ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوەوە و گفتوگۆی لەسەر ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی کرد.
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەکەدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاندوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی بۆ حکومەتی فیدراڵی نەهێشتووەتەوە و لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە لە پێناو چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین. گوتیشی بەداخەوە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکان، کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسیی لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان .
هەروەها سەرۆکی حکومەت داوایکردوە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک لایەنی سێیەم لەمەودوا بەشدار بێت لە دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ماف و ئەرکەکانی هەر لایەک دیاربێت .
دواترشاندی دانوستانكاری هەرێمی کوردستان ، دەرئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغدا خستەڕوو و ڕایانگەیاند؛ هۆكاری سەردانەكەیان لەپێناو بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران بوو.
شاندەکە ڕایانگەیاند ئەو مەرجانەی لەیاسای قەرزدا لەسەر هەرێمی كوردستان بوون لەلایەن هەرێمەوە جێبەجێ كراون و هیچ هۆكارێك نەماوە بۆ تەمویل نەكردنی هەرێمی كوردستان. بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، جەختی كردەوە كە پێویستە حكومەتی فیدراڵ، بەزووترین كات پشكی هەرێم بەپێی یاساكە بنێرێت .
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وردەکارییەکانی دانوستان و دوا هەڵوێستی بەرپرسانی بەغدا بەرامبەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، بخاتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و ڕای گشتی هەرێمی کوردستان .
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ، پێشبینی و بەرچاوڕوونیی پێویستیان سەبارەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021 و ئامادەکارییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویست بۆ ڕێکخستنەوەی خەرجی و باج و داهاتەکانی هەرێمی کوردستان خرانەڕوو .
لە بارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی ، ئەنجومەنی وەزیران ، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بەوردی چاودێری بازاڕەکان بکەن و سنوورێک بۆ گرانکردنی نرخەکان دابنرێت کە هەندێک کەس دەیانەوێ ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و زیادکردنی بارگرانیی لە سەر هاووڵاتییان بقۆزنەوە .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، ئەنجومەنی وەزیران دۆخی پەتای کۆرۆنا و جۆری نوێی ڤایرۆسەکەی لە هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرد و وەزیری تەندروستی سامان بەرزنجی، ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەمبارەیەوە خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان لە شوێنە گشتییەکان و کەرتی تایبەت و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تووندتر بکرێن .
ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی جەژنەکانی لە دایکبوون ( کریسمس) و سەری ساڵیی نوێ ، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی خوشک و برا کریستیانەکان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاریدا ، ڕۆژانی 12/27 تا 2021/1/2 پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان .