تەندروستی سلێمانی: چوار توشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

  2020-12-06  | 
سلێمانی
بەخاکسپاردنی تەرمی تووشبوویەکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چوار تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی١٢ی٢٠٢٠، ١٠ تووشبووی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی کراون و چوار کەسی دیکەش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

روونیشیکردووەتەوە، لە نەخۆشخانەی شەهید هێمن دوو تووشبوو، لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ یەک توشبوو و لە نەخۆشخانەی ئاسا توشبوویەکی دیکەی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ ١٢ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لە ئێستاشدا ١٣٢ تووشبوو لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٩٨ هەزار و ٤٨٦ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و ٢٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٢ هەزار و ٢٨٨ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام