نەتانیاهۆ: گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵەیەکی گەورەیە

  2020-12-27  | 
تێلئەبیب
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا، هەڵەیەکی گەورەیە.

نوسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، رێککەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 بووەهۆی ئەوەی کە تاران بتوانێت بەخێرایی پەرە بە ژێرخانە گرنگەکان بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم، بدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەهۆی رێککەوتنەوەکەوە ئێران توانی بەکەڵک وەرگرتنی زیاتر لە سەرچاوە داراییەکان، پەرە بە دەستوەران و رەفتارە شەڕانگێزییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات.

هەر لە بەیاننامەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا جەخت لەوە کراوەتەوە، نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، هەڵەیەکی قورس و گەورە دەبێت بۆ واشنتن.

بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدایە، ٢٠ی مانگی داهاتوو جۆ بایدن پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا وەردەگرێت، کە پێشتر ناوبراو چەندین جار ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەیە بەمەرج وڵاتەکەی بگەڕێنێتەوە ناو رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 کە ساڵی ٢٠١٥ ئیمزا کرا و ساڵی ٢٠١٨ بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە.



ڕیکلام