سبەینێ شاندی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

  2020-12-08  | 
سەردانێکی پێشتری شاندی هەرێم بۆ بەغدا
فۆتۆ: ئەرشیف
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شاندێکی باڵای هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدا دەکات.

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانەکەی شاندی باڵای هەرێم بە مەبەستی بەردەوامیدانە بە گفتوگۆکان و گەیشتنە بەرێکەوتن لەبارەی کێشە هەڵەپەسێردراوەکان، بە تایبەت کێشە داراییەکان و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، کە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بڕیاردرا شاندێکی باڵای سیاسی و حکومی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە عێراقییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

شاندی تەكنیكیی دانوستاندنكاری هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی نووسراوی بەغدای لەبارەی یاسای قەرز داوەتەوە و رەزامەندی بە پابەندبوون بە یاساكە دەربڕیوە.



ڕیکلام