لە بودجەی عێراقدا حەشدی شەعبی بەقەد شەش وەزارەت پارەی بۆ تەرخانکراوە

  2020-12-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە پڕۆژە یاسای بودجەدا زیاتر لە ٢ تریلیۆن و ٤٠٠ ملیار دینار بۆ خەرجییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی تەرخانکراوە، کە زیاترە لە بودجەی ٦ وەزارەتی عێراق.

بەگوێرەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بودجە و خەرجی حەشدی شەعبی زیاترە لە وەزارەتەکانی (داد و دەرەوە و ڕۆشنبیری و سەرچاوەکانی ئاو و پلاندانان و گواستنەوە).

بە هەمان شێوە بودجەی حەشدی شەعبی زیاترە لە بودجەی وەزارەتی پەروەردە و کەمێک کەمترە لە بودجەی وەزارەتی تەندروستی، نزیکیشیە لە بودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگای بەغدا و زیاترە لە بودجەی پارێزگاکانی نەینەوا و زیقار و نەجەف و دیوانیە پێکەوە.

لە دوای ئەویش پر تێچووترین لە دوای وەزارەتی دارایی، وەزارەتی ناوخۆ کە ٨ تریلیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، دوای ئەویش بەرگرییە کە ٦ تریلیۆنی بۆ تەرخانکراوە و دوای ئەویش کار و تەندروستییە.

دەربارەی تەرخانکردنی ئەو بودجە زەبەلاحانە بۆ بواری بەرگری و هێزە ئەمنییەکان، "جەلال لەفتە" پسپۆڕی ئابوری دەڵێت، پێویستە حکومەت پێداچوونەوە بکات بەو تێچوون و بودجە نا لۆژیکیانەدا، کە دەیان ملیار دۆلار تەرخانکراوە بۆ پڕچەککردن و هێزە ئەمنییەکان، لە کاتێکدا وڵات بە قەیرانێکی دارایی قورسدا تێپەڕ دەبێت.

ئەو پسپۆڕە ئابورییە بە ماڵپەڕی حورەی ڕاگەیاندووە، عێراق لە کاتی جەنگدا نییە لە ئێسادا، هەوڵەکانیش بۆ دژایەتیکردنی داعش لە سروشتدا هەواڵگرییە، بۆیە بوژاندنەوەی ئابوری باشترین ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی توندوتیژی و توندرەوی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەناو پرۆژە یاسای بودجەدا بڕی یەک تریلیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ هەردوو وەقفی شیعەو سونە، وەک خەرجی بەرکاربردن، لە کاتێکدا دەبوایە ئەوقاف خۆی خەرجی خۆی دابینبکردایە لە داهاتە زۆرەکانی خۆی ، بۆیە گونجاو نییە ئەو هەموو پارەیە بەو شێوەیە خەرجبکرێت، بەڵکو دەبوایە بۆ پارێزگا وێرانەکانی وەک نەینەوا خەرجبکرایە.

پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەگوێرەی ئەو ڕەشنووسەی کە دزەی پیکراوە، زیاترە لە ١٥٠ تریلۆن دینار، بە واتای زیاترە لە ١٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی، بڕی کورتهێنانیش تیایدا گەیشتووەتە ٥٨ تریلیۆن دینار، بە واتای زیاترە لە دوو لەسەر سێی بودجەکە، زۆربەی بودجەکەش لەژێر ناوی خەرجییەکانی بەکار بردن تەرخانکراوە، کە پێکهاتووە لە موچە و بودجەی فەرمانگە حکومییەکانی دەوڵەتی عێراقی.

بودجەکە لەسەر خەمڵاندنی یەک بەرمیل نەوت بە ٤٢ دۆلار دیاریکراوە، کە کەمترە لەو نرخەی کە ئیستا هەیەتی لە بازاڕەکانی وزەدا و زیاتر لە ٥٠ دۆلار.



ڕیکلام