چەند بڕگەیەکی کاریگەر لە ڕۆمانێکی کاریگەر

  2020-12-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕۆمانی (قەلەندەر و قەڵا) لێوانلێو لە عیشق و گەڕان بەدوای حەقیقەتدا / نووسینی: یەحیا یەسریبی / وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ئازاد بەرزنجی

(قەلەندەر و قەڵا) ڕۆمانێکە سەبارەت بە ژیانی فەیلەسووف و عارفی بە رەچەڵەک کورد ( شەھابەدینی سوھرەوەردی ) کە دامەزرێنەری ( ڕێبازی ئیشراق )ە و خۆیشی بە شێخی ئیشراق ناسراوە، کە دواتر ئەم ڕێبازە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر فەیلەسووفان و عارفانی دوای خۆی.
ئەم ڕۆمانە سەرشار لە عیشق و گەڕان بەدوای حەقیقەتدا و پڕپڕ لە جوانی و نەمریی. 
کە لێرەدا چەند چەند بڕگەیەکی کاریگەری دەخەینە بەرچاو:

١
کابرای پیر ڕووی کردە یەحیا و لێی پرسی:
- کوڕم تۆ لەکوێوە ھاتوویت و بۆ کوێ دەڕۆیت؟
- لە سوھرەوەردەوە ھاتووم و بەرەو مەراغە دەچم.
- بە چ نیازێک؟
- بەدوای زانست و حیکمەتدا وێڵم. ئەی تۆ؟
دەستی بۆ دوو کێو ڕاکێشا، یەکێکیان بەرامبەری بوو و ئەوی تر لە پشتییەوە.
- لەو کێوەوە بۆ ئەو کێوە.
- مەبەستت چییە؟
- زیارەت و ڕاز و نیاز و...
یەحیا بە سەرسوڕمانەوە پرسیی:
- بۆ لەوێ ھیچ مەزارێکی لێیە؟ یا...
- نەخێر، ئەوێ شیزە. پەرستگایەکی دیرینی لێیە، بە ئاتەشکەدەی ئازەگوشەسب ناسراوە. 
- خەڵکەکەی مەجووسن؟
- ھەموو، نا. زۆربەیان موسڵمانن! ھەندێ جوولەکە و مەسیحی و مەجووسیشی بە پەرشوبڵاوی لێیە.
کابرای پیر قسەی دەکرد و یەحیا لێی دەڕوانی. ڕوخساری بۆ ئەم ئاشنا بوو. لەکوێ بینیبووی؟ شتێک لە مێشکیدا چەخماخەی دا. ھەستی کرد پەی بە شتەکە بردبوو. ئەمە ھەمان ئەو پیرەیە کە لە خەونیدا شوێنی باڵەکەی تری پێ نیشان دابوو.
بە خۆشییەوە لەبەرخۆیەوە وتی:
- باڵ؟
- وتت چی؟ باڵ؟ یانی چی؟!
- باڵی فڕین، فڕینی ئینسان، باڵی ئینسان بۆ فڕین.
کابرای پیر پێکەنی و وتی:
- لەودیو ئەو کەلەوە موغێک ھەیە ئینسان فێری ڕێوڕەسمەکانی ئازادی دەکات؛ ڕێوڕیسمی فڕین، ھەندێجاریش دەڵێت: فڕین پێویستی بە پەڕ و باڵ نییە و کردارە باشەکانی ئینسانن کە دەبن بە پەڕوباڵی.

٢
یەحیا! ئەگەر توانیت لە ھەموو شوێنێک باس لە ئاگر و ڕووناکی بکە. بانگەشە بۆ ئاتەشکەدە ھەمیشە داگیرساوەکان بکە! یەحیا! ئەمانەی کە پێتی دەڵێم لە یادت نەچن و بیریان لێ بکەرەوە: ڕۆحی ئەم سەرزەمینەی ئێمە، ڕۆحی عەشق و ئەوینە. تۆ دەزانیت کە ئایەتێک بۆ پێغەمبەری ئیسلام دابەزی و ھەڕەشەی لە عەرەبەکانی مەککە و مەدینە کرد کە ئەگەر بێتو کەمتەرخەمی بنوێنن و لە دین ھەڵگەڕێنەوە، ئەوا خودا قەومێکی تر بۆ ئەم دینە ڕێنمایی دەکات کە "خۆشیانی دەوێت و ئەوانیش ئەویان خۆشدەوێت یارانی. پەیامبەر لێیان پرسی کە ئەو قەومە کێن؟ حەزرەت دەستی خستە سەر شانی سەلمان و فەرمووی: ئارییەکان، کە قەومی عەشقن. خۆشەویستیی خولقێنەر و مەخلووق و ھەروەھا عیرفان و عەشق، لە قورئاندا بە قەومی ئەم سەرزەمینەوە بەستراونەتەوە.

٣
کێشمەکێشێکی سەیر لەنێوان ئاوەز و دڵیدا پەیدا بووبوو. دیمەنێک بوو لە شەڕی نێوان ئاوەز و عەشق. ئاوەز دەیوت: "بۆچی بۆ ئێرە ھاتوویت؟ خەتەرناکە! ئەگەر ئاگایان لێ بێت، لەوانەیە تووشی بەڵایەکت بکەن. ئەی غەریب و بێ پەنا ئاگایەکت لە خۆت بێت." عەشقیش دەیوت: "ھەر دەبێ ئەو ببینیت، کێ دەڵێ جارێکی دی دەیبینیتەوە! پێویستە ئەو خۆشەویستەی دڵت ببینیت، دەشێ جارێکی تر ئەم دیدارە ڕوونەدات. دەبێ سیندوختی مەحبووبت ببینیت!" سەرەنجام عەشق زاڵ بوو و یەحیا بێباکانە بەدەم ورینگە ورینگەوە چووە پێشەوە و ئەمەی لەبەرخۆیەوە دەوتەوە:
ھەرکەس عاشق بێ لە گیان ناترسێ
لە کۆت و بەند و زیندان ناترسێ
دڵی عاشق وەک گورگی برسییە
گورگیش لە ھۆھۆی شوان ناترسێ

٤
دنیای عیشق و شێتی ڕێسا و یاسای نییە. ڕەوتی ڕێبواری ڕێی ھەق جگە لە چەرمەسەرییە ئاساییەکانی وەک دەستھەڵگرتن لە دەسەڵات و سامان و پلەوپایە و بێبەریبوون لە ئاسایش و ھەروەھا ئاوارەبوون و لانەوازی، دووچاری کۆمەڵێک ڕووداو و پێشھاتی سەیر و سەمەرەی تری وەھا تاڵ و سەخت دەبێت کە بەرگەگرتنیان ئاسان نییە و تەنانەت پیاوی پتەویش دەھێننە سەر چۆک.

٥
سەروەرم! ڕۆژگارەکەمان بەڕاستی ڕۆژگارێکی خراپە. فەرمانڕەوا و میرەکان تا بڵێی خراپەکار و ستەمکارن. ئەوەتانێ زۆرینەی خەڵک ستەمدیدەن و لە دین و دونیا بێبەشن و دەڵێی بۆ ئەوە خولقاون شەو و ڕۆژ ئازار و ئەشکەنجە بچێژن و بەرگەی ئەم ژیانە دۆزەخییە بگرن، لەکاتێکدا کەمینەیەکی سووکتر لە ئاژەڵ خۆیان بە سێبەری خوا و خەلیفەی مستەفا دەزانن و ژیانێکی پڕ خۆشگوزەرانی و بەھەشتئاسایان بۆ خۆیان دروست کردووە. ڕۆژ نییە شایەتی تاوان و دەستدرێژیکردنە سەر مافی خەڵکی نەبین. سەروەرم! لەم حاڵەتەدا ئەرکی ئێمە چییە؟ ئەرکی ئەوانەی کە بەڕاستی ئەھلی زانست و زانینن، نەک ئەوانەی لافی ئەوە لێ دەدەن؟ لە ھەلومەرجێکی وەکو ئێستای ئەم کۆمەڵگایەدا سێ ڕێگا زیاتریان لەبەردەمدا نییە:
یان ئەوەتا دەبێ خزمەتی ئەو ملھوڕانە بکەن. یان بۆ خۆیان گۆشەیەک بگرن و ھەقیان بەسەر ھیچ شتێکەوە نەبێت. یاخود دەبێ ئەرکی سەرشانیان جێبەجێ بکەن و لەبیری ئەو خەڵکە ستەمکێشە و ژیانە سەختەکەیاندا بن. سەروەرم، من ڕێگای سێیەمیانم ھەڵبژاردووە. لە ئەنجام و ئاکامەکانیشی بەئاگام. ڕاستە غەریب و بێ پشت و پەنام، بەڵام خوا باشترین پشت و پەنامە. جگە لەوە چ پشت و پەنایەک لە ھەقیقەت بەھێزترە؟ باکم نییە. من ئەو دەسەڵاتدارانە زۆر لەوە بچووکتر دەبینم کە خەڵکی دەیانبینن. ئەمانە خۆیان و دەسەڵات و حکومەتەکەیان پوولێکی قەڵب ناھێنن، بگرە مایەی شوورەیین، ئەمانە ئادەمیزاد چەپەڵ دەکەن. ئەوانە کێن تا من بەھەند وەریانیگرم؟

٦
لەسەر داوای ئەو زانا و ئیماندارانەی کە شەوی ڕابردوو لە پێنج مزگەوتی شاردا کۆبووبوونەوە و پێشنیازی ئەوەیان کردبوو کە ڕۆژی ھەینی بەر لە نوێژ لە داری بدەن، جەستە بێگیانەکەی سوھرەوەردییان لە قەڵا بردە دەرێ و ئەو ئەرکەیان بە قەزا گێڕایەوە و لە سێدارەیان دا.
* * *
شەمسەدین لەم جەزبەیەیدا کەوتبووە خرۆش و حاڵەتێکی ترەوە. دەخولایەوە و بەدەم ھاوارەوە سەمای دەکرد و دەیکێشا بە دەموچاوی خۆیدا:
لەنێومانا وەکو مۆمێ ئەسووتا
چیی لێ ھات؟ عەجەب! بێ ئێمە چیی لێ ھات؟
وەک دێوانە دەشت و سارای بۆ وێڵم
ئەو ئاھووە لەم سارایە چیی لێ ھات؟
لە مانگ و زوھرە ئەپرسم، گشت شەوێ
ئەو ڕوومانگە بەو سەرەوە چیی لێ ھات؟


ڕیکلام