ئەم خوێنە ڕژاوەی دوێنێ!

  2020-12-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سوورێن ئیبراھیم

یادداشتێک سەبارەت بە فیلمی 'پرزدێنت'١

پێشکەشە بە ھەر منداڵێکی کورد، کە لە شریخە و ھاڕژنی تۆپ و ناپاڵمی فاشیزم ڕادەچڵەکێ.

وەک مەڕ سەریانم بڕی؛ یەکڕا ملیانم لە وێنەی پەتێک ھەڵپڕووچکاند. لە گۆڕەپانی جەنگدا سەر و ناوسکی سەربازەکان ئامێتەی خۆڵەکە بوون؛ تەنانەت سمی ئەسپەکەشم لەنێو شۆلاوەی خوێن شڵپەی دەھات.
سەنحاریب- پاشای ئاشووریی


بەڵێ، لە بن ئەم ئاسمانە کۆنەدا ھیچ شتێ تازە نییە! ڤیدۆیەکی ڕاپەڕین ھەیە، خەڵکان دڵخۆشن، پێ دەکەنن، ھەڵدەپەڕن، دەست بۆ کامێرا ڕادەتەکێنن، بەیەکدا دێن، نازانن چی بکەن! نازانن چی لەو ئازادییە بکەن، پاشان خەونەکان تێک دەشکێن، دەگۆڕێن بۆ شەوە و خەوزڕی پەرت و پۆخڵ.

 واڵتەر بنیامین دەیوت: ''لە پشت ھەر فاشیزمێکەوە شۆڕشێکی شکستخواردوو ھەیە.'' شۆڕش و ڕاپەڕین تەنیا ڕۆژی یەکەمی خۆشە، دواتر ئێمە نازانین چی لەو ئازادییە بکەین، وەک تۆپەڵێک گڕ و پەنگڕ ئەمدەستەودەستی پێ دەکەین تا دەکوژێتەوە. لە دیمەنی کۆتایی فیلمەکەدا خەڵک نازانن چی لە سەرکۆمار بکەن، چون خەونێکی گشتگیر و ڕوونیان نییە، دیمەنەکە، نیشاندەری ئاژاوەیەکی کۆمەڵایەتیی و زھنیی و ئایدۆلۆژییە. ھەموو ھێز و پتەوییەک لەنێو خۆیدا دژەکەی خۆی، موخۆرکەی خۆی، ھەڵگرتووە، تا بەھێز و پتەو بێ، زیاتر ئەگەری شکان و تڵیشان و ھەڵوەشاندنەوەی ھەیە. بە دووکەڵ و ھەبا دەبێ ئەوەی پتەو و بەستووە! پەندە کوردییەکەش یەژێ: پەت لە ئەستووراییدا دەپچڕێ. بەڵام ئیمڕۆکە ئەم چەمکە مارکسییە ھەڵگەڕاوەتەوە، توندوتیژیی کۆتایی نایە، بە دووکەڵ نابێ، بەڵکوو کاسگۆڕکێ دەکات بۆ توندوتیژیی تر.

چۆمکسی لە دیدارێکدا دەڵێ: ''لە ھەرکوێ دەسەڵاتێکی تاکەکەسیی ھەبوو و ھەڕەمیی بوو، ناتوانین پاساو بۆ بوونی بێنینەوە، کە نەشمانتوانی، خاسترێکە ھەڵیبوەشێنینەوە.'' ڕاستە، بەڵام چۆن دڵنیا بین ھەر ئەو شۆڕشەی کۆمەڵانی خەڵک ناگۆڕێ بۆ دەسەڵاتێکی تاکەکەسیی تر. شاری خەونەکان لە وێنانەوە تا ئێستا، لەبەردەم ئاڵەنگارییەکی گەورەدایە بۆ شکستھێنان. 

لێرەدا دیسان چۆمسکی دەڵێ: خەڵک ڕێگەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە پێ نازانن، تا ئەو ئاستە ژیر نین، دنیایەک بدۆزنەوە و بە ئامان و زامان لە ھۆڵی پاراستنیدا بن.

ئەم فیلمە لاتاو بە کۆمەڵ دەکات، خەڵک، تا کۆتایی ڕاپەڕینەکەیان یەک وشە دووپات دەکەنەوە: ''بڕوخێ دیکتاتۆر''، پاشان خۆشیان ھەر ڕۆژی دواتر دەبنە دیکتاتۆر، چون ھەمیشە ئیدیاڵەکان، خەونەکان، پاش نەختێ لە نیشتنەوەی خۆشییەکان، گەنیون، فەرھەنگ و ئایدۆلۆژیاکان گورج پیر دەبن و دەگەنێن، ڕووخانی ھەر دیکتاتۆرێتێک وەک ھەڵدانەوەی سندووقەکەی پاندۆرا، وەک زێرابی ناخودئاگا و نەست، ھەڵدانەوەی سەری زێراب و سندووقەکەیە، کە چی نەخۆشیی و دەرد و کینە ھەیە، سەر دەکات و ھەوا دەتەنێ. ئەوکاتەی دیکتاتۆر بەنێو وڵاتە لەدەستچووەکەیدا دەگەڕێ، ڕاستییەکەی بەنێو ناخودئاگای خۆیدا دەگەڕێ، نەوەکەشی وەک دەنگی ویژدان و ئاگایی، ھەمیشە ڕووبەڕووی پرسیاری سەیری دەکاتەوە. لە گرتەیەکدا منداڵەکە گوو دەکات، کاتێ ھێزی لە خۆی بڕیوە، پرسیاری مردن و دەسەڵات و گەردوون و... لە سەرکۆماری باپیری دەکات، بەڵێ، دەسەڵات پیسە. تێکڕای ھەوڵ و کاری ئۆجەلان بۆ تواندنەوەی ئەو شتەیە وا پێی دەڵێن دەسەڵاتی خەڵکێک بەسەر خەڵکێکی تردا. 'تواندنەوەی ھێز و دەسەڵات لەنێو کۆمەڵانی خەڵکـدا.

ڕۆژی پاش کەوتنی دیکتاتۆر، ھەر گەڕەک و زاڵگە و ماڵێک، پڕ دەبێ لە وردەدیکتاتۆری توندوتیژ، توندوتیژیی دابەش دەبێ، گەر ماکیاڤڵییانە ڕامێنین، ئەوا دەبینین لەبری یەک دیکتاتۆری تاکڕەو، وردەدیکتاتۆری تاکڕەو و توندڕۆ دەزێن. لە کۆتایی فیلمەکەدا یەکێ لە ڕاپەڕیوان شتێک دەڵێ کە ھەمان دۆخی دەسەبەشکردنی ئابووریی و دەسەڵات و ھێز دەنوێنێتەوە، ئەو دەڵێت، وەرن با ئەم سەرۆکە کەوتووە کەلەپاچە و لەتوکوت بکەین و بیدەینە دەسەڵاتدارە نوێیەکان، بەم چەشنە ھەریەکێکمان بڕێکمان لەو پارەیە پێ دەبڕێ، کە بۆ گرتنی تەرخان کراوە.

دۆخی ئەم فیلمە ھەمان دۆخی سرووشتییە وا ھۆبز ئاماژەی پێ دەکات، دۆخی ملەجەڕە و شانەخڕێی بێکۆتا بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات. لێرەدا چەمکی دۆخی سرووشتیی ھۆبز ھەمان چەمکی گێژاوی ئۆجەلانە.
پاش سۆڤێت و نازییەت و فاشییەت چیدی فیلم ئەو بەرخۆرە نییە کە ھەمیشە دەبێ لامژیی لە ڕۆمان و ئەفسانەکان بکا، بەڵکوو بوونێکیی سەربەخۆی ھەیە. لە کۆتایی فیلمەکانی سەردەمی نازییەت و فاشییەت و سۆڤێتدا، ھەمیشە سەربازێک یان پاڵەوانێک دەچووە سەر گردێک و ئاڵاکەیانی دەشەکاندەوە، فیلمێکی وەک چێ گیڤاراش لەم ڕوانگەیە بەدەر نییە، بەڵام لەم فیلمەدا واقع شتێکی ترە، واقع ھەمان واتای نێو ئەدەبییاتی سۆڤێتیی نییە کە شۆڕشگێڕان لە کۆتاییدا سەر دەکەون، بەڵکوو ئەوانەی کە پاش سەرکۆمار و سەربازەکانی دێن، نە پاکترن، نە جوانتر، نە خاوەنبەرنامە و ھتد... واقع لێرەدا 'واقعی ھونەریی'ـیە، کۆندێرا واتەنی تێکڕای واقع تەنراوە بە ئەگەر...
 لە سەردەمی وێناندا مرۆڤ دەگاتە پلەی پاڵەوان و پاشان خواوەند، بەڵام لەم شۆڕشەدا ھیچ پاڵەوانێک نایەت، دەی لەم سەدەی دیموکراسیی و بەرابەرییەدا! نە پاڵەوانێک ھەیە، نە ڕزگاریدەرێک، پاڵەوان کۆتایی ھاتووە، پاڵەوان لەنێو چەمکی 'کۆمەڵانی خەڵکـ'ـدا تواوەتەوە. 

کەواتە: لێرەدا ئەوی تری گەورە و سیستەم و ئایدۆلۆژیا و دیکتاتۆرییەت، شتێکی دەرھەست و بینراو نییە، دەکرێ لەنێو ھەمووماندا پەپکەی خواردبێ، وەک سڵاڤۆی ژیژەک دەڵێ: ''ھەر مرۆڤێک سیستەمێکی ڕامیاریی دەنوێنێتەوە.'' بەڵێ، ھێز لە گشت جێیەکە، مرۆڤ تاوانی داھێنانەکانی خۆی، چەکەکانی خۆی، زانستی خۆی، ئەو شتانەی بە پشتھەڵکردن لە سرووشت، زانست و تەکنەلۆژیایەکی کوێر و زۆڵی لێ ساز کردووە، دەدات. ھەموو ئەمانە لە خۆی ئاڵاون. جۆن مڵتۆن وتویەتی: ''ھزر دەتوانێ وا لە لە دۆزەخ بکات ببێتە بەھەشت و بەھەشتیش بە دۆزەخ.'' کتێبە پیرۆزەکانیش وا دەڵێن، تۆ گیرۆدەی شەیتان و فریشتەکەی ناوەوەی خۆتی، ''تۆ خاچی مارتێئاڵاوی.'' بەڵێ، مرۆڤ لە خوێنی خۆیدا چەقیوە. دنیای مۆدێڕن و پێدراو و داھێنانەکانی وەک ھەژگێک لێی ئاڵاون و نەک بوونی کۆمەڵایەتیی، بەڵکوو دەکرێ کۆنەست و بیروباوەڕ و جەستەی مرۆڤیش دابڕنن و بە ویستی خۆیان دایبھێننەوە. ''من بۆ خۆم دزراوم و ھەر خۆیشم دزەکەم.''٢

لە ئەفسانە و ئوستووڕەی ئیرانیی و کوردییدا دێوێک ھەیە پێی دەڵێن 'ئاز'، ئاز گشت شتێ ھەڵدەلووشێ، درەخت و ماڵ و خاک و سەگ و ژن و ئاو و... گەر ھیچ نەمایەوە بیخوات، ئەوا دواجار خۆی دەخوات. ئەم دۆخە فیتاوفیت بەسەر سەرکۆماری نێو ئەم فیلمەدا دەچەسپێ، سەرۆکی نێو ئەم فیلمە لەو دۆخەدایە وا لە کوردەوارییدا پێی دەڵێن: کابرا سەری خۆی خوارد.

ھەر لە سەرەتای فیلمەکەوە بینەر ئاگادار دەکرێتەوە کە ڕووداوەکان لە وڵاتێکی نەناس و نەزانراو ڕوو دەدەن، ڕەمز و ھێما زۆر لە نواندنەوەی نامە و پەڕەمووچی پاشا کۆنەکان دەچن، تا کەس تێیان نەگات، لوول دەکران، لوولکردن دۆخێکی ڕەمزیی دەگرێتە خۆ، تا نەمناسنەوە، نەزانن چ دەڵێم. تەکنیکی سینەمایی زۆر یاریدەی دەرھێنەری ئەم فیلمەی داوە تا ئێمە ئەم فیلمە نەبەستینەوە بە ئایدۆلۆژیا یان سیستەمێکی دیارییکراوەوە، ئەمەش ھەراس لە ھەموو سیستەمێکی ڕامیاریی و ئایدۆلۆژیی و فەرھەنگیی ھەڵدەگرێ، شامانێ ئەم فیلمە ڕووی لە ھەمووانە، کەسی لێ ھەڵنەبواردووە، ھەروەتر کەسێتییە سەرەکییەکانی نێو ئەم فیلمە ناوێکی بەرجەستە و دیارییکراویان نییە، دۆخێکی ئیدیاڵین بۆ ھەموو کەس و دیکتاتۆر و وڵاتێک. دەرھێنەر خۆی لە دیمانەیەکدا دەڵێ: بێلایەنیی گەمژایەتییە، کاتێ خەڵک دەچەوسێنەوە، کارێکی گەمژانەیە بە گوتاری بێلایەنیی خۆم بخافڵێنم و خۆم بکەمە کەڕەی شەربەت! بەڵێ من لایەنگری چەوساوانم، وەک دەرزیی ھەڵچەقاندنێکیش بۆ وڵاتەکەی خۆی- ئێران، جارێکی تر دەڵێ: لە زمانی فارسیشدا پرزدێنت وەک تێکڕای زمانەیلی تر، واتای سەرۆک دەدا. ھەروەھا پاش کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، پاش ھونەری جیھانیی، پاش سۆشیال میدیا، پەنگخواردنەوەی واتایی فیلم لە پنتێکی بەرتەسکی جیھاندا، کارێکی بێواتایە، دیسان کامێرا و تەکنیکی تازەی سینەمایی و کەشوھەوایی ساردیی گورجستان، یارمەتییەکی فرەی ستافەکەی داوە، تا وێنای ئەو توندوتیژیی کوشتوبڕ و تەپەسەردان و چڕووساندنەوەیە بکەن وا لە فیلمەکەدا ھەیە، ئەمە کەسێتیی ئەسەد ئۆکتایـمان بیر دێنێتەوە لە فیلمی چواردەی تەمووز. ئەمە ناچارمان دەکات بگەڕێینەوە بۆ فۆرمالیستەکان: 'فۆرمالیستەکان دەیانوت: لە ھەرکوێ فۆرمێک ھەبوو، ناوەڕۆکێکیش دەڕسکێنێ، بەم چەشنە فۆرم ناوەڕۆک ڕەنگڕێژ دەکات.'' لەمڕۆدا پاش ئەو ھەموو تەکنیکە پێشکەوتووەی سینەما چیدی دەسەڵاتی فۆرم و گرتە و فێڵە سینەماییەکان شتێک نین نەتوانن ناوەڕۆک بۆ بینەر گەڵاڵە نەکەن. 

سەرکۆمار لە سوبێکتێکی ھەمووشتزان و خودان دەسەڵاتێکی ڕەھاوە دادەکەوێ بۆ بنی بنەوەی ئەو دۆزەخەی وا خۆی سازاندوویەتی، گەشتی سەرکۆمار بەنێو کردەوەکانی خۆیدا، زۆر لە گەشتی پاڵەوانی ئەفسانە کۆنەکانی وێنان دەچێ. واقع لەرزیوە و ھەموو ئاسۆ و خەونەکانیش دڕدۆنگ و لێڵن. ئەوەی پێی وتراوە 'ھەقیقەتی درۆیینە' تێکشکاوە، ئەو بنھۆشەی خەڵکی لە ڕێی میدیا و پەروەردە و فیکرەوە پێ وەڕاست گەڕێنراوە، داڕووخاوە. سەرەتای فیلمەکە بە پەخشێک و فەرمانێکی پادشایی دەست پێ دەکات، مۆسیقایەک، ھێمن و درۆزن، ئێمە پاشان مۆسیقای خەڵکە ڕەشۆکەکە دەبینین کە زیاتر فۆلکلۆرن، لەم ڕوانگەوە فیلمەکە گەرەکێتی جیاوازیی چینایەتیی نێو ئەم وڵاتە تۆخ نیشان بداتەوە، پاشان لەمە دەدوێم.

 کەواتە خەڵک دەترسێن. چون خوداکەیان مردووە، ھەڵھاتووە یان ون بووە! کۆتایی فیلمەکە خەڵک نازانن پاشا/باوک، بکوژن، یانەکوو تەوتەمەکەی بپەرستن، دۆخێک کە بۆ زۆربەی سیاسییە مردووەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی ڕووی دا، کوشتمانن و ئێستا سەما بۆ تەوتەمەکەیان دەکەین. سەت و چەند ساڵ زیاتر پێش ئێستا 'گۆستاف لۆبۆن وتبووی: ''خەڵک، تۆپەڵێکن لە ھەستوسۆز.'' چۆن ئەو خرۆشانە کۆمەڵایەتیی و دەروونییەی نێو مێژوو 'ڕکێف' دەکرێ؟! دیسانەوە ئەو پرسیارە دێ، خەڵک بکەرێکی کۆمەڵایەتیین یان دیسانەوە توندوتیژیی پێچکە و مامانی گۆڕانکارییە؟ گۆڕانکاریی بۆ چی؟ بەرەو کوێ؟ یا چەمکی پرۆلیتەری ھۆشیار و ڕۆشنبیر لە گرامشیی بخوازینەوە و لە کۆمەڵانی خەڵکی ھۆشیار و ئاگا بدوێین. ئەم فیلمە نائومێدە. وەختی خۆی کانت وتبووی دنیا تا دێ بچووک دەبێتەوە، بە چەشنێ ھەموو شتەکان کاریگەرییان لەسەر یەکتری دەبێ، ئەم دەستەواژەیە ئیمڕۆکە زۆر وەڕاست گەڕاوە، پاش شکستی ئیمپڕاتۆرە دینیی و پاشایی و تەسکبینە داخراوەکانی نێو مێژوو و چەرخی تەکنەلۆژیای زانیاریی و ئابووریی تەکنەلۆژیی و سیستەمیی بانکیی و پارەی وەھمیی نێو ھەژماری کارتەکان، ھەموو کێشەکانی جیھان لە جێیەکی بچکۆلە خڕ دەبنەوە و مۆڵ دەخۆن: سووریا! لۆ  و گرێ و چین دەبەستن و کاریگەریی لەسەر سەرپاکی پنتەکانی دنیا جێ دەھێڵن. لێرەدایە کە چەمکی کۆمەڵانی خەڵک و تاکی زیتەڵ و پرۆلیتەری ھۆشیار ھەڵدەوەشێنەوە، چونکە یەکێ لە پێدراوەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەوەیە کە دەستە چەورەکەی خۆی بە ھەمووانا دەسڕێ، ھەمووان دەستیان لە کاسەکەدایە. نە کەس ھێندە پاکە و نە کەسیش ھێندە پۆخڵ! 

سەروەختی بەعس، کادرە فیکرییەکانی بەعس لە ئۆردوگای زۆرەملێی سموود کۆبوونەوە بە گەڕەکێک دەکەن، ئەوان لە ھەوای لافلێدان و فەلسەفەلێدانی خۆیاندان، شێتێک سات ناساتێ ھەڵدەستێتەوە و دەڵێ: ''باشە ئەنفالەکانتان چی لێ کرد؟'' ھەمووان، خەڵک و کادرەکان، گەرەکیانە بێدەنگی بکەن، خەڵک لە ترسی گیانیان، کادرەکانیش لە ترسی ویژدانیان، دەی، قسە یا لە شێت یا لە مناڵ، نەوەکەی سەرۆک، وەک بنھۆش و ویژدانی زامار و ڕاچڵەکاوی سەرکۆمار، ھەمیشە بە قسە و پرسیارەکانی ئامادەییەکی زیندوو و ڕەخنەگرانە و بڕێجاریش کۆمیدیی و لاتەنیشتیی و پاڵەکیی ھەیە. ھەمووان دەزانن پاشا ڕووتە، بەڵام...

دەشێ ئەم فیلمە فیلمێکیش بێ زۆر ماکیاڤڵیانە، لەمەڕ گرنگی دامودەزگا و دەستوور، بۆ بەرگرتن لە ئارەزوو و ڕەمەکە ئاژەڵییەکانی مرۆڤ، چون لە تەوراتەوە فێر دەبین، گەر لیویاتانێک نەبێ، دەوڵەتیش نابێ. ھونەری سیاسەت (ھێز)، دەتوانێ ھەموو شتێک دابێنێتەوە. قیامەت، بریتییە لە ھەڕۆژانی دامودەزگا. 

بەڵام لەوەتەی پێکھاتەی جیھانیی کەوتە بندەستی پیاو و سیستەمی دەسەڵاتخوازیی و پیاوسالاریی ئاوا کرد، ھەر لەو کاتەوە ئیتر باوک و کوڕ، ھەر لە ئەفسانە وێنانییەکەوە تا نوکە، لە پەیوەندییەکی دژواز و پڕ گرێ و سۆزەکیی و خوێناوڵدا بوون، جارێ کوڕ کودەتای بەسەر باوکدا کردووە و لەسەر کورسیی خۆی پاوەجێ کردووە: (ئۆدیپ)، جارێکیش باوک کوڕی کوشتووە: (شانامەی کوردیی- ڕۆستەم و زۆراب و بەیتی سەیدەوان، ئەم داستانانە بنھۆشی کۆمەڵایەتیی مێژوویی ئێمەن، ھەبوونی ئێمە لەسەر کوشتنی کوڕە لاوە پڕ خرۆشەکە بە دەستی باوکەکە چێ بووە: تراژیدیای نەتەوەیی کورد!)، جارێکی تریش ئەم پێکھاتە دژواز و پڕ ململانێیە لێک ترازاوە و کڵاشەی کردووە بۆ قوربانییدانی باوک و کوڕ بۆ یەکتری. ئەم فیلمە باسی دواڕۆژەکانی سەرکۆمارێکی پیر دەکات، کە گەرەکێتی بە ھەر نرخێک بووە کوڕەزاکەی بخاتە سەر تەختی جێنشینیی، سەرکۆمار دەیەوێ لە خوێنی کوڕەزاکەیەوە سەرەتاتکێ بکات، ئەو ھەموو تێکۆشانەی سەرکۆماری پیر بۆ پاراستنی کوڕەکەی، ئارەزوو و مەیلی نەمریی و نەپچڕانی ڕەگەمای دەسەڵاتی خێزانیی و باوانێتی. بەڵام ئاو بە جۆگەیا نایەت و با ھەمان بای کۆک نییە وا بە ھەوەسی ئەم دەیگڤاند. دەکۆشێ ئەو کورسییەی لە باوانەوە بۆی ماوەتەوە بداتە دەست کوڕەزاکەی، (ھاوخوێنەکەی)، بەڵام ئاو لە شوێنبێڵی نایە. ئەم فیلمە فیلمێکە لەمەڕ: ئەڤین، یادەوەریی، جەنگ، سووڕانەوەی بازنەیی مێژوو، ئەم فیلمە پێمان دەڵێ مێژووی گشتیی خەڵک ھەرگیز ناگۆڕێ. تا سیستەمی دەسەڵاتخوازیی پیاوسالارییش ھەبێ، مێژووی گشتیی ھەمیشە فیلمێکی تڕۆی ھەزاربارەیە، لە خشتنووسێکدا و کاتی پێکھاتنی دەوڵەتی سۆمەریی، ئینانای خواوەندی دایک بە گلەییەوە دەڵێت، سەت و چوار خشتی داھێناوە کە ئینکی خواوەندی باوک بە فرتوفێڵ و تەڵەکە لێی دزیوە. ئەم ململانێیە پێش ھەر شت ململانێیەکی زھنیی و باوەڕییە. ئەم لادانە مێژووییەی پیاو تا ئێستا درێژەی ھەیە، (لە کوشتنی قابیلەوە پیاو ھەم گۆشتخۆریی و ڕم و تیر و نێزە دەدۆزێتەوە، ھەمیش دەسەڵاتی ئابووریی و فەرھەنگیی و ئایینیی و تەڵەکە). گەر لە قۆناغی سەرەتای دەسەڵاتی پیاوسالارییدا شامانێک ڕەوایەتیی بە کردەوەکانی پیاو دەدا، ئەوا ئیمڕۆ میدیا، بانکەکان، ڕۆشنبیران و کۆمەڵی مەدەنیی و سینەما و زۆر شتی تر...

ئێمە ھەرگیز ناتوانین لەو کۆنەستە کەلتووریی و کۆمەڵایەتیی و زھنیی و ڕامیارییەی مێژوو بۆی ڕەنگڕێژ کردووین، ھەڵبێین.

بەڵێ، سەرەتا تاوان ھەبوو... 

گەر قۆناغی یەکەم پیاو ژنسالاریی کۆتایی پێ ھێنا و دەسەڵاتی خۆی پاوەجێ کرد، پاشان بەپێی ئۆدیپ شەڕیان لەسەر جەستەی کرد و ئۆجەلان واتەنی جەستەیان پارچەپارچە کرد و فرۆشتیان، ئەوا ئێستا ژن بە ھیچ چەشنێ پاش ئەو دوو قۆناغە (لەدەسەڵات داماڵین و پاشان کوشتن)، لەسەر شانۆکە نەماوە و ئەمجارە پیاوسالاریی لە شەڕێکی خەستوخۆڵدایە لێل خۆی... وەختی خۆی کانت باسیی کۆتایی زەوی کردبوو، چارلز فۆرییەش کۆتایی مرۆڤ، چەمکی کۆتایی مرۆڤ پاش کۆتایی مێژوو و کۆتایی جوگرافیا چیدی لە گریمانە و و تیۆرەوە دەبێ بە ڕاستیی، چونکە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ھەر ئەو منداڵە زۆڵەیە وا تەکنەلۆژیایەکی کوێری وەک وازیچە لە دەستە و بەپێی ئارەزوو و ئاڵۆش و ڕەمەکەکانی دین و دنیا دادەھێنێتەوە. ھیچ کاتێ دیمەنی زەوی بەم ھەموو تۆڕە ئاڵسکاوە زانستیی و تەکنەلۆژیی و چەکداریی و ئۆردۆگا سیخوڕییەوە، وەک دۆزەخی نەنواندووە. چیدی دیکتاتۆرەکان پێویستییان بەوە نییە بە خواوەندێک یان ئەستوورەیەکی کۆن خۆیان و کردارەکانیان پاساو بدەن، وەک پۆڵ ڕیکۆر و میرچیا ئەلیادە لێی ترساون، ئیمڕۆ تەکنەلۆژیا ڕێگەکەی ئاسان کردووە، یوڤاڵی نوح ھەراری وتەنی، ھیچ شتێ وەک تەکنەلۆژیا نابێتە کوتەکی دەست دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی ئاییندە! ئەفڵاتۆن لە کۆماردا لە باسی دادپەروەرییدا نموونەی ئەنگوستیلەیەکی جادوویی دێنێتەوە کە بتوانێ مرۆڤ بشارێتەوە، مەبەستی ئەو چەمکی دادپەروەرییە لای ئەو دەسەڵاتدارانەی وا خاوەنی ئەو شتانەن، ئیمڕۆکە بەو تەکنەلۆژیا بێسنوورەی دەست دەوڵەتانەوە، چۆن بتوانین لە دادپەروەریی و یەکسانیی نێو دڵی مرۆڤان دڵنیا بین. 
ژنەکانی نێو ئەم فیلمە یان سۆزانیین، یان لارەمل و پێمل و کزۆڵ. ئەم فیلمە فیلمێکە سەبارەت بە بێدەسەڵاتی ژن، شۆڕشی پیاوەکان بۆ خوایەتیی. خوایەک دەپلیشێتەوە و لەو بەرزی بەرزانەوە تەختەقاپی چەقڵای دەبێتە ژوور، خوایەکی دی ھەڵدەکشێ و ھەڵدەکشێ، تا وەک بورجەکەی بابل چی دی نەپەنی دەبێ، پاشان زرم، وەک بێژی درێژکوولەیی و دەسەڵاتی زۆری پاشا (خوا) دێتەوە تا بەسەر ئێمەدا بھەڕۆژێ، لەوێ زمانەکان بڵاوپژ دەبنەوە و تاکزمانیی نامێنێ، لێرە دیکتاتۆرییەت دەسەبەش و بڵاو دەبێتەوە، پنتاوپنت... 

لەم ڕەھەندەوە وەک بینەری ئەم فیلمە ھەڵوەستەی شتێکم کرد، کاتێ پیاوسالاریی بیچم دەگرێ، یەکەم دیاردەی دەسەڵاتخوازیی پیاوسالاریی سیستەمی چینایەتیی و خانووبەرە باڵاخانە و کشتوکاڵ و بەڕێوەبردنی چینایەتییش لەگەڵی دادەمەزرێ، ئەمساڵ دوو پەیامی ئۆجەلانمان دیت، ئەو دەڵێ، بۆ ڕزگاریی و تەرێزگرتن لە دەسەڵاتخوازیی ئاغاواتی مۆدێڕن و دزەماڵگرەکان، دەبێ ژنان ئازاد بکەین، لە پەیامی دووەمیش دەڵێ ڕێم بدەن پێش ھەر شتێ کەسێتیی کورد درووست بکەمەوە. ئەوەی دەشێ لەم فیلمە بۆ دۆخی مەرگەساتباری کوردی ھەڵگۆزین، ئەوەیە بۆ ئەوەی دیسان ڕاپەڕین و شۆڕش و ژیانی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئابووریی و ڕامیارییمان لەنێو گێژاوێکی تردا زیندەبەچاڵ نەکەین، دەبێ دوو کار بکەین: یەکەم: لە زھنییەت و کەسێتیی خۆماندا ژن ئازاد بکەین، دووەمیش، کەسێتیی شێواو و کرێگرتەیی سواخدراو بە ڕەنگوبۆی نەتەوەیی و ماڵباتگەرایی کورد شیی بکەینەوە...

ھەندێ کەس بە بەھانەی لایەنیی واقعیی و بانگەشەکاریی فیلمەکە لە بەھای فیلمەکەیان کەم کردۆتەوە، بەڵام ھەموو دەزانین لە بن توێ و توێژاڵی ھزری ئەو ڕەخنەگرانەدا چی نوستووە و بە چی تیماری ئەو برینەی ناوی پێملبوونە بە دیکتاتۆرییەت دەکەن، ئەی مەگەر گۆبڵز نەیدەوت درۆ بکە درۆ بکە درۆ بکە، تا بڕوات پێ دەکەن، لەمڕۆدا وای لێ ھاتووە، ڕاستی بنوێنەرەوە، بیڵێ، زۆر بیڵێ، واقع بنوێنەرەوە، تا ڕاستیی دەبێتەوە بە ڕاستیی و بڕوا بەو خوێنە ڕژاوە دەکەن، سەرەتای ھەموو کردەیەکی شۆڕشگێڕانەی ڕامیاریی و فەرھەنگیش، تێگەشتن و بینینی ئەو توندوتیژیی و بندەستیی و نادادییەیە کە ھەیە. پرسێکی تری نێو ئەم فیلمەش، ئەم پرسەیە.

ئەم فیلمە بە پێچەوانەی فیلمەکانی تری مەخمەڵبافەوە، کەسێتییەکانی لەدەست دەردێکی دەروونیی وەزاڵە نەھاتوون، بەڵکوو سیاسەت ژیانی لێ تەنگ و تاریک کردوون. 

جارێکیان پشیلەی نێو کارتۆن لە ترسی سەگ، دەرگەی گاڵە دا و کڵۆمی دا، کلیلەکەشی قووت دا، ئیتر گیری خوارد، ئاوایە مرۆڤیش/پاشای نێو ئەم فیلمە، (مرۆڤ وەک ھەڵگری ھێز و زانایی و ماخۆی زەوی)، ھەموو ڕێگەکانی گەڕانەوەی داخستووە، پێی لەنێو خوێنێکە، ھەرچۆن بگەڕێتەوە، بە شوێنپێی خویناوڵی خۆیدا دەگەڕێتەوە. بەپێی فیلمی ساموێل، گەلیی جوو داوای پاشا لە پێغەمبەرەکەیان دەکەن، (بەپێی فیلمەکە نابێ گەلی جوو جگە لە خوای تاکوتەنیا ھیچ پاشا و فەرمانڕەوایەکیان ھەبێ.) ئەویش پێیان دەڵێ خودا سرووشی بۆ ناردووم، دەڵێ باشە، با پاشا ھەڵبژێرن، بەڵام ھەر ئەو پاشا دەبێتە موخۆرکە و مڵەی گیانتان. ڕەگئاژۆترین کێشەی نێو ئەفسانە و دیین و حکومەتە دەرەبەگیی و دیکتاتۆریی و دیموکراتییەکانش ھەمان کێشە بووە. ھەڵبژاردنی ڕابەرێک... 

 بە قەولی نووسەری پەڕتووکی فەلسەفە و سینەما 'دنیلشا'، ھونەری ڕاستەقینە گەشە بە ھۆشیاریی چینایەتیی دەدات، ئەم قسەیە ئیمڕۆ شکستی ھێناوە، چونکە ئیمڕۆ لەوانەیە ھونەر و سینەما نەک ھۆشیاریی چینایەتیی نەباتە پێش، بەڵکوو ھۆشیاری ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی و چینایەتیی پەرت و پاوان بکات.

ھەرچۆن تێی ھەڵڕوانی ئەم فیلمە فیلمێکە لەمەڕ تۆڵە! بۆ ئێمەی کوردی باشووری کوردستانیش کە ئەمڕۆکەش مناڵێکی تری خێڵپارتی بارزانییەکان بۆ جاری چەندەم دەبنە فەرمانڕەوای کوردستان، ئەرکی ھەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیر، ئۆجەلان وتەنی، ئەوەیە کە: ''نەبینە کۆیلە لای گلگامێش و ئەسکەندەرە نوێیەکان.'' چونکە 'دزی ماڵگر'  پێش ھەر شت ئاکار و بونیادیی کەسێتییمان بەپێی خۆی دادەڕێژێتەوە.

ھەموو دیکتاتۆرێک کاتێ خەریکە ھەڵەوژوور و سەرەولێژ دەبێتەوە و گڵۆڵەی دەکەوێتە لێژیی، گەرەکێتی بگەڕێتەوە بۆ لوتکەی لێژگەکە، بۆ ئەو ڕۆژانەی ھێشتان شۆڕشگێڕێک بوو، 'کاغەزی سپی ھەڵبداتەوە.' بیرمانە قەزافیی ڕۆژانی کۆتایی گەڕایەوە بۆ 'بەنی وەلید'، سەدامیش بۆ 'تکریت'. 

کۆتا دیمەنی فیلمەکە: سەرکۆمار و نەوەکەی لە نزیک ئاوێکن، وەک ھێمای کۆڵنەدانێکی گلگامشییانە بۆ نەمریی و گەڕانەوە بۆ سەرەتا و دەستپێکردنەوە، بەپێی سۆمەرییەکان سەرەتا ئاو ھەبوو. ئاو سەرەتا بوو. دەیانەوێ بیستووتێنن، ئاگر! (شەیتانمان لە ئاگر ئافراند.)

لە کۆتاییدا خەڵک دەیانگرن، خەڵک دیسان دوودڵ و چاش دەمێنن چیان لێ بکەن؟ ئایا لە سێداری بدین یان ڕێی بدەین ''سەما بۆ دیموکراسیی بکات.'' بیرمانە سەروەختی گرتنی سەدام حسەین ھەمان کێشمەکێشیی فیکریی لەنێوەندی فەرھەنگیی و چاپەمەنیی باشووری کوردستاندا درووست بوو. ئایا وەک خۆی ڕەفتاری لەگەڵ بکەین یان ڕێ بدەین بژی. دیموکراسیی!

چاپتەری شەوی حیسابی ڕۆمانی 'شاری مۆسیقارە سپییەکان' گۆڤانێکی ھەم مێژوویی و ھونەریی و ھەم دەروونیی و کۆمەڵناسانەیە لەمەڕ تاکی کوردی پاش بەعس و ئەو کێشمەکێشە فیکرییە.

بەڵام نەفرەت و تۆڵە شتێکن ھەمیشە ئەو گەڕانەوە و ڕاستکردنەوانەیان تێک داوە، ئەم فیلمە دەکرێ فیلمێکیش بێ لەمەڕ نەفرەت و تۆڵە، ئۆجەلان وتەنی: نەفرەت شتێکە نامرێ، لە ھەقی خۆی خاوەندار دەمێنێ. ''بۆ کوێ ھەڵدێی لەدەست نەفرەت و تۆڵە و کینە؟!'' ئۆجەلان لەمەڕ تۆڵە و نەفرەتی ڕۆژھەڵاتیی لە بەرگریینامەکانییدا ھەڵسەنگاندنێکی وای کردووە، کە دڵی گشت دیکتاتۆرێ دەلەرزێنێ، چەمکی قیامەتی نێو ئیسلام ھەمان شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکە، وەک قیامەتی فیرعەونەکان و ڕۆمەکان و قوڕەیشییەکان. 

ئەو شۆڕشی کوردستان وەک قیامەتێک دەبینی دژی دزەماڵگر و مرۆڤەخوا نوێیەکان. 

قیامەتی زۆرداران!

١. ئەم فیلمەم ژێرنووس کردووە و لە پێگەی کوردیی 'کورد سینەما' بەردەستە. ئەم نووسینە تەنیا ھەندێ وردەتێبینیی بوون، کاتێ ئەم فیلمەم ژێرنووس دەکرد، لام گەڵاڵە بوون.

٢. دوو دێڕەشیعری دیوانی خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێکی شاعیری گەورەی گەلەکەمان، مامۆستا شێرکۆ بێکەسن. 


ڕیکلام