بۆ یەکەم جار کەسێکی بە رەگەز ئەفریقی دەبێتە وەزیری بەرگری ئەمریکا

  2020-12-09  | 
وێنەیەکی پێشتری بایدن و ژەنەڕاڵ ئۆستن
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لوید ئوستن ژەنەڕاڵی خانەنشینی بە رەگەز ئەفریقی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری کاندید کرد، کە فەرماندەیی سوپای ئەمریکا بووە لە داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا.

بایدن لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا کاری لەگەڵ ئوستن کردووە و، وەزیری بەرگری نوێی ئەمریکا سەرپەرشتی کشاندنەوەی ٥٠ هەزار سەربازی وڵاتەکەی کرد لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١.

بەر لە دەستبەکاربوونی پێویستە کۆنگرێسی ئەمریکا ڕەزامەندی بنوێنێت لەسەری، بەوەش ئۆستن دەبێتە یەکەم وەزیری بەرگری ئەمریکی بە رەگەز ئەفریقی لە مێژووی ئەمریکادا.

لە جەنگی ئەفغانستان و عێراق  ژەنەڕاڵ ئوستن دەرکەوت، لە ئێستادا تەمەنی ٦٧ ساڵە، گۆڤاری پۆلەتیکۆ کە بەر لە نیویۆرک تایمزیش ئاشکرایکرد، ئۆستن دەبێتە وەزیری بەرگری، چاوەڕواندەکرێت ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بایدن بە فەرمی ناوەکەی ئاشکرا بکات.

ژەنەڕاڵ ئۆستن ئەکادیمیای "ویست پۆینت"ی سەربازیی تەواو کردووە، ماوەی زیانر لە ٤٠ ساڵە لە سوپای ئەمریکادا کاریکردووە، بەر لەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ خانەنشین بکرێت.

ئەندامی ئەنجومەنی کۆمپانیای "ڕایتۆن تەکەنۆلۆجیز"ە کە بەگەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی فڕۆکە و کەلوپەلی بەرگری دادەنرێت لە جیهاندا.

سەرباری ئەوەی لە لایەن بایدنەوە دەستنیشانکراوە، بەڵام هێشتا دڵنیایی نییە کە ئایا کۆنگرێس رەزامەندی دەنوێنیت لەسەری یاخود نا، چونکە تا ئیستا تەمەنی خانەنشین بوونی نەگەیشتووەتە ٧ ساڵ، چونکە پێشتر کۆنگرێس پشتی بە بنەمایەک بەستووە، کە هەر کەسایەتییەکی سەربازیی کاندی بکرێت بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری، پێوستە ٧ ساڵ بەسەر خانەنشینیەکەیدا تێپەڕێت.



ڕیکلام