ئابڕوچوونێکی گەورە سوپای ئەمریکا دەهەژێنێت

  2020-12-09  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دوای ئاشکراکردنی زنجیرەیەک تاوانی کوشتن و دەستدرێژیکردن کە ئەمریکای تووشی شۆک کردووە، ١٤ ئەفسەر لە پۆستە سەرکردایەتییەکانی بنکەی سەربازی "فۆرد هود" لە ویلایەتی تەکساس دوورخرانەوە.

دوای ئاشکرابوونی ٥ تاوانی کوشتن لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ئەو بنکە سەربازییە کە یەکە سەربازییەکانی لە زۆربەی گۆڕەپانی جەنگدان لە جیهاندا، ناوبانگێکی خراپی بۆ خۆی پەیدا کرد و بووەتە مەترسیدارترین ناوچە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

دوای کوژرانی سەربازێکی کچی تەمەن ٢٠ ساڵ لە ناوی "فانیسا گلین" کە پێشتر گێچەڵی سێکسی پێ کرابوو، ڕایان مەکارسی فەرماندەی هێزی پیادەی ئەمریکا داوای لە دادوەر و چەند لێکۆڵەرێکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی  "ئێف بی ئای"  و دادوەرێکی سەربازیی کردووە، ڕاپۆرتێکی وردی پێشکەش بکەن سەبارەت بە بنکەی سەربازیی فۆرد هود.

ڤانیسای تەمەن ٢٠ ساڵ بەر لە کوژرانی خێزانەکەی ئاگادار کردبۆوە، کە متمانەی بە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی نییە، بەدواچوون بۆ سکاڵاکەی بکەن سەبارەت بەو گێچەڵە سێکسیانەی کە پێی کراوە، دواتریش خێزانەکەی گومانی هەبووە لە خواستی سوپا بۆ لێکۆڵینەوە لە بێسەروشوێن بوونی بۆ ماوەیەک، تا دواتر لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لاشەکەی بە پارچە پارچە کراوی دۆزرایەوە.

لە هەمان ڕۆژی ئەو ڕوداوەدا  سەربازێکی دیکەی بنکەکە خۆی کوشت، لە ساڵی ٢٠١٩شدا سەربازێکی دیکە دیار نەماوە و بەڵگەش هەبووە لەسەر ئەوەی بەهۆی کارێکی تاوانکارییە و بێسەروشوینە، بەڵام دوای ١٠ مانگ تەرمەکەی دۆزرایەوە و دەرکەوت بە فیشەک کوژراوە، کاتێک لێکۆڵەرەوەکان بۆ تەرمی ڤانیسای تەمەن ٢٠ ساڵ دەگەڕان.

ئەو ڕاپۆرتەی لەسەر بنکەی سەربازی فۆرد هود بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، ڕێژەی تاوانی کوشتن و هەوڵی کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و دزی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و حاڵەتەکانی خۆکوشتن و نەهاتەنەوە بۆ سەر کار بێ مۆڵەت، لە هەموو بنکە سەربازییەکانی دیکەی ئەمریکا زیاترە.

رایان مەکارسی فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای ئەمریکا دەربارەی ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاند، گیانلەدەستدانی ڤانیسا گیلین ناچاری کردن لێکۆڵینەوەی ورد بکەن لە بنکەی سەربازی فۆرد هود، لێکۆڵینە لە هەموو سیستم و سیاسەت و تەنانەت خۆشیاندا.

ڕاپۆرتەکە جەختیشیکردووەتەوە، سەرکردایەتی بنکە سەربازییەکە کاریگەر و چالاک نییە، ئەوەش بووەتە هۆی رودانی ئەو هەموو تاوان و نادادپەروەرییە.

دوای پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکە مەکارسی فەرمانیکردووە، بە لابردنی ١٤ ئەفسەری پایەبەرزی بنکەکە، کە دوانیان ژەنەڕاڵن، لەوانەش جێگری فەرماندەی بنکەکەی تێدایە.

جێی باسە لە ساڵی ٢٠٠٩دا پیاوێکی چەکدار هێرشی کردە سەر ئەو بنکە سەربازییە و بەهۆیەوە ١٢ کەس کوژران و ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

 



ڕیکلام