فەنتازیا و نووسینەوەی خەون

  2020-12-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەربارەی کۆمەڵە چیرۆکی (پاشماوەی خێڵەکان)ی (عەتا محەمەد) / فەرھاد موستەفا

پاشماوەی خێڵەکان وەک ناونیشانی (یەکەمین) کۆمەڵە چیرۆکی عەتا محەمەدە، ناونیشانی چیرۆکێکی ناو کۆمەڵە چیرۆکەکەیە. چیرۆکەکە بەم پەرەگرافە دەستپێدەکات:
"ئەو بەیانییەی ھاتینە دەرەوە منداڵێک پێشمان کەوت تا بتوانیین بەتەواوی چاومان بکەینەوەو و بەرپێی خۆمان ببینین، بە قسەکردنەکەیدا زانیمان ئاوڕی دایەوە، وتی:
ـــ ئێوە ئەوانە نین سێ مانگە کوێر بوون؟
کەسمان وەڵاممان بۆ نەدرایەوە. چونکە نەماندەزانی کوێر بووین یاخود نا، تەنھا ئەوەندە نەبێت کە ئێمە             سێ مانگە نەنووستووین. ل١٤" 
ھەر لە دەستپێکەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئێمە لە بەردەم گێڕانەوەی(خەون) یان تێکستێکی فانتازیداین. جیا لەوەی.. مەحاڵە کۆمەڵێک کەس پێکەوە نەزانن کە ئایا کوێر بوون یان نا، بەر ئەوەش دەکەوین.. کە (ئێمە سێ مانگە نەنووستووین!) کە دەکرێت بڵێین.. مەحاڵ دەبێتە مەحاڵتر. بەوەی ئەستەمە کەسانێک بتوانن سێ مانگ نەخەون.
تا ئەوەی بەدیار ناساندنی تێکستی فەنتازییەوە زۆر ڕانەوەستیین، وەک کورترین پێناسە بۆ ئەدەبی فەنتازی کۆمەک بەو دەربڕینەی (بۆرخیس) دەکەین، کە لەمەڕ ئەدەبی فەنتازییەوە وتوییەتی:
(ھەموو ئەدەبێکی فەنتازی لەسەر چوار تەکنیکی سەرەکی دادەمەزرێت:
کتێبێک لە ناو کتێبێکی دیکەدا و کەڵک وەرگرتن لە واقع و خەون و تێکەڵبوونی ھەردووکیان و گەشت بەناو کاتدا). (١).
گەربونیادی چیرۆکی (پاشماوەی خێڵەکان) لەسەر ئەو بنەمایانە دابەشبکەین، دەگەینە ئەوەی کە بڵێین.. (پاشماوەی خێڵەکان) تێکستێکی فەنتازییە. بۆ پاسادانی ئەمەش، کەم تا زۆرێ لە ئاستی.. زمانی تێکست و تەکنیکی گێڕانەوە و بونیادە فەنتازییەکانی دیکەی دەقەکە، ڕادەوەستین.
لە سەرەتای چیرۆکەوە ئەوەمانزانی گێرەرەوە بە(جێناوی کەسی یەکەمی کۆ ـــ ئێمە) باسی (ئێمە)ی ناو فەزای چیرۆکەکە دەکات.. کە سێ مانگە نەنووستووین. ئەگەر ئەمە لە(واقع)دا مەحاڵ بێت. لە(خەون)دا ڕەوایە. کەواتە ڕەوایە بیڵێینەوە.. ئێمە لەبەردەمی خوێندنەوەی گێڕانەوەی(خەون)ێکداین. 
لە پەڕەگرافی دواتر، منداڵەکە ھەمان پرسیار دەکاتەوە:
(ـــ ئێوە ئەوانە نین سێ مانگە کوێر بوون؟
ـــ برسیمانە.
ئەوەی لە دواوە دەڕۆیشت، بێ ئەوەی گوێ بداتە قسەی منداڵەکە ئەوەی گوت.)
گەر بەوردی سەرنج بدەین.. گێڕەرەوە لە(جێناوی کەسی یەکەمی کۆ"ئێمە" دەگۆڕێت بۆ جێناوی کەسی یەکەمی تاک "من"). ئەم ئاڵوگۆڕە لە تەکنیکی گێڕانەوە، لەخۆڕا نەھاتووە، ھێندەی ئەوەی (عەتا محەمەد) زۆر بەسەلیقەوە ئەوەی ئەنجامداوە. 
ئێمە ئەوە دەزانین کردەی خەون، کردەیەکی تاکە. کردەی کۆ نییە. ڕونتر.. گەر (ئێمە) لە یەک چرکەی دیاریکراویشدا بخەوین، خەونەکانمان لە خەونی یەکتری ناچن. کردەی خەون و گێڕانەوەی خەون، ھەر دەبێتەوە بە تاک (من). بۆیە لەنێوان چەند ڕستەیەکی کەمی نێو پەرەگرافەکە، ئەم ئاڵوگۆڕە بەسەر تەکنیکی گێڕانەوەدا دێت.  
جیا لەوەی(خەون) سەرەتا و کۆتایی نییە. بەو مانایەی نە خاڵێکی ھەیە بۆ دەسپێکردن، نە لە خاڵێکیشدا کۆتایی پێدێت. دەستپێکی چیرۆکەکەش، لە خاڵێکەوە دەستی پێکردووە کە سەرەتایەکی دیاریکراوی نییە، (ئێمە) لە گەرمەی ڕووداوەکاندا دێنە دەرێ. ناکۆتایش دەبێتە کۆتایی تێکستەکە، بەواتە چیرۆکەکە کۆتایی نییە. دەشێت.. گۆشەی جیاکردنەوەی پێگەی  واقع و خەون و پاشتر تێکەڵبوونیان لەو پەرەگرافە کورتەدا ببینینەوە، کە ئەم جیابوونەوە و تێکەڵبوونە، لە پانتایی گێڕانەوەی دەقەکە درێژەی ھەیە. 
بەر لەوەی چۆنێتی و ئەرکی خەونەکە بگێڕینەوە، بۆ بەرچاو ڕوونی و سادەکردنەوەی تێکڕژانەکان، دەکرێت دەستببەین بۆ ناساندنی شوناسی (ئێمە)ی ناو گێڕانەوەکە: (ئێمە)ی ناو تێکستەکە کێین؟ 
(ئێمە) کۆمەڵێک کەسی زیندانیکراو و دابڕێنراوی ناو ژوورێکین.
ژوورێک (توێژاڵێکی زەردی لە میز گرتبوو، دەست و چاو و ھەواو دیوارەکانیش بۆنی میزی لێ دەھات ل١٦) ژوورێک بەبێ دەرگا (پرسیاری لە بارەی دەرگاکەوە کرد، ئێمەش ھەر یەکە و لە جێگای خۆیەوە، بۆ دیوارەکە دەگەڕا. کە دڵنیابووین دەرگای تێدا نییە، دانیشتینەوە. ل١٩) ئەوەندەش لەو ژوورەدا دەمێننەوە کە(لە قسەکانی بووەوە زانیمان دەمێکە لێرەین، چونکە کە جوڵا ھەموو ئەو تەنافی جاڵجاڵۆکانە قرتا کە لە بن باڵ و کونی لوت و گوێچکە و چاویدا کردبوویان ل١٧)
کەواتە (ئێمە) نەچووینەتە دەرەوەی ژوورەکە. ئەوەی کە ڕوودەدات، ھەر لەناو ژوورەکەدایە. (منداڵەکە وتی:
ـــ ئێوە ئەوانەنین سێ مانگە کوێر بوون؟) بەتەنیا لەناو خەیاڵ و بیرکردنەوەی (ئێمە)ی ناو ژوورەکە بوونی ھەیە. 
(ئێمە) ئەگەر بەشێک بین لە بوونێکی ناو واقع، ئەوانەی لەناو ژوورەکەدا ڕوودەدەن، خەون ئاسایە. ئەوەی لە ناو ئەو خەونەشدا دەگێڕدرێتەوە(بەوەی ڕوویداوە و ئەوەی لەوانەیە ئێستا ڕووبدەن)دەبێتە گێڕانەوەیەکی دیکە. کە دەکرێت بڵێین.. ھاوواتایە لەگەڵ ئاماژەکەی بۆرخیس: کتێبێک لەناو کتێبێکدا. (کتێب = گێڕانەوە). 
زەمەنی پانتای گێڕانەوەکەش، زەمەنێکی پەرش بووە. دەتوانین ھێڵە زەمەنییەکە دابەش بکەین بەسەر زەمەنی: پێش ژوورەکە.... ژوورەکە..... ئەوەی لە خەیاڵی (ئێمە)دایە لە ژوورەکە.... ئەوەی کە لەدەرەوەی ژوورەکە ڕوودەدات. (گەڕان بە ناو کات دا) 
گێڕەرەوە پێمان دەڵێت: 
(لەو کاتەوە ھەستمانکرد نزیکەی سێ مانگە لە رۆژی ڕشانەوەکەوە ھیچمان نەخواردووە........ ئەو کاتە زانیمان گۆشتمان پێوە نەماوە، ڕزیوین.. ڕزیو) جارێکی دی دەکەوینەوە بەردەم کردەی(خەون)
خەون ڕوویەکی دیکەی فەنتازیایە، لەبەردەم لێکدانەوەیەکی جێگیردا، قەتیس نابێت و زیاتر لە مانایەکی ھەڵگرتووە. سحری فەنتازیایش لە ئەدەبدا لەوەدا چڕ دەبێتەوە، کە فرە دەلالەتە. ھەموو ئەو تێکستانەش کە خەون دەبێتە پانتایی گێڕانەوەی، ئاڵۆزی و بەیەکداچوونێک لە نێوان ڕایەڵەکان (بونیاد)ەکەیدا دروست دەبێت، تەرجەمەی واقع بۆ خەون (تێکست) پاشان تەرجەمەکردنی خەون بۆ واقع (وەرگر) بەریەککەوتنێکی نائاسایی تیا دروست دەبێت. تەرجەمەکردنەوەی ھەر دوو تەرجەمەکەش بۆ ناو خوێندنەوە، ئەوەندەی دی، خوێندنەوەکەی ئاڵۆزتر دەردەکەوێ.
بەتایبەت (عەتا محەمەد) لە دەقەکانیدا جۆرە گەمەیەک (ئەگەر ئەم ناونانە گونجاو بێت) لەناو تێکستەکانیدا لەگەڵ (وەرگر)دا دەکات. بەو مانایەی.. پانتاییەک بۆ (وەرگر) بەجێ دەھێڵێت تا بەشداربێت لە تێکستەکەدا
بەواتە (بۆ؟) ئامادەیی ھەیە.
بەو پێودانگە، گەر تەماشای کۆمەڵە چیرۆکی (پاشماوەی خێڵەکان) بکەین، ھەر لەسەرەتای کتێبەکەوە بەر ئەو گەمەیەی عەتا محەمەد دەکەوین. لەو ئاڵوگۆڕەی بەسەر پێشەکییەکەیدا ھێناوە. وەک ھەر کتێبێکی ئاسایی لە دوای لاپەڕەی ناسینی کتێبەکەوە، نەینووسیوە.. پێشەکی، یان ناونیشانێک ھاوشێوەی وشەی پێشەکی. ئەم چیرۆکێکی لە جێگەی داناوە و ناوی ناوە (لە پەراوێزی چیرۆکدا). کە سەرنجی پێرستی کتێبەکەش بدەین، لە ڕیزبەندەکەدا ناوی وەک چیرۆکێکی سەربەخۆ ھاتووە. بەڵام ئەو چیرۆکە (دەقێکە سەبارەت بە گێڕانەوە). لە کۆتایی ئەو (دەق+ چیرۆک)ەشدا، نووسراوە:
 (عگامحمد / سلێمانی /١٩٩٩). 
ئێمە ئەوە دەزانین وەک ڕێسایەک لەدوایی زۆرینەی پێشەکییەکانەوە، ناوی پێشەکی نووس دێت، نەک لەدوای چیرۆکێکی سەربەخۆ. جیا لەوەی لە کۆی(١٥) چیرۆکەکەی دیکە، نەک ناوی خۆی، تەنانەت کاتی نووسینەوەی چیرۆکەکانیش نەنووسراون.
ئەگەر بچینەوە سەر ھەمان پەڕەگرافی چیرۆکی (پاشماوەی خێڵەکان) کە گێڕەرەوە پێی وتین: 
(لەو کاتەوە ھەستمانکرد نزیکەی سێ مانگە لە رۆژی ڕشانەوەکەوە ھیچمان نەخواردووە........ ئەو کاتە زانیمان گۆشتمان پێوە نەماوە، ڕزیوین.. ڕزیو). 
لەئاستی ھەردوو وشەی (ڕۆژی ڕشانەوەکە) ھەڵوێستە بکەین، دەتوانین بڵێین.. ھەم مێژووە، ھەم کارەسات. ئیدی ڕۆژی ڕشانەوەکە دەبێتە جومگەیەکی سەرەکی و چەقی ناوەندی پانتایی گێڕانەوەکە. 
گەر ئێمە لێکدانەوەیەک بۆ جومگەی سەرەکی  نێو گێڕانەوەی خەونەکەی عەتا محەمەد بکەین. ڕۆژەکە بۆتە مێژووی سەرەتایی گواستنەوەیان بۆ ناو ژوورەکە. ڕشانەوەیەکیش ھێندە بەناوبانگ بێت بچێتە ناو مێژووەوە، ڕشانەوەیەکی ئاسایی نییە. ڕشانەوەیەکە ھاوشێوەی ڕشانەوەی پەتای تاعوون.. ئافات و بەڵایەکی ترسناک کە لە مەودایەکی زەمەنی کورتدا (لە مێژوودا نموونە زۆرە) کۆمەڵگایەک یەختەسار بکات. 
ڕشانەوەکەی نێو خەونەکە، دەبێتە ئەو کارەساتە تراژیدیایەی کە ناوی (ئەنفال)ی لێ نراوە. 
ئەوەی ئێمە سەبارەت بە شاڵاوی ئەنفال دەیزانین (کاتی بڵاوکردنەوەی ئەو کۆمەڵە چیرۆکە ١٩٩٩)یە، دیووە ڕووکەشەکەیەتی. ئەو دیوەی ئێمە لێی بەئاگایین، شاڵاوێکی گرتن و گواستنەوەی دڕندانە ئەنجامدرا و پاشتر ھەموویان لە ناوبران (شەھیدکران). بەڵام لەو مەودا زەمەنییە بێ خەبەرین کە کەوتۆتە نێوان گرتن و لە ناوبردنیانەوە.
(ئێمە)ی ناو ژووری زیندانەکە (بەدروستی ٣ مانگ کوێربوون)کەوتۆتە ناو ئەو مەودا زەمەنییەی کە خەبەرمان لێی نییە.
فەنتازیای ئەم چیرۆکەدا، فەنتازییایەکە پڕ لە تراژیدی، ئازاردانێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە بەتەنیا (ئێمە)ی خودی ناو پرۆسەی ئازاردراوەکە ھەستی پێدەکەین. نەک ئەوەی دیووە ڕووکەشەکەی دەبینێت!
گێڕانەوەکانی(ئێمە)ی ناو ژوورەکە بە دوو ھێڵی زەمەنیدا دەکشێت. جەمسەرێکیان سەروەختی دەستپێکردنی ڕشانەوەکەیە، جەمسەرێکیان کاتی گواستنەوە و ھێنانیانە بۆ ناو ژوورەکە، لە نێوان بەیەکگەیشتنی ئەو دوو جەمسەرە ھێڵێکی دیکە دروست دەبێت، کە لەناو خەیاڵ و بیرکردنەوەی (ئێمە)ی دابڕاو سەبارەت بەو کەسانەی لە (ئێمە)یان دابڕاندووە دێتە دەرێ.
لەگەڵ دەستپێکردنی ڕشانەوەکە (چووم قتووی شیرەکەم ھەڵپچڕی سێ پەنجەی بەخاڵ کوتراوم تیا بینی، لەو رۆژەوە ھیچم نەخواردووە.ل١٧). ترسناکی ڕشانەوەکە زیاتر دەبێت. لە پانتایی گێڕانەوەی (گێرەڕەوە) ترسناکی (مەودا زەمەنییەکەی کە ئێمە لێی بێ خەبەرین) بەدەردەکەوێت. ئەوانەی بڕیارە بکوژرێن و لەناو ببرێن، ئەوەندە زۆرن کە ھیچ شوێنێک توانای شاردنەوەی تەرمەکانیان نابێت. ئەوان ھەر شوێن و شتێکیان بە دەست کەوێت لاشە و پارچەی جەستەکانی تیا دەشارنەوە. (کە بەرمیلەکەشم بەتاڵ کرد، گورچیلەیەک و دڵێک و دوو ددان و تۆپەڵێک قژ لە بنەکەیدا نیشتبوول١٨). 
لە جەمسەرەکەی دیکەوە (ئێمە) دەگەینە ئەو شوێنەی کە دەمانگوێزنەوە بۆ ژوورەکە، لەکاتی بەڕێوە چوونی ھێنانیان بۆ ناو ژوورەکە، کارەساتەکە ئەوەندە ترسناکتر دەبێت، کە گێڕەرەوە دەستەپاچە دەبێت لەگێڕانەوەی. تا بڵێت: 
(تەنھا ئەو دایکانە دەتوانن باسی ئەو ڕۆژە بکەن کە منداڵەکانیان بەدەم ھێڵنجەوە گەدە و ڕیخۆڵە و تەنانەت گورچیلەشیان دەھاتە دەرەوە، ئەمانیش فریا نەدەکەوتن بە پەنجە و چیلکە بیان خەنەوە ناوەوە لە ڕشانەوە زەردباوەکەی لاچەناگە و ژێر سەریانەوە ھەڵمێکی ترشاو ھەڵدەستا کە ڕوخسار و جل و دیوار و قژیانی تەڵخ دەنواند. ل١٦). 
گێڕەرەوە کە بۆ خۆی لە ناو ڕشانەوەکەدا ژیاوە، لە دەستپێکردن تا کاتی دابڕان، زەنگێکی ترسناک لێدەدات، کە ھیچ کەسێک ناتوانێت باسی تەنھا ڕۆژێکی ناو ئەو کارەساتە بکەن. مەعلومە مەودا زەمەنییەکە، زەمەنێکی درێژی خایاندووە. ئەی کەوایە کێ ئەو مەودایە بگێڕێتەوە؟
دەشێت لێکدانەوەیەکی دیکەی پەیامی گێڕەرەوە (چیرۆکنووس) بەو گریمانەیەش ببەخشین کە پێمان بڵێت: ترسناکی و گەورەیی حەجمی کارەساتی ئەنفال ئەوەندە سادە و ئاسان نییە (وەک ھەندێک لێی تێگەیشتوون) بە گواستنەوەی چەند وێنەیەکی بینراوی ناو واقع و تێکەڵکردنی بە ھەندێک دیالۆگی لاواز + خۆدرێژکردنەوە لەناو کردەی دەستڕێژی تفەنگ و ھاتوچۆی سەربازە دڵڕەشەکان و چۆنێتی جوڵانەوەی شۆفڵەکان، مەیسەر نابێت.  
 ئێمە بەدرێژایی تێکستەکە، وشەی گریان نابینین. پۆستاڵێک نابینینەوە. فیشەکێک نەتەقێنراوە. نە زرمەی گوللە تۆپەکان دەبیستین، نەچیزەی تێپەڕینی گوللەیەک. عەتا لە خۆڕا پەنا بە نووسینەوە و چنینەوەی تێکستێکی فانتازی نابات. لەناوبردن و ئەشکەنجەدان و تواندنەوەی مرۆڤی کوردی، لەو گۆشانەوە بەیان ناکات کە بیستوومانە، ئەو ترسناکییە (چۆنێتی و بەرئەنجامی ئێمەی ناو ژوورەکە) لە وێناکردنێکی فانتازییانەوە بە ئێمە ئاشنا دەکات:
( ـــ وابزانم ئەو خێڵانە بوون لێرە بردنیان!
یەکێکمان وای وت. پاش ئەوەی زۆری لە خۆی کرد تا ئەو شتانەی بە بیر ھاتەوە و ڕێکی خستن. لەوەتەی لێرەین زۆرمان توانای قسەکردن و بیرکردنەوەی نەماوە.
ــ ئەو خێڵانەی بە ئەسپ و سەگ و مریشکەکانانیانەوە دزران و دیار نەمان...؟
ــ تەنھا مەڕێکیان لێ دەرچوو!
زۆرمان ھەوڵدا وێنەی مەڕ بێنێتەوە یادی، بەڵام ھەر جارەی بە جۆرێک دەبوو، تا بە خۆیان وت.. پێیان بڵێ چییە، ئەویش تا ناوەڕاستی ژوورەکە بە خشان ھاتوو لاسایی دەنگ و ڕۆیشتن و گوێکانی بۆ کردینەوە، یەکێک ھاواری کرد:
ـــ ئەوەم بە منداڵی بینیووە! ل١٩)
لێرەوە دەکرێت بڵێین عەتا محەمەد تێکستێکی فەنتازیانەی بۆ نووسیوین.








ڕیکلام