ئارام سدیق: ڕەنگە مێژووی ڕۆشنبیریی هیچ نەتەوەیەک هێندەی مێژووی ڕۆشنبیریی کورد خاڵی نەبێت لە ڕەخنە

  2020-12-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانی: داستان

ئارام سدیق ساڵانێکە ناوێکی بەرچاوە لە نوسینی ڕەخنەییدا، ئەو لەسەر زۆر لە بوارەکانی ئەدەب نوسینی ھەیە و خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوی ڕەخنەییە، ئەوەی نوسینەکانی لە زۆرینەی نوسینی دیکەی ڕەخنەیی جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئارام بەردەوام لەدوای ناوی نوێ و بەرھەمی نوێ دەگەڕێت و تیشکی ڕەخنەیان دەخاتەسەر، بەم ھۆیەشەوە نوسینەکانی ھۆکارێکن بۆ ناساندنی بەھرەو توانای جیاواز لە ئەدەبی کوردییدا، ئەمە جگە لەوەی لە کتێبەکانیدا بە تایبەت کاری لەسەر ناوە دیارەکانی ناو ئەدەبیات کردووە، لەم دەرفەتەی (تۆڕی ھەواڵی ژیان)دا سەبارەت بە بابەتی ڕەخنە دەدوێنین:

ژیان: ئێمە مێژوویەکی دێرینمان لەگەڵ ئەدەبیاتدا ھەیە، بەتایبەت ژانری شیعر، بەڵام لەگەڵ ڕەخنەدا ئێستاشی لەسەر بێت نەمانتوانیوە بگەینە ڕەخنەیەکی وەھا کە ھەڵگری سیفاتەکانی ڕەخنە بێت، مەبەستم ڕەخنەیەکی زانستی وەھا کە بتوانێت تێکست لە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە بیینێت) تەنانەت ناوەندە ئەکادیمییەکانیش نەیانتوانیوە ڕۆڵیان ھەبێت لە بونیادنانی ڕەخنەی ئەدەبیدا، بە پێچەوانە ئەوان خراپتر لە کەشی گشتی ئەدەبی ڕەخنەیان لە سنوورێکدا زیندانی کردووە و ڕێگە نادەن کاری ئاکتیڤانەی خۆی بکات، لەم ڕوانگەیەوە دەگەینە ئەوەی ئەدەبی ئێمە خاوەنی ڕەخنەیە؟ ئەوە تاکو ئێستا بە ناوی نووسراوە شایەنی ئەوەیە وەک پڕۆسەیەکی تۆکمەی ڕەخنەیی چاویلێبکەین؟

ئارام سدیق: ڕەنگە مێژووی ئەدەب و ڕۆشنبیریی ھیچ نەتەوەیەک ھێندەی مێژووی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی خاڵی نەبێت لە ڕەخنە. بەڵام ئەمەش نیشانەی ئەوە نییە کە ڕەخنەمان نییە، بێگومان کە دەڵێین ڕەخنە بەو مانایەک ڕەخنەیەک بێت توانای ھەڵسەنگاندن و بڕیاردانی ھەبێت لەسەر دەق بە شێوەیەکی زانستی و بابەتیانە و بەپێی پێوەری ئەدەبی تێکست ھەڵبسەنگێنێت. زۆرجار لەنێو کایەی ئەدەبی ئێمەدا مەزاجی تاک بڕیار لەسەر دەق و باشی و خراپی دەدات. کە ئەمە پێوەری ڕەخنەیی نییە. ھەندێکجاری دیکەش نووسەرێک (کە خۆی ناو ناوە ڕەخنەگر) لەسەر کەموکوڕی ڕێنووس و خاڵبەندی کەموکوڕی ڕستەسازی، کە لاموایە ھیچیان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە نووسەرەوە نییە، ڕەخنە دەگرن، کە بەڕاستی ئەمە ڕەخنە نییە، بەڵکو جۆرێک لە بۆڵە بۆڵی ڕۆژنامەوانیانەیە و ناونراوە ڕەخنە. 

لە سادەترین پێناسەدا ڕەخنە بریتییە لە کردەی ھەڵسەندگاندن و خوێندنەوە و دیاریکردنی پێگەی دەق. ئیتر ئەم ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و دیاریکردنەی تێکست پێگەیە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بێت، یان لە ڕووی فۆڕم. ڕەخنەکە لەسەر کێشە فیکرییەکانی دەقەکەیە، کە تێیدا گەنگەشە کراوە، یان ڕەخنەکە لەسەر شێواز و تەکنیکی دەقەکەیە و نووسەر لەو بوارەدا کێماسی ھەیە. تا ھەنووکە لای ئێمە ئەمە جیا نەکراوەتەوە، یان زۆرێک لەوانەی ڕەخنە دەنووسن (ئەوەندەی من سەرنجم داوە) ئەمەیان بۆ ڕوون نییە. لەگەڵ ئەم سەرنجانەش لەسەر دۆخی ڕەخنەی کوردی، بەڵام کایەی رۆشنبیریی کوردی خاڵی نییە لە ھەوڵی ڕەخنەیی و من وەکو خۆم گەشبینم بە بەردەوامی ئەم ھەوڵانە و فراوانبوونی پانتایی ڕەخنەیی.

سەبارەت بە بەشێکی دیکەی پرسیارەکە کە پەیوەستە بە ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە. ڕاستییەکەی ناوەندە ئەکادیمییەکان ئەگەر ڕۆحێکی ڕەخنەیی لە دەرەوەی ئەو ناوەندانە بوونی ھەبێت ئەوان لە ھەوڵی کوشتنیدان. ئەوەندەی ناوەندی تەقدیسکردنی نووسەران و شاعیرانن ئەوەندە ناوەندێک نین بۆ ھەڵسەنگاندن و دیاریکردنی پێگەی تێکست، بەڵکو ناوەندگەلێن بە دەربڕینی سەرسامی. من زۆرجار ناوم ناوەندی (ناوەندی سەرسامی کوردی) بۆ نموونە ئەگەر بەڕێزت خوێندکاری ماستەر، یان دوکتۆرا بیت و بتەوێت ڕەخنەی شیعرە خراپەکانی گۆرانی شاعیر بکەیت، بۆی ھەیە نامە ماستەرەکەت یان دوکتۆراکەت ڕەفز بکرێتەوە. ڕێگەی ئەوەت پێ نادەن. بەڵام ئەگەر سەرسام بیت کە بە گەڵای پاییزی گوتووە "ئاڵتوونی دار" پلەی نایابت پێ دەدەن. بۆیە من زۆر بێ ئومێدم لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و چەندین ھاوڕێم کە خاوەنی بیرێکی ڕەخنەیی بوون، یان ھەوڵی ڕەخنەییان ھەبووە، کاتێک چوونەتە ئەو ناوەندانەوە بەتەواوی لەو بیر و ھەوڵە ڕەخنەییانە پاشەکشەیان کردووە. زیادەڕەوی ناکەم کە بڵێم ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان ناوەندی خەساندنی ڕەخنە و بیریی ڕەخنەیی نێو کایەی ئەدەبین.
بە گشتی ئەو ھەوڵە ڕەخنەییانە تا ھەنووکە ئەنجامدراون، ھەوڵی ڕەخنەیی جوان و گرنگیان تێدا دەدۆزینەوە، بەڵام ھیچی بێکەموکوڕی نییە و دەکرێت سەرەتایەک بێت بۆ فراوانبوونی بیری ڕەخنەیی و  دامەزراندنی بنەمایەکی تۆکمە بۆ بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی زانستی، کە توانای ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوە و دیاریکردنی پێگەی تێکستی ھەبێت.

ژیان: ئەوەی لە ئەدەبی ئێمەدا ھەیە وەکو ڕەخنە زیاتر وەک چەک وەک ئامرازێک بۆ شەڕکردن مامەڵەی ئێوە کراوە، تەنانەت زۆرجار ڕەخنەنووسان بوونەتە پاشکۆی سیاسەت ئەوەی ئەو بەدڵی نەبووە ئەوان لە ڕێگەی ڕەخنەوە دژی بوون و بەپێچەوانەشەوە، لێرەدا دەبینین ڕەخنە لە کۆنتێستە فیکریی و میتۆدییەکەی خۆی دەچێتە دەر و ئەرگی ئامرازێک دەبینێت بۆ شەرکردن، دەمەوێت لەسەر ڕیشەی ئەم نەریتە ڕەخنەییە بۆم بدوێت و پاشان بۆمی ڕوون بکەیتەوە ئەم چەشنە لە ڕەخنە کە وەک وتم (ڕەخنە وەک چەک) درێژەی ھەیە؟

ئارام سدیق: ھەر نووسەرێک ڕەخنە وەکو چەکێکی تۆڵەکردنەوە بەکاربھێنێت نووسەرێکی ساختەیە. ڕەخنە بیرێکە بۆ ھەڵسەنگاندنی تێکست بەڕووتی. واتە تێکست بەبێ ناو و ئایدۆلۆژیا و ڕەگەزی نووسەر. بەبێ ناسینی نووسەر. بەڵام ئەوەی لێرە دەگوزەرێک و بەناوی ڕەخنەوە دەیبینین، زۆرجار ھەمان کاریگەریی سیاسەتە ڕژاوەتە نێو کایەی ئەدەب و ڕەخنەوە. پێوەرەکانی ڕەخنەکردن لێرە زۆرجار دەبنە پێوەری سیاسی، یان ئایدۆلۆژی، یان بە کەسێنیکردنی ڕەخنەکە. بۆ نموونە نووسەرێک، کە کاری ڕەخنەیی دەکات لەبەر ئەوەی ڕقی لە نووسەرێکی دیکەیە، ئەگەر ئەو نووسەرەی دیکە دەقێک بنووسێ لە ئاستی ئەو دەقانەدا بێت کە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە، لای ئەم بەناوڕەخنەگرە، ڕەفز دەکرێت و چاوی پێی ھەڵنایەت. ئەم نموونەیە و دەیان نموونەی دیکە لەنێو کایەی رۆشنبیریی کوریدا دەبینین. خۆ ئەگەر ھیچی دەست نەکەوێت ڕەخنەی لێ بگرێت دەکەوێتە تانەدان لە زمانە کوردییەکە و ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕستەسازی کتێبەکە و بەمە (داخی دڵی خۆی) بەتاڵ دەکاتەوە. 

ئەگەر بۆ ڕیشەی ئەم نەیتە بگەڕێینەوە بۆ دوو ھۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە: یەکەمیان ئەوەیە کە ئەو (بەناو ڕەخنەگرە) خاوەنی ھیچ مەعریفەیەکی ئەوتۆ نییە، کە توانای ھەڵسەنگاندنی تێکستی ھەبێت، بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان (شەڕ بە تێکست) دەفرۆشێت. خاڵی دووەم ئەوەیە ئەم جۆرە (بەناو ڕەخنەگرە) لە گیرفانی سیاسەتەوە ھاتووتە دەرەوە و ھەر بەو عەقڵە سیاسییەوە لە تێکست دەڕوانێت، کە ئەمە ھەڵەی میتۆدی و ڕەخنەیی بۆ دروست دەکات و دواجار ئەوەی بەرھەمی دەھێنێت ھیچ نییە جگە لە جۆرێک لە بۆڵەبۆڵی ژۆرنالیستیانە.

ھەر تێکستێکی ڕەخنەیی خاڵی بێت لە کۆنتێکستی فیکریی و میتۆدی و پێوەری ئیستاتیکی، تێکستێکی ناتەواوە و خاوەنەکەی ڕەخنەگرێکی بیرکەرەوەی ئازاد نییە. 

ژیان: ئەو کەسانەی لە بواری ڕەخنەدا دەنووسن بە جۆرێک لەجۆرەکان ڕەخنە لە دوو ڕوانگەوە دەبینن (ڕەخنەی باش، ڕەخنەی خراپ) لە ناوەڕۆکدا ئەمەش دەبێتە خۆی داخستنی ھەر دیدێکی نوێ بەسەر ڕەخنەدا، تۆ وەک کەسێک، کە ساڵانێکە لەم بوارەدا دەنووسیت چۆنی دەبینیت؟

ئارام سدیق: لەنێو ڕەخنەدا شتێک نییە بەناوی (ڕەخنەی باش، یان ڕەخنەی خراپ)، ڕەخنە ئەگەر ھەڵگری بنەماکانی ڕەخنە بێت، کە بریتییە لە ڕەچاوکردنی میتۆدێکی ڕەخنەیی و پشت بەستن بە سەرچاوە و قوتابخانە ڕەخنەییەکان، ڕەخنەیەکی داھێنەرانەیە. بەدەر لە ڕەخنەی داھێنەرانە، کە توانای کەشفکردنی دیوە شاراوەکانی تێکست و ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی تێکست دەدات، ڕەخنەی دیکە بوونی نییە، ھەر تێکستێکی دیکە بەناوی ڕەخنەوە خۆی بناسێنێت، دوورە لە ڕەخنە. 

ئێستا ئەگەر سەرنج بدەین، مانگانە چەندین کتێب بەناوی لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی، یان ڕەخنەی ئەدەبی بڵاو دەکرێنەوە، بەبی ئەوەی پێمان بڵێن ڕەخنە چییە؟ بەبێ ئەوەی توانایان ھەبێت ڕەخنە بگرن و توانای ھەڵسەنگاندنێکی میتۆدیانەی تێکستیان ھەبێت. نووسینی ڕەخنەیی پێویستی بە مەعریفەیەکی قووڵی ھەمەچەشن ھەیە، کە زۆربەی ئەوانەی ڕەخنە دەنووسن لەنێو کایەی رۆشنبیریی کوردیدا خاوەنی نین. ڕەخنەی داھێنەرانە بەبێ مەعریفەیەکی زۆری ھەمەچەشن لە زۆربەی کایەکاندا بەرھەم نایەت. 

ھەموو ڕەخنەگرێکی ڕاستەقینە، نووسەرێکی داھێنەرە بەو پێیەی لەنێو ھەناوی تێکستەکانەوە میتۆدی خوێندنەوەیان گەڵاڵە دەکات. ھەموو تێکستێک میتۆدی خوێندنەوەی خۆی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە. ئەوە تێکستە ناکامڵەکانن کە ھیچ دەلاقەیەک بۆ خوێندنەوە ڕاڤەکردن و ڕەخنە ناھێڵنەوە. لەبەر ئەوەی ھەر لە بنەماوە تێکستی بۆش و بێ قووڵایین. 

ژیان:شیعری کوردی بەپێی ئەو قۆناغبەندییانەی بۆی کراون تاکو شیعری پاش ڕاپەڕین ھاتبوو، تۆ و چەند کەسێک کە لە بواری ڕەخنەدا دەنووسن ھاتن و نەوەیەکی نوێی شیعری کوردیتان بە نەوەی پاش دووھەزار ناوزەند کرد، ئەمە چۆن کەوتەوە؟ دەرەنجامەکانی چۆنبوون؟ بەڕای ئێوە نەوەیەک ھەیە بەو ناوە؟ کە خاوەن خسڵەت و تایبەتمەندییەکانی خۆی بێت؟

ئارام سدیق: ھەموو بیست ساڵ جارێک نەوەیەکی نوێی ئەدەبی لەنێو کایەی ئەدەبی ھەر نەتەوەیەکدا پەیدا دەبن. ئیدی ئەو نەوەیە نەوەیەکی داھێنەر و کاریگەر بن، یان نەوەیەکی دەنگ کپی بێکاریگەر. بە درێژایی سەدەی بیستەم پانتایی ڕۆشنبیریی کوردی ھەر بیست ساڵ جارێک نەوەیەکی ھەبووە، کە رۆڵ و کاریگەرییان بەپێی قۆناغەکە ھەبووە. لە قۆناغێک ئیبراھیم ئەحمەد و مامۆستا سەجادی کە گۆڤاری گەلاوێژ لە سی و چلەکانی سەدەی بیستەمدا بڵاودەکەنەوە، کاریگەرییان لەسەر ئەدەبی ئەو قۆناغە ھەبووە. دواتر بزووتنەوەی ڕوانگە و دوای ڕاپەڕینیش ھەم نەوەیەکی نوێی شیعریی پەیدا بوون، کە دەنگی نوێ و جیاوازبوون، ھەم خاوەنی خەون و خولیای نوێی شیعریی بوون. 
سەبارەت بە نەوەی دوای دوو ھەزارەکان، ئەمانەش نەوەیەکی نوێی دیکەن، کە ئەوەندەی من سەرنجمداوە خاوەنی خەسڵەت و ڕوئیا و دونیابینی تایبەتی خۆیانن، ھاوکات بەدەریش نین لە کەموکوڕی، من کارم لەسەر بەشێک لە شیعری ئەم نەوەیە کردووە. بەڵام ئەوەی ھەیە تا ئێستا سیماکانی شیعریی ئەم نەوەیە بەتەواوی دیار نییە، بۆ منیش ھێشتا دەنگەکان زۆر ڕوون نین، بەشێک لەم نەوەیە تەنھا تێکست دەنووسێت بەبێ ئەوەی ڕوئیایەکی ڕوونی شیعرییان ھەبێت، یان توانای خۆنوێکردنەوە و تێپەڕاندنی نەوەکانی پێش خۆی ھەبێت، یان بتوانێت خۆی لە کاریگەریی دابماڵێت. من تا ئێستاش ھەر چاودێریی ئەم نەوەیە دەکەم، بەردەوام لە ھەوڵی خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندیان و تێبینی نووسیندام لەسەریان و ھیوادارم بتوانم ئەو پڕۆژەیەی کە نزیکەی شەش ساڵە کاری لەسەر دەکەم بەشێک لە بۆچوونەکانم لەسەر ئەم نەوەیە و شیعر و دونیابینیان ڕوون بکاتەوە. 

ژیان: شیعری نوێ توانیویەتی ببێت شیعرێکی سەربەخۆ و خۆی لە شیعری قۆناغەکانی پێشوو داببرێت؟ دەکرێت کەمێک ئاماژە بەو دەنگە شیعرییانە بدەیت کە خاوەن شێوازی خۆیانن و دەکرێت لە داھاتوودا باشتر بنەما شیعرییەکانی خۆیان جێگیر بکەن؟

ئارام سدیق: ھەست بە سەربەخۆیی ھەندێک دەق، یان تێکستی ھەندێک شاعیری ئەم نەوەیە دەکەم. بەڵام بەگشتی بەشی ھەرە زۆریان نەیانتوانیوە خۆیان لە کاریگەریی و جوینەوەی دونیا شیعرییەکانی پێش خۆیان، یان نەوەکانی پێشووتر دابماڵن. ئەمەش پەیوەندی بە نەبوونی ڕۆشنبیرییەکی بەرفراوانی شیعرییەوە ھەیە. بەشێکی زۆر لەم نەوەیە خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی سەرەتاییش نییە لەسەر شیعر و بیرکردنەوەی شیعریی، ئەمە بێجگە لەوەی بەشی ھەرە زۆریان ھەر خوێنەرێکی کۆڵەوارن، کە ئاگادارییەکی سەرەتایشیان لەسەر ئەدەبیات و قۆناغ و شەپۆل و ڕەوتە ئەدەبییەکان نییە. ئەمە وایکردووە کە بەشی ھەرە زۆریان ڕوو لە ئاسمان بکەن و تەنھا چاوەڕوانی ئیلھام و جۆرێک لە وەحی شیعریی بن، کە لە ڕاستیدا دەقی داھێنەرانە بە ئیلھام و وەحی نانووسرێت. من لە بایەخی ئیلھام کەم ناکەمەوە، بەڵام بە ئیلھام تەنھا دەتوانرێت دەقێک تا دوو دەقی داھێنەرانە بنووسرێت. ئیلھام ئیدی کۆتای دێت. شاعیر پێویستە پەروەردەکاریی ھزریی شیعریی خۆی بێت و ئەمەش بە خوێندنەوە و ئاگاداربوون لە ئەدەبی جیھانی دەکرێت. نەک تەنھا بەئاگاداربوون لە شیعریی جیھانی وەکو ھەندێک برادەر وا دەزانن. شاعیربوون پێویستی بە ئاگاداربوون لە تەواوی ئەدەب و فیکریی جیھانی. شاعیرە گەورەکانی دونیا لە ڕامبۆ و بۆدلێرەوە بۆئەدۆنیس، لە ھۆڵدەرلین و ت.س. ئیلیۆتەوە بۆ شاملۆ، ھەموان ئاگادارییەکی زۆریان لە ئەدەب و فیکریی جیھانی ھەبووە. شیعرنووسین لە ژوورێکی داخراوی بێ کتێبدا ناکرێت. لەوێوە تەنھا دەردەدڵ بەرھەم دێت. بەڵکو شیعر بە مەعریفەیەکی فراوان سەبارەت بە ئەدەب و فیکریی جیھانی بەرھەم دێت. دەقی داھێنەرانەی شیعریی بەبێ مەعریفەیەکی شیعریی بەرھەم نایەت.
سەبارەت بە ئەو شاعیرانەی لەم نەوەیەدا دەنگی دیارن، پێمباش نییە لێرەدا ناوی کەس بھێنم، لە کتێبەکەمدا کە ئێستا کاری لەسەر دەکەم بەشێک لەم دەنگە دیارانە بەسەر کراونەتەوە.  

ژیان: پڕۆژەی داهاتووت لە بواری ڕەخنەدا چییە؟

ئارام سدیق: سەبارەت بە پڕۆژەی نوێ، ئێستا دوو پرۆژەم لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە، یەکەمیان کارکردنە لەسەر بەشێک لە شاعیرانی نەوەی نوێ و ئەو نەوەیەی لە نەوەی دوای دوو ھەزارەکان باس دەکرێت، کە لەوێدا ھەوڵمداوە بە دیدێکی ڕەخنەیی ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ھەندێک لەو ئەزموونە شیعریانە بکەم کە بۆ من جێگەی تێڕامان بوون و پرسیاردروستکەربوون بۆ من. پرۆژەی دووەم کارکردنە لەسەر رۆمانی کوردی، کە ھەوڵمداوە لە مێژووی گێڕانەوە و ڕۆمانی کوردییەوە تا دروستبوونی فیگۆری رۆماننووسی کورد لێکۆڵینەوە بکەم و بە شێوەیەکی کورت و چڕ کارم لەسەر ئەمە کردووە و دواتریش خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنم بۆ ئەزموونی چەند رۆمانووسێک کردووە. ھیوادارم بتوانم لە ساڵی نوێدا ھەردوو کتێبەکە بە چاپ بگەیەنم. 

بەشێک لە کتێبەکانی ئارام سدیق:


ڕیکلام