی ئارام و دەشڵێت "لەبەر ئەوە داهاتوی گەلی ئێزدی پەیوەندیی بە ئێمەشەوە هەیە و ئێمە لەو بوارەدا بۆچوونی خۆمان بۆ لایەنەکانی تریش خستووەتەڕوو".


ڕیکلام