سۆران عومەر: بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندیەکەم بە نوسراوی فەرمی هەڵوەشێندراوەتەوە

  2020-06-16  | 
هەولێر
سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سۆران عومەر رایگەیاند، بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندیەکەم بە نوسراوی فەرمی هەڵوەشێندراوەتەوە و دوای تەواوبوونی ماوەی کەرەنتینەی پەرلەمان، بڕیارەکە دەچێتەوە پەرلەمانی کوردستان.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی یاسایی و ئاسایی بە کۆبوونەوە هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام کاتێک کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی سەروکی پەرلەمانی بە نایاسایی بەکارهێناوە، ئەو بڕیارە هەڵوەشێندراوەتەوە، بۆیە هەر کۆبوونەوەیەک بە نایاسایی کرابێت، هەرچی لەسەر بینابکرێت بە یاسایی بیناناکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەروکی دەسەڵاتی یاسادانان کۆمەڵێک دەسەڵاتی هەیە کە هاوشێوەی دەسەڵاتی وەزیر یاخود بەڕێوەبەرێک نییە کە جێگرەکەی دەسەڵاتەکانی بەکار بهێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پێگەیەکدا نیە بەفشار بڕیار بدات و هەر لە سەرەتاوە زانراوە کە کۆبوونەوەکەی ٧ی ٥ی ٢٠٢٠ی پەرلەمان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیم نایاساییە و زۆرینەیەک بووە بەرامبەر بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان بەکارهێنراوە، ئەوەش لێکەوتەی نەرێنی لێدەکەوێتەوە ئەگەر رێگەبدەین بە نایاسایی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە بەسەرماندا تێپەڕببن.

سۆران عومەر جەختی لەوەشکردەوە، رەنگە ئەو لایەنەی کە ئێستا حکومەت بەڕێوەدەبات، پێیوایە نابێت هیچ کەس هەبێت بەرامبەری بوەستێت و باس لە گەندەڵەکانی حکومەت بکەت، بە ئامانج گرتنی منیش  بۆ ئەوە بووە کە بە هەموو پەرلەمانتاران بڵێت، لەمەولا بەمجۆرە حکومەتداری دەکەین و زۆرینەیەکی پەرلەمانیمان هەیە، هەرکەس بەرامبەرمان بوەستێتەوە، پارێزبەندی لەسەر هەڵدەگرین و رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە.

دووپاتیشیکردەوە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەو بڕیارەی، پێش هەموو شتێک بەرگری لە دەسەڵاتەکان و شکۆی خۆی و دامەزراوەکەی کردووە.



ڕیکلام